په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٤\٢٠١١

کەس لەسەر حه‌ڤده‌ی شوبات دادگایى مەکەن.


هیوا رەش    


گەلێک بە درێژایى مێژوو ستەمى لێکرابێ ئەگەر ڕام و دەستەمۆ نەبێت بێگومان یاخى ئەبێت ، یاخى بوون لە ستەمیش ناسنامەى گەلى کورد بووە و لە باتى ملدان و ملکەچیى هەمیشە بەسەرى بەرزەوە ڕێگەى بەڕەنگاریى گرتۆتە بەر ، لە مێژووى لەتلەت کردنى کوردستانى گەورەشەوە ، لە هەر لەتە و بە شێوازێکى توندى سەرکوتگەرایى و قڕ کردن لە لایەن دەوڵەتە شۆفینیزمەکانى تورک و فارس و عەرەب بە جیا دووچارى لەناوچوون هاتووە ، تەنانەت تا ئەم بەروارەش یان بە هاوڵاتى بێ پلە وەیان بە میوانێکى ئێسک گران تەماشا کراوە ، لێ لە بەشە داگیرکراوەکەى عێراقدا گەلى باشورى کوردستان وێڕاى سیاسەتى جینۆساید و ئەنفال ، بەردەوام و بێ پسانەوە و بێ سڵ کردنەوە لە باجى یاخى بوونەکەى ، بە درێژایى نیو سەدە بەرەو ڕووى دوژمنان وەستاوەتەوە ، تا لە دوا دواییدا بە ئازادییەکى نیمچە سەربەخۆیى گەییشت .

بیست ساڵى ڕەبەقە مەترسیى ڕاستەوخۆى دێوەزمەى شۆفینیزمى عێراق لەسەر گەلەکەمان ڕەویوەتەوە ، بەڵام جگە لە مەترسى ناڕاستەوخۆ بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان ، تا ئێستاش مەترسیى ڕاستەوخۆ هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەر ناوچە داگیرکراوەکانى کوردستان کە لە ماددەى - 140 - ى دەستوریى مت بووى عێراقى عەرەبیدا خۆى ئەبینێتەوە ، بێگومان چمکێکى ئەو مەترسییانەش ئەکەوێتە ئەستۆى دەسەڵاتدارێتیى خۆسەپێنى خۆماڵیى کورد کە خۆى لە سیماى پارتى و یەکێتیدا بەرجەستە ئەکات ، هەروەها سیاسەتى چەوتى ناوخۆى دەسەڵاتداران لە بەشە ئازادکراوەکەى کوردستان خۆى ئەبینێتەوە لە:

1. پشتگوێ خستنى کەرتەکانى ( کشتوکاڵى و پیشەسازى ) لە بوژاندنەوەى ئابورى کوردستان .
2. مراندنى کەرتى گشتى و زیندوو کردنەوەى بێ بەرنامەى کەرتى تایبەت .
3. بە نەزانى بەکارهێنانى چەمکى بازاڕى ئازاد و پیادە کردنى بە بێ پرەنسیپ و یاسا کە لە خزمەتى کۆمەڵانى خەڵکدا بێت .
4. قۆرخ کردنى بازاڕ و بە کۆمپانیا کردنى باشورى کوردستان .
5. بەکەڵەگا کردنى حیزب بەسەر حکومەتەوە .
6. نەبوونیى دەزگایەکى سەربەخۆى چاودێریى دارایى و بڵاوە پێ کردنى ڤایرۆسى گەندەڵى .
7. نادادپەروەریى کۆمەڵایەتى و بە حیزبیى کردنى تەواوى کایەکانى ژیان و گوزەرانى خەڵک .
8. ناڕوونیى لە سەرجەم بوارەکانى ئابوری و داراییدا .
9. پێکهێنانى هێزێکى چەکدارى حیزبیى بۆ پاراستنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانى حیزب لە باتى هێزێکى ڕێکخراوى نیشتمانى کە ئەرکى پاراستنى بەرژەوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمان لە ئەستۆ بگرێت .
10. بەرتەسک کردنەوەى مەوداى فراوانى ئازادى و دیموکراسى .
11. چاوشارکێ کردن لەگەڵ خواست و داواى خەڵک و خۆدزینەوە لە وەڵام بە ستەم و بێمافییان .
12. شاردنەوەى ڕێککەوتنە سیاسى و بۆندە بازرگانى و پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان لە سنورێکى تەسکى سەرکردایەتى دوو زلحیزبەکەدا .
13. تاساندنى هەستى نەتەوەیى و نیشتمانى و قەتیس دانى لە کونجى ویستە حیزبییەکاندا .
14. داماڵینى بوارى پەروەردە لە ئەرکى پیرۆزى خۆى .
15. خوێندنەوەى هەڵە بۆ هەژمونى گۆڕان و چاکسازى .
16. لێکترازانى ڕایەڵەى نێوان دەسەڵاتداران و هاوڵاتییان .
17. نەبوونیى یاسا و ڕێساى ڕاگەیاندن بۆ بەرز کردنەوەى ئاستى هوشیاریى خەڵک و بەر بەڕەڵایى لەم بوارەدا کە زیاتر سەرقاڵى تۆمەت بەخشینەوە و نەمراندن ( تەمجید ) ى حیزب و سەرکردەکانن لە باتى مێژووى بەرخودان و دەسکەوتەکانى گەل و دەرخستنى ئاستى پێشکەوتوویى نیشتمان .
18. ئاشکرا نەکردنى سەرچاوەکانى داهاتى نیشتمانى و چەندێتى بودجە و چۆنێتى خەرج کردنى و هێشتنەوەى لە تاریکیدا .
19. لێنەپرسینەوە و بەدوادانەچوون لەو نەهامەتییانەى بە سۆنگەى بەرپرسە گەندەڵەکانەوە دووچارى خەڵکى بەشمەینەت هاتوون .
20. چەسپاندنى گیانى بوغز و کینە لە ڕیزى هاونیشتمانییاندا و بەگژ یەکتر دا کردنەوەیان .
21. دیوار بەندیى نێوان بەرپرسە خوا پێداواکان و هەژارە بەشخوراوەکان .
22. 23. 24. 25. .......... .

ئەستەمە بتوانرێت درز و کەلێنە زۆر و زەوەندەکانى دەسەڵات بە ڕیزبەند کردنى چەند خاڵێک پڕ بکرێنەوە ، کە ئەکرا هەوڵى چارەسەر کردنى کیسەڵ ڕۆیینیان بدرایە نەک زەمینە بۆ کەڵەکە بوونى خۆش بکرایە و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ مەوداى نێوان بازاڕ و ئاستى بژێوى خەڵک دوورتر بکەوێتەوە ، سوپاى بێکارى لە زیاد بووندا بێت ،خزمەتگوزارى بە پێى ڕۆژگار بە بەراورد لەگەڵ بودجەى زەبەلاح و داهاتى زۆر و زەوەند لە دواکەوتندا بێت ، ئەبوایە بە جیدى بیر لە بەستنەوەى نان و ئازادى بە یەکترەوە بکرایەتەوە و فڕێ بدرایەتە سەر خوانى خێزانەکانى کۆمەڵگا ، لە هەمبەر نەبیستنى خۆپیشاندانى - هاوارى خەڵک - لە 2006 دا کە لە ژێر دروشمى (( ئەگەر حکومەت نەگۆڕێ ، ئەدۆڕێ ) دا و چەندین جار ڕژانە شەقام و سەرکوت کردن و توند و تیژى نواندن بەرامبەریان ، کەڵەکە بوونى ناڕەزایەتییەکانى خەڵک و خۆپیشاندانەکانیان لە دواى داڕمانى بەعسەوە هەمووى هۆکار بوون و ئەنجامەکەى بە خۆپیشاندانى 17 ى شوبات و سوور و خوێناوى کردنى گەییشت ، هەرچەندە دەسەڵاتداران نەبادانە گوێیان لە ئاستیدا ئاخنیوە .

پێم وا نیە لە خاڵەکانى وەکو سزادانى تەقەکەران و گواستنەوەى بارەگا حیزبییەکان بۆ دەرەوەى شار و --- ئەمانە گرفتێک بن بە قەد ئەوەى دەسەڵاتدارانى کوردستان بێ نیەت و بێ منەت ، نە با ئەیانجوڵێنێت و نە بارانیش تەڕیان ئەکات ، ئەگینا بەم جۆرە ماهوڕانە بێ گوێ یى خەڵکیان نەئەکرد ، بۆیە پێویستە لە ئاستى بێدەنگى دەسەڵات دەنگى جەماوەر گڕتر و بڵندتر ببێتەوە ، چونکە کەمینەیەک کە 5 % ن مافى 95 % ى خەڵکیان زەوت کردووە ، بۆ ئەوەى ڕێز لە خواستى جەماوەر بگیرێت ، ئەبێت :

1. خۆپیشاندان بەردەوام بێت بە بێ خاوەندارێتى ئۆپۆزیسیۆنێک کە ناڕازین لە بەشە دزى و بەشە کورسى خۆیان و وەلا نانیان لە بڕیارەکان لە لایەن مامۆستاکانى دوێنێیان .
2. حیزبەکانى پەراوێز و دەرەوەى دەسەڵات ، ئەوانەى پەڵەى نەنگى و شورەیى و گەندەڵى بە شانیانەوە نیە ، بە خۆیاندا بچنەوە و بەرژەوەندیى تەسکى حیزبایەتى بدەنە لاوە و بەرەى مافخوراوان تۆکمە بکەن .
3. هێزە چەکدارەکان خوێندنەوە بۆ پێگەى چینایەتى خۆیان بکەن و بە گژ خوشک و برا و کەسوکارى خۆیاندا نەچنەوە و نەبنە زرێ بۆ پارێزگایى لە گەندەڵى و گەندەڵچییان کە قوتى دەمى ماڵ و منداڵەکانى ئەوانیش بە تاڵان ئەبەن .

بێگومان دەسەڵات شتێکى بۆ نامێنێتەوە پێوەى بنازێت و ناچار ئەبێت کاژى گەندەڵى و ناعەدالەتى فڕێ بدات و بەرگێکى نوێ بپۆشێت ، ئەگەر وا نەکەن سەرەنوێڵکى پێنج ئەستێرەى مێژوو میواندارێتییان ئەکات ، ئەوسا ئیرادەى ستەم لێکراوان ئەستۆى ستەمکاران ورد و خاش ئەکات ، ئەمەش قسەى من نیە و ئەزمونەکانى مێژوو سەلماندویەتى ، بۆیە پێویستە بەدەر لە سزادانى بکوژان و بارەگا دەرپەڕاندن ، ستراتیژى داواکان لە گۆڕینى ڕیشەیى سیستمى ئیداریى وڵاتدا کۆ بکەینەوە و هەوڵ و تێکۆشانەکانمان بەو ئاقارەدا ببەین ، ئەگینا هەتا ئەم تەرزە بەڕێوەبەرایەتییە لە ئارادا بێت ، بارەگاکان لە دەرەوەى شاریشدا بن ، هەیمەنەى حیزب ناشکێنرێت و چەکدارەکانیان بە چاو ترووکانێک بە کوشتنمان ڕا ئەگەیەنن ، هەروەکو چۆن هێزى زێرەڤانى بۆ چاو سوور کردنەوە گەیەنرایە سلێمانى ، لە هەموو گرنگتر ئەوەیە جەخت بکرێتەوە لە :

1. بە یەک ئیدارەیى کردنى هەرێمى کوردستان و سڕینەوى دابەش بوون و پاوان کردنى لە زەرداندن و سەوزاندن .
2. نەهێڵانى میلیشیاى حیزبى و سەر لە نوێ بنیات نانەوەى وەزارەتى پێشمەرگە و دەرکردنى لە ژێر چنگى حیزب و بە نیشتمانى کردنى .
3. دامەزراندنى یەک دەزگاى سەربەخۆى خاوەن دەسەڵاتى چاودێریى دارایى .
4. بە فیعلى یەکخستنەوەى وەزارەتى دارایى .
5. دیارى کردنى بودجەى حیزبەکان بە یاسا و ڕێسا و جێبەجێ کردنى .
6. ئاگادار کردنەوەى خەڵک لە چەندێتى بودجەى گشتى و چۆنێتى خەرج کردنى .
7. دوور خستنەوەى دەستى حیزب لە دەزگا فەرمییەکان .
8 لەبەر چاو گرتنى شایستەیى لە دامەزراندن و پیادە کردنى ( کەسى شیاو لە شوێنى شیاو ) .
9 کارا کردنى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و برەو دان بە ڕۆشنبیر کردنى کۆمەڵگا .
10 پتەو کردنى بنەما دیموکراسییەکان .

دروشمى ( بڕوخێ ) ، بە شێوەیەکى هەڕەمەکى بانگەشەى بۆ بکرێت ، بەر لە سوود گەیاندن زیانى گەورە بە گەل و نیشتمان ئەگەیەنێت ، بۆ ئەوەى پێش لە دروست کردنى کەشێکى خوێناوى بگرین ، پێویستمان بە بنکۆڵ کردنى دیکتاتۆریەت و بەرتەسک کردنەوەیەتى بە ئاراستەیەکى هێمنانە و دوور لە هەڵچوون ، چونکە دەسەڵاتدارانى ئەمڕۆى کوردستان مێژوویەکى خوێناوى یەکتر قڕ کردن و یەکتر قبوڵ نەکردنى دوور و درێژیان هەیە و بۆ هێشتنەوەى دەسەڵاتى ڕەهاى خۆیان بێ باکن لەوەى ڕەوشەکە بە زەبر و زەنگى سەربازى کۆتایى پێ بهێنن ، بەیاننامەکەى ئەم دواییەى پارتى و یەکێتى گەواهى حاشا هەڵ نەگرى ئەو ڕاستییەمان بۆ ئەسەلمێنێت ، ئەبێت لە بەرامبەر گەف و هەڕەشەى ئەوان و تەماعى ئۆپۆزیسیۆن و چاوبڕکێ کردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدا بۆ گەییشتن بە مەرامى شاراوەیان ، خەڵکى زەحمەتکێش و بەشخوراو بە وریاییەوە ڕەفتار بکەن و ڕێگریى لە سوار بوونى ئەزمونى نیمچە سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان بکەن لە لایەن پارتى و یەکێتییەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕێگە نەدەن ئۆپۆزیسیۆن لە دەریاى بێمافى خەڵکدا سەوڵ لێ بدەن و گەمى خۆیان لە کەنارى بەرژەوەندیى حیزبایەتییاندا لەنگەر پێ بگرن .

ئەزمونى وەدى هاتووى ئێستاى کوردستان ، ئەزمونى خەڵکە و ئەبێت ڕا دەستى خاوەنى خۆى بکرێتەوە و هەر خەڵکیش مافى بڕیاردانى چارەنووسەکەیەتى ، لێپرسراوێتى ئەزمونەکە و دوور خستنەوەى لە دەستە ڕەشەکان و پاک کردنەوەى لە گەندەڵچییەکان لەسەر شانى هەمووانە ، هەر کارەساتێک ڕووى تێَ بکات بە زیان بە سەر زۆرینەى گشتماندا ئەشکێتەوە ، زۆرینەى خاوەن ماڵ کە داد و فیغانمانە بە دەستى کەمینەى دزانەوە و بە هاوڵاتى پلە دوو بە ئەژمار هێنراوین.

پێویستە بڕوا نەکەین بە شیڕەشیڕى فتواچى و قیڕەقیڕى سەرکردە ناکردەکان و جیڕەجیڕى دەسەڵاتچییە ئێکسپایەرەکان ، و وریا بین لە هەنگاوى بە پەلە تا لە تاریکییەوە بەرەو تاریکتر نەچین ، بەڵکو ئەبێت بە کاوەخۆ لە تاریکییەوە بەرەو ڕوناکى هەنگاو هەلًَێنین .

دە با خۆپیشاندانەکانمان فراوان و بە جەماوەرى تر بکەین بە دوور لە حیزباوى کردن و سازشى پەنهانى دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک