په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٤\٢٠١٣

کێ سووکایەتی بە هەولێر دەکا!


بەشدار عوسمان    


کێن ئەوانەی سووکایەتی بە خەڵکی هەولێر و کوردستان دەکەن و کردویانە؟! بێگومان ئەوانەن کە دەمی خەڵک دەبەستن و گوللە دەنێن بە دەمی گەنج و رۆژنامەنوسەکانیان، ئەوانەن کە نارەزایەتیەکان سەرکوت دەکەن و خەڵکەکەی لاقە و زیندانی دەکەن تەنها لەبەر ئەوەی داوای ماف و ئازادییەکانیان دەکەن، ئەوانەن کە دەیانەوێت شارەکە بکەن بە یەک دەنگ و یەک رەنگ،ئەوانەن کە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە دەوڵەمەندە فەرهود دەکەن و لەسەر خوێنی خەڵک لەوپەڕی رەفاهیەت و خۆشگوزەرانی دەژین و بونەتە بزنسمانی گەورەی دنیا،لەولاشەوە سەدان خێزانی شارەکە لە ژەمی بەیانی دڵنیا نیە! ئەوانەن کە رۆژانە سەدان تەن خۆراکی ئیکسپایەر دەرخواردی خەڵکەکەی دەدەن،ئەوانەن کە لەشارەکە نەخۆشخانەی تایبەت و قوتابخانەی تایبەتیان بۆ خۆیان و نەوەکانیان کردەوە و خەڵکی شارەکەش لەولاوە بەدیار مەرگی شێنەیی خۆی چاوەڕوانە،لەنەخۆشخانە گشتیەکانیش ساکارترین نەخۆشی چارەسەر ناکرێت پێویستی بە ناردنە دەرەوە هەیە، قوتابیانیش چاوەڕوانی روخانی بینا کەلاوەکانیانن بەسەریاندا و بەهرەمەندن لە ئیفلیجترین پەیڕەو پرۆگرامی خوێندن.


ئەم رۆژانە هێرشێکی هەمەلایەنە کراوەتە سەر بەرهەمهێنەرانی فیلمی گەردەلول گوایە لە بەشێک لە فیلمەکە سووکایەتی بە خەڵکی هەولێر کراوە! لەپەنای ئەمەشدا خەڵکی ناوچەکانیتری کوردستان کراوەتە ئامانج، ئەم جۆرە سیاسەت و بەرنامانە بۆ دابڕینی خەڵکی کوردستان لە یەکیتری و قوڵکردنەوەی گیانی رق و تایەفە و ناوچە گەرێتی قەوانێکی چەندبارەیە و چەندین کەرەتیتر بینیومانە وبیستومانە، مامۆستا و بودجە و راگەیاندن و هێزی بۆ تەرخانکراوە تاکو مێشک و بیرکردنەوەی تاکەکانی پێ گۆش بکرێت و لەیەکتر دووریان بخەنەوە.


نیشاندانی کارو کردەوەی پیاوانی بەعس و دەست و پیوەندەکانیان و بەکارهێنانی پلە و پۆست و هێز وەکو گوشارێک بۆسەر خێزان و تاکەکان و ناچارکردنیان، کە لەهەمو شوێنێکی ئەو عێراق و کوردستانە دەستیان نەپاراستوە لەکاری نابەجێ و روشاندنی هەست و ئیحساسو کەرامەتی تاکەکان،نامۆ نیە بە چاو و گوێچکەکانمان،بابو باپیرانمان شاهیدی چەندین نمونەن لەو هەولێرە کە چۆن پیاوانی بەعس پلە و پۆست و پارە و هێزیان دەکردە گوشار بۆ سەر کەسایەتی و کەرامەتی خەڵکەکەی.. ئەمانە بەشێکە لە چەند دیمەنێکی بەشی سێیەم لە فیلمی گەردەلوول.


خۆشمان لە رۆژگاری ئێستا شاهیدی دەیان نمونەی لەو شێوەیەن و ئاسان قوربانیەکانی دەستی ئەو عەقڵیەت و کەلتوری پیاوسالاریانەی پاشماوەی بەعست دەست دەکەوێت لە دامودەزگاکاندا، مەرجی دەستکەوتنی کار و کاسبی و دەوام و پۆست و وەزیفە و بەرزبونەوە نزیکبونەوەیە لە بەرپرسان و کاربەدەستان.ئەو دیاردەیە ئێستا لە هەولێر و کۆی سیستەمی بەڕیوەبردن و دامەزراندن لە کوردستان نامۆنیە،بۆیە ئەو بەرێزانە پێش ئەوەی نیگەران بن لە نیشاندانی ئەو جۆرە دیاردانە کە ئەمە بەشێکە لە نارەزایەتی زۆرێک لە خەڵک،پیویست بو نارەزایەتیەکانیان بەرەو رووی دەسەڵاتی سیاسی بکەنەوە کە تاکو ئێستا دوای بیست و دوو ساڵ،هێشتا پلە و پۆست و هێز دەکەنە وەسیلە و گوشار بۆ سەر گیان و کەسایەتیی سەدان خێزان و کچ و کوڕی شارەکانی کوردستان و هەموان لەژێر هەڕەشەیەکی واقعیدان وکەڕامەتیان لە کۆمەڵگا پارێزراو نییە.


بێدەنگ کردنی خەڵک و لەجوڵەخستنی هەموو جموجۆڵێکی سیاسی و مەدەنی لە شارەکە و تۆمەت و سیناریۆ دورست کردنە بۆ کەسانی نارازی، سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، هەوڵدان و کڕینی خەڵک و کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ سووکایەتییە بە شار و خەڵکەکەی، یەک دەنگی و یەک رەنگی و خامۆشکرنی دەنگە جیاوازەکان و کۆنترۆڵکردنی هەمو جومگەکانی ژیان نیشانەیەکی نێگەتیڤە بۆ هەمو شوێنێک، پێچەوانەکەشی دورستە.


نارەزایەتیەکی کەڵەکەبوو و پەنگخواردوو، دێوێکی نوستو لە ناخی زۆرێک لە خەڵکی دەڤەرەکە و سەراسەری کوردستان دەبیندرێت وهەستی پیدەکرێت لە قسە و جوولە و هەڵسوکەوتی رۆژانەیاندا،فەراهەمکردنی ماف و ئازادییەکان و دەستراگەیشتنی هەموان بە سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە و کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی تاکڕەویی و سیستەمی تۆتالیتاری و بەسیستەمکردنی دامودەزگاکان لە گرینگترین داوا و ویستەکانی خەڵکی کوردستانە لە هەر شوێنێک بن و هەر ناوچەیەک بە جۆرێک رۆژانە گوزارشتی لێدەکات، هەولێریش بە بێدەنگیەکەی رۆژانە قسە دەکا و گوزارشتی دڵشکانی بەردەوامی بەهەموو دنیا دەگەیەنێت.


١\٤\٢٠١٣
ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک