په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٩\٢٠١١

کەشتییەکەی تورکیا و هەڵوێستی سەرکردایەتی کورد.

فەرەیدون بێوار      

 

زێتر لە پێنج ساڵە تورکیا و ئێران بە بیانووی هەبوونی بارەگاکانی (پەکەکە) و (پژاک) ناوچە سنوورییەکانی هەرێم تۆپباران، کەچی حکومەتی هەرێم جگە لە بەیاننامە و ئیدانە کردنی زارەکی، هەڵوێستێکی کردارەکی نەنواندووە، تەنانەت فشاری دیپلۆماسی بەرامبەر بەو وڵاتانە نەگرتۆتەبەر، ئەمە وێرای ئەوەی کە تائێستا نە ئێران و تورکیا، نە حکومەتی هەرێم و عێراق، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو ناوچانەیان نەکردۆتەوە.

لەبەر ئەوەی ئیسرائیل ئامادە نەبوو داوای لێبوردن لە تورکیا بکات، هەفتەی رابردوو تورکیا هەموو جۆرە پەیوەندییەکی دیپلۆماسی و بازرگانی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسارد، تەنیا لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر کەشتییەکی تورکیا کە بەرەو کەرتی غەززە دەچوو. تورکیا ئامادە بوو لەپێناو سومعەی وڵاتەکەی و پاراستنی گەلەکەی، پەیوەندی لەگەڵ بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە بپچڕێت. هەر چەندە ئەمە زەرەری ئابووریی بۆ تورکیا هەیە، بەڵام لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەهێزتر و مەزنتر دەکات و پەیامێکیشە بۆ وڵاتانی تر کە نەکەن دەست بۆ تورکیا درێژ بکەن بە هەر بیانوویەک بێت.

بەڵام حکومەتەکەی ئێمە چی کردووە؟ وەک وتم پێنچ ساڵە تورکیا و ئێران ناوچە سنوورییەکان تۆپباران دەکەن و هاوڵاتیانی سڤیلی کورد شەهید و بریندار دەکەن و زێتر لە 150 گوند چۆل کراوە و بەدەیان دۆنم رەز و باخ و لەوەڕگە سوتاوە، ئەی کوا فشارە دیپلۆماسییەکانی حکومەتە ساوا کەڵپە تیژەکەی (خۆ بە خۆ کەڵپە تیژین) کورد؟

سەرکردایەتی کورد چاو لە تاوانی وڵاتان و شەهید کردنی هاوڵاتیانی کورد و سووتانی گوندەکان دەپۆشێت، کەچی هێشتا شانازی بەوەوە دەکات کە لە رابردوودا ئەو وڵاتانە یارمەتی شۆڕشی کوردیان داوە و ئێستا بە بڕی زێتر لە (5) ملیارد دۆلار پەیوەندی و ئاڵ و گۆڕی بازرگانیمان لەگەڵیاندا هەیە. حکومەتێک ئامادە بێت میللەتەکەی بکاتە قوربانی پارە و سامان، سەرکردەیەک، سەرۆکێک ئامادە بێت بازرگانی بە خوێنی هاوڵاتیانییەوە بکات، دەبێ چارەنووسی ئەم نیشتمان و مرۆڤانە چی بێت؟

ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم دەیتوانی بە دەیان رێگەی جیاواز فشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە کە کاری لەو جۆرە دووبارە نەکەنەوە و ئامادەی داوای لێبوردن و قەرەبووکردنەوەش بن. بۆ نموونە (بانگهێشێت کردنی کونسڵی ئەو وڵاتانە بۆ لێپرسینەوە یان دەرکردنیان، بانگهێشتکردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەو وڵاتانە، سڕکردنی هەموو ئەو کۆمپانیا بازرگانی و میدیایانەی تورکیا و ئێران کە لە هەرێمدان یان دەرکردنیان، هەڵپەساردنی پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بایکۆتکردنی کاڵای ئەو وڵاتانە، شکاتکردن لەو وڵاتانە لە دادگای نێودەوڵەتی، پەنا بردن بۆ وڵاتە زلهێزەکان، کشانەوەی نوێنەران و بەرپرسانی کورد لە حکومەتی ناوەندی،....)، بەداخەوە، وێرای ئەوەی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی کورد هیچکام لەم رێگایانەی بەکار نەهێناوە، کەچی کەوتۆتە لۆمە کردن و سەرزەنشت کردنی حزبە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و باکوور، ئەمە لەکاتێکدایە کە مەبەستی ئەوان (ئێران و تورکیا) بوونی بارەگاکانی پژاک و پەکەکە نییە، بەڵکو سنووردار کردن و قەتیس کردنی گەشەسەندنی ئەزموونی هەرێم و سوود وەرنەگرتنێتی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.

دەبێ ئەوەش بزانین کە بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە بە ئاگاداری ئەمریکایە، چونکە هێشتا سەروەری عێراق لەژێر دەست ئەمریکادایە. ئەی دەبێ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەم سێ وڵاتە چی بەم هەرێمە بکەن؟

شۆڕشی جەماوەریی سوریا لە لێواری سەرکەوتن و لەناوچوونی حکومەتە دیکاتۆرەکەی ئەسەددایە، ئەمەش زیانی گەورەی دەبێ بۆ تورکیا و ئێران، چونکە لە بەرەو پێشچوونی دۆزی کورد لە سوریا و مسۆگەر کردنی حوکمی خۆبەڕێوەبردن، ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر پارچەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و باکوور، کە لەژێر داگیرکاریی ئێران و تورکیادان، بۆیە ئێران بە چەک و تەقەمەنی یارمەتی سوپا سەرکوتکەرەکەی ئەسەد دەدات، و تورکیاش یارمەتی حزبی ئیخوان موسلیمینی سوریی دەدات و هەر لە ئێستاوە دەیەوێ پێگەی کورد لە نەخشەی سیاسی سوریای داهاتوو رەشبکاتەوە، ئەمە لە لایەک، لە یەکی ترەوە ئێستا لە باشووری کوردستان ئامادەکاری دەکرێ بۆ بەستنی "کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان" بۆ ئەوەی هەڵوێستی حزبە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکخرێت و کارنامەیەکی هاوبەش بۆ چۆنیەتی چارەسەر کردنی دۆزی کورد بێتە گەڵاڵە کردن، بۆیە ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێ پێش لەو بەرەوپێشچوونە بگرن و نەهێڵن هەرێمی کوردستان پایەکانی حکومڕانی فراوانتر بکات و سوود لەگۆڕانکارییەنی ناوچەکە وەربگرێت و لە دواجاریش ناهێڵن کورد بەگشتی سوود لەو هەل و مەرجە تازەیە وەربگرێت کە بۆی هاتۆتە پێشێ. چونکە باش دەزانن دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سوریا، نورەی ئێران و تورکیا دێت. هەڵبەت لەم نێوەندەشدا حکومەتی عێراقی هاوهەڵوێستی تورکیا و ئێرانە و ئەویش لە ناوچە دابڕێنراوەکانەوە (ئێستا لە سەعدییە و جەلەولا) هێرش و فشاری هێناوەتە سەر هەرێمی کوردستان.

کەواتە پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی کورد و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازانە بدەن و سوود لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە وەربگرن و هەڵوێستی کردارانە بەرامبەر بە ئێران و تورکیا و عێراق بگرنەبەر و یەکڕیزی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان پتەوتر بکەن و هەرچی زووترە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی دۆزی کورد بە بەشداری هەر چوار پارچەی کوردستان، بێتە بەستن.

 

هەولێر

F_bewar@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک