١٢\٨\٢٠١٠
کێشەی ڕابەر و
ڕابەرایەتی!

دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
گەر هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆ، سەرنجێکی سەرپێیی، لە کۆمەڵە جیاوازەکانی
جیهان بدەین، دەبینین: کێشەی ڕابەر، تەنیا لە نێو ئەو کۆمەڵانەدا
سەریهەڵداوە، کە لە ڕووی باری کۆمەڵایەتی، ئابووریی، ڕۆشنبیریی و
ڕامیاریییەوە، کۆمەڵێکی دواکەوتووبوون، دێمۆکراسیی تێدا نەبووە و
سیستەمی دیکتاتۆریی تێدا بڵاوبووە.
دیکتاتۆرەکان وا دەزانن، لە نێو کۆمەڵەکەی خۆیاندا، تەنیا تاکی
هەڵکەوتوون، لە هەموو کەس بە توانا، زیرەک و ئازاترن! بۆیە دەبێ،
ئەندامانی کۆمەڵ، گوێیان لێ بگرن. خۆ گەر یەکێ ورتەی لێهات و بە دڵی
ئەوان نەبوو، سزای دەدەن، گوایە: دژی ویستی گەل وەستاوە، جا با
بەرنامەی ئەو دیکتاتۆرە، لە ڕاژەی گەل و نیشتمانیشدا نەبێ، گرنگ ئەوەیە
دیکتاتۆر، لە پێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکانی خۆیدا، هەرچی بکا و هەر
کەسێ لەنێوبەرێ، چەندین جەنگی خوێناویی نێوخۆ و دەرەکیش بەرپاکا، هەر
دەبێ، دەسخۆشانەی لێ بکرێ و زوڕنای بۆ لێدرێ!
دیکتاتۆریی خەسڵەتێکە، گەر جەماوەری گەل، زوو فریای نەکەون، سنوورێ بۆ
بیرکردنەوە و کردارەکانی دیکتاتۆر دانەنێن، لەگەڵ گەورەبوون و
فراوانبوونی دەسەڵاتی ئەو کەسەدا، ڕۆژ بە ڕۆژ، بیروباوەڕی دیکتاتۆریی
گەشەدەکا. دیکتاتۆرەکان هەر لە سەرەتاوە، هەموو نیشانەکانیان، زۆر بە
ڕوونیی دیارە. سەرەتا لە نێو خێزانەکەی خۆیاندا دەردەکەون. پاشان بۆ
نێو کەسوکار و هاوەڵەکانیان پەلدەهاوێژن. دواتریش ئەو سنوورە تەسکە
دەبەزێنن، تا بە تەواویی، بۆ نێو سنووری گرووپ و ڕێکخراوەکان دەتەننەوە
و جێپێی خۆیان دەکەنەوە. ئێدی هەر کاتێ خۆیان بینییەوە، کۆمەڵانی خەڵک
گوێ بۆ قسەکانیان شلدەکەن، هەرچی ئەمان وتیان، ئەوان بە زیادەوە
جێبەجێیدەکەن، ئەو کاتە پتر پەلاماردەدەن، چاو لە پاوەنخوازیی،
دیکتاتۆریی دەسەڵات و فەرمانڕەوایی دەبڕن، تا بە تەواویی، مڕ لە
دراوسێکانیان خۆشدەکەن، پەلاماری وولاتانی دەوروبەر و نێوچەکەش دەدەن.
گەر بۆشیان بلوێ، جەنگێکی سەرتاسەریی جیهانیش هەڵدەگیرسێنن، هەموو
جیهانیش، لە زەریای فرمێسک و خوێندا نقومدەکەن!
گەلێ جار، لە ووڵاتێکی دیارییکراودا، گەل بە دەسی خۆی، دیکتاتۆر بۆ خۆی
درووستدەکا. ئەم شێوە درووستبوونەش، لە ئەو شێوە درووستبوونانەی دیکە،
گەلێ جیاوازتر و پڕ لە مەترسییترە، کە دیکتاتۆرەکان لە ئەنجامی
کۆدەتایەکی سەربازییدا، دەس بە سەر دەسەڵاتی دەوڵەتدا دەگرن. چونکە لە
دوا رۆژدا، زۆر لە سەر جەماوەری گەل دەکەوێ، تا لە دەسیان ڕزگاریان
دەبێ. دیارە ئەو جۆرە دیکتاتۆرانەش، پتر لە کۆمەڵە دواکەوتووەکاندا
سەرهەڵدەدەن، بە تایبەتیی، لە کۆمەڵە خێڵەکیی و فیۆداڵەکاندا،
دیکتاتۆرەکان زووتر پێدەگەن.
لە هەر ووڵاتێکدا دێمۆکراسیی نەبوو، دیکتاتۆر زووتر درووستدەبێ.
نموونەی ئەو دیکتاتۆرانە لە مێژوودا گەلێکن، هەر لە {فرانکۆ، مۆسۆلۆنی،
هێتلەر، ستالین ...}ەوە بیگرە، تا بە {سەددام حوسێن} دەگا. ئەوانە هەر
یەکەی، بە ناوی جیا و بە هۆی بەهانەی جۆراوجۆرەوە، خەسڵەتی دیکتاتۆریی
خۆیان، بە سەر کۆمەڵانی خەڵک و دەوڵەتدا سەپاندووە. بەڵام ئایا چییان
بەسەرهاتووە؟ چۆن ناویان لە مێژوودا تۆمارکراوە؟!
سیستەمی دیکتاتۆریی لە جیهانی ڕامیاریی ئەوڕۆدا، ڕۆژ بە ڕۆژ، بەرەو
داتەپین و چاڵی نەمان دەڕوا. گەر سەیرێکی ووڵاتانی جیهان بکەین، وێنەی
{کاسترۆ، کیم ئێل سۆنگ، قەزافیی و سەددام ...}، بە پەنجەی دەس
دەژمێررێن. بەڵام گەر ئاوڕێکیش لە بەرەی گەلانی دێمۆکراسیی و ئازاد
بدەینەوە، ئەوا دەبینین، جگە لە ئەو چەن کەسە، سەرجەمی ڕامیار و
کاربەدەسەکانی دەوڵەتانی جیهان پێکدێنن.
زۆر لە کۆنەوە، لە نێو ڕیزی هۆز و خێڵەکانی کۆمەڵی کوردەوارییدا،
تاکەتاکە دیکتاتۆر هەڵکەوتووە، بە هێزی چەک دەسەڵاتی خۆیان، بە سەر
تیرە و هۆزەکانیاندا سەپاندووە. گەلێ جاریش ئەو دیکتاتۆرە خێڵەکیی و
دەرەبەگانە، سنووری قەڵەمڕەوەکەی خۆیان فراوانترکردووە، تا دەسیان بە
سەر نێوچەیەکی فراوانی {کوردستان}دا گرتووە. هەرچیش دژبووبێ، بە سزای
مەرگیان گەیاندووە. چونکە کۆمەڵی کوردەواریی، کۆمەڵێکی خێڵەکیی و
نیمچەدەرەبەگی ــ دەرەبەگیی بووە، پتر لە ڕێی زەوتکردنی زەوییەوە، یا
بە ناوی ئایینەوە، هۆشی خەڵکیان سڕکردووە، دەسەڵاتی خۆیان بە سەر
نێوچەکەدا سەپاندووە، ئازادییشیان لە کۆمەڵانی خەڵک زەوتکردووە. ئەو
جۆرە پێوەندیییە کۆمەڵایەتییانەش، زۆر بە زەقیی، لە هەموو بوارەکانی
ژیانی نوێماندا ڕەنگدەداتەوە.
پێم وایە، هەرچی دووبەرەکیی و جەنگی نێوخۆ، لە مێژووی کورددا ڕوویداوە،
بە پلەی سەرەکیی، بۆ نەبوونی دێمۆکراسیی و خۆسەپاندنی تاکێ، بە سەر
ڕێکخراوەکان و کۆمەڵی کوردەوارییدا دەگەڕێتەوە. چونکە گەر دێمۆکراسیی
هەبووایە، سەختترین کێشە لە دەمەتەقێیەکی ئازاددا چارەسەردەکرا، هەرگیز
پەنا بۆ بەر بەکارهێنانی چەک نەدەبرا. زەقترین نموونەش، لە مێژووی
ڕامیاریی ئەم سەردەمەی گەلەکەماندا، تراژیدیای ئەو دووبەرەکیی و جەنگە
ماڵوێرانکەرانەیە بوو، کە لە نێوەڕاستی شەستەکانەوە دەسیپێکرد. هەڵبەتە
کێشەکەش، کێشەی ململانێی ئایدیۆلۆژیا و بەرژەوەندیی گەل نەبووە، بەڵکوو
پتر ناکۆکیی تایبەتیی، نێوان سەرکردەکانی کورد بووە.
ئەو بارە نالەبارەی لە {کوردستان}دا هەبووە، کێشە و باسی
فەرمانڕەواکانی {بابان}مان بیردێنێتەوە، کە جووتە برا {سولەیمان پاشا}
و {مەحموود پاشا}، لە سەر فەرمانڕەوایی میرنشینی {بابان}، لە ماوەی
چوار ساڵدا، یەکێکیان بە یارمەتیی لەشکری دەوڵەتی داگیرکەری {عوسمانیی}
و ئەوی دیکەشیان، بە یارمەتیی لەشکری دەوڵەتی داگیرکەری {ئێران}، شەش
جار بە نۆرە، ووڵاتی {بابان}یان، لە زەریای فرمێسک و خوێندا نقومکردووە،
ئەنجامەکەشی ئەوە بوو، میرنشینەکە نەما.
لە ئەم قۆناغە ناسکەی گەلەکەمانی پێدا تێپەردەبێ، کێبڕکێ لە سەر
دەسەڵات و کێشەی ڕابەرایەتی، یەکێ لە گرنگترین ئامانجە نەتەوەیییەکانی
کورد پێک ناهێنێ و ئەو سەردەمەش بەسەرچوو. چونکە ئەوڕۆ، کێشەی سەرەکیی
ئێمە، خۆی لە دەسنیشانکردن و دیارییکردنی جەماوەری ئەم ڕێکخراو یا ئەو
ڕێکخراودا نابینێ. لە ئەو پێشبڕکێی دیکتاتۆریییەشدا، گەلێ گرفتی
لاوەکیی دیکەمان بۆ درووستدەبێ، تەنیا داگیرکەرانی {کوردستان}یش، کەڵکی
لێ دەبینن.
گۆڕەپانی خەباتی ڕامیاریی {کوردستان}، گەلێ فراوانە و جێی هەموو تاک،
گرووپ و ڕێکخراوێکی نیشتمانپەروەری تێدا دەبێتەوە، بە مەرجێ، هەموو هێز
و تواناکان، دژی داگیرکەرانی نیشتمان یەکخرێن، دەسی برایەتی و دڵسۆزیی،
لە نێو دەسی یەکدی بنێن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا، {کوردستان} هێندە
گەورە نییە، جێی دوو ڕابەری تێدا ببێتەوە!
کێشەی ڕابەر و پێشڕەوایەتی لە {باشووری کوردستان}، کارێکی هێندە خراپی،
لە هەست و هۆشی کۆمەڵانی خەڵک کردبوو، بە ئاشکرا نێوچەی {بادینان}ی لە
نێوچەی {سۆران} جیاکردبووەوە. ئەو جیاکردنەوەیەش خۆی لە خۆیدا، کارێکی
زۆر خراپبوو و مەترسیییەکی گەورەشی، بۆ سەر پاشەڕۆژی گەلەکەمان لێ
دەکرا، دانیشتووانی ئەو دوو نێوچەیەی لە یەکدی دابڕیبوو، جوگرافیای
دەسەڵاتی ڕامیاریی، هەر یەکێ لە ئەو دوو زلهێزەی {کوردستان}، وەک
هێڵێکی جیاکەرەوە، گەلەکەمانی لە {باشووری کوردستان} لە ڕووی نەتەوەیی،
ڕامیاریی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی و کەلتووریییەوە، پتر دوولەت کردبوو،
ناکۆکیییە ڕامیارییەکانی نێوان ئەو دوو پارتەشی، پتر قووڵترکردبووەوە.
بە ڕاستیی، ئەو کارە تاوانێکی گەورە بوو، دژی ئامانجە نەتەوەیییەکانی
گەلەکەمان کرا. پێویستە چی دیکە، لە ئەوە پتر ماوە نەدرێ، ئەو
تراژیدیایە دووبارەبێتەوە.
ئێستە کاتی ئەوە هاتووە، ڕێکخراوەکان چاوێ بە بەرنامە و نەخشەی
ڕامیاریی خۆیاندا بخشێننەوە، کەمێ بیر لە بەرژەوەندیی بڵندی
نەتەوەکەمان بکەنەوە، بە گیانێکی کوردانەوە، بە دڵێکی فراوان و نیەتێکی
خاوێنەوە، گوێ لە یەکدی بگرن، هەڵەوپەڵە بۆ یەکدی هەڵگرنەوە، پەیمانی
کوردایەتی بۆ جەماوەری گەلەکەمان نوێکەنەوە، دەسی برایەتی، یەکێتی و
تەبایی، بخەنە نێو دەسی یەکدی، لە ئەو مەترسیی و کارەساتە گەورەیە،
خۆیان و گەلەکەشیان رزگارکەن، هەموو لایە بە یەک دڵ و یەک گیان، بۆ
ئازادیی {کوردستان} و سەرفرازیی کورد تێکۆشن.
__________________
*
نووسەر و مامۆستای زانکۆ.
azizhus@yahoo.se
|