٢٤\٦\٢٠١١
کێ سلێمانی
دەباتەوە، یەکێتی یان گۆڕان؟
هێزە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی دەترسن.

راپۆرت: ستیڤان ئەحمەد
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی
پرۆسەی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی بڕیاریدا کە هەر ئەمساڵ و لە
یانزەی ئەیلوولدا پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم
بەڕێوە بچێت. ئەمەش جۆرە ئامادەکارییەکانی لەناو هێز و حزبە
سیاسییەکاندا دروستکرد بەمەبەستی پەیداکردنی دەنگی زۆرتر. وەک دەزانین
کێبڕکێ سەختەکە دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە، چوونکە دهۆک بەشێوەیەکی
ئاشکرا بۆ پارتی بڕاوەتەوە، هەولێریش دیسان بەهەمان شێوە سەرکەوتنی پلە
یەک بۆ پارتی دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە و دەبێتە شوێنی کێبڕکێی نێوان
یەکێتی و پارتی لەلایەک و ئیسلامییەکان و گۆڕان لەلاکەی ترەوە شاری
سلێمانییە. گۆڕان ترسی هەیە هەماهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی ببێتە هۆی
دۆڕاندنی و بەو هۆیەوە نەتوانێت پارێزگاری سلێمانی بەدەستبهێنێت، هەرچی
یەکێتییە ترسی گەورەی لە بەشداریی بەجیای خۆی هەیە لە پارتی، چوونکە
گوومان دەکات بەبێ پاڵپشتی دەنگی پارتی، بتوانێت بەسەر رکابەرەکەیدا "گۆڕان"
سەربکەوێت، سەبارەت بە هەردوو هێزی ئیسلامیی کێبڕکێی ئەوەیانە کامیان
لە رووی دەنگەوە پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە بینیوە، چوونکە پێیانوایە
گەمەی خۆپیشاندان بەهێزی کردوون و دەیانەوێت ئەزموونی ئەو تیۆرییە بکەن
کە جەخت لەسەر بەهێزبوونی پێگەی ئیسلامییەکان دەکاتەوە لە شاری سلێمانی
لە دوای خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات.
دەنگۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن.
ئەگەرچی حکوومەت بڕیاریداوە کە لە ئەیلوولی ئەمساڵدا لە هەر سێ شارە
سەرەکییەکەی هەرێم پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان بەڕێوە بڕوات، بەڵام
بەردەوام دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە بە هۆکاری تەکنیکی و سیاسیی،
لەوانەیە ئەو هەڵبژاردنە بۆ چەند مانگی تر و بۆ سەرەتای ساڵی 2012
دوابکەوێت، هەندێکیش لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە دواخستنی ئەو
پرۆسەیە بە دەستی دەسەڵاتە و بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی دەسەڵاتە، چوونکە
دوورخستنەوەی کات بەپێی هەموو پێودانگێک دەچێتە خزمەتی هەردوو حزبی
دەسەڵاتەوە.
حاکم "سەردار عەبدولکەریم" ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای
هەڵبژاردنەکان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەوان وەکوو کۆمیسیۆن
هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی
هەرێم کردووە، ئەوەی ماوەتەوە سستی هەنگاوە کردارییەکانە. بۆ نموونە
بەپێی خەمڵاندنی کۆمیسیۆنی باڵا پرۆسەکە زیاتر لە 30 ملیارد دیناری
عێراقی پێویستە، پەرلەمانی کوردستانیش رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی
بڕی 32 ملیار لە بودجەی ساڵی 2011 دەربڕیوە و دەنگی لەسەر دراوە، بەڵام
تائێستا بودجەکە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە واژۆ نەکراوە، ئەمەش مانای
وایە هەنگاوە کردارییەکانی پەکخستووە، بۆیە رەنگە هەڵبژاردنەکە لە
وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوە نەچێت.
نەبەز شێخ جەمال، پسپۆری بواری هەڵبژاردن و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر
لەو بوارەدا، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی
پارێزگاکانی هیچ پاساوێکی نییە، چوونکە سادەترین پێناسەی دیموکراسیی
بریتییە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەپێی دەستووری گشت وڵاتان چوار ساڵ یان
سێ ساڵ جارێکە، کەچی ئەوەتا لە کوردستان شەش ساڵە، هەڵبژاردنی
پارێزگاکان نەکراوە و وا بەرەو ساڵی حەوتەم دەڕوات، بۆیە ئەگەر دەسەڵات
لە خۆی دڵنیایە با هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکات، ئەگەریش
لە خۆی دڵنیا نییە، ئەوکاتە پرسیارەکە ئەوەیە بە چ هەقێک خۆی لەسەر
کورسی دەسەڵات هێشتۆتەوە؟. پێموایە دواخستنی ئەو پرۆسەیە بە زیانی
هەموو لایەک دەشکێتەوە لە پێشدا بە زیانی دەسەڵات و سومعەی دیموکراتی
هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی رابردوودا ببووە جێگەی سەرنجی بەشێک لە
ناوەندی سیاسیی خۆرئاوا.
دەنگی حزبەکان لە هەڵبژاردنی 7 ئازاری
2010.
هەندێک لە پسپۆرانی بواری هەڵبژاردن، باس لەوە دەکەن کە داتای ژمارەی
دەنگدەرانی حزبە سیاسییەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق
لە ساڵی رابردوو، دەکرێتە پێوەر بۆ زانینی قەبارە و ئاست و رێژەی
دەنگدەرانیان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پارێزگاکاندا،
بەپێچەوانەوە هەندێک رای جیاوازیان هەیە و پێیانوایە، ناکرێت ئەوە
بکرێتە بنەما، چوونکە رووداوە خێراکانی ماوەی یەک ساڵ و سێ مانگی
رابردوو، کەم و زۆر کاریگەرییان لەسەر قەبارە و ژمارەی دەنگەکانی حزبە
سیاسییەکان دەبێت، لایەنگرانی ئەم بۆچوونە باس لەوە دەکەن کە پارتی و
گۆڕان لە شاری سلێمانی پاشەکشەیەکی بەرچاویان کردووە، لە بەرامبەردا
هەریەک لە یەکێتی و ئیسلامییەکان لە پارێزگای سلێمانی ژمارەی دەنگ و
قەبارەیان گەورەتر دەبێت و دەچێتە سەرووتر. سەبارەت بە شارەکانی تریش
لەو بڕوایەدان وەک خۆیان ماونەتەوە، وەک "نەبەز شێخ جەمال" دەڵێت:
ئەوەی هاوکێشەکەی بەتەواویی تێدا دەگۆڕێت سلێمانییە و موفاجەئەی
هەڵبژاردنیش هەر لە سلێمانی دەبێت، چوونکە شارەکانی تر گۆڕانێکی ئەوتۆ
تیایاندا روونادات کە وەک موفاجەئە یان رووداو مامەڵەی بکرێت.
ئەگەر ئێمە سەیری داتای ژمارەی دەنگدەرانی حزبەکان بکەین لە پارێزگای
سلێمانی لە هەڵبژاردنی حەوتی ئاداری ساڵی پار، رێژەکە بەمجۆرەیە:
"بزووتنەوەی گۆڕان: 298621 دووسەد و نەوەت و هەشت هەزار و شەش سەد و
بیست و یەک دەنگ".
"یەکێتی نیشتمانی کوردستان: 237379 دووسەد و سی و حەوت هەزار و سێ سەد
و حەفتا و نۆ دەنگ".
"یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: 103188 سەد و سێ هەزار و سەد و هەشتا و
هەشت دەنگ".
"پارتی دیموکراتی کوردستان: 82121 هەشتا و دوو هەزار و سەد و بیست و
یەک دەنگ".
"کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان: 79149 حەفتا و نۆ هەزار و سەد و چل و نۆ
دەنگ".
ئەمەی سەرەوە رێژەی دەنگی هەر پێنج حزبە سەرەکییەکەی کوردستانە لە
هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام وەک پێشتر
ئاماژەمان بۆ کردووە بەشێک لە پسپۆران لەو بڕوایەدان کە ئەم رێژەیە
ناکرێت بکرێتە بنەما بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاکان، چوونکە
پارسەنگی هێز گۆڕاوە و پێدەچێت ئەو هاوکێشەیە بەشێوەیەکی بنەڕەتی
بگۆڕێت.
یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی دەترسن.
چاودێرانی سیاسیی باس لە ترسی یەکێتی و گۆڕان دەکەن لە مەسەلەی دۆڕاندن
و لە دەستدانی سلێمانیدا، چوونکە لە دەستدانی سلێمانی لەلایەن هەر
کامیانەوە بەمانای دۆڕاندنێکی گەورەی سیاسیی حیساب دەکرێت نەک تەنیا
دۆڕاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن. گۆڕان لە دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشاندانەکانی
ئەو پارێزگایەوە ترسی لە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکە هەیە، یەکێتی بە بێ
هاوبەشی و دەنگی پارتی و حزبە بچووکەکانی تر لە دڵەڕاوکێ و ترسێکی
زۆردایە و پێیوایە ئەوە سەختترین پرۆسەیە کە رووبەڕووی حزبەکەیان
بووبێتەوە لە هەڵبژاردنەکاندا.
د.شیلان حەمەعەلی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان پێیوایە، بارودۆخەکە
بەتەواویی لێڵە و رۆیشتنە بەناو تونێلێکی تاریکدا کە ئەوسەری دیار نییە
چییە، چوونکە گرەو لەسەر سلێمانی گرەوێکی قورسە و هەموو جار و کاتێکیش
موفاجەئەکە لە سلێمانییەوە بووە، نەک لە جێگەکانی ترەوە. ئەو پێیوایە:
یەکێتی بە تەنیا نەک ناتوانێت پارێزگا بباتەوە، بەپێچەوانەوە تووشی
دۆڕانێکی گەورە دەبێت. ئەو پێیوایە سەرکەوتنی یەکێتی بە دوو رێگا دەبێت،
یەکەم: دەنگدان بە سیستمی کراوە بێت و خەڵک خۆیان راستەوخۆ پارێزگار
هەڵبژێرن نەک ئەنجوومەی پارێزگا دەستنیشانی بکەن. دووەم: پارتی کاندیدی
خۆی نەبێت بۆ پارێزگا چوونکە ئەوە زیاتر لە هەشتا هەزار دەنگ بەفیڕۆ
نادات، بەڵکو هەمان کاندیدی یەکێتی کاندیدی ئەوانیش بێ بۆ پارێزگار، لە
بەرامبەر ئەمەشدا دەبێت یەکێتی هەمان سیاسەت لە هەولێر پەیڕەو بکات تا
گۆڕان لەوێ تەواو لاواز ببێت. ئەو پسپۆرە بۆ پارتی و ئیسلامییەکان
پێیوایە: پارتی رێژەی نەگۆڕە و هەشتا هەزار دەنگەکەی خۆی دەهێنێت کە
رەنگە بکاتە سێ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام ئەمە دۆڕانە بۆ
پارتی چوونکە خەڵک پێیانوابوو پارتی دوای کۆنگرە دەتوانێت پێش یەکگرتوو
بکەوێتەوە لە سلێمانی، بەڵام رووداوەکانی حەڤدەی شوبات و دواتر ئەم
خەونەی پارتیان کوشت. ئیسلامییەکانیش تا راددەیەک وەک خۆیان دەمێننەوە.
بایز میراودەلی، نووسەر و چاودێری سیاسیی پێیوایە کە رەنگە هاوکێشەکە
لە قازانجی گۆڕان نەبێت و دەڵێت: ئەگەر پارتی و یەکێتی بە یەک لیست
دابەزن لە بەرامبەر گۆڕان و لیستەکانی تر، ئەوا بەدڵنیاییەوە لە هەر سێ
پارێزگاکەدا سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، بەڵام ئەگەر بێتو هەر حزبە بە
لیستی جیا دابەزێت، ئەوا هاوکێشەکە دەگۆڕێت. لە بارودۆخێکی لەم جۆرەشدا
لە هەولێر و دهۆک پارتی براوەی یەکەم دەبێت، سلێمانی دەبێتە گرەوی
هەڵبژاردن لە نێوان لیستەکاندا و ئەگەری زۆر هەیە لەم حاڵەتەدا گۆڕان
پارێزگای سلێمانی بباتەوە. بایز میراودەلی درێژە بە قسەکانی دەدات و
دەڵێت: هاوکات بە دوور نازانرێت کە پارتی و یەکێتی بۆ بردنەوەی سلێمانی
جۆرە هاوپەیمانییەکی تر بکەن، پارتی لە سلێمانی کاندیدی نەبێت بۆ
پارێزگار و دەنگەکانی بۆ یەکێتی بەجێبهێڵێت، بەپێچەوانەشەوە یەکێتی لە
هەولێر هەمان هەڵوێستی هەبێت، بەڵام ئەم هاوکێشەیەش وا دەکات کە گۆڕان
لە سنووری هەولێردا ببێتە دەنگی دووەم، چوونکە تائێستا کۆسرەت رەسوڵ
هەڵوێستی روون نییە، ئایا لە هەولێر ئاگاداری لایەنگرانی خۆی دەکات
دەنگ بدەن بە یەکێتی یان گۆڕان؟، من بە دووری نازانم لەم جۆرە
هاوکێشەیەدا کۆسرەت و کۆسرەتییەکان دەنگەکانیان نەدەن بە لیستی پارتی و
کاندیدی پارتی بەڵکو بەپێچەوانەوە بیدەن بە لیست و کاندیدای سەرەکیی
گۆڕان.
نەبەز شێخ جەمال، پێیوایە گۆڕان دەتوانێت سلێمانی بباتەوە، چوونکە
یەکێتی و پارتی بە لیستی جیاواز بەشداریی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن، ئەمەش
گرەنتی سەرکەوتنی گۆڕان دەکات لە سلێمانی. ئەو وتی: سلێمانی بۆ گۆڕان
دەبێت، هەولێر و دهۆکیش بۆ پارتی، لەم نێوەندەدا یەکێتی دەبێتە
کەمینەیەکی ناشەرعی کە حکوومەت و چەندین پۆستی هەستیاری تری
بەدەستەوەیە، ئەمەش پرسیار لەسەر شەرعییەتی حکوومەتەکەی یەکێتی
دروستدەکات، من ناڵێم حکوومەتەکە ناشەرعییە بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی
گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی، ئاخۆ یەکێتی سلێمانی سزا دەدات یان تەسلیمی
ئەمری واقیع دەبێت؟. هەرچییەکیان بکات بە زیان بۆ یەکێتی دەگەڕێتەوە،
بۆیە ئەو پرۆسەیە بۆ یەکێتی جۆرێکە لە خۆکوژیی. پارتی لە سلێمانی
هەرەسی تەواوەتی هێناوە و پێموایە ئەمجارە دەبێتە حزبی ژمارە پێنج،
چوونکە لە هەڵبژاردنی ساڵی پاردا تەنیا سێ هەزار دەنگ پێش کۆمەڵی
ئیسلامی کەوتبوو، لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا ئەوەش دەگۆڕێت و پارتی
چەند هەزار دەنگێک دێتە دوای کۆمەڵی ئیسلامییەوە، ئیسلامییەکانیش بە
بڕوای من گەشەیان کردووە و رەنگە بە هاوپەیمانێتی گۆڕان و ئیسلامییەکان
پارێزگای سلێمانی لە ژێر هەیمەنەتی یەکێتی بهێنرێتە دەرەوە.
Shamzini79@yahoo.com
|