په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٨\٢٠١٥

کەس نییە نامە بۆ سەرۆک بنووسێ؟


پێشرەو حەمید    

 

سەرۆکی وڵات لە ھەموو تاکیکی ئەو وڵاتەی کە خۆی سەرۆکایەتی دەکا لە ھەمووی زیاتر بەرپرسیارێتی بەردەکەوێ بە تایبەتی لە وڵاتیکدا کە سەرۆک ھەموو دەسەلاتێکی رەھای ھەبێ و ھەموو شتێک تەنھا خۆی بێ و تەواوی بریارەکان بە واژۆی ئەوەوە بڕۆنە قوناغی جێبەجیکردنەوە وەک ئەوەی ئیستا لە کوردستاندا ھەیە و سەرۆکی ھەرێم زۆرترین دەسەلاتی ھەیە.


ئێمەی کورد چۆن لە کەسێتی سەرۆک دەڕوانین و چۆن لەگەڵ سەرۆکدا مامەڵە دەکەین، ئایا لە زھنی ئێمەدا سەرۆک ئەو کەسەیە کە سەرپەرشتیی شۆڕش دەکا و ئیتر ئێمە بە سەرۆکی دەزانین ئەگەر شۆرشەکەیشی سەرکەوتوو نەبی، یان کارەکتەرێکی پلە یەکی حیزب خۆی دەکاتە سەرۆک و ئێمەش ناچارانە قبولی دەکەین؟


کێ سەرۆک ھەڵدەبژێرێ، ئێمە لە رێگەی سندوقی دەنگ دانەوە یان لەرێگەی چەپڵە رێزانەوە؟ یان واقیعێک خۆی دەسەپێنێ بەسەرماندا کەسەرۆکی حیزب دەبێ سەرۆکی ھەموومان بێت و لە دوای خۆیشی سێ بەرەکەی بۆ ھەمیشە لەسەر کورسی حکومکردن بەردەوامبێ؟!


سەرۆکەکانی ئێمە، سەرۆکی وڵات، سەرۆکی حیزب، سەرۆکی خێڵ، سەرۆکی باندەکان و سەرۆکی لیژنەکانی کوشتن و... ھتد، ئەو سەرۆکانەکەن کە ئێمە بەسەرۆک ناوزەندیان دەکەێن و لەغیابی ھوشیاری خۆماندا قبوڵیان دەکەین، یان ئەوان خۆیان شوناسیان بۆ خۆیان دیاری کردوە و بەعەنتەریاتی خۆیان، خۆیان سەپاندوە و ئێمەش ناچاری قبوڵکردن دەکەن؟


سەرۆک کێیە و دەبێت سەرۆک چی کارەبێ و ئەرکەکانی سەرۆکایەتیکردن لە ئێستای کوردستاندا چیە و لە ئایندەدا سەرۆک دەبێت چی بکا؟ ئایا سەرۆک ھەر سەرقاڵی پێشوازییکردنە لە گرووپە بچوکەکانی بازرگانی وڵاتان و جارجاریش سەردانی دەرەوە بکات و لەبونە حیزبیەکاندا ووتار بخوێنێتەوە و ھەندێک جاریش برواتە لای سەرۆکی حیزەکان؟ یان سەرۆک دەبێ سەرۆکی گەل بێ و جیاوازیی لە نێوان مندالێکی پی خاوسی گەرمیان و مندالێکی چاوشینی بادینان نەکا؟

سەرۆکەکانی ئێمە، سەرۆکی کۆمار، سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حیزب، سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمان، کەی وەک سەرۆک دەردەکەون و لە کام ساتدا ھەست دەکەین جوانن؟ ئەو کاتەی وینەکانیان ھەمو ڕۆژێک لاپەرەی یەکەمی ڕۆژنامەکانیان داگیردەکا، یان ئەوکاتەی ئیشکردنی بۆ بەرژەوەندی باڵای میللەت بواری وینەگرتنی پێ نادات؟


سەرۆک کەی دەبێتە سەرۆک و کەی وێنەیەکی کاریزمی لای ئێمە بەجێ دەھێڵێت و بۆ ھەمیشە شانازیی بە سەرۆکایەتیەکەیەوە دەکەین، ئەو کاتەی سەرۆک لەپێناوی خۆشگوزەرانی میللەتەکەیدا شەقێک لەکورسیی حکومکردن ئەدات، یان ئەو کاتەی بۆمانەوەی خۆی لەسەر عەرشی دەسەڵات خۆشنودی میللەت ڕەوانەی دۆزەخ دەکا؟!


چی پاشاگەردانی یەکە لەم مەملەکەتەی ئێمە کەس جورئەتی ئەوە ناکا تا نامەیەک بۆ سەرۆک بنووسێ و پێی بڵی، سەرۆک گوێکانت بە تەواوەتی شل بکە و بۆ ئەم بهیتە ئاڵتونییەی قانیعی شاعير:

 

ماڵ و حاڵت بۆچیە ئەگەر میللەتت لە زیللەت بژی

تاجی سەرشۆڕی فرێدە تۆیش وەک میللەت بژی.

 

ماڵپه‌ڕی پێشڕه‌و حه‌مید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک