١٢\١\٢٠١١
کەس
نەبی، رەجەب سەرپارە بی، رەجەبیش بەو جۆرە بی!!!
- لە پەراوێزی (چەند پڕۆژە - یاسایەک لە بارەی
مزگەوت و ھونەر و رۆشنبیری) -

دارا ئەحمەد
بەر لە دوازدە رۆژ نامەیەکم بەدەست گەیشت بە ناوی (پڕۆژە - یاسای
پەیوەندیدار بە ھونەر و ئەدەبیات و ڕۆشنبیری) کە واژۆی (١٧٥)
کەسی لەسەر بوو، داوایان کردبوو کە ئەمنیش واژۆی بکەم و بتوانم بۆ
ھەرکەسێکیدیشی بنێرم یان لەجیاتی ھاوڕێکانی خۆشم واژۆی بکەم. وەلی
کاتێک خوێندمەوە؛ بە راستیی نیگەرانی کردم و لە
جێی خۆم سڕ بووم و دەستم بەسەر (ماوس)ی کۆمپیتەرەکم رەق بۆوە!
ئیدی کەوتمە بیرکردنەوەیەکی قووڵ و ئەو قسە جوانەی پێشینانم ھاتەوە یاد
کە دەبێژێ: ( کەس نەبی، رەجەب سەرپارە بی،
رەجەبیش بەو جۆرە بی)، بە کورتیی بە ھۆی لاوازیی نووسینەکە و
چەقبەستوویی و پاشڤەڕۆیی تێڕوانینەکان و خولیایە دژە ئازادییەکانی نێوی
واژۆم نەکرد و چاوەڕێمکرد بزانم چی دەگوزەرێ.
پاش دوازدە رۆژ ئەو بەناو پڕۆژە یاسایە لە ١\٩\٢٠١١
بە دەستکارییەکی زۆر بڵاوکرایهوه، ئەوجارە تووشی سەرسوڕمانەکی گەورەی
کردم، چونکە:
لینکی دهقه بڵاوکراوهکه:
چەند پڕۆژە - یاسایەک لە بارەی مزگەوت و ھونەر و
رۆشنبیری.
١- گۆڕانکارییەکی
زۆری تێدا کرابوو و ژمارەی واژۆکەرانیش ببووە ١٣٠١
کەس، دهقی یهکهم لە سێ خاڵدا سێ پڕۆژە یاسای پێشنیار کردبوو و خاڵی
سێیەمیش دوو بەش بوو.. پاشان لەژێر ناوی (ھۆکار
و ئامانجەکانی ئەو یاسا نوێیانەی پێشنیارمان کردوون، چین؟)
درێژەدادڕییەکی زۆریان کردبوو، کەچی دەقی دووهم که بڵاوکراوهتهوه
بوویته پێنج خاڵ و تەنیا دوو خاڵی یەکەمی - لەگەڵ ھەندێک گۆڕان - وەک
دوو خاڵی یەکەمی دهقی یهکهمه، خاڵی سێیەم و چوارەم و پێنجەمی دهقی
دووهم کە جێی خاڵی سێیەمی دهقی دووهمی گرتۆتەوە تهواو گۆڕاوه،
ھەروا خاڵی پێنجەم بە ھیچ جۆرێک بە پڕۆژە یاسایەک ناچێ بەڵکە بە
رادەربڕین و داواکاریی و وتارێکی بێسەروبەر دەچێ.
دیارە کە پێشنیارێک دەنووسرێ و دەینێرن بۆ کەسانیدی تا واژۆی بکەن،
دەبێ پاش واژۆکردنەکان دەقی نووسینهکه بە (خاڵ و کۆما)وە وەکو خۆی
بڵاوکربکرێتەوە، ئەگەر ھەندێک واژۆژۆکەریش تێبینیانیان لەسەری ھەبوو و
بە گوێرەی تێبینییەکان دەستکاریی کرا یان ئەوانەی دهقهکهیان نووسیوە
پێش بڵاوکردنەوە گۆڕانکارییان لەسهر کرد ئەوا دەبێ پوختەکراوەکە پێش
بڵاوکردنەوەی بۆ ھەموو ئەو کەسانە بنێردرێتەوە کە واژۆیان کردووە.. کەی
رازیبوونی خۆیان ناردەوە ئەنجا بڵاوبکرێتەوە تەنانەت دەبێ ناوی ئەو
واژۆکەرانەشی لێ دەربهێندرێ کە وەڵام نادەنەوە، وەلی ئێمە دڵنیاین کە
ئەو پڕۆسەیە ئەنجام نەدراوە، چونکە ئەو ماوە کەمە ھەرگیز بەشی ئەو
پڕۆسەیە ناکا، ئایە چەند چاواڕوانیان کردووە تا ١٧٥
کەس دەبێتە ١٣٠١ کەس و پاشانیش چەند
چاوەڕانیان کردووە تا ئەو ھەموو وەڵامەیان بەدەست دەگاتەوە!!! دڵنیاشین
پاش گۆڕانکارییەکەش واژۆکەرەکانیان ئاگادار نەکردۆتەوە!
ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە لە بێڕەوشتیی و ناپاکیی له کاری نووسین بترازێ
ھیچ شتێکتری پێناگوترێ.
٢- لە دهقی
یهکهم دوو جار - لە سەرێ و لە خوارێ - نووسیبوویان:
(ناوەکان، پاشان بە پێی سیستەمی ئەلفابێ
ڕیزدەکرێن.)، کەچی لە دەقە بڵاوکراوەکە پەیڕەوی ئەو قسەی خۆیان
نەکردووە و کۆمەڵێک کەسیان - کە بە لای خۆیانەوە
گرنگ و ناودارن - خستۆتە سەرەوەی لیستی ناوەکان!
ئەو جۆرە ناڕاستگۆییە تەنیا لەو کەسە خۆبەزلزانانە دەوەشێتەوە کە تەنیا
مەبەستیان خۆدەرخستنە.
٣- دەبێ
ھەڵپەرستیی و ترسنۆکیی لەوە پتر چی بێ کە تۆ بێی لەپێناو سەرنجڕاکێشان
و پەیداکردنی زۆرترین واژۆ لە دهقێکدا بە راشکاویی بنووسی
(حیزبە ئیسلامییەکان و مەلاکانیان و
مزگەوتەکانیان، زۆر بە متمانە و بەئاسانییەوە تەدەخول دەکەنە ناو
ئەدەبیات و ئۆتۆنۆمیی ھونەر! زۆر بە ئاسانی... تد)، کەچی پاش
واژۆکردنەکان نەوێری به ههمان شێوه بڵاویبکەیەوە و بێی و لە
چوارچێوەی پەرەگرافێکیدیدا بە بێ ئەوەی ناوی حیزبە ئیسلامییەکان بهێنی
و بێژی: (بەداخەوە خەڵکانێک ھەن ھانی ژمارەیەک
لە وتارخوێنەکانی رۆژانی ھەینی دەدەن کە... تد).
ئەو فرتوفێڵە ئەگەر ھەڵپەرستیی و سیاسەتبازیی نەبێ بۆ بازارپەیداکردن و
ترس نەبێ لە حیزبە ئیسلامییە تیرۆریستییەکان دەبێ چی بێ، ئەگەر کەسێک
ترسی ھەبێ - کە مافی خۆیەتی - پێویست ناک
بە شێوەیەکی خراپ دەست بۆ کاری ئازایانە ببا و لەو کەسە
یەکسانییخوازانەشی تێکبدا کە بە شێوەیەکی راشکاوانە دەستبەکارن.
٤- بە بەراورد بە
دهقی یهکهم زۆر گۆڕانکارییدی بەسەر دەقە بڵاوکراوەکە داھاتووە کە
جگە لەو پێناسانەی سەرەوە کەمتوانایی داڕێژەرانی ئەو بەناو چەند پڕۆژە
یاسایەش نیشاندەدا لەو بارانەوە، چونکە کاری دانانی پڕۆژە یاسا کاری
ئەو کەسانەیە کە لە خەمی ماف و ئازادییەکانی گەل و بەتایبەتیش خەڵکە
ھەژار و نەدارەکە دان نەک کاری ئەو کەسانەی کە تەنیا خۆیان دەناسن و لە
تهڕیی دهخۆن له هیشکیش لێی رادهکشێن.
ئیدی دهقی یهکهم دادەخەین و دێنەسەر دەقە بڵاوکراوەکە و بە کورتیی
ھەندێک سەرنج دەخەینەڕوو.
• ناوی پڕۆژەکە:
(چەند پرۆژە - یاسایەک لەبارەی مزگەوت و
ھونەر و رۆشنبیری) ناوی پڕۆژهکهیه، کە لە راستییدا بە پێی نووسینەکە
لە رووی یاساییەوە یەک پڕۆژە یاساش نییە نەک چەند پڕۆژە یاسایەک، بەڵکە
داواکردنی ھەموارکردنی دوو یاسایە بە زیادکردنی دوو بڕگە لەنێو
مادەکانیاندا لەگەڵ چەند داواکارییەکیدی کە دەکرێ بە چەند بڕگەیەک
لەنێو مادەکانی ئهو یاسایانهی که پەیوەستن بە دین و چاپ و
بڵاوکردنەوە جێگەیان بکرێتەوە، ئەوەش کۆڵەواریی ئەو کەسانە دەردەخا لە
رووی یاساییەوە کە ئەو داوایانەیان پێشنیارکردووە و نووسینەکەیان
داڕشتووە. کە سەر لە یاسا دەرناکەن ئەوا باشتربوو بۆ ئەوەی یاساناسە
ملکەچەکانی سەر بە دوو حیزبەکە پێان پێنەکەنن ناوەکەیان بەو شێوەیە
داڕشتبا: (چەند پێشنیارێک وەک پڕۆژەیەک بۆ
ھەموارکردنی چەند یاسایەکی پەیوەست بە دین و کاروباری رۆشنبیریی و
دەسەڵاتی دادوەریی.)، جگە لەوەش زۆر سەیرە کە ئەوان نازانن ئەو
دەستەواژانەش لە جێی خۆیان بەکاربھێنن کە (کار و پیشە - یان
ئارەزوومەندیی) خۆیشیانە.. دهبێژن: (ھونەر و
رۆشنبیری)، وەک ئەوەی کە ھونەر رۆشنبیریی نەبێ! ھەرچەندە
دەستەواژەی رۆشنبیریی گوزارشت لە زۆر کایە دەکا بەڵام لەکن ئەوان کە
رۆشنبیریی ھەر واتای (ئەدەب و ھونەر) دەگەیەنێ ئەوە باشتر بوو
بیاننووسیبا (ئەدەب و ھونەر) یان تەنیا (رۆشنبیریی)، وەلی چیدەکەی
لەگەڵ ئەو فەرھەنگە لاوازەی خۆمان کە تێیدا رەجەب سەرپارەیە و ئەویش
بەو جۆرەیە!؟ - لە زۆر جێگەیدیش ئەو ھەڵە بە
شێوەی گەورەتریش چەندبارە بۆتەوە، با ئەوە نموونەیەک بێ پێویست ناکا
لە ھەموو جێیهکان لێی بدوێین -، جگه لهوهش ههڵهی رێزمانیی زۆر
زهق لهو نووسینهدا ههیه.. وهلی ئهوه دهرفهتی زۆری دهوێ و
ئهوان که زۆرێکیان نووسهر و رۆژنامهنووسن نهیزانن ئێمه چی
بکهین! (قوڕێ کێندهر بهسهر خۆمان دابکهین!).
• داوایەکی
عەنتیکە!:
بۆ زیادکردنی یەک بڕگە داوی ھەموارکردنی دوو
یاسا دەکهن! : (١- داوا
دەکەین یاسای چاپەمەنییەکانی ھەرێم ژمارە (١٠)ی
ساڵی (١٩٩٣) و یاسای کاری رۆژنامەگەریی
ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)
ھەموار بکرێت بەم شێوەیە: ـ زیادکردنی بڕگەیەک کە داوا بکات ...)
، ئاخر ئەوە ئەگەر گاڵتەکرن بە خۆ نەبێ دەبێ چیدی بێ.. ئێمە زانیومانە
دوو دیوار بۆ دوو ژووری دوو خانوو زیادبکرێ واتە ھەر خانوێک لە یەک
ژووریدا یەک دیواری بۆ زیاد بکرێ، بەڵام ھەرگیز گوێمان لێنەبووە یەکێک
بێژێ: ئادەی یەک دیوارم لە دوو ژووری دوو خانودا بۆ دروست بکەن! مەگەر
ئەوە مەتەڵێکی ئەدەبیی یان ھونەریی بێ! یان یەکێک تازە خەریکی فێربوونی
زمانێکیدی بێ وەک ئهوهی که کرێکارێکی بەنگلادێشیی بە کوردی قسەی
کردبوو: (من عەبدولقادر داکاتار ھاتم لە
بەنگلادیش تا کوردستان. من ٣ ساڵ چووم لەوێ، لە
کوردستان کردم ئیش، پارە ئیش بۆ من باش بەس بۆ ئەوان خەرابە بوو خەراب
بوو، لە سلێمانی ١ ساڵ ئیش لە ھەولێر دوو ساڵ
ئیش، کردم من ئیش. لەوێ مۆنیکا بینیم زۆر جوان زۆر قەڵەو زۆر مەرغوب..
ئاوەڵڵا، مەسئول ھەموو دەوڵەمەند ھەموو دەچوو لای مۆنیکا... تد)!
• تەماشای ئەو
دهربڕینه بکەن:
(لەکاتی سزادانی
تۆمەتەکانی رۆژنامەگەریو چاپەمەنیو بڵاوکردنەوەی ھونەریدا) تەنیا
کار بەیاسای ھەرێم بکرێت، لەوکاتەشدا، واتە بەپێی ئەو یاسایەی خۆمان،
بوار چیتر نامێنێ بچینە دەرەوە و بەدوای یاسایەکی دیکەدا بگەڕێین.)،
ھەر دەڵێی بە زمانی (تەمبوور قوڕەکان) دارێژراوە؛ لە پێکەنین پتر
ھیچیدیکە ھەڵناگرێ! ئاخر کەی تۆمەت سزا دراوە تەنانەت تۆمەتباریش سزا
نادرێ تا دادگایی نەکرێ و دادوەر بە پێی یاسا تاوانباری نەکا و سزای بۆ
نەبڕێتەوە.. ئەوە جگە لە مافی پێداچوونەوە و داگایی پێداچوونەوەش.
دیارە ئەوان مەبەستیان ئەوەیە بێژن: (تەنیا بە
یاساکانی ھەرێم دادگایی ئەو تۆمەتبارکروانە بکرێن کە لە بوارەکانی
رۆژنامەگەریی و چاپ و بڵاوکردنەوەدا بە سکاڵای یاسایی تۆمەتیان
خراوەتەپاڵ،...)، ئەنجا پاشان ئەو (بڕگە)یە بە یاسایەک
ناودەبهن و دەبێژن: (واتە بەپێی ئەو یاسایەی
خۆمان،...)، ھەر کتومت وهک ئهوهی لە بندیوارێک دانیشتبن و
روویان لە پەرلەمان نهبێ.. لە جیاتی ببێژن (یاسای ھەرێم) دەبێژن (یاسای
خۆمان)! وەلی چیدەکەی لهگهڵ نووسەرانێک کە زمانی کوردییان بەو دەردە
بردیە کە بردیتیان!
• چاڵێک لەنێو
زیندان!:
لە خاڵی دووەمدا داوا دەکەن:
(دادگایەک دابمەزرێنێ بەناوی (دادگای تایبەت
بەچاپەمەنیو بڵاوکراوە ھونەرییەکان) کە تایبەتمەند دەبێ بە
یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی پەیوەندییان بە بڵاوکردنەوەی بەرھەمە
ھونەری و وێژەیی و رۆشنبیرییەکانەوە ھەیە،...) ، ئەوە وەک
ئەوە وایە کە داوا لە سیستەمی تۆتالیتاریی سەرمایەداریی
- کە لە ھەموو جیهان پایەدارە و ھەموو یاسا و
دادوەرییەک لە بەرژەوەندیی خۆیان دایە - بکەی بێژی ئەمن لەگەڵ
زیندانییەکانیدی ھەڵناکەم.. وەرە لەنێو زیندانەکەمدا چاڵێکم بۆ لێبدە!
ئاخر داگای تایبهت بۆ ئهو جۆره
سیستهمانه له دوو لاوه زۆر مهترسیداره:
یەکەم: کە دادگای تایبەت بۆ ھەر کار و
پیشهیهک یان ههر تایبەتمهندییهک دادەمەزرێنن ئەوه بە یاسایەکی
ئەوتۆ رێکیدەخەن کە لە خزمەت سیاسەتە دژەمرۆییەکانی دەسەڵات بێ و بە
رێکاری یاسایی پلاستیکییش چوارچێوەیەکی کۆنەپارێزانەی بۆ دادەڕێژن و
تۆمەتبارکراوان لەسەر پەنجەی لووسی دادوەران و پارێزەران
ههڵدهسووڕێنن بە بێ ئەوەی ھەست بە خۆیان و مافەکانیان بکەن.
دووەم: ھیچ پسپۆڕێکی تایبەتمهند لەو
دادگایانە دانامەزرێندرێ ئەگەر ملکەچ و سەر بە دەسەڵات و
بەرژەوەندییەکانی نەبێ. ئهگهر ئهو پڕۆژە دەستوورییه پاشڤەڕۆیەی
ئێستای ھەرێم وهربگرین کە لە مادە(٥٨)یدا
دەیەوێ دادگای تایبەت ھەبێ بۆ ھێزە چەکدارەکان - ئاسایشیی و سەربازیی -
ئهوه تهنیا بۆ ئهوهیه که به هۆی دامهزراندنی چهند دادوهر و
پسپۆڕێکی تایبهتمهند به ناوی دادگای تایبهت جلهوی هێزه
چهکدارهکان له دهست خۆیاندا بێ و بە تەواوی کۆنترۆلی بکهن و
پاسەوانی دەسەڵاتیان پێ بکهن لە بەرانبەر ھەر نارەزایەتییەکی
جەماوەریی.. چونکه هێزی چهکدار زۆر مهترسیداره بۆیان ئهگهر
لهژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا نهبێ. ئەگەر ئەو داداگا تایبەتەش لە لوبنان
یان ئێران و یان ھەر وڵاتێکیدی ھەیە جگە لە قوولترکردنەوەی کێشەکان بە
دژی تۆمەتبارکراوان ھیچ چارەسەرێکی باشی پێوە نەبووە، بۆ دەبێ ئێمە
لاسایی کارێکی نەرێنیی بکەینەوە، لە راستییدا پێویستە بهو شێوهیه
ئامۆژگارییتان بکرێ: (تکایە چاکی مەکەن با خراپ
نەبێ!). خۆ لە جیاتی ئەو دادگایە تایبەتە باشتر و لەبارتر بوو
داوا بکەن یاسایهک دابندرێ که تێیدا بۆ ھەر دادگاییەکی گرنگ یان ئهو
دادگاییهی تێبینی ئهوهی لێدهکرێ که پڕ له ئاریشه بێ.. کۆمەڵێک (
juror - جورۆر - محلف) ئاماده بن - کە
بە کوردی باشە پێیبگوترێ (داوەر) -، ئهو داوهرانه وەک ئەوەی که به
پێی یاسای دادی تاوانکاریی بهریتانیا
(.The Criminal
Justice Act 2003, s. 321 and sched)
له دادگاییهکان بهشداریی دهکهن بێلایهن و سهربهخۆن، که له
ههڵبژاردنێکی ههڕهمهکیی ههڵبژێردراون و لە شوێنێکی تایبەت لە
دادگاییەکان دادەنیشن و تێڕوانینەکانیان لەبەرچاودەگیردرێن و رۆڵێکی
زۆر دەبینن لە ساغبوونەوەی تۆمەتەکان و دروستبوونی بڕیارهکان. با
کوردستانیش ئهو یاسای سیستهمی (داوهر)ییهی ههبێ که دادگاییهکان
پتر سهربهخۆ و سهرکهوتووتر دهکهن له رووی یاسایی و
کۆمهڵامهڵایهتییهوه.
•
پاشماوەی ھزری بەعسیزم:
لە خاڵی سێیەمدا رێک وەک بەعسییەکان دژ بە
ئازادییەکان دەوەستنەوە و دەیانەوێ تێروانین و رادەربڕینی خەڵک لە قاڵب
بدەن. وەک کە داوادەکەن مزگەوت و مەلاکان و وتارەکانی ھەینییەکانیان
لە چوارچێوەی یاسایەک لغاو بکەن کە بە ئارەزووی دهسهڵات شلیی و
توندیی پێ بکەن و (وتاری ناوەندیی) بۆ مزگەوتەکان دابنێن و ھەر مەلایەک
لەو وتارە لابدا بانگی ئاسایش - دائرەی ئەمن لە
چەشنی نوێ -ی بکەن و ئەگەر ملکەچیش نەبێ ئەوە نانبڕای بکەن،
- ھەرچەندە ئهمن لەگەڵ ئەوە نیم مەلا و کەسانی
دینیی ھیچ مانگانەیەک وەربگرن، بەڵکە ئەوانیش پێویستە وەک ھەر خەڵکێک
کارێک بکەن.. ئەوە بۆ نووسەران و ھونەرمەندانیش ھەر چاکه، چونکە
ئەوانە کاری ئارەزوومەندانەی گیانیین و خۆیان بۆ خۆیانیان ھەڵبژاردووە
و پێویست ناکا ئەوانیش وەک دەسەڵاتداران لەسەر ئارەقە و ماندووبوونی
خەڵکی رەنجدەر بلەوەڕێن -.
ئازادیی دەربڕین ئەوەیە کە ھەر کەسێک ئازاد بێ بە بێ ھیچ ناچارکردن و
رێ لێگرتنێک لەسەر ھەر شتێک بدوێ، جا شارەزایی ھەبێ یان نەبێ لە ھەر
دەزگایەکی پەخش و بڵاوکردنەوەدا - بینین و بیستن - بێ جا رۆژنامە و
پەرتووک بێ یان سەکۆی مزگەوت یان سینەما و تەلەفزیۆن و کۆڕ کۆبوونەوە
و... تد، - تەنیا جنێوی رەوشتیی و کۆمەڵایەتیی
نەبێ بە کەس یان کەسوکار - ئەو ئازادیی دەڕبڕینەش نەبێتە ھۆی
ھاندان بۆ ھیچ ھێرشبردنێک بۆ جەستە و ئازاردانێکی جەستەیی، گەمژەییەکی
گەورەیە ھونەرمەندێک یان نووسەرێک یان سیاسییەک ئازادیی بە خۆی بدا قسە
لەسەر دین بکا وهلی مەلایەک ئازاد نەبێ قسە لەسەر بەرھەم و کارەکانی
ئەوان بکەن کە مەلایەک پێش ئەوەی ئەو ھونەرمەند و نووسەر بێ مەلاکە
بناغەی نووسین و ھونەری داناوە، کە سیاسییەک پێش ئەوەی سیاسەت بکا
مەلایەک بناغەی سیاسەتی داناوە، جگە لەوەش ئەو سەردەمە بەسەرچووە کە
خەڵکێک بانگەشەی ئازادیی بکا کهچی بیەوێ وەک دەسەڵاتداران رێگە لە
ئازادیی خەڵک بگرێ.
چاکتر ئەوەبوو داوای ئەوە بکرێ کە دەسەڵاتداران و حیزبەکان بە گشتیی
ناچار بکرێن هیچ کرێیهک لە بری ئەو کارە ئارەزوومەندییانەی وەک
مەلایەتیی و پیاوی دینیی و نووسەریی و ھونەرمەندیی... تد کە بۆ خۆیان
ھەڵیاندەبژێرن نەدەنە کەس بۆ ئهوهی دهستکراوه نهبن و نهکهونه
وێزەی یەکدی و بچن بۆ خۆیان خهریکی کارێک بن، بەلکە بیمەی بێکاریی
بدرێتە ھەموو بێکارێک وەک یەک، ھیچ کەسێک - دیندار یان بێدین - لەسەر
دەربڕینی باوەڕی خۆی و ھەلسوکەوتکردن بەپێی باوەڕەکانی خۆی
- لە چوارچێوەی بهندهکانی جاڕنامەی مافەکانی
مرۆڤ - نەدرێتە دادگا.. بە مەرجێک ئەو ئازادییە نەک ھەر نەبێتە
ھۆی کوشتن و راوەدونان بەڵکە نەبێتە سادەترین ئازاری جەستەیی ھیچ کەسێک
بە تایبەتییش ژنان کە خۆیان لەنێو سیستەمی باوکسالاریی و پڕ لە
چەوسانەوەی رەگەزیی دەژین له ههندێک شوێن بە (کۆمەلگەی ژنکوژ) ناومان
دەرکردووە! ھەر کەسێکیش لاملیی بکا ئەوە بەو یاسایانە دادگایی بکرێ کە
دادگایی ئهو تۆمهتبارکراوانهی پێدهکرێ که کەسێک دەکوژن یان ئازاری
جەستەیی کەسێک دهدهن - ھەرچەندە ئەو یاسایانە لە ھەموو جیهان زۆر
دوکەوتووانەن و توندوتیژیی و ئازاری جەستەیی بەرانبهر تاوانکاران
بەکاردەھێنن بە تایبەتییش لە لای خۆمان که نەک ھەر ئازاری جەستەیی
دڕندانە پەیڕەو دەکرێ تەنانەت سزای لەسێدارەدانیش بە بهرفراوانیی
ماوە. بۆیە چاکترێکە کۆشش بکرێ ئەو یاسایانە چاککارییان لهسهر بکرێ و
ههمواربکرێن کە لە سیستەمی یەکسانیی ئهو ههمووارکردنانه
دەگهنه لووتکەکانی چاکیی، نەک بڕگەی پتر و یاسای پتر بۆ رێگەگرتن و
لە قاوغدانی پتری ئازادیی دەربڕین.
• خانەخوێیەک
مێوانهکهی له لای سهرهوه دادهنێ و منداڵەکانی خۆی دەمکوت دەکا!:
خاڵی چوارەم: (٤-
داوادەکەین بڕگەیەکی یاسایی دابڕێژرێت کە ھیچ کتێب و بەرھەمێکی
بێگانە، لەھەر زمانێکەوە وەرگێڕدراو بۆ زمانی کوردی، نابێت لەکاتی
بڵاوبوونەوەدا دادگایی بکرێت، چونکە ئەمە بە کەلەپوری ھەموو
مرۆڤایەتی دەژمێردرێت.)، رێک وەک ئەو خانەخوێیە درۆزنەیه کە
منداڵهکەکانی خۆی دەمکوت دەکا و مێوانەکەی له لای سهرهوه دادهنێ
کە گوایە رێزی لێدەگرێ! ئاخر تۆ کە منداڵی خۆت دەمکوت کرد کەی رێزێک
لەکن تۆ دەمێنێ تا لە مێوانەکەتی بگری! ئایە دەبێ جوایەزیی چی بێ له
نێوان کەسێکی ولاتانیدی که لە پەرتووکێک رای خۆی دهردهبڕێ لەگەڵ
کەسێکی لای خۆمان کە ھەمان کار دەکا، مەگەر ئەو جوایەزییە ھەر لەو ھزرە
پاشڤەڕۆیەی داڕێژەران و واژۆکەرانی ئەو نووسینە جێگەی ببێتەوە؛ کە
گوایە نووسەرانی وڵاتان لە ھی خۆمان ئازادترین و ئەوان دەتوانن
ئازادانەتر بنووسن و باشتر دین بپلیشێننەوە یان مەلایە دڕندە
تیرۆرپەروەرەکان و تیرۆرستان دەستی تیرۆریان ناگاتە ئەوان! ئەگەر تۆ
ئازادیی دەربڕین تەنیا بدەیە کەسانی ئازادتر و زیرەکتر و ژیان
پارێزراوتر کەواتە تۆ خۆت دەبیە لەمپەر لە رێگەی ئازادیی چونکە ئازادیی
مافی ھەموو کەسێکە.. بە تایبەتییش ئەوانەی ئازادییان کەمترە پتر
پێویستییان بە ئازادییە لەو کەسانەی کە ئازادییان زۆرترە، نازانم
ئەوەشم ھەر بهو مەتەڵە دێتە پێش چاو کە کۆدی ھەڵهێنانەکەی لە بەڕکی
ئەو نووسەر و ھونەرمەندە پڕ داھێنان و یاساناسانەدا بێ!!!
• سازگارترین ئاو
ئەوەیە کە لە بنی کوپە دەرچێ نەک ئەو خڵتەیەی لەنێو کوپەکەدا
دەمێنێتەوە:
لە سەرەوە ئاماژۆکەیەکم بە خاڵی پێنج دابوو،
لێرهشدا دهبێژم کە ئەو خاڵە فڕی بەسەر یاساوە نییە.. ئەگەر
پەیوەندییەکیشی ھەبێ بە یاساوە ئەوە تەنیا پەیوەندیی بە خڵتەی یاساوە
ھەیە نەک خودی یاسا خۆی، چونکە ئەوان ئاگایان لێ نییە کە دەسەڵات ھەموو
یاساکانی لەنێو کوپەیەک کردووه بۆیان و ھەرچی یاسای چاک و سازگار ھەیە
تک تک لە بنی کوپەکە دەرچوونه و بەفیڕۆچوونه.. ئەوەی لەنێو کوپەکەش
ماوەتەوە تەنیا ھەندێک خڵتەی یاساییە، کەچی ئەوان ھاتوونە لەو خڵتە
یاساییە دهپێچنهوه (وەک ئەو پیڕێژەنە داماو و
ھەژارەی کە گاڕان بە خڕیی دەڕوا و ئەویش لە گۆلکە سۆرێ دەپێچێتەوە)!،
سەرەڕای ئەوەش ھاتوونە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دین و دەسەڵات.. به
تاکتیکێکی زۆر رووتوقووت زۆر ناکۆک بە خودی خۆیان دەدوێن کە وادەزانن
دەتوانن فێڵێان لێبکەن.. کەچی ھێشتا ئەوان قەسپەکەیان نەخواردووە
ناوکەکەی لەنێو بەڕکی مەلاکان و بەرپرسەکانی دەسەڵاتە:
١- کێ ھەیە نەزانێ
کە زۆربەتان - ئەوانەی بەرھەمی ھونەریی و
ئەدەبییتان ھەیە - نەک ھەر بە قسە بەڵکە بە بەرھەمەکانیشتان دژ
بە دین وەستاونەتەوە، کەچی ههنووکه دەبێژن: (ئاین
رۆڵێکی مەزن دەگێڕێ لە ھۆشیارکردنەوەی رۆڵەکانی کۆمەڵگە و رێنوێنی
کردنیان بەرەو رێگەی راستو سوودی گشتی. ...)، پاشاگەردانیی
ووتاری مزگەوتەکانیش بۆ ئاراستەی سیاسیی جیاوازی مەلاکان دەگەڕێننەوە
نەک دەقی دین! تەنانەت دەبێژن: (کۆمەڵی
کوردەواری، بێگومان، زۆر پێویستی بە وتاری رۆژانی ھەینی ھەیە، چ
وەک پێویستییەکی رۆحیو چ وەک پێویستییەک بۆ ھۆشیاربوونەوە لە ژیان،...
)، وەک ئهوهی کە ھەینییان لە مزگەوتەکان زانست و تەکنەلۆژیای
نوێ لە مزگەوتەکان ببەشرێتەوە و کەس نەزانێ کە چ ترس و تۆقاندن و ژەھری
پاشڤەڕۆیی و چاوبەستەگێ و خورافەییەکیان تێدا بڵاودەکرێتهوه دژ بە
ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان بە گشتیی و ژنان بەتایبەتیی!
٢-
کێ ھەیە نەزانێ ساڵانە بە دەیان ژن دەکوژرێن و بە سەدان و بە
ھەزارانیان ئەندامەکانی جەستەیان دەشکێندرێ و ئەتک دەکرێن و بە
دڕندانەترین شێوە سزای جەستەیی و دەروونی دەدرێن! کێ ھەیە نەزانێ
ساڵانە بەسەدان نووسەر و رۆژنامەنووس لەسەر وتارێک دادگایی نەکرێن و
پۆلیس بەر شەقیان نەدەن و حیزبەکان چاویان لێ سۆرنەکەنەوە و تەنانەت
ناوە ناوەش زیندانیی نەکرێن.. تەنیا ھەشت مانگ پێش ئێستا لە نێوەندی
ھەولێر سەردەشت فڕێندرا و تیرۆر کرا! کێ ھەیە نەزانێ ئێستاش لەگەڵ
ئەوەی ھەڵاتنی گەنجان لە دەست رژێم زۆر سهخت بووە و زۆر جار مەرگ
دەبێتە چارەنووسیان کەچی ھەر دەستە دەستە و تاک تاک خۆیان بەرەو
ھەندەران قورتار دەکەن! کێ ھەیە نەزانێ خۆپیشاندان و ناڕەزایی سیاسیی و
نارەزایی بەرانبەر بنەماڵە و ههبوونی باوهڕی بێدینیی ئەگەر نەبنه
ھۆی کوشتن و گرتن و لێدان و راوەدوونان ئەوە دەبنه ھۆی نانبڕین و
دادگایی و پەڕاوێزخستن لە کۆمەڵ و ھەڵاتن بۆ دەرەوە! کێ ھەیە نەزانێ بە
ھۆی تەنانەت ئاسایشی ھاتوچۆ - کە رژێم لێی
بەرپرسە - ساڵانە بە سەدان کەس لەنێو نەچن و بە ھەزاران بریندار
نەبن.. کە وڵات ھەیە دە ساڵ لەگەڵ وڵاتکیدی لەشەڕدایە ھێندەی لێ
ناکوژرێ! کێ ھەیە نەزانێ رۆژانە بە دەیان کاری ترساندن و تۆقاندن و
ھەراسانکردن لە لایەن دین و دەسەڵاتەوە بەرانبەر ھاوڵاتییان ئەنجام
دهدرێن! کەچی سەرەڕای ھەموو ئەوانە ئهو ١٣٠١
کهسه دەبێژن: (ئازادی لە کوردستاندا و ئەو
ئارامییەی تێیدا بەرقەرارە دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوون و رەنجکێشانی
رۆڵەکانی گەلەکەمان بەدرێژایی دەیان ساڵ و ماندوویەتی نەناسینی
سەرکردایەتیی بزوتنەوەی کوردستان، ئەم دۆخە ئارام و ھەموارە...)،
لێرەشدا ھەر به سووچی مەلایەکانی دەزانن و بەرپرسە دڕندەکانی حیزبەکان
و حکومەتیش بە رووسپی بەرانبەریان پیشان دهدهن چونکە ئەوان
دەسەڵاتدارترن لە مەلاکان و بە گرانتر دەیانکڕن! پاشان سۆزیان بۆ
مەسیحییە چەوساوەکان دەجوڵێ وەک ئەوەی کەس نەزانێ کە گرنگییدانی
دەسەڵاتداران بهو خهڵکه لێقهوماوه له ههستێکی مرۆڤپهروهرانه
نههاتووه بهڵکه بۆ بازرگانییپێکردن و پەیداکردنی دەسکەوتی مادیی لە
وڵاتانی رۆژاوا بەرە کوردستانیان راکێشاون، کەچی بە سەدان ھاوڵاتیی
کوردستان ئێستاش لە ھەندەران ناوێرن بگەڕێنەوە کوردستان.. ئەگەر (مافی
ھاوڵاتیبوون)ی وڵاتانیان نەبووایە زۆربەی ههره زۆریان نەیاندەوێرا
تەنانەت بۆ گەشتێک و دیتنی کهسوکاری خۆشیان روو له کوردستان
بکهنهوه!
• لە کۆتاییدا،
عوزر لە قەباحەت گەورەترە:
- لە
پەرەگرافی پێش کۆتایی دەبێژن: (لە سێ مزگەوتی
ھەر پارێزگایەکی کوردستاندا سێ مەلا لە مەلا زۆر شارەزەکانی
کوردستان سێ وتاری تێروتەسەل پێشکەش بە خەڵکی کوردستان بکەنو
راستەوخۆش ئەو سێ وتارە بگوازرێنەوە بۆ مزگەوتەکانی دیکە و بۆ
ماڵەکان لەڕێگەی تەلەفزیۆنی سەتەلایتەوە، ...)، جگە لەوەی
مافی مەلایەکا پێشێل دەکهن لهوهی کە لە ھەموو مزگەوتێک وتاری ھەینی
نەخوێندرێتەوە، ئەوانە وا دەزانن ئێستاش پێویستە مزگەوت ھەر جێگەی
بێنەوایان و جێگەی یاری (کەرەمستانێ) و یارییەکانی فەقێیان و جێگەی (دەست
بەئاوگەیاندن) بێ.. خۆ لەوە نەبان دەکەن کە پیاوانی دینییش ئێستا بای
ئەوەندە خۆیان لەگەڵ زانست دەگونجێنن کە دینەکەیان لە دەست نەچێ،
سەرەڕای ئەوەش ئێستا خەڵکێکی زۆر لە وتاری ھەنییان بێزارن کەچی ئەوان
دەیانەوێ ئەو وتارانە بە یاسا و بە شێوەیەکی فەرمیی لە تەلەفزیۆنی
سەتەلایتەوە وەک مۆتەکە بەر سینگی ھەموو ماڵێک بگرێ ئەو وتارە دینیانەش
بە کۆنترۆڵێ بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و (پشتیوان بەخوا)کەی
نەوشێروانی خوێنرێژ لە خزمەتی بەرپرساندا بێ ئەوانیش بە بێ ترس لەنێو
دەزگا بەناو رۆشنبیرییەکان ھەر خەریکی گەندەڵیی بن!
- لە کۆتاییشدا لە پاش ئەو
ھەموو قسانەیان دژ به مەلاکان؛ بە پێی پێوەر و پێوانە کلۆڵەکەیان
سهرهڕای ئهوهی دهیانهوێ مەلا و دەسەڵاتداران لەخشتە ببهن تێکڕای
خەڵکیش بە گەمژە دەزانن و دەبێژن: (ئێمە
ئامانجمان لەم پرۆژەیە یاسایە خزمەتکردنی دینو راگرتنی ئاسایشی
کۆمەڵگاکەمانە، پێمانوایە کە دەبێ ئاین بە جوانترین شێوە و
بەشێوەیەکی رێکوپێک و شارستانی، بێ دروستکردنی گیروگرفت، بە
کۆمەڵانی خەڵک بگات.) ، وەیش لۆتان بمرم! چەند جوان خەریکی
خزمەتکردنی دین و راگرتنی ئاسایشی کۆمەڵننننننننننننننننننننننننننن!!!
وەلی ئەفسووس؛ نە ئەو دینەی ئێوە دەتانەوێ دینە، چونکە بە پێی دەقی
قورئان و فەرموودەکان دین دینی مەلایەکانە، نە ئەو ئاسایشهی ئێوە
دەتانەوێ بۆ کۆمەڵ دەسەڵاتداران پێویستییان پێیەتی، چونکە ئەوان
(ئاسایش + توندوتیژیی)یان دەوێ واتا یان
(ئاساتیژیی) یان (توندویشیی)یان دەوێ!!!
- لە ھەمووشی قەباحەتتر ئەوەیە
کە لە بنی بنەوە نووسیتیان: (داوا دەکەین کە دین لە ھونەر و رۆشنبیری
جودا ببێتەوە.) ، ئەمن پێم وایە ھونەر و رۆشنبیرییهکهی زۆرێکتان لە
راژەی ھەستی بەرزیی مرۆڤپەروەرییدا نییە بە تایبەتییش خەڵکی رەنجدەر و
نەدار.. وەلی ھەر پێشیدەگوترێ ئەدەب و ھونەر، ئەدی بۆ دەبێ نەزانن که
دین هونهر و رۆشنبیریی خۆی ههیه و بەشێکی گەورە لە دین ھونەر و
رۆشنبیرییە.. وەلی ھونەر و ئەدەبێکی پاشڤەڕۆ!؟ کەواتە بە چ مافێک داوای
ئەو جودابوونەوە دەکەن!؟ بێگومان خۆشتان باش دەزانن کە تا ئێستا
سکۆلارترین دەولەت لە جیهان به تهواویی لە دین جودا نەبۆتەوە، ئەویش
- که پێویستە بیزانن - چونکە دین و
دەوڵەت لەنێو سیستەمی چهوسێنهری سەرمایەداریی جمکی یەک زگن و تەنیا
ئەو کاتە بە تەواویی لە یەک جودا دەبنەوە کە چەمکی خۆیان لەدەست دەدەن
و گشتگیرییەکەیان نامێنێ و ھی کۆمەڵ نابن؛ بەڵکە دین دەبێتە دینی تاکه
جودا جودایەکان و ھەر کەسێکیش و خودی خۆی دەبێتە دەوڵەتی خۆی.. ئەو
کاتەش پێی دەگوترێ سیستهمی یهکسانیی. کهچی ئێوە ھاتوون و دەتانەوێ
به شێوهیهکی ئهندێشهئامێزانه لەسەر تەرمی بۆنگەنبووی (جودایی دین
لە دەوڵەت) (جودایی دین لە ھونەر و رۆشنبیریی) بە مرداریی لە دایک بێ!؟
- لە ھەر ھەمووشی قەباحەتتر
ئەوەیە کە کۆمەڵێک خاوهن بڕوانامەی بەناو بەرزی بەرزی وەک ماستەر و
دکتۆرا و پرۆفیسۆر لە رشتەی ئەدەبیی و ھونەریی و یاسایی و زانستیی و
تەنانەت چەند ژنێکیش کە بۆ ئەوان - بای بێ ھەر
بەفر دهتاوێتهوه و باران بێ ھەر بەفر دهتاوێتهوه - لە نێو
واژۆکەرانی نووسینی ناوبرودا ھەن و به ئاسانیی ئەو ھەموو پەلەتیقە
یاسایی و ئەدەبیی و ھونەریی و رامیارییانەیان بەسەردا تێپەڕیوە!!!
______________________________________________
تێبینیی:
١-
ئهوه راسته که ئهو کاره به کۆمهڵه - ئهو نووسینهی ئێمه
لێیدواین - گوزارشت نییه له تێڕوانینی دهقاودهقی ههموو ئهو
کهسانه که واژۆیان کردووه، وهلی بمانهوێ و نهمانهوێ ههموویان
له هێڵی گشتیی و خاڵه گرنگهکانی و نێوهرۆکهکهی بهرپرسیارن..
چونکه واژۆیان کردووه.
٢-
دیارە ئێمە رووی دهممان تەنیا لهوانهیه کە ئەو نووسینەیان داڕشتووە
لەگەڵ ئەوانەی کە زۆر بە راشکاویی لەگەڵ تەواوی ئەو نووسینە دان، نەک
ئەوانەی کە بە سەرپێی و بە ههر ھۆکارێک ھەیە تێوەگلاون و ھەر ھێندە
بەس بووە بۆ ئەوان کە ئیدی نووسینەکە دەنگدانەوەیەک بێ لە دژی ئەو
توندوتیژییەی که مەلاکان بڵاویدەکەنەوە.
١١\١\٢٠١١
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|