٦\١\٢٠١٠
کێشە
کۆمەڵایەتییەکان...ئەو مەرگە هێمنەى بەناو ژیانى ژناندا ڕۆدەچێ.
ڕاپۆرت: گەرمیانى
حەمەىپوور
لە ماوەیەکى زۆر کەمداو تەنها دەڕۆژى پێنەچووە کە لە کەلارو دەوروبەرى
چوار ژن و کچ بە سوتان و خۆسوتان کوشتن و خۆکوشتن ژیانیان لەدەست داوە
جگەلە حاڵەتەکانى ترى توندوتیژى، دەزگاکانى ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانى
ژنانیش وەک ئەوەى ئێمە تێبینیمان کرد وەکو پێویست نەچوونە ناو قوڵایی
ئەو کێشە گەورەیە و گرنگییەکى ئەوتۆیان پێ نەدا وەک ئەوەى بووبێتە
دیاردەیەکى ئاسایی ڕۆژانەو لێکۆڵینەوە لەو کانە ئاگرینەى کە لەدڵى کچێک
یان ژنێکدا دەتەقێتەوە و کۆتایی بەژیانى هێند بە سانایی وەرگیراوە کە
ژنێک لە ڕێگەى کانى پێی هەڵکەوتبێت و دەستى ئازارى پێ گەشتبێت.
ئەنعام هیدایەت بەرپرسى بەشى ئامارى لقى گەرمیانى یەکێتـى ژنانى
کوردستان بە ژیانەوەى ڕاگەیاند "لە ماوەى چەند ڕۆژێکدا ژنێک خۆى
سوتاندووەو دوو ژنیش کوژراون و کچێکى تریش بە فیشەک گیانى لەدەستداوە".
هەربۆیە ژیانەوە وەک ئەرکێکى ڕۆژنامەوانى تایبەتمەندى خۆى ئەیەوێت
بچێتە ناو ئەو دیاردەیەو نهێنییەکانى ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە قێزەونەى
کە بە مەرگى ژنان و کیژان کۆتایی دێت و بەرۆکى کۆمەڵگاى گرتووە ئاشکرا
بکات و بەدواى هۆکارەکانیدا بچێت و پەنجەیەکیش لەسەر برینەکانى ژنان و
کچانى دڵشکاو دابنێ و قسەیەکیش لەسەر کەمتەرخەمى ئەو هەموو ڕێکخراوو
ناوەندو سەنتەرانەى تایبەت بە پاراستنى مافەکانى ژنان بکات کەلەسنوورى
گەرمیاندا هەن و لاوازى لایەنى میدیاش بگرێتەوە کە هیچ گرنگییەکیان بە
بەدواچوونى کێشەکان نەداوە.
ئەگەر سەرەتا لە خەمی ئەو کچە لەش و لار لاوازە ڕەنگ زەرد هەڵگەڕاوەى
کە خۆى بەخەڵکى شارۆچکەى کفرى ناساند دەست پێ بکەین زۆر لەکێشەى ناو
ناخى قوربانیانمان بۆ ڕوون دەبێتەوە لەگەڵ ناکارایی ڕێکخراوەکانى ژنان.
ئاڤان کە پانتۆڵێکى سپی و مانتۆیەکى سوورى لەبەردا بوو و ئەو ترس و
دڵەڕاوکێی کە لێوەکانى بارگاوى و بەغەم و لێدانەکانى دڵى خێراترو ڕەنگى
زەرد و قسەکانى پچڕپچڕ کردبوو، ئێوارانێک لەگەڵ چەند کچێکى تر کەمێک
پێش تەواو بوونى دەوام خۆیان کرد بەژوورەکەمداو کچەکان وتیان ئەم ژنە
کێشەى هەیەو پەناى بۆ ئێوە هێناوە، ئەوان ڕۆشتن و منیش گوێم بۆ کێشەکەى
شل کرد، (هەر چەندە وەک ڕاپۆتێک ڕەنگە ئەم داڕشتنە لاوازبێت و وەکو
چیرۆک یان سەر گوزەشتە بێت بەڵام مەبەستمە خەمەکانى ڕەگەزى مێ وەکو خۆى
و لەزارى خۆیانەوە نیشان بدەم).
"من ئێستا تەمەنم حەڤدە ساڵەو پێش ساڵێک بەزۆر دراوم بە کوڕێک کە
پێشمەرگەیەو بەهیچ شێوەیەک من ئەو کوڕەم بەدڵ نەبووە، چونکە من تەنها
ئەو شەوە ئەو کوڕەم دیت کە چویینە پەردەوە، پێش ئەو من حەزم لە کوڕێک
بوو لەگەڕەکەکەى خۆمان لە کفرى، بەڵام بەزۆر لەو دابڕام و درام بەو
کوڕە هەولێرییە، ئەوە یەک ساڵە پێکەوەین و تا ئێستا جگە لەکێشەو
سەرئێشە ڕۆژێکى خۆشمان پێکەوە نەبردوەتە سەر چەند جارێک تۆراوم، بەڵام
ماڵەوەمان منیان ناردووەتەوەو ئەوەش ئەوەندەى تر لاى مێردەکەم سووکى
کردووم من کێشەم لەگەڵ مێردەکەم ئەوەیە کە هیچ بۆ چوونێکمان لێکەوە
نزیک نییەو هیچ شتێک پێکەوەمان کۆناکاتەوە، ئەم جارەیان هاتووەمەتەوەو
لەماڵیشەوە زۆرم لێدراوە هەتا بچمەوە، بەڵام چوونەوەم نییە تەنانەت
ئەگەر ژیانیشى لەسەر دابنێم، شەوى دوێنێ لەگەراج ماومەتەوەو ئێستاش
پەنام بۆ ئێوە هێناوە ئەمشەو داڵدەم بدەن چونکە پەیوەندیم لەگەڵ
خۆشەویستى پێشوومدا هەیەو پێم وتووە ئەبێ لەم گێژاوە ڕزگارم بکات ئەگەر
بە ڕەدوو کەوتنیش بێت، ئەڵام بەوە قایل نەبووە هێشتا چونکە ئەوە
بەئابڕووچوونى خۆی و منیش دەزانێ پێی باشە بەڕێگەیەکى یاسایی کێشەکەمان
چارەسەر بێت لەکاتێکدا هیچ لە کێشەکەى من نازانێت کە لەماڵەوە
بەدوامەوەن بۆ کوشتن و ئێستا بەدوام کەوتوون دەکوژرێم ئەگەر شوێنێک
نەبێت لێى بمێنەمەوە".
ئەوەش بۆ من نەدەکرا تا گوێم لەبەسەرهاتى ئەو گرت کاتى دەوام تەواو بوو
نەشدەکرا کوڕەگەنجێک لە گەڵ ژنێکى گەنجى تەمەن حەڤدەساڵ لە ژوورێک
پێکەوە بن، پەنادانى ئەو بۆ من لەدەزگایەکى ڕاگەیاندن کارێکى قورس بوو
لەکاتێک بەڕێوەبەرایەتى بە دواداچوونى بە ژنان سەربەوەزارەتى ناوخۆى
حکومەتى هەرێم و سەنتەرى بەرەنگا بوونەوەى توندوتیژى دژ بە ڕەگەزى مێی
دەیان ڕێکخراوى تایبەت بە مافەکانى ژنان هەر لەو نزیکانە بوون. لەگەڵ
ئاگاردار کردنەوەى بەڕێوەبەرەکەم بەڕێوەبەرو بەرپسەکانى هەموو ئەو
سەنتەرو بەڕێوەبەرایەتى و ڕێکخراوانەم ئاگادار کردەوە هەریەک جگە
لەنوسیى مەحزەر کە بۆ ئەوەى وەکو چالاکییەک باسى بکەن چی تریان لەدەست
نەهات و بەرپرسی یەکێک لە ڕێکخراوەکان بانگى کردمە دەرەوە واتێگەشتم
ئەوێت لەماڵى خۆیان یان لە بارەکاکەى شوێنى بکاتەوە کەچى ووتى: "ئاخر
کوڕی باش بۆ دەرگاتان لێ کردەوە خۆ براى باوکت نییە هەرچى لێ بەسەر دێت
خۆ تۆ لێى بەر پرس نییت"!!!
ناچار پەیوەندیم بە پۆلیس و دادگاوە کردو لەبەر ئەوەى دەوامیش نەبوو
هیچ کەسێک تەنانەت پۆلیسیش ئامادەنە بوون وەکو بەندییەک ئەو شەوە لاى
خۆیانى بهێڵنەوە. هەرچەندە وشەى هێشتنەوەى وەک زیندانى بەجۆرێک ئەو
ژنەى ڕاچڵەکاند کە تا ئێستاش شێوەى ڕاچڵەکینەکەیم بیرە.
خوێنەر لێرەوە دەتوانێت بچێتە ناو ئەو ئاگرەى لە نێو دڵى
قوربانییەکاندا داگیرساوەو، هەر لەوێشەوە ڕۆڵى ڕێکخراوەکان و
سەنتەرەکانى ژیانى بۆ دەر بکەوێت.
سەبارەت بەو حاڵەتانەى چەند ڕۆژى ڕابردوو و هۆکارەکانى پەنابردن بۆ
خۆکوشتن و خۆسوتاندن هەروەها سوتان و کوژران فاتیمە ڕەشید سەرپەرشتیارى
سەتنەرى بەرەنگار بوونەوەى توندوتیدى دژ بە ژنان نەریتى کۆنى
کۆمەڵایەتى و کرانەوەى کۆمەڵگاى بەڕووى دنیاى تەکنۆلۆژیا بە هۆکارێکى
گرنگ زانى و وتى "نەریتى کۆنى کۆمەڵاتى ناکونجێت لەگەڵ دویناى
تەکنۆلۆژیا بە تایبەت لە ناوچەى گەرمیانێکدا کە زۆر زوو تێکەڵ بە دنیاى
تەکنۆلۆژیا بوو".
هەروەک نەریتى نێر سالارى و باوک سالارى وەک نەریتێکى دواکەوتوو زۆر
زەق کردەوە وەک هۆکارێک بۆ ئەو حاڵەتانە کە بەڕاى من دیاردەیەو دەڵێ "نێر
سالارى و باوک سالارى یەکێکە لەو کێشانەى کۆمەڵگەى ئێمە پێوەى دەناڵێ و
مێینەى کردووە بە قوربانى چونکە نێر بە پلەیەک و مێ بە پلە دوو
دادەنرێت" هەروەها وتى " ڕەگەزى نێر ژن بەشەرەف دەزانێ بە هیچ شێوەیەک
لەکەدار بوون و بریندار بوونى شەرەفى پێ قەبووڵ نییە".
ڕائید عەدنان بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى توندوتیژى دژ بە ژنان لە
گەرمیان ئاشکراى دەکات کە پێشتریش بەهەمان شێوە حاڵەتى کوشتن هەبووە،
بەڵام ئێستا بە هۆى هۆشیار بوونەوەى ڕەگەزى مێی بەرامبەر بە مافەکانیان
و پەنا هێنانیان بۆ سەنتەرەکان و ڕێکخراوەکان دیاردەکەى زەقتر
کردووەتەوە"و بەر پرسەکەى سەنتەرى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى ڕەگەزى
مێینە لەگەرمیانیش دەڵێ "کەناڵەکانى ڕڕگەیاندن باس لە دیاردەکە دەکەن و
ئەوەش واى کردووە کە لە حاڵەتەوە ببێتە دیاردە ئەگەرنا خۆ پێشتریش
خۆکوشتن و خۆسوتاندن هەر هەبوون ڕاگەیاندنەکان دیاردەکە گەورەتر دەکەن
و زیاتر دەر دەکەوێت".
فاتیمە دژ بەو بۆچوونانەیە کە پێیان وایە ڕێکخراوەکان کاریان نەکردووە
یان ئەدایان لاواز بووە لە چارەسەرى کێشەکان و وتى "من لەگەڵ ئەوەنیم
کە بوترێت ڕێکخراوەکانى ژنانى کاریان نەکردووەو ڕۆڵیان نەبوو بە
پێچەوانەوە ڕۆڵى زۆر کاریگەریان هەبووە، بەڵام ناکرێت ئێمە هەرچى ئەو
کارانەى خۆمان هەیە بیخەینە بەر دەستى ڕاگەیاندن باس بکرێت بەڵام
بەشاراوەیی دەمێنێتەوەو ئەمەش وادەکات کە کارى ڕێکخراوەکان و
سەنتەرەکان دەربکەوێت و ئێمە زیاتر کارەکانمان شاراوەیەوە دەیان
ئەوەندەى ئەوەى کە ئێستا کێشە هەیە ئێمە لەلایەن خۆمانەوە کێشەى زۆر
گەورەمان چارەسەر کردووەو ژنان و کچانمان لە مردن ڕزگار کردووە بە
دڵنیاییەوە ئێمە کارى زۆرمان کردووەو نکۆڵیش لەوە ناکەین کە لەگەڵ زیاد
بوونى ژمارەى ڕێکخراوەمان و سەنتەرەکان ژمارەى حاڵەتەکان یان دیاردەى
توندو تیژى زیادى کردووە".
ناوبراو ئاماژەى بە کێشەیەکى تریش کرد و وتى "بەهۆى عەیبەوە بەشێکى زۆر
لەو کەسانەى کێشەیان هەیە و دواتر کۆتایی بەژیانى خۆیان دێنن نایەنە
سەنتەرەکان و کێشەکانیان بزانرێت ئێمە داڵدەى ژنان دەدەین و بە هەموو
شێوەیەک دەچینە ناو کێشەکانیانەوە بەڵام دەکرێت ڕێکخراوەکانى ژنان لەو
ڕ،وەوە بە کەمتەرخەم بزانرێن کە ناتوانن بەو هەموو کێشە شاراوانە بزانن
کە بە کۆتایی ژیانى مێینەیەک کۆتایی دێت".
|