په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٣\٢٠١٤

کێشەی نێوان ئەردۆغان و عەبدوڵا گوڵ.


فوئاد زیندانی     


ئەگەر ئێمە سەرەتا پێداچوونەوەیەکی کورتی ژیانی سیاسی ئەو دوو کەسایەتیە بکەین بۆمان دەردەکەوێ تا ڕادەیەکی زۆر پێکەوە بەشێوەیەکی لێکدانەبڕاو کاریانکردووە.


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٤ ی شاری ئەستەنبۆڵ ، شارەداری مەزنی شاری ئەستەنبۆڵ بووە ماوەی چوار ساڵ ، سەرۆکی پارتی داد وگەشەپێدانی (ئاکەپە) کۆنزەراتیڤە ، دوایئەوەی لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ سەرکەوتنی بەدەستھێنا ، لەئاداری ساڵی ٢٠٠٣ بەفەرمی بووە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١١ وە بۆ جاری سێیەم کابینەی حکومەتی پێکھینا.


عەبدوڵا گوڵ لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٠ ی شاری قەیسەری تورکیا ، لەساڵی ٢٠٠٢ دوای سەرکەوتنی پارتەکەی ، پارتی داد و گەشەپێدان ( ئاکەپە) ، پۆستی وەزیری دەرەوەی تورکیای وەرگرت ، لەساڵی ٢٠٠٧ لەسەر پێشنیاری ئەردۆغان سەرۆکی پارتەکەی (ئاکەپە) عەبدوڵا گوڵ بووە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار ، لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠٠٧ وە وەک یازدەمین سەرۆک کۆمار لەمێژووی تورکیا پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەستھێنا.


ئەردۆغان سەرۆکی پارتی داد وگەشەپێدان لەماوەی دوازدە ساڵی ڕابردوودا توانی دەستکەوتی ئابووری مەزن بۆ تورکیا بەدەستبھێنێ ، بەڵام لەھەمانکاتدا شکستی گەورەشی بەدوایخۆیداھێنا لەوانەش کۆنترۆڵکردنی ھەموو بوارەکانی ژیان لەتورکیا ، ناڕونی پرۆسەی ئاشتی نێوان بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد و حکومەتی تورکیا ، کارکردن و ھاوکاری بەردەوام لەگەڵ بزوتنەوەی فەتحوڵا گوڵەن و حزبە نەژادپەرستەکانی تورکیا ، ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی ڕۆبۆسکی ، ئەشکەنجەدان و کوشتنی زیندانیانی سیاسی ، مانەوە لەبەردەم دەرگای یەکیەتی ئەوروپا بە ئەندام نەبوونی تورکیا لەو یەکیەتیەدا ، پاڵپشتیکردنی تیرۆر و پێشوازیکردن لەتیرۆریستانی لەھەموو جیھان ناردنیان بۆ سوریا و بەکارھێنانیان لەدژی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان... ھتد.


ئەوەی کە گەلانی تورکیا و ھەموو یەکیەتی ئەوروپای بێزارکردوە پاشەکشەی ئەردۆغان و ئاکەپەیە لە ڕیفۆڕم و لەو بەھارەی بەناوی چاکسازی پروپاگەندەی بۆ دەکرد ، کار گەیشتە ئەو ئاستەی پەرلەمانی تورکیا لەژێر ناوی یاسای ئینتەرنێت وویستی دەرگای چاودێریکردن بەسەر ھەموو ھاووڵاتیانی تورکیا بکاتەوە ، بەپێی ئەو یاسایە حکومەت دەتوانی زۆر بەخێرایی دەستوەردان بکا بەتایبەتی لەبوارەکانی تویتەر و یوتوب و فەیسبووک و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتیەکانی تر ، بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو یاسایە ھیچ ڕێگایەک نەمابۆوە ، تەنیا بەپێی دەستووری تورکیا سەرۆک کۆمار مافی ئەوەی ھەیە ڤیتۆ بەکاربێنێ و یاساکە ڕەتبکاتەوە و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان ، لێرەدا عەبدوڵا گوڵ وەک سەرۆک کۆمار بۆجاری یەکەم دەبێ بەرەنگاری ئەردۆغان ببێتەوە کە جگە لەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانە ھاوکات سەرۆکی پارتەکەیەتی . ئەردۆغان دوای ئەوەی لە ئا تیڤی تورکی ڕایگەیاند کە دوای ھەڵبژاردنی شارەوانیەکانی داھاتوو واتە کۆتایی ئەم مانگە ماڵپەڕەکانی یوتوب و فەیسبووک دادەخات ، شەقامی تورکی بەتەواوی وەکو تاکە ئومێدێک چاویان بڕیبووە سەر (عەبدوڵا گوڵ) ی سەرۆک کۆمار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایەی کە ئەردۆغان ھەڕەشەی پێدەکرد ، لەکۆتاییدا عەبدوڵا گوڵ ڤیتۆی بەکارھێنا یاساکەی پەسەند نەکرد ، زانی ئەو یاسایە یاسای کەلەبچە و کۆت و بەندکردنی ھاووڵاتیانە ، گەڕاندنەوەی تورکیایە بۆ ڕیزی ووڵاتێکی وەکو ئێران و ئەو ووڵاتانەی کە سانسۆری ئینتەرنێتیان لە ووڵاتەکەیاندا پەیڕەو کردووە ، توڕەبوونێکی تری یەکیەتی ئەوروپا بەدوای خۆیدا دێنێت ، پێشێلکردنی ڕەھای مافی کەسەکانە بۆیە گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان .
خاڵێکی تر کە عەبدوڵا گول و پارتی ئاکەپەی بێزار کرد دوایئەوەھات کە تۆمارێکی دەنگی ئەردۆغان بڵاوکرایەوە لەڕێگەی تەلەفۆن بە (بیلال) کوڕی خۆی دەڵێ (٤٠) ملیۆن دۆلار پارەکە بشارەوە ! عەبدوڵا گوڵ گەیشتە ئاو باوەڕەی کە ئاکەپە ئاستی جەماوەریی لەدابەزیندایە ، لەلێدوانێکیدا گوڵ ڕایگەیاند داخستنی فەیسبووک و تویتەر بابەتی گفتوگۆکردن نییە.


عەبدوڵا گوڵ و تەنانەت خودی ئەردۆغان پێشبینی دەکەن کە چۆن تۆماری دەنگی لەڕێگەی تاقمی فەتحوڵا گوڵەنی ھاوپەیمانیان بڵاوکرایەوە ، گرتەی ڤیدیۆیی ژووری نوستن و گرتەی فیلمی سێکسی و تۆماری دەنگی تەلەفۆنی تری ئەندامانی ئاکەپە لەلایەن تاقمی فەتحوڵا بەھەمان شێوە بڵاوبکرێتەوە.


عەبدوڵا گول دەزانێ سەردەمی ئەوە بەسەرچووە لە ساڵۆنەکانی یەکیەتی ئەوروپا پێشوازی لەئەردۆغان بکرێ بەتایبەتی مردنی منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ دوای ٢٦٩ ڕۆژ مانەوە لە کۆما کە مانگی حوزێرانی ڕابردوو لە ڕاپەڕینی پاڕکی گازی لەئەستەنبۆڵ لەلایەن پۆلیس بریندارکرابوو ، مردنی ئەو منداڵە لە ڕۆژانی ڕابردوودا خۆپیشاندانی چەند ملیۆنی لەدژی ئەردۆغان و ئاکەپە بەدوای خۆیداھێنا، ئەوەش ھێمایەکی ترە کە نەلەئاستی نێودەوڵەتی و نەلەئاستی ناوخۆی تورکیا ھەردوولا(ئەردۆغان)یان ناوێ.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک