په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کێشە سەختە کانی فرەحیزبی لەکوردستاندا
دیموکراسیخوازان و یەکێتی نیشتمانی وەک نمونەیەک .

 


ئارام عەلی قەرەداخی


ئەگەر کەسێک بەویژدانەوە سەیرى کوردستان بکات ، لەدورەوە کۆمەڵێک حیزبی تیابەدی ئەکات کە بایى ئەوە بێت بەفرەحیزبی ناوببرێت ، بەڵام کەلە پەیوەندی نێوان ئەم حیزبانەو پارتی و یەکێتی ئەڕوانین ، یاخود لە کارو شێوەى ئیشکردنی ئەم حیزبانە ورد ئەبینەوە یەکسەر بۆمان دەر ئەکەوێـت ئەوەى لەسایەى حوکمەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە فرەحیزبی نیە ، بەڵکو پارتی و یەکێتی و دەستو پێوەندەکانیانە ، هەر حیزبێکیش بیەوێت زیاتر لەکلکایەتی دووحیزبە زلهێزەکەى دەسڵات بڕوات ، وەک حیزبی دیموکراسیخوازانی پێ ئەکەن . بەکورتی و بە کرمانجی فرەحیزبیەکەى کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر بۆنی جاشایەتی لێدێت.

 

بەئاشکرا لەپەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و شۆسیالیست ، زەحمەتکێشان ، دیموکراسیخوزان ، رزگارى و گەلێک ناوی تر لەو دەڤەرەى سلێمانیدا کە بەخۆیان ئەڵێن حیزب گرفتی پاشکۆیەتی و دەم کوتکردن هەیە ، لەو لایشەوە لەنێوان پارتی دیموکرات و حیزبی شیوعی ، ئەکێتی نەتەوەى ، بزوتنەوەى جوتیاران ، گەلیچک تاقم و دەستەى ترى سیاسی هەر هەمان کێشەى پاشکۆیەتی و سەرکوت کردن و بەپارە بێدەنگکردن هەیە ..


ئەوەى مەبەستى لێکۆڵینەوەى ئەم وتارەیە پەیوەندی نێوان یەکێتی نیشتمانی و حیزبی دیموکراسیخوازانە ، هەر وەها خوێندنەوەیەکی و ئەو کێشەو ئاڵۆزیانەى ئینشقاقەکەى ئەم دواییەى حیزبی دیموکراسیخوازان خستیە ڕو ، چونکە ئەو گرفتانەى لە ڕاگەیاندن و بڵاو کراوەکانی دوو باڵە ناکۆکەکەى ناو دیموکراسیخوازندا نیشاندرا ، نمونەیەکی باشە بۆئەوەى عەوارات و دیوە گەنیوەکەى فرەحیزبی کوردستانمان بۆبخاتە پێش چاو . بۆزیاتر ڕونکردنەوەى ئەم کێشەیە بەباشى ئەزانین هەندێک لەڕوداوەکانی کێشەکەى دیموکراسیخوازان و یەکێتی وەبیر خوێنەران بێنینەوە .


سکرتێرى حیزبی دیموکراسیخوازان هاوکات سەرۆکی بەرەى گۆڕانیش ئەبێت ، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕێکخراوی ناحکومی و مەدەنیدا پرۆژەیەک ڕێک ئەخەن و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی ئەکەن ، پرۆژەکە بۆئەوەیە هەر کەسێک پۆستى بەرپرسیارێتی لەم وڵاتەدا وەرئەگرێـت بەئاشکرا سامانی شەخسى و تایبەتی خۆى چی هەیە ئاشکرای کات ، لەپێناوی ئەوەى ڕێگەى پێ نەدرێت بەشەش مانگ هێندە پارەکۆبکاتەوە بەشى نەوەى منداڵەکانیشى بکات ، بەکورتی و بەکوردی پرۆژەکە داواى ئەکرد بەیاسا مەسەلەى شەفافیەتی سامان و پرۆژەئابوریەکانی بەرپرسەحیزبی و حکومیەکانی پارتی و یەکێتی ڕێکبخرێـت ، ئیتر هەر بەرپرسێک چەندپارەى بەحەقی خۆى یان تاڵان و دزی کۆکردۆتەوە ئەبێ یاسایەک هەبێـت ناچارى بکات نەتوانێـت ئەم سامانە لەچاوی میدیاو ڕۆژنامە گەرى کوردی بشارێـتەوە . هەر کە بەرەى گۆڕان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان ئەم پرۆژەیان پێشکەشى پەرلەمان کرد ، یەکسەر پەرلەمانتار و سەرکردەکانی یەکێتى کێچ کەوتە کەوڵیان ، لەجیاتی ئەوەى بەخۆیاندا بچنەوەو وەکو حیزبێکی شۆسیالدیمکرات پشتگیرى لەپرۆژەیەکی وەها بکەن ، کەوتنە هەوڵى لێدان و دووکەرت کردنی حیزبی دیموکراسیخوازان ، لەڕێگاى کادرەکانی مەکتەبی پەیوەندیە نیشتمانیەکانی یەکێتیەوە پارەیەکی زۆریان خستە گەڕ و کەوتنە ئغراکردنی ئەندام و کادرەکانی دیموکراسیخوازان بۆئەوەى بەهەرنرخێک هەیە لەسەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دیموکراسیخوازان دایان بڕن و دواتریش وەکو ئینشقاقێکی حیزبی ڕوداوەکە وەسف بکەن ، زیاتر لەمەیش ئەوەبوو هانی ( سامان عەلادین ) ى برازاى بەهادین نورى و چەند کەسێکی تریاندا تابڵێن سکرتێرو هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دیموکراسیخوازان ئستقالەیان کردووە و ئێستا ئەوان سەرکردایەتی نوێى دیمکراسیخوازانن ، ئەمە گەیشتە ڕادەیەک کە بەپێى هەواڵێکی ڕۆژنامەى چاودێر کە 9 ڕۆژ دواى جیابونەوەکەى سامان عەلاو ئەوانەى وا لەیەکێتی پارەیان وەرئەگرت بڵاوکرایەوە " ئەو گروپەى یەکێتی جیاى کردنەوە لەدیموکراسیخوازان چوار لەپاسەوانەکانی مقەڕى سلێمانیان کردە ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیان ، لەکاتێکدا هەرچى پۆلیس و بوجەى دیموکراسیخوازان هەبوو ڕاستەوخۆ لەلایەن یەکێتیەوە دەستى بەسەردا گیرا . لەمانگی ڕابردویشدا هەوڵێکی زۆریاندا تانوسینگەى گەرمیانی ئەو حیزبە زەوت کەن و کەرەستەکانی بدەنە ( لاوان ئەحمەد )ناوێک کە لەو کەسانەیە وا لەیەکێتی پارە وەر ئەگرن .


تائێستایش مەکتەبی علاقاتی یەکێتی هەر بەردەوامە لە کێشە دروستکردن بۆ حیزبی دیموکراسیخوازان و هەموو ئەو نوسینگەو کادیرانەى کە لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی حیزبەکەدا ماونەتەوە ، لەبەرانبەریشدا ئەو کەسانەیان کە بەپارە کڕراون و ئامادەن بەو جۆرە حیزبایەتی بکەن کە لەلایەن یەکێتیەوە بۆیان دیارى ئەکرێت . هەموو پۆلیس و پاسەوانەکانی دیموکراسیخوازان یان پێ دراوەو هەموو ئەو یارمەتی و بوجەیش پێشتر ئەم حیزبە لەحکومەتی هەرێم وەرى ئەگرت ئێستا هەر بەمان ئەدرێـت . لێرەدا کۆتایى بەچیرۆکەکەى ئەم حیزبە دێنم ، کەبەڕاى من پێش ئەوەى یەکێتى بەوجۆرە بکەوێتە لێدانی ، خۆى وەک هەرحیزبێکی ترى ناسیۆنالیستى ساحەکە بەدەست دەیان کێشەى تەنزیمی و فکریەوە ئەیناڵاند ، حیزبێک ئیدعاى ئەوەبکات لەبەرەى گەل و خەڵکانی زەحمەتکێشدایە چۆن ناتوانێـت هێندە ئەندامەکانی ئۆرگانیزەبکات تابە پارەى گەندەڵى یەکێتی هەڵنەخەڵەتێن .


پێشتر دیموکراسیخوازان و حیزبەهاوپەیمانەکانی لەبەرى گۆڕان خۆیانیان واتەرح ئەکرد کە ئەیانەوێت ببنە بەدیلى پارتی و یەکێتی ، کەچى لەبەردەم سادەترین گورزی یەکێتیدا نەیانتوانی تۆکمەیى و نەفەس درێژییان بە خەڵکی کوردستان نیشان بدەن ، بەهەر حاڵ ئێمە نامانەوێـت بەم نوسینە ڕێگەى گونجاوى تێکۆشان و موبارزەى سیاسی نیشانی کادیرەکانی ئەم حیزبە بدەین . ئەوەى مەبەستە ئەو سەرگەردانیە سیاسیەیە کەلەژیانی حیزبایەتی ئەم وڵاتەدا هەیە .


ئەم شێوازەى یەکێتی هەڵسوکەوتی پێ ئەکات لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکان هەر هەمان شێوازە کۆنەکەى حیزبی بەعسە . بەعسیش هەرواى ئەکرد ، ئەچوو پارتی دیموکراتی کوردستانی قەدەغە ئەکرد و کادرو ئەندامەکانی ئەکوشت ، کەچى حیزبێکى کارتۆنی دروست ئەکرد بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ، کادرو ئەندامانی یەکێـی لەسێدارە ئەدا لەسەر ئینتمایەکی حیزبیان ، کەچى پارتی شۆڕشگێڕى کوردی دروست ئەکرد ، دیارە یەکێتیش ئەم هونەرەیان لەبەعسەوە وەرگرتوە ، بێ ئەوەى لانی کەمی پەرەپێدان و گەشەکردنیان پێوە دیار بێت هەر وەک حەفتاکانی سەدەى بیستەم و سەردەمی ( نازم گزار ) و بەهەمان عەقڵیەتەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ هیزە چەپ و پێشکەوتن خوازەکانی کوردستان ئەکەن . لەلایەکەوە دژایەتی کادرو سەرکردەکانی دیموکراسیخوازان ئەکەن و لەلایەکی تریشەوە ئەیانەوێـت سامان عەلادین و کۆمەڵێک لەپاسەوانەکانی مقەڕى سلێمانی ناو بنێن حیزبی دیموکراسیخوازان ..


زۆر سەیرە هێزێکی وەک یەکێتی کە خەڵک هەمیشە بەچاوەڕوانی گۆڕان و نوێ بونەوە و دەستپێشخەرى سیاسیەوە لێى دەڕوانن ، کەچى بەم شێوازە هەڵسوکەوت لەگەڵ هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنە کوردستانیەکاندا ئەکات .. باشە سامان عەلادین و پۆلیسەکانی هاوڕێى کە وەفایان بۆسەرکردایەتی حیزبەکەى خۆیان نەبێـت کە هەمووى هەشت مانگ پێشتر بەکۆنگرەیەکی گشتى دیموکراسیخوازان هەڵیان بژاردن ئەبێـت چ وەفایەکیان بۆیەکێتی هەبێت ، ئایا یەکێتی خۆى بەدەست ئەم جۆرە خەڵکە پارەخۆرو هەلپەرستانەوە ناناڵێنێت ، ئەى حیکمەت چیە لەوەدا 40 -50 کەسى تر ئەخەنە سەر خەرمانی خەڵکە پارەخۆر و گەندەڵەکانیان ، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە لەهەموو کاتێک زیاتر نائومێدم ئەکات لەگۆڕان و بەخۆدا چونەوە و نوێ بونەوەى یەکێتی ، مادام یەکێتی گەیشتۆتە ڕادەیەک ( نەوشیروان مستەفا ) وازی لێ ئەهێنێـت و ئەیەوێـت بەکڕینی خەڵکانی وەک ئەو ئەندامانەى دیموکراسیخوازان جێگەکەى پڕکاتەوە کە بۆ معاشێکی 400 هەزارى لەسەرکردایەتیەکەى خۆیان هەڵگەڕا نەوە ، مەحاڵە ئیتر کەس ڕۆژێک لەڕۆژان ڕیفۆرم بەخۆدا چونەوەى ئەم حیزبە ببینێت .. دەبێت مەکتەبی پەیوەندیەکانی یەکێـتى ( کە وەک لایەنی جێبەجێ کەرى پیلانەکان لەڕاگەیاندنەکانی دیموکراسیخوازاندا ناویان ئەهات ) ئەوە باش بزانێت ، کەهەر کەسێک ئامادە بوو هەڵوێستى سیاسی خۆى بەپارە بفرۆشێت ، هەموو کاتێک ئامادەیە حیزبی خۆى و نزیکترین دۆستى خۆى جێ بهێڵێت و بچێت بۆلاى ئەو کەسانەى دوو قران زیاتری ئەدەنێ ، هەر ئەمەیش بوو ک لەهەشتاکاندا خەڵکانێک ئەیانکرد و ئەدەبیاتی شۆڕش ناوی نابون جاشە خەفیفە . ئەگەر سیاسەتی یەکێتى واى لێهاتووە هەمیشە لە گەڕاندا بێت بۆ ئەوەى بزانێت لەناو چ حیزبێکدا کۆمەڵێک کەسى لاواز و مشەخۆر ئامادەن بەبڕە پارەیەکى گەندەڵى خۆیان بفرۆشن ، بۆئەوەى ئەو خێرا وەک ئەوەى هەنگوێنی لەکلۆرەداردا دۆزیبێتەوە بیانکڕێت ، ئەوا دواڕۆژ هیچى ترى لەهەگبەدا بۆهەڵنەگرتون جگە لەئاشبەتاڵێکی سیاسی و ڕێکخراوەیى و ئخلاقی ، ئەوەى یەکێتى بەم سیاسەتانەى ئەیکات جگە لەئینتحارێکی سیاسی هیچى تر نیە ، ئەمە چ سیاسەتێکە بە ڕاوەدو نان و مزایەقە کردنی کادرە پێشکەوتوخوازەکانی ناو باڵى ڕیفۆرم بەختیار ئەبێـت و دێـت بۆئەوەى لەم لاوە بەکڕینی کۆمەڵێک کادرو پۆلیسى دیموکراسیخوازان شوێنەکەیان پڕکاتەوە ، ئازیزان ئەوەى ئەمڕۆ خۆى بەئێوە ئەفرۆشێت ئامادەیە سبەینێ بە10 دۆلار زیاتر جاسوسیشتان بەسەرەوە بکات . بەعس هەوڵى زۆرى ئەدا تاکەسێکی بۆلەخشتە بەرێـت و لەڕیزی هێزە نیشتمان پەروەر و شیوعیەکانی کوردستان و عیراقدا ، کەچى ئێوە ئەمڕۆ زیاتر لەبەعسیش ، ئەتانەوێت ئەوانەى وا مشەخۆرى و کلکایەتیتان بۆ ئەکەن زۆرینەى هێزو حیزبە سیاسیەکان بێت . دیارە کە هەموو جارێک ئەم زۆرینە تان دەست ئەکەوێـت خێرا ئینشقاقیان پێ ئەکەن ، لەبەر ئەوە نیە سیاسەتەکەى ئێوە سەلیمە و ڕێکەکەیکی باشتان گرۆتۆتە بەر ، بەڵکو لەبەر ئەوەیە هێندە بوارو کایەى سیاسی کوردستان تان توشى فاسدى و خراپەکارى و مشە خۆرى و پارە خواردن کردووە ، کەى بتانەوێـت خەڵکی لەو جۆرە خۆفرۆشتان دەست ئەکەوێـت ، وەک ئەوەى لەناو دیموکراسیخوازاندا دەستان کەوت .


ئەوەى لەم چیرۆکە ڕوداوەى ئەم حیزبەوە بۆمان دەر ئەکەوێت ئەوەیە کە فرەحیزبی لەکوردستاندا هەر بەناو هەیە ، هەر کەى حیزبە دەسڵاتدارەکانیش (بەتایبەتی یەکێـتى کە بەهرەى هەیە لەئینشقاق دروستکردن لەناو حیزبەکانی تردا ) بۆیان بلوێت هەوڵى کەرتکردن و پارچەکردنی ئەدەن بەهۆى ئەو پارە زۆرەى بۆخۆیان قۆرغیان کردووە . دوا قسەیەک کە ئاراستەى ئەو کەسانەى ئەکەم تائێستایش بەدڵسۆزیەوە ئەیانەوێت کارگەریەکی باشیان هەبێـت لەناو یەکێتیدا ئەوەیە کە بڵێم : هەڤاڵان لەجیاتی ئەوەى بە پارەى زۆرى گەندەڵکراو و تاڵان کراوی سامانی ئەم میللەتە هەژارو بەشمەینەتە هەوڵى کڕینی خەڵکە خۆفرۆشەکەى ناو حیزبە کانی تر ئەدەن ، باشتر نیە بۆخۆتان هێندە ڕیفۆرم لەخۆتاندا بکەن تا کادرە دڵسۆزە کانتان لێ دور نەکەوێتەوە . چ حیکمەتێکە بەخۆفرۆشى ناو حیزبەکانی تر جێگەى کادیرە دڵسۆز و پێگەیشتوەکانی خۆتان پڕکەنەوە .
 

 

Aramo.ali615@yahoo.com