٧\٥\٢٠١٦
کێشەی سەرەکیی
ئێمەی مرۆڤی عێراقیی و کوردستانیی.

جیهاد محەمەد
ئێمە هەموومان کەوتووینەتە نێو چاڵێکی قووڵی بێ بن و بێ ئامانەوە،
خنکاوین و نازانین خۆمان دەربازبکەین. بۆیە شەڕی حیزبە سیکتاریزمەکان
لە عێراقدا، هەروەها شەڕ و ململانێ و موزایەدەی سیاسی حیزبەکان لە سەر
دەسەڵاتگەریی لە کوردستاندا بە شەڕی خۆمان دەزانین و دەناسین. لە
پێناوی ئەم شەڕانەدا خۆمان دەدەین بە کوشت و خوێنی یەکتری دەڕێژین و
هەر هیچ نەبێت خۆمان ماندوو شەکەت دەکەین و عەقڵ لە دەستدەدەین و بیر
ناکەینەوە. خراپترین شتێک لەم شەڕانەدا ئەوەیە، کە خەڵک لە جیاتی
حیزبگەلێکی بەرژەوەندخواز و دەسەڵاتداری ستەمکار و چەوسێنەر شەڕ دەکات
و ئەوانیش بیرمان بۆ دەکەنەوە و میکانیزمی بە هێزی شەڕەنگیزییمان تێدا
دەچێنن.
هێندە میکانیزمی ئەم ستەمگەرییە بە هێزە، کە پڕزۆڵ پڕزۆڵیان کردووین،
دابەشیانکردووین بە سەر خۆیاندا. ئەم شەڕە نەگریسانە پڕزەیان لێ بڕیوین،
بێ توانایان کردووین، بیرمان بۆ ناکرێتەوە، توانا شاراوەکانی خۆمانمان
بۆ نادۆزرێتەوە، کە بەکاریبهێنین دژ بەم سیستمە ستەمگەر و چەوسێنەرە.
شەڕ بووە بە شەڕی ئێمەو و ئەوانیش بەرووبوومی بردنەوە و دۆڕانی ئەم
شەڕە دەخۆن. ئێمە دۆڕاو و ئەوان براوە!، ئێمە کوژراو و ئەوان زیندوو!،
ئێمە هەژار و ئەوان دەوڵەمەند، ئێمە قارەمانی مەیدانی شەڕ و
خوێنڕشتنەکان، ئەوانیش قارەمانی نێو دنیایی سیاسەت و رێکەوتنەکان، ئێمە
خوێن لێڕژاو و ئەوانیش خوێنخۆر. ئێمە کۆیلە و ئەوانیش ئاغا، ئێمە
سەگەلی دەیکراو لە یەکانەکان و گورگە بۆرەکان، شەکەتی وەڕین و برسین بۆ
کەڵبەگرتن لە یەکتری، ئەوانیش پیاوانی جوامێری نێو دنیایی سیاسەت و
خاوەن عەقڵ و نەخشەدانەری رێکەوتنێکی دیکە و هەڵگیراسانی شەرێکی دیکەی
تایەفەگەرێتیی و بیرتەسکی عەقڵی ناسیۆنالیزمیی پڕ لە شۆڤێینیزمی.
بەڵام لە بنەڕەتدا نە ئێمە سەگەلین، نە ئەوانەی بەرامبەرمان یەکانە و
گورگە بۆرن، بەڵکو بەوەکراوین و بووین بە پەندی زەمانە و بوکەڵەی
سەماکەری دەستی حیزبە ستەمگەرەکان. ئێمە هەموومان مرۆڤین، بەوانەشەوە،
کە بە لێکدانەوەیەکی دەبەنگانە و تێنەگەیشتن لە مرۆڤ و مرۆڤبوون، وا
خۆیان دادەنێن، کە مرۆڤگەلێکی عەقڵانی دەسەڵاتدارن. هەموومان پێکەوە
مرۆڤگەلێکین، کە لە دێر زەمانەوە، لەو رۆژەوە، کە کراینە دەرەوەی مێژوو،
ئیتر رووتکراینەوە لە مرۆڤبوون، ئەو چاڵەی تێیکەوتووین ئەو
نامرۆڤبوونەیە، کە هەموومان پێکەوە تێیدا ژیانێکی ناشایستە بە مرۆڤ و
دڕندانە بۆ گیانی یەکتری دەبەینە سەر. دەسەڵاتدارە ستەمگەرەکانیش مرۆڤی
عەقڵانی و براوە و زیندوو نین، دەنا دەیانتوانی ئۆرگانیانە لەگەڵ هەموو
خەڵکدا پێکەوە ببن بە سەبجێکت و رێگای رزگاری و ئازادی بگرینە بەر و
لەو چاڵە نامۆرڤوونە بێینە دەروە و بچینەوە ناو مێژووی مرۆڤایەتییەوە،
کە هەڵسوڕێنەر تێییدا تەنها سیستمێکی عەقڵانی و فەلسەفەیەکی زانستییانە
بێتت، نەک حیزبگەلێکی سەبجێکت و هەڵسوڕێنەر.
عەقڵانیەت و پەروەردە و پێداگۆگی سەردەمیانە، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و
سیاسی، ئابووری بەهێز و خاوەن پارە و پول و سامان، داهێنانە
هونەرییەکان و شاکاری ئەدەبی گەورە لە هەموو ژانرەکانیادا، کردنەوەی
دەیان زانکۆ و مەڵبەندی مەعریفی، کردنەوەی دەیان ناوەندی کۆڵێنەوە و
توێژینەوە، دامەزراندنی سەدان و هەزاران رێکخراوی مەدەنی، دروستکردنی
هەزاران قوتابخانە و بنبڕکردنی نەخوێندەواری، دامەزراندنی دەیان
ناوەندی تەندروستی و دەرمانسازی، ئەمانە هەموویان کاریگەرییان نییە لە
سەر دروستکردنی مرۆڤی ئازاد و سەرفراز لە کۆمەڵگایەکدا، کە سەرلەبەری
عەقڵ و بیرکردنەوەی داگیرکراوە. هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێدان، لە
کۆمەڵگایەکدا، کە سیستمی حوکمڕانییەکەی چەند حیزبێکی گەندەڵ و
ستەمگەربێت، سوودیان نییە، چونکە عەقڵیەت و کولتوورێکی سیاسیی و
کۆمەڵایەتی نەریتی و نامرۆیی باڵیکێشاوە بەسەر بیرکردنەوەیدا.
مرۆڤی شکۆمەند و رزگارکراو، مرۆڤی دادپەروەر و سێکۆلار، مرۆڤی
دیموکراتخواز و یەکسانخواز، مرۆڤی مرۆڤپەروەر و مافناس و پارێزەری ماف،
تا ئەو واقیعە تاڵە نەگۆڕیت، کە زیاتر لە سێ سەدەیە بە دەستییەوە
دەناڵێنین، ئەو واقیعە پڕ لە مەعریفە ساختەیەی، کە بە دووریی ئاسمان و
رێسمان دووەر لەگەڵ مەعریفەیەکی زانستی هەڵنراو لە سەر مرۆڤبوون و
کردنی مرۆڤ بە ناوەند و تەورەی سەرەکی، مەحاڵە ئازدی و رزگاری. تا
واقیعەکە نەگۆڕین و نەوێرین دەستکاری بارودۆخە ناهەموارە چەقبەستووەکە
بکەین، هەرچ چاکسازییەک و هەرچ هەوڵ و کۆششێک وەک دەرمانی ئازارشكێن
وان و هیچی دیکە. چونکە هەموو ئەمانە، تەنها ناوێکی بێ ناوەڕۆکن و
مرۆڤبونی تێدا نییە. هۆکاری پوچی هەموو ئەم ناوە جوان و رازاوانەش
ئەوەیە، کە لە سەر زانینێکی خۆڕسک بوونیادنراون، یان لە سەر هەست و
مەزندە بونیادنراون، لە سەر کولتوور و کەلەپور و عەقڵیەتێکی
نازانستیانە بونیادنراون، یان لە باشترین حاڵەتدا پێدراوێکی رۆژئاوایین
و لێمان قەرزکردوون. هەموو ئەمانەی، کە ئاماژەم پێدان، ئەو پێدراوە
جوانانەن، کە لە رۆژئاواوە هێناومانن بۆ ناو کولتوورێکی پڕ لە
نامرۆڤبوون، پڕ لە تووندوتیژیی و پڕ لە شەڕ و شۆر و کوشتن و بڕین و
تۆڵەسەندنەوە. ئەوەی ئێمە قەرزی دەکەین لە رۆژئاوا عەقڵانیەتێکە بە
ناعەقڵانییانە دەیگوێزینەوە. لە دێر زەمانەوە ئێمەی رۆژهەڵاتیی فێری
گواستنەوە بووین و لە جێگەی بیرکرندەوەیەکی هیومانیستیانەی گونجاو
لەگەڵ کات و شوێنی خۆماندا دامانناوە. هەروەک فەیلەسووفی فەرانسی
گاستۆن باشالار دەڵێت: "هیچ عەقڵانێتێک نییە لە سەرو کات و شوێنەوە بێت".
واتە عەقڵانێتێک نییە رەها بێت و بۆ هەموو کات و شوێنک دەستبدات.
رۆژئاواییەکان، دوای دوو هەزار ساڵ ئنجا توانیان خۆیان لە سەدەکانی
ناوەڕاست رزگار بکەن و فەیلەسووفێکی بە توانای وەک دیکارت بەرهەمبێنن و
فەلەسەفەی ئەرستۆتالیس ئەفرۆزە بکەن، کە لە سەر هەست و مەزەندە
پێکهاتبوو. فەلسەفەکەی دیکارت لە سەر بنەمای دۆزینەوە زانستییەکانی
کۆبەرنیکۆسی پۆڵندیی و گالیلۆی ئیتالیی و کێبلەری ئەڵەمانیی تیۆریسەکرا.
ماوەی سەد ساڵیش بە سەر فەلسەفەکەی دیکارت و دیکارتیزمییدا تێپەڕی ئنجا
کانت هات و رەخنەی تووندی لەو عەقڵانییەتە رەهایەیی دیکارت گرت، کە
ماوەی سەد ساڵ باڵیکیشا بە سەر زانست و عەقڵیەتی رۆژئاوادا. کانتیش
لەسەر بنەما زانستییەکانی ئیساحاق نیوتن فەلسەفەکەی خۆی دامەزراندبوو.
دوای کانتیش چەندین فەیلەسوفی مەزنی وەک، سپینۆزا و فرۆید و هایدگەر و
هێگڵ و مارکس هاتن و گەشەیان دا بە زانستی مرۆڤیی، پاشانیش گاستۆن
باشلار و فەیلەسووفەکانی تری سەردەمی ڕۆشنگەریی هاتن و فەلەسەفەکانیان
لە سەر گەشەی زانستی مرۆیی و هاوسەنگ لەگەڵ هەنگاوە گەورەکانی ئەنشتاین
لە زانستی سروشتیدا دامەزراند، کە پێوەری رێژەیی دۆزیەوە و ئەم
پێوەرەشی کرد بە چەمکێکی بنەڕەتی لە گەشەی هەرچ زانستێکدا. کەواتە ئێمە
کە هێشتا لە دەرەوەی مێژووین و عەقڵیەتمان و کولتوورمان و زانستمان
نەیتوانیوە خۆی دەربازبکات لە عەقڵیەت و زانستی ئەڕستۆتالیسیی و
سەدەکانی ناوەڕاست، عەقڵانیەت و سیستمی دیموکراتی رۆژاوا تەنها بە
گواستنەوە بۆمان ناشێت و نابێت تا زەوینەی بۆ خۆشنەکەین و خاکێکی بە
بڕشت و قوڕێکی خۆشکراوی بۆ ساز نەکەین، کە مرۆڤبوون لە مرۆڤەکاندا
دروستبکات. واتە پێش هەموو شت دەبێت هەوڵبدەین دابڕانێک لە بیرکردنەوە
و دید و بۆچوونە کۆن و نەریتییەکانی خۆماندا دروستبکەین، ئەوسا
دەتوانین سوودی زۆر لە مێژووی مرۆڤایەتی وەربگرین، لە کاتێکدا کە
خۆشمان بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوبەشییمان کردووە لە مێژووە مرۆڤایەتییە
پێشکەوتوو و مرۆییەکەدا. کاتێکیش قسە لە سەر دابڕان و پێویستی دابڕان
دەکەین بەو واتایە نا، کە دابڕانێک لە هەموو کەلەپور و کولتوورێکی
خۆماندا بکەین، یان دابڕان لە ئەزموون و مەزندەکانی خۆماندا بکەین.
بەڵام ئەم دابڕانەی، کە ئێمە ئاماژەی پێدەکەین، سەرکێشیی گەرەکە، وەک
هێگڵیش دەڵێت: "تا سەرکێشی نەکەین ناتوانین ئازادی بە دەست بێنین ".
مرۆڤی هۆشیار ئەو مرۆڤەیە، کە توانیبێتی عەقڵی خۆی ئازاد بکات و خۆی
رادەستی تووندووتیژیی شەڕی سیکتاریزمەکان و دینییەکان و
ناسیۆنالیستییەکان نەکات.
هەرچ مرۆڤێک بکەوێتە نێو شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم سیکتاریزمانەوە،
بکەوێتە نێو شەڕی ناسیۆنالیستیەوە، کەسی هۆشیار و عەقڵانی و هیومانیزم
نییە. بەڵکو کەسێکی چەنەباز و زۆربڵێ و دەمدڕاو و درۆزن و ون بووە.
لە کوردستانی باشوردا، کێشەی سەرەکی خەڵکی گشتی، کێشەی نەبوونی ئازدی و
رزگاری، کێشەی نەبوونی دادپەروەری و مافی مرۆڤ و دەیان کێشەی
کۆمەڵایەتی، سەرچاوەکەی ئەوەیە کە سەر لەبەری حیزبە سیاسییەکان،
موحافزکارن و نایانەوێت دەستوەربدەنە بارودۆخەکە، تەنها ئەوەندە نەبێت،
کە بەکاری دێنن بۆ گیرفان پڕکردن و هیچی دیکە. خەڵکی کوردستان،
هەرچەندە بێدەسەڵات بن لە گۆڕینی ئەم بارودۆخە ناهەموارەی هەموومانی
پێکەوە خنکاندووە، ئەوەندەیان لە دەست دێت، کە دووربکەونەوە لە
حیزبایەتی و کاری حیزبایەتی نەکەن و نەبن بە جێبەجێکاری ئەجندا
ستەمکارییەکەی ئەم حیزبانە. ئەم دوورکەوتنەوەیە لە حیزبایەتیکردن و
بڕوا نەکردن بەو دیمکوراتییەی کە سندوقی دەنگەکان دەکرێن بە پێوەر بۆی،
ئاسانترین و باشترین دژایەتی سیستمی ستەمکاریی چینی دەسەڵاتی سیاسییە
لە کوردستانی باشوردا.
٣٠\٤\٢٠١٦
- کوردستان
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|