په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١٧

کەتەلۆنیا و کوردستان لە پایزێکی گەرمدا.

عەلی مەحمود محەمەد


لە ماوەی ١٧١ ساڵی رابردوود، لە جیھان ١٠٨ گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی بە فەرمی و نافەرمی بە گشتپرسییەکەی ساڵی ٢٠٠٥ی کوردستانیشەوە ئەنجامدراوە، چاوەڕوان دەکرێت یەکەم ھەفتەی پایزی گەرمی ئەمساڵیش دوو گشتپرسیی پڕ لە کێشەو چون یەک و نزیک لە یەک لە کات و ھەڵوێستی نێو دەوڵەتی و دابەشبوونی بەرەکان لە کوردستان و کەتەلۆنیا ئەنجام بدرێت، کەتەلۆنییەکان دەیانەوێت بە کۆماری سەربەخۆوە بچێنە ناو ساڵی ٢٠١٨ ەوە، وەلێ دەسەڵاتدارانی کوردستان کاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان و شێوازی دەسەڵاتداریەتییەکەیان تا ئێستا رانەگەیاندووە، نا زانین بە چ جۆرە کەشتییەک دەمان بەنە جیھانی سەربەخۆییەوە.


خەریکە بە تێپەڕ بوونی کات، چەمکی گشتپرسیی جێگای خەباتی چەکداری لە جیھاندا بۆ رزگاری و سەربەخۆیی بگرێتەوە، رۆژ بە رۆژیش ئەم چەمکە زیاتر شوێن پێی خۆی نەک بۆ سەربەخۆیی بگرە بۆ سەرجەم خواستەکانی مرۆڤایەتی بکاتەوە، ئەمرۆ لە سەرتاسەری جیھان سەدان پارتی سیاسی لە دەیان وڵات کار بۆ چەسپاندنی دیموکراسی راستەوخۆ دەکەن لە بری دیموکراسی نوێنەرایەتی مردوو کە نەیتوانیوە چارەسەری کێشەکانی مرۆڤ بکات ، گشتپرسیی یەکێک لە پایە گرنگەکانیەتی، مەسەلەی گشتپرسیی نەک تەنھا بۆتە باو لەو وڵاتانەی تەنگشەی ئابوری و سیاسیان ھەیە و لە روی پێکھاتەیی ئاینی و نەتەەییەوە فرەیین، بەڵکە چەندین ھەرێمی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ھەر لە کالیفۆرنیاوە بگرە تا بۆرتریکۆ تازەترینیشیان دورگەی گوامییە داوای گشتپرسیی دەکەن بۆ جیابونەوەو سەربەخۆیی، ھەندێکیان بەھۆی دەوڵەمەندی و ھەندێکی کەشیان بەھۆی پەراوێزخستن و داگیرکارییەوەیە، کەواتە تا دێت خواستی سیاسی لەسەر کاڵای گشتپرسیی زیاد دەکات و گەردەلولی گشتپرسیی رەشماڵی سایکیس بیکۆکانی رابردوو رادەماڵێت و لە روی سیاسیشەوە دیموکراسی راستەوخۆ پەلاماری دیموکراسی نوێنەرایەتی دەدات، کە بەم گەڕو گولییەی ئێستای ناتوانێت وەڵام بە خواستەکانی مرۆڤایەتی بداتەوە.

گشتپرسیی کەتەلۆنیا.

بڕیارە یەکی ئۆکتۆبەر کەتەلۆنییەکان ((کەتەلۆنیا یەکێکە لە ھەرێمەکانی ئیسپانی، روپێوەکەی ٣٢،١٠٦ کیلۆمەتر دوجارەو ژمارەی دانیشتوانیشی ٧،٥٣٩،٦١٨ کەسە لەوانە ١١٠٤٧٨٢ کەسیان بێگانەن کە دەکاتە نزیک ١٥٪، کۆی بەرھەمی نەتەوەیی لە ساڵی ٢٠١٢ ٢٥٥،٢٠٤ ملیار دۆلارە، قەبارەی ئابورییەکەی ھاوتایە بە ئابوری پاکستان و کۆڵۆمبی، داھاتی تاکی ٣٣،٥٨٠ دۆلارە لە ساڵێکدا)) بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە راپرسیەکدا دەنگ بە سەربەخۆیی ھەرێمەکەیان یاخود مانەوە لە چوارچێوەی ئیسپانیا بدەن، کە ھەرسێ پارتی کەتەلۆنی (چەپی کۆماری کەتەلۆنی Esquerra Republicana de Catalunya (ERC)، نزیکایەتی دیموکراتی کەتەلۆنی (راست) Democratic Convergence of Catalonia (CDC)(١٧-١١-١٩٧٤دامەزراوە)، پارتی چەپگەرای کوبPopular Unity Candidacy (CUP) بڕیاریان لەسەر داوە لە پەرلەمانی ھەرێمەکەیانەوە بە زۆرینەی ٧٢ دەنگ لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی ھەرێمەکە، بە پاڵپشتی کۆمەڵێک پارت و گروپی دەرەوەی پەرلەمان کە زۆریان گروپی چەپگەرای دەستەبژێری بچوکن، لە بەرامبەردا پارتی گەلی دەسەڵاتدار (راستی پارێزگار) و سۆسیالست و پارتی راستگەرای سیودانۆس بە توندی دژی گشتپرسییەکەن، لەم نێوەدا لیستی پێکەوە دەتوانین پۆدیمۆس-شیوعی پشتیوانی لە پرۆسەی گشتپرسیی دەکەن و بە پرۆسەیەکی دیموکراسی دەزانن وەک تاکە پارتی نیشتمانی ناو پەرلەمان، وەلێ بەشێکیان لە گەڵ راگەیاندنی دەستبەجێی سەربەخۆیی نین و پێیان وایە پێویستە دەستوری وڵات بۆ ئەوکارە ھەموار بکرێتەوە، ئەویش پێویستی بە سێ لەسەر چواری کورسییەکانی پەرلەمانە بۆیە محاڵە بەم نەخشە سیاسییەی ئێستاوە بێتە دی.


بڕیار وایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پەرلەمانی کەتەلۆنیا ھەردوو یاسای راپرسی و پرۆژەی یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین پەسەند بکەن:


https://drive.google.com/file/d/٠Bxrh_sv١paPsdFNiRDhrSndvTTA/view ، لێرەدا ئەوانەی دژ بە سەربەخۆین بەشداری دەنگدانەکە ناکەن وئەنجامدانی گشتپرسییەکە بە نایاسایی دەزانن.


حکومەتی ئیسپانی بڕیاری داوە، ئەوەی بەشداری پرۆسەکە بکات بەھەر شێوەیەکە، بانگەشەکردن و رواندنی مامەڵە،دەنگدان و بڕیاردان ، لە ھەموو شوێنە گشتییە حکومییەکان سزا بدات و لەکارەکانیان دوریانبخاتەوە، ھاوکات ھەڕەشەی راگرتنی بودجەشی لە ھەرێمەکە کرد و کار گەیشتە سەر پەلاماری سەربازیش، وەزیری بەرگری ئیسپانیا دولوربس دی کۆزبیدال داوای لە سەرکردە سەربازییەکان کرد سەلامەتی و یەکپارچەیی ئیسپانیا بپارێزن، ئەمەش بۆ خۆی ھەڕەشەی داگیرکردنی سەربازی و گەڕانەوە بوو بۆ سەردەمی دکتاتۆری فرانکۆ(١٩٣٦-١٩٧٥) لە بەرگی دیموکراسید، دوای پەلامارە تیرۆریستییەکەی بەرشەلۆنە وەزیری بەرگری ئیسپانی رایگەیاند ئێستا ئەوان لە ئینزاری چواردان، یەک ھەنگاو ماوە بۆ ئینزاری ٥ تا ببێتە حوکمی عورفی لە وڵات، لە دوای سەردەمی جەنەراڵ فرانسیسکۆ فرانکۆوە یەکەمجارە سوپا بەو شێوەیە دابەش بکرێت، تەنانەت لە ١١ی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ دا کە قاعیدە تەقینەوە خوێناوییەکانی مەدریدی ئەنجامدا کە ١٩١ کەس بوونە قوربانی و ١٧٥٥ کەسیش بریندار بوون ، وە لە ھەشتاکان کە سوپای ئیتای باسکی ٤٢٥ کەسی لە تەقینەوەیەکدا کوشت ، کەچی لەوکاتانە حوکمی عورفی و ھەڕەشەی سەربازی نەکراوە، ئێستا بە بەھانەی شەڕی تیرۆرەوە دەیانەوێت شەڕی کەتەلۆنییەکان بکەن، رۆژنامەی بایسی نزیک لە سۆسیالستەکان داوای لە کەتەلۆنییەکان کرد واز لە گشتپرسیی بھێنن بەھۆی مەترسییەکانەوە، ئەمە ھەڵوێستی سۆسیالستە ئۆپۆزسیۆنەکان بێت دەبێت دەسەڵاتدارە راستگەراکەی وڵات چی بڵێن؟،چاودێران پێیان وایە شۆفینیەتی حکومەت کە دەربڕی شۆفینیەتی نەتەوەی سەردەستە لە دوای دەسەڵاتی فرانکۆوە گەیشتۆتە پۆپە.


جگە لەوەی حکومەت ھەڕەشە لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکەی ١ی ئۆکتۆبەر دەکات، ھاوکات لە ٦ی شوبات ئەرتۆر ماس و جوانا ئۆرتیغا دادگایی کران لەسەر گشتپرسییە شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٤، لە مانگی ئازار لە ئەرتۆر ماس قەدەغە کرا بۆ ماوەی ٢ ساڵ لە وەرگرتنی کاری گشتی (حکومی) دور خرایەوەو سزای ٣٦٥٠٠ ئیرۆش درا.

ریال و بەرشە.


ململانێی ریال و بەرشەلۆنە، ڕەنگدانەوەی ململانێی ھەردوو پایتەختە،روحی ململانێی ئیسپان و کەتەلۆنیایە، ئەم ململانێ ٣٠٣ ساڵیە لە ١١ی ئەیلولی ١٧١٤ەوە تا ھەنووکە بەردەوامە، لەو رۆژەوەی کەتەلۆنیا ئاڵاکەی ھێنرایە خوارەوە لەسەردەمی فلیپی پێنج خرایە سەر ئیسپانیا و کۆتایی بە سەربەخۆیەکەی ھێنرا دەستیپێکردوە، کەتەلۆنییەکان ئەو رۆژە لە بیر ناکەن و ھەر بۆیەشە ١١ ی سەپتەمبەر بە رۆژی سەربەخۆیی دەزانن.


لە ١٤ی نیسانی ١٩٣١ دا کۆماری کەتەلۆنیا تاک لایەنە راگەیەنرا فرانسیسک ماکیا کەسایەتی سەربەخۆی چەپ لە ساڵی ١٩٣١ لە لایەن پەرلەمان و حکومەت و دادگای لێپێچینەوەی کەتەلۆنیا دیاری کرا بە یەکەم سەرۆکی وڵات لە دوای ٢١٤ ساڵ داگیرکاری،لە ساڵی ١٩٣٢ لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی بەرەی گەل (سۆسیالست-شیوعی) لە ئیسپانی، کەتەلۆنییەکان بە فەرمی ئۆتۆنۆمیان وەرگرت و زمانی کەتەلۆنیش بووە زمانی فەرمی وڵات.


وەلێ زۆری نەخایاند کاتێک سەرۆکی فاشیستی ئیسپانیا جەنەراڵ فرانسیس فرانکۆ کودەتای کرد لە ٨ی ئابی ١٩٣٦، حکومەتە چەپگەرا خاوەند ئۆتۆنۆمییەکەی کەتەلۆنیای ھەڵوەشاندەوەو زمانەکەشیانی قەدەغە کرد، جوسیب سۆنال سەرۆکی یانەی بەرشەلۆنەی دەستگیر کرد و ئیعدامی کرد، دوای فرانکۆ و گەڕانەوەی سستەمی پاشایەتی بۆ وڵات لە ساڵی ١٩٧٥ دا ، لە راپرسی ساڵی ١٩٧٨ دا ، ٩٠%ی کەتەلۆنییەکان دەنگیان بە دەستوری دیموکراتی ئیسپانیا د، کە دان بە ئۆتۆنۆمی بۆ نەتەوەکان و ھەرێمەکان دەنێت لە ناویاندا کەتەلۆنیا لە چوارچێوەی یەکێتی خاکی ئیسپانی، ئێستا کەتەلۆنییەکان باجی ئەم دەنگدانە دەدەنەوە.


ململانێ سیاسییەکان نێوان بەرشەلۆنەی داگیرکراو و ریالی داگیرکەر لە ناو یاریگاکانی تۆپی پێ رەنگی دایەوە تا گەیشتە ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٣ دا فرانکۆ ھەڕەشەی توندی لە بەرشەلۆنە کرد کە نابێت بیباتەوە ، ھاوکات فرانکۆ ھەڵدانی ئاڵای یانەی بەرشەلۆنەی قەدەغە کرد، وای لێھات بەرشەییەکان دەستەسڕی سپییان لە جیاتی ئاڵاکەیان بەرزدە کردەوە لە کاتی یارییەکانیاند، بەم جۆرە چیرۆکی داگیرکردن و ژێر دەستەیی گەلێک لە یانەیەکی وەرزشدا رەنگی دایەوە، یاری یاری خۆیکرد بۆ سەربەخۆیی. ئێستا لە ١ی ئۆکتۆبەر لە دوا یاری سیاسی بەرشەو ریال دەبێت کێیان بیبەنەوە؟، تۆپ لە گۆرشەپانی بەرشەییەکانەوە دوا کاس لە ریال ببەنەوە.

چونەوە بەرەو گشتپرسیی لە پێناو سەربەخۆیی.

کەتەلۆنییەکان بەوە ناسراون لە ناوچەکانی دیکەی ئیسپانیا رادیکاڵترو چەپترن، خواستیان ئەوەیە لە سستەمی پاشایەتییەوە بگۆڕێن بۆ سستەمی کۆماری، بە پێچەوانەی سکۆتلەندییەکان خواستاری مانەوەن لە سستەمی پاشایەتی، لە ھەمان کاتدا بزووتنەوە مەتڵەبییەکانی کرێکاران و خەڵک لەم ھەرێمە بەھێزە.


لەم خولەی تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی ، لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە کەتەلۆنییەکان خەریکی راھێنانن لەسەر گشتپرسیی لە پێناو سەربەخۆیی ، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ساڵی ٢٠١١ ، گشتپرسیی نا فەرمی لە ٥٥٠ شاری کەتەلۆنیا لە کۆی ٩٤٧ شارەوانی ھەرێمەکە ئەنجامدران وەک راھێنان و ئەزمونێک بۆ پرۆسە گەورەکە، گشتپرسیی نا فەرمی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و دەستبژێرەکان ئەنجامی دەدەن فەرمی نییە، تەنھا ئەزمون و راھێنان و تاقیکردنەوەیە بۆ گشتپرسیی فەرمی،کە حکومەت پێی ھەڵدستێت ، دەتوانین بڵێین راپرسییەکی پێشوەخت و راھێنانە بۆ ئەزموونی گشتپرسیی فەرمی.


پەرلەمانی کەتەلۆنیا بۆ یەکەمجار لە ٢٣ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ ەدا بە زۆرینەی ٨٤ دەنگ لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی ھەرێمەکە ((Convergence and Union (CiU)٥٠ کورسی ، Republican Left of Catalonia–Catalonia Yes (ERC–CatSí)٢١ کورسی Initiative for Catalonia Greens–United and Alternative Left (ICV–EUiA)١٠ کورسی ، Popular Unity Candidacy–Left Alternative (CUP)٣ کورسی)) ، بڕیاری لە سەر بەڵگەنامەی مافی بڕیاردانی چارەنووس لە رێگای گشتپرسییەوەی دا بۆ کەتەلۆنی، بەم شێوەیە چەپ و راست ، کۆنزەرڤاتیف و شیوعی ، ژینگە پارێزو پێشکەوتنخوازانی پارتە کەتەلۆنییەکان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەکە رێک کەوتن و یەکیان گرت ،لەو ژمارەیە تەنھا ٢١ دژ بوو ، ٢٥یان بەشداری دەنگدانەکەیان نەکرد، دوای دەنگدانەکەی پەرلەمانی کەتەلۆنی، ئەرتۆر ماس سەرۆک وەزیرانی راستگەرای کۆنزەرڤاتیفی ھەرێمەکە بڕیاری گشتپرسیی د، ٩٢٠ شارەوانی لە کۆی ٩٤٧ شارەوانی پشتیوانی راپرسییان کرد.دوای ٢٠ رۆژ لە بڕیاری پەرلەمانی ھەرێمەکە، ھاووڵاتیان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.


لە راپرسییەکە ٢،٣٠٥،٢٩٠کەس لە کۆی ٦،٣ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان کرد، بە پێی رۆژنامەی بایسی ئیسپانی رێژەکە دەیکردە ٣٧٪ی دەنگدەرانی کەتەلۆنی،لێ بە پێی ئاماری حکومەتی کەتەلۆنیش بێت رێژەکە دەیکردە ٤١،٦٪ی دەنگدەران، لە سەرتاسەری کەتەلۆنیا ، بەڵێ بۆ سەربەخۆیی ٨٤،٦٧٪ی دەنگەکانی ھێنایەوە، کە دەیکردە ٢١٩٨٧٠٧ کەس، لە شاری بەرشەلۆنەی پایتەخت رێژەکە دابەزی بۆ ٨٠،٤٣٥٪ ی دەنگدەران، بەشێوەی گشتی دەنگی بەڵێ لە لادێکان رێژەکەی زیاتر بوو لە شارەکان.


بەھۆی ئەوەی رێژەی بەشداربوان کەمتر بوو لە نیوە، ئەمەش بەھۆی بایکۆتکردنی لە لایەن پارتە نەیارەکانی سەربەخۆیی ھەرێمەکەوە ، بۆیە راپرسیەکە لە دوا ئەنجامدا شکستی ھێن، لە کاتێکدا لە ھەردوو ھەڵبژاردنی پێش راپرسییەکەو دوای راپرسییەکەی ھەرێمەکە ژمارەی دەنگدەران ٣،٦٦٨،٣١٠ ، ٤،١٣٠،١٩٦ بوو ، سەرباری ئەوەی لەم ھەڵبژاردنەدا پەنابەران و ھەڵنەگرانی ناسنامەی ئیسپانی مافی دەنگدانیان نییە، وەلێ لە راپرسییەکە مافی دەنگدانیان بوو ، دوای شکستەکە ئەرتۆر ماس سەرەک وەزیرانی کەتەلۆنیا وتی " وانەیەکە بۆ دیموکراسی "، راخۆی سەرەک وەزیرانی راستگەرای ئیسپانیاش وتی شکستێکی قوڵە، ھەرچەندە پێشتر دانیان نانا بە گشتپرسییەکە، وەلێ لە کۆتادا ئەنجامەکەیان قۆزتەوەو نەیانتوانی بێدەنگی لێبکەن و ھەناسەی خۆشیان لەبەردەم ئەنجامەکەی ھەڵکێشا.


لە ناوخۆی ئیسپانی،پارتی گەلی راستگەرای دەسەڵاتدار کە لەو خولەی پەرلەماندا خاوەند ١٨٦ کورسی بوو، بە توندی دژ بە گشتپرسییەکە بوو، پارتی سۆسیالست –ئۆپۆزسیۆن "چەپی ناوەند" خاوەند ١١٠ کورسی و دژ بە گشتپرسییەکە بوو، چەپی یەکگرتوو (شیوعی –سەوز) ١١ خاوەند کورسی لە گەڵ راپرسییەکەدا بوو،پارتی نەتەوەیی باسکەکان خاوەند ٧ کورسی پشتیوانی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان بوون ، بەشێوەی گشتی سەرجەم پارتە چەپ و پارتە ھەرێمییەکانی باسک ، بلنسیە ، جالیکی و ئەندەلوسی پشتیوانی سەربەخۆیی کەتەلۆنییەکان بوون، بەمەش ھێزە سیاسییەکان بوونە دوو بەرەی لایەنگرو نەیار، وەلێ پارسەنگ بەلای ھێزەکانی دژدا دەشکایەوە.


دوای شکستی راپڕسییەکە دوو ھەڵبژاردن (ئیسپانی و کەتەلۆنی ) ئەنجامدرا( لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ، ١٨ی یۆنی پەرلەمانی ئیسپانیا لە ٢٠ی دیسەمبەری ٢٠١٥ و ٢٦ی یۆنی ٢٠١٦) و پارسەنگی ھێزەکانی گۆڕی، لە ناوخۆی کەتەلۆنیا سەربەخۆ خوازە دەسەڵاتدارەکان کە بە لیستی پێکەوە بەرەو بەڵێ (Convergence and Union (CiU) ) بەژدار بوون (( لیستەکە لە چوار پارتی سیاسی کەتەلۆنی پێک ھات کە بریتین لە : Democratic Convergence of Catalonia (CDC) ٤١٪، Esquerra Republicana de Catalunya (ERC) ٢٧٪، Democrats of Catalonia (DC) ٥٪، Moviment d'Esquerres (MES) ٣٪، Independents ٢٤٪)، ھەرچەندە ھاوپەیمانیان دروست کرد و ژمارەیەک زۆر خەڵکی نا حیزبیان ھێنایە ناو لیستەکەیانەوە، وەلێ ژمارەکەی کورسییەکانیان لە ٧١ کورسییەوە بۆ ٦٢ کورسی دابەزی ، ھاوکات دەنگەکانیشیان ٤،٨٢٪ دابەزی ، لە بەرامبەردا دوو پارتی نەیاری راستی توند و چەپی رادیکاڵی توندی لایەنگری سەربەخۆیی دەنگەکانیان سەرکەوت ، ئەوانیش پارتی ھاووڵاتیانی راستگەرای نەیار Citizens–Party of the Citizenry (C's) ژمارەی کورسییەکانی لە ٩ کورسییەوە بۆ ٢٥ کورسی بەرز بووەوە رێژەی دەنگەکانیشی ١٠،٣٣٪ چووە سەر، ھاوکات پارتی چەپگەرای کوپ لایەنگری توندی سەربەخۆیی ژمارەی کورسییەکانی لە ٣ کورسییەوە بۆ ١٠ کورسی بەرز بوەوە،رێژەی دەنگەکانیشی ٤،٧٣٪ بەرز بوەوە.


لە سەر ئاستی ئیسپانیاش ھەردو پارتی گەل و سۆسیالست ژمارەی کورسییەکانیان دابەزی (پارتی گەلی دەسەڵاتداری راست ٤٩ کورسی و سۆسیالست ٢٥ کورسیان لە دەستدا) و دوو ھێزی دیکە بەناوی پۆدیمۆس چەپ و سیودانۆس راست ھاتنە پێشەوە ، کە یەکەمیان پشتیوانی پرۆسەی گشتپرسیی دەکات، بۆخۆشی لەسەر بنچینەی کۆبونەوەی گشتی (دیموکراسی راستەوخۆ) بڕیارەکانی دەدا و کۆنگرەکانی دەبەستێت، دووەمیشیان سەرسەختانە دژە، ھاوکات پارتی چەپی کۆماری کەتەلۆنیش بە ھێنانی ٩ کورسی کەوتە پێش پارتی نزیکایەتی دیموکراسی کەتەلۆنی راستگەراوە کە ٨ کورسی ھێنایەوە).


لە ٩ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ ، پەرلەمانی ھەرێمی کەتەلۆنیا بە زۆرینەی ٧٢ دەنگ لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنی، نەخشە رێگای سەربەخۆیی کەتەلۆنیای بۆ ساڵی ٢٠١٧ پەسەندکرد وەک لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا پەیمان درابوو، بەمەش ئەنجامدانی گشتپرسیی و راگەیاندنی سەربەخۆیی بووە کاری یەکەمی حکومەتی کەتەلۆنی.


دوای ٣ مانگ لە ھەڵبژاردنەکان ، دوای ململانێیەکی توند ، دەنگنەدانی کوپ بە ماس وەک سەرەک وەزیران بەھۆی سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پیادە کراو لەسەردەمی ئەو، مەترسی ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردن و پێک نەھێنانی حکومەت بووە رۆژەف، بەھۆی ئەوەی ١٠ کورسییەکەی کوپ لە نێوان سەربەخۆ خوازان و دژبەرانییەوە رۆڵی مەلیکی دەگێڕ، تا لە ٢٧ی دیسەمبەر رێکەوتن کرا بە مەرجی گۆڕینی ماس ،پەرلەمانی کەتەلۆنیا "کارلس بیجیدمنت".


بە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمەکە ھەڵبژارد ،ناوبراو پارێزگاری پێشوی شاری جیرۆنا بوو ، ھەرچەندە ئەویش سیاسەتی تەقەشوفی ئابوری پەیرەو کرد لەو شارە،کوپ لە بەرامبەر پشتیوانییەکەی لە حکومەتی کەتەلۆنی کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەست ھێنا لەوانە (ئاسانکردنی مافی پەنابەری ، کارەبای خۆڕایی بۆ ھەژاران، بیمەی تەندروستی ، جێبەجێکردنی یاسای خوێندن و .... ).


دوای پێک ھێنانی حکومەت و بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانەوەی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی ، لە ٩ی یۆنی ٢٠١٧ بڕیاری گشتپرسیی دووەم درا لە ١ی ئۆکتۆبەری ھەمان ساڵ ، وە سەربەخۆیش لە دوای سەرکەوتنی بەڵێ لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٨ ((پرسیارەکە کە بە ھەر سێ زمانەکەی ناو کەتەلۆنیا چاپ دەکرێت " ئیسپانی و کەتەلۆنی و ئارانیس".


" چاپ دەکرێت و دەپرسێت " ئایا دەتەوێت کەتەلۆنیا لە شێوازی کۆماری کەتەلۆنیا سەربەخۆ بێت"، واتا بەرشەلۆنییەکان جەژنی سەری ساڵیان تایبەت دەبێت ئەمساڵ و دەیکەنە دوو جەژن.


پەرلەمانی کەتەلۆنی یاسای پەرلەمانی ھەموار کردەوە بە شێوازێک ھەر یاسایەک یەک خوێندنەوەی بۆ بکرێت و تێپەڕێنرێت بە گفتوگۆیەکی کەمەوە ، کە چەپەکان ئەمەیان پێ نا دیموکراسییە، ئەمەش بۆ ئەوەی یاسای راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنوسین لە پەرلەمان دەرچێت، کە ماوەیەک کەم ماوە بۆ یەکی ئۆکتۆبەر و ئەنجامدانی گشتپرسیی.


راپرسیەکان لە ئێستادا دەریدەخەن ئەمجارە زۆرینە لە نێوان ٦٤ بۆ ٧٠٪ی ھاووڵاتیانی کەتەلۆنی بەشداری راپرسییەکە دەکەن، واتا نزیک بە دوو ھێندەی جاری پێشوو، کە ئەمە خاڵی لاوازی گشتپرسیی پێشوو بوو، شکستەکەش لە کەمی بەشداربوانەوە بوو، نەک رێژەی بەڵێ کە گەیشتە زیاتر لە ٨٤٪.


لایەنگران پارتە دژبەرەکان گشتپرسیی لە ھەرێمەکە ئەمجارەش بایکۆت دەکەن و بەشداری دەنگدانەکە ناکەن، نموونە لەناو ئەندامان و لایەنگرانی ٣ پارتی نیشتمانی لە ھەرێمەکە تەنھا (پارتی گەل ٥،١٪، سیودانۆس ٧،٨٪، پارتی سۆسیالستی کەتەلۆنی ١٧٪) بەشداری راپرسیەکەی یەکی ئۆکتۆبەر دەکەن.


دادگای ئیسپانی ھەر جۆرە گشتپرسییێکی مولزەم و نا مولزەمی رەتکردەوە، سکاڵای یاسایی حکومەتی ئسپانیای پشت راستکردەوە ، رایگەیاند راپرسی ناکرێت ،ئەمەش وا دەکات گشتپرسییەکە لای ئیسپانییەکان نا یاسایی و لە دەرەوەی یاسا بێت ، بۆیە ئیسپانییەکان دان بە ئەنجامی گشتپرسییەکە نانێن ، وەلێ دوو شت رۆڵ دەگێڕێت بۆ سەرکەتنی راپرسی ئەمجارە ، زۆری رێژەی بەشداری و بەرزی رێژەی بەڵێ ، گرەوەکە لە ئەنجامەکەیە نەک ھەڕەشەکان ئێستا.

نەیارانی گشتپرسیی و سەربەخۆیی کەتەلۆنیا.


ئەوە نەبوو تەنھا راستگەراکان و سۆسیال دیموکراتە خیانەتکارەکان دژ بە ویستی گەلی کەتەلۆنی بن لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆی بە مەلیکی ئیسپانیا فلیپی شەشەمیشەوە، پارتی گەلی پارێزگار و سۆسیال دیموکرات و لیبراڵەکان دژ بە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا خۆپیشاندانیان کرد، لایەنگرانی سەربەخۆییخوازانیان بە کودەتاچی ناو بردو رایان گەیاند کەتەلۆنیا ئیسپانییە رێگا بە جیابونەوەی نادەن، ھەموو باڵەکانی لیبراڵی سەرمایەداری دژ بە سەربەخۆیی گەلانی کەتەلۆن و باسک و گالیس و بلنسیەو ئەندەنوسیان بۆ دامەزراندنی کۆمارەکانیان.


لەسەر ئاستی دەرەوەش نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و پەیماننامەی ناتۆ دژ بە گشتپرسیی کەتەلۆنیا وەستانەوە ، یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند ئەوەی جیا بێتەوە لە وڵاتێکی ئەندام لە داھاتوو بەشێک نابێت لە یەکێتی ئەوروپا و پەیمانامەکانی یەکێتی ئەوروپا نایان گرێتەوە، ناتۆش ھەمان ھەڕەشەی دوبارە کردەوە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئامادە نەبوو بەشداری لە پرۆسەکە بکات، ھەموو کەتەلۆنیەکانیان تەنیا جێ ھێشت، چونکە بۆ بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپرسی گەلان بۆ سەربەخۆیی پێویستی بە رەزامەندی وڵاتی ناوەندییە، ئەویش ئیسپانیا بە توندی دژ بەو بڕیارەیەو ھەڵوێستێکی نەیارانەی توندی گرتۆتە بەر.


پێشتریش ئیسپان و یەکێتی ئەوروپا ھەمان ھەڵوێستیان لە ھەمبەر ھەوڵی باسکییەکانی ئیسپانیا گرتە بەر، ئەوە بوو لە ٢٥ ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٠٨ ، باسکییەکان ویستیان راپرسی ئەنجام بدەن، دوای ئەوەی ٣٤ پەرلەمانتاری ھەرێمەکە بە بەڵێ لە بەرامبەر ٣٣ دژ و ٧ دەنگیان نەدا براوە دەرچوون لە ناو ھۆڵی پەرلەمانی ھەرێمەکەیان، بڕیاری گشتپرسییان دا ،وەلێ دادگای باڵای ئیسپانی رێگای نەدا گشتپرسیی ئەنجام بدەن، دواتر دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤیش لە شوباتی ساڵی ٢٠١٠ ەدا پشتیوانی لە دادگای باڵای ئیسپانی کرد و ئەنجامدانی گشتپرسیی رەتکردەوە، باسکییەکانیش پاشەکشەیان کرد لە داواکارییەکەیان، وەلێ کەتەلۆنییەکان کۆڵیان نەد، وێڕای ھەموو ئاستەنگی و رێگرییەکان تا ئێستا مکوڕن لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیی و جیابونەوە، ئەمەش دەرگا بۆ گەلانی دیکە وەک باسک و گالیسیا و بلنسیەو ئەندەنوسەکان و ..... دەکاتەوە، چاوەڕوانی کەوتنی پولی دۆمینەکە بن .

کوپ و راپرسی .


پارتی یەکبونی گەل لە ١٤-١٢-١٩٨٦ دامەزراوە، خاوەنی ٣٨٢ کورسی لە کۆی ٩٠٧٧ کورسی شارەوانییەکانی کەتەلۆنیا و ١٠ کورسی لە کۆی ١٣٥ کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیایە، ١٩١٢ ئەندامی ھەیە دووەم بچوکترین پارتی ھەرێمەکەیە لە دوای پۆدیمۆس لە روی ئەندامگیرییەوە ،ناوەکەی لە ناوی ھاوپەیمانی یەکبونی گەل بە سەرۆکایەتی سلفادۆر لیندی سەرۆک کۆماری شیلیەوە ناو نراوە، رێکخستنێکی دژ بە سەرمایەدارییە، بڕیارە گرنگەکان بە دەنگدانی ھەموو ئەندامان و کاندیدە ھەڵبژێردراوەکانی دەدرێت ، باوەڕی بە دیموکراسی تەشارکی ھەیە، خەبات دەکات بۆ کەتەلۆنیایەکی سەربەخۆی سۆسیالستی ژینگە پاک، دژ بەوەیە موچەی تایبەت بدرێت بە سیاسییەکان و مرۆڤ لەسەر سیاسەت بژێت ، چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی خەباتکاران لە پێناو (( سەربەخۆیی کەتەلۆنی، داکۆکی لە مافی کرێکاران، داکۆکی لە زەوی ، زمان، ناسنامەی نیشتمانی، دژایەتی باوک سالاری))، کوپ بەھۆی خەباتی دژ بە سیاسەتی تەقەشوف بە زۆر دەرکردن لە ماڵەکانیان توانی لە ماوەیەکی کورتدا رێژەی دەنگەکانی لە ٠،٦٥٪ لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە کە بۆ یەکەمجار توانی ٢٠ کورسی شارەوانی بباتەوە ، بەرز کردەوە بۆ ٢،١٦٪ لە ساڵی ٢٠١١، ٧،١٤٪ لە ساڵی ٢٠١٥، بۆ پەرلەمانی ھەرێمەکەش لە ٣،٤٨٪ی دەنگەکان و ٣ کورسی کە بۆ یەکەمجار چووە پەرلەمانی ھەرێمەکەوە لە ساڵی ٢٠١٢ ، بۆ ٨،٢١٪ی دەنگەکان و ١٠ کورسی پەرلەمانی کەتەلۆنیا ، ھەڵبژێردراوانی ناتوانن دوجار خۆیان کاندید بکەنەوە ، بەھۆی شێوازی بڕیاردانەوە و رێکخراوەییەوە پێیان دەڵێن زاباتێستە شارنشینەکان تشابایس ، بەھۆی ئەوەی کەتەلۆنیا خاوەند کلتورێکی گەورەی ئانارشیزم و تەحەرری و تعاونی یە ، بۆیە زەمینە لەبارە بۆ گەشەکردن و جێکەوتنی شێوازی کارکردنیان لە کۆمەڵگادا.


کوپ زۆر بە توندی پشتیوانی لە راپرسی و جیابونەوەی کەتەلۆنیا دەکات، ھاوکات بەشداری ھیچ ھەڵبژاردنێکی ئیسپانی ناکات و کاندید پێشکەش ناکات، چالاکی سیاسی ئەو لەناو جوگرافیای کەتەلۆنیا و ئەو ھەرێمانەیە کەتەلنییەکانی تێدا دەژێن وەک فالیسیا.

بۆ گشتپرسیی یەکی ئۆکتۆبەر . کوپ لە ژێر دروشمی ( یاخی بوونەوە لە ئیسپانیا ، مافی چارەی خۆنوسین ، کۆماری کەتەلۆنیا) ھەڵمەتی پشتیوانی لە گشتپرسیی و سەربەخۆیی کەتەلۆنیای دست پێکرد،بەرەو کۆماری کەتەلۆنیای سۆسیالستی، کوپ لە لایەن بەشێک لە چەپەکانەوە تاوانبار کرا بەوەی پاشکۆی دوو پارتە بۆرجوازییە دەسەڵاتدارەکەیە، بەتایبەت حیزبی سەرەک وەزیران کە پارتێکی راستگەرای پارێزگارە و سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری سەپاند بەسەر گەلی کەتەلۆنیا.


کوپ لە کاتی دەنگدان بە کابینەی حکومەتی کەتەلۆنیا ، سێ مانگ راگەیاندنی کابینەکەی دوا خست ، رایگەیاند دەنگدان بە ئەرتۆر ماس مردنی رێکخراوە، ھاوکات دەنگدان بە نا مردنی سەربەخۆیییە ، بۆیە وەک ئاماژەمان پێ د، سەرەک وەزیرانی گۆڕی و کۆمەڵێک دەستکەوتی لە پێناو ھەژاران و قوتابیان و پەنابەران و خانەنشینان وەدەست خست لەبەرامبەر سازشی دەنگدان بە کاندییدی راستی پارێزگار، لەھەمان رێکەوتن رایان گەیاند تا سەپتەمبەری ٢٠١٧ پێویستە گشتپرسیی سەربەخۆیی بکرێت.


کوپ پێی وایە ،ئەگەر سەربەخۆیی ئەمجارە نەبێت، ئەوا بۆ دە ساڵی داھاتوو قسەو باس لەسەر سەربەخۆیی نابێت، بۆیە دەبێت بۆ بەدەستخستنی سەربەخۆیی لەگەڵ ھەمووان رێ بکەین.

پشتیوانانی گشتپرسیی و ھەڵوێستە دژەکان لەسەری.

چالاکوانانی چەپی رادیکاڵ پێیان وایە، پێویستە چەپەکانی ئیسپانی پشتیوانی لە مافی گشتپرسیی کەتەلۆنییەکان بکەن دژ بە سەرکوتی حکومەتی راستگەرای ئیسپانی، ئەوان دەڵێن ئیسپانیا کراوەتە زیندانی بۆ گەلانی بن دەستی ئیسپانیا.


دژبەرانی سەرمایەداری ئیسپانی و کەتەلۆنی داوا دەکەن پشتیوانی لە سەربەخۆیی کەتەلۆنیا بکرێت وەک مافێکی دیموکراتی و ویستی زۆربەی کەتەلۆنییەکان، ھەرچەندە ئەوان رەخنە لە حکومەتی ھەرێمی کەتەلۆنیا دەگرن کە سیاسەتی تەقەشوفی ئابووری پیادە دەکات و بەرژەوەندی ھەژاران نا پارێزێت، ھەرێمەکەیان کردۆتە تاقیگای دابەزاندن.


جگە لە پارتی چەپگەرای پۆدیمۆس و حیزبی شیوعی ئیسپانی کە لە لیستی پێکەوە دەتوانین یەکیان گرتووە ، کە ئەمانیش دوو بۆچونیان ھەیە، بەشێکیان لە گەڵ جیابونەوەن ، بەشێکی دیکەشیان لە گەڵ ئەوەن مافی زیاتریان بدرێتی لەوەی ئێستا ھەیە، وەلێ ھەموو لەسەر مافی ئەنجامدانی گشتپرسیی کۆکن، پۆدیم لقی کەتەلۆنیای پۆدیمۆس رایگەیاند پشتیوانی لە گشتپرسیی دەکات، جیاوازیان لە گەڵ ھیزەکانی سەربەخۆیی ئەوەیە باوەڕیان وایە دەنگدان مولزەم نییە، ھاوکات ناڕازین لە راگەیاندنی سەربەخۆیی یەکسەر دوای گشتپرسیی.


پۆدیمۆس و بەرەی چەپ(شیوعی-سەوز) داوای گۆڕینی دەستوریان کرد بەوەی بتوانن گشتپرسیی بکەن ، کە ئەمەش خەونە بەھۆی ھەڵوێستی دوژمنانەی پارتە نیشتمانییە راستگەراو سۆسیال دیموکراتەکانەوە بە تایبەت نیو لیبراڵەکانی سیودانۆس لەسەر پرۆسەی گشتپرسیی و جیابونەوە.


ھاوکات سەرجەم پارتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ئەو گەلانەی خواستاری جیابونەوەو پێک ھێنانی کۆماری سەربەخۆن و دەیانەوێت رزگاریان بێت لەو سستەمە سیاسییەی پاشایەتی ئیسپانی خولقاندویەتی بۆیان پشتیوانی لە پرۆسەکە دەکەن و بە وردی چاودێری دەکەن تا بە دوایدا ھەنگاو بنێن.


کەتەلۆنییەکانیش لە لایەن پارتە ئیسپانی و ئەوروپیەکانەوە بەرەو روی رەخنە لە کات بونەوە گرترا لە ئەنجامدانی گشتپرسیی ، بە ھۆی کێشەکانی تیرۆر لە جیھان و بەرز بونەوەی کێرڤی پارتە پۆپۆلیستەکان و قەیرانی ئابووری و حکومەتی کەمایەتی دەسەڵاتدار و ئەگەری ھەڵبژاردنی سەرانسەری لە ئیسپانی، وەلێ ئەوان مەبەست کەتەلۆنییەکانە کاتیان پێ درەنگە و ٣٠٣ ساڵی ژێر دەستەیی دەیانەوێت کۆتایی پێ بھێنن.

سەرمایەدارانی کەتەلۆنی و سەربەخۆیی.

بە پێی راپرسیەک کە رۆژنامەی بەناو بانگی بایسی ئیسپانی بڵاوی کردۆتەوە، ٧٤٪ی سەرمایەدارانی ئیسپانی ترسیان لە جیابونەوەی کەتەلۆنیا ھەیەو پێیان وایە زیان بە ئابوری ئیسپانیا دەگەیەنێت، بە پێی ھەمان راپرسی تەنھا ٤٣٪ی سەرمایەدارانی کەتەلۆنی لەگەڵ سەربەخۆیدان، بەھۆی بەرژەوەندییە ئابورییەکانیانەوە زۆرینە لە گەڵ مانەوەدا لە زیندانی ئیسپانیا.


کەتەلۆنیا ھەرێمێکی پێشکەوتوو نزیک ٢٠٪ی ئابووری وڵات پێک دەھێنێت و ساڵانە ٨ ملیۆن گەشتیار تەنھا خۆی دەکات بە شاری بەرشەلۆنەداو ٧٥ ملیار دۆلار قەرزیان ھەیە .


بەرشەلۆنییەکان چاویان لەوەیە دوای سەربەخۆیی، وڵاتێک پێک بھێنن باجی کەم بسەپێنێت بەسەر کۆمپانیاکاندا وەک وڵاتانی چەشنی ئێرلەند، بەمەش سەرنجیان رابکێشێت بۆخۆی.


فایناشنال تایمز لەسەر زاری سەرەک وەزیرانی کەتەلۆنیاوە نووسی راخۆی سەرەک وەزیرانی ئیسپانیا سەربەخۆیی ئابوری زیاتری داوە پێمان لە بەرامبەر ئەنجام نەدانی گشتپرسیی، کەتەلۆنیا پێنج یەکی ئابوری ئیسپانیا بەرھەم دەھێنێت، وەلێ تەنھا ٩،٥٥ بودجەی وڵاتی پێ دەدرێت،ئیسپانیا دەزانێت پولی دۆمینەکە لە کەتەلۆنیا راناوەستێت و ھەرێمەکانی دیکەشی بە دوادا دێت ، بەڵکانێکی دیکە لە باشوری ئەوروپا چاوەڕوانیان دەکات، بەڵکانی پارچە پارچە بوون نەک جینۆساید.


ئیسپانیا ئێستا ١٤ەمین ھێزی ئابوری جیھان و چوارەمی ئەوروپایە ، ئەوکات پلەبەندییەکەی بۆ شانزە دادەبەزێت و بەرشەلۆنەش لە نێوان ٤٢ ەمین و ٤٣ یەمین ژمارە خۆی دەگرێتەوە، ھاوکات لەناو یەکێتی ئەوروپاش لە روی نوێنەرایەتی و قەبارەوە دادەبەزێتە خوارەوە، سەنگ و ھێزی جارن لە دەستە دات.

ھەنگاوەکان بەرەو گشتپرسیی.

حکومەت ھەڕەشە لە ھەموو بەرپرسان و کارمەند و کرێکارانی کەرتی گشتی دەکات ، بەشداری لە گشتپرسیی بکەن لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە، لای خۆشییەوە کەتەلۆنییەکان گشتپرسییێکی یاسایی تەندروست ئەنجام دەدەن و بڕیار وایە لە پێش پایز یاسای گشتپرسیی و سەربەخۆیی لە پەرلەمان پەسەند بکرێت ، بۆ ئەو مەبەستەش یاسای پەرلەمانیان بەشێوەیەک ھەموار کردۆتەوە ، بە یەک خوێندنەوە یاساکە دەنگی لەسەر بدرێت ، ئەوان دەزانن دوای جیابونەوە چی دەکەن، بەرنامەی راگەیاندنی کۆماریان ھەیە تەنھا لە دوای دوومانگ لە گشتپرسییەکە.


بۆ ئەوەی ناو ماڵ خۆیان رێکخەن و پێگە لەناوەوە بەھێز بکەن ،لە ١٤ی تەموز سێ وەزیریان لە کابینەی حکومەتی خۆ جێیی گۆڕی بۆ ئەوەی ھێڵی سەربەخۆیی بەھێزبکەن، ئەوانەی دودڵن دوریان بخەنەوە،لە ١٧ی تەموزیش سەرۆکی پۆلیسی ھەرێمەکەیان ناچار کرد دەست لەکار بکێشێتەوە، چونکە پێیان وابوو دودڵە لە پشتیوانی گشتپرسیی، لە بری ئەو بیر سولەر کرا بە فەرماندەی پۆلیسی کەتەلۆنیا کەسێکی نەتەوەییە، فەرماندەی ١٧ ھەزار پۆلیسی ھەرێمەکە دەکات.

روداوە خوێناویەکە و گشتپرسیی.


حکومەتی ناوەندی دەیەوێت تەقینەوە خوێناوییەکەی کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ١٧ی ئابی بەرشەلۆنە کە ١٥ قوربانی و ١٢٦ برینداری لێکەوتەوە کە ھاووڵاتی ٣٠ وڵات بوون بقۆزێتەوە بۆ رێگرتن لە گشتپرسیی ، ھەڵمەتی یەکگرتن بەرامبەر تیرۆری راگەیاند کە لە راستیدا ھەڵمەتە بەرامبەر ریفرندۆم و سەربەخۆیی .


بڕیار وایە پادشای وڵات فلیپی شەشەم بەشداری رێپێوانی ناترسم لە بەرشەلۆنە بکات، کە ئەمە یەکەم جاریشە لە دوای گەڕانەوەی پاشایەتی بۆ عەرش لە ساڵی ١٩٧٥ەوە بەشداری وایان ھەبێت لە کەتەلۆنیا ، وەلێ پادشاو بەرپرسان ئەمجارە لە پێشەوەی رێپێوانەکە نین ، ئێرە بەرشەلۆنەیە دوا بەشداری پادشایەتییە لە چالاکییەکانی،خاوەند ماڵ نییە و لە ریزی پشتەوەیە ،سەرۆکی چەپگەرای شارەوانی بەرشەلۆنە رایگەیاند ، نوێنەری رێکخراوەکان، کۆمەڵەکان ئەوانەی گرنگیان بە روداوەکە د، لە شۆفێری تەکسییەکانەوە بۆ دوکاندار و خاوەند چێشتخانەکان گوڵ فرۆشەکان لە پێشەوە دەرۆن.


رێپێوانەکە بۆنی کۆتایی تەمەنی پادشایەتی لێدێت لە کەتەلۆنیا ، کەتەلۆنییەکان نەترسانە وەک رێپێوانی ناترسین دوا بزمار لە نەعشی پادشایەتی دەدەن و بە سەرپەرشتی خەڵک بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆن.

 

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک