١٨\٣\٢٠١٦
کەتواریبوونی چەپ
و نازیۆنالیستەکان.
هەژێن
ئەگەر سەرنجی پاگەندەی چەپەکان و نازیۆنالیستەکان بدەین، دەبینین کە
هیچ کەس هێندەی ئەوان واژەی کەتوار [واقیع] و کەتواریبوون [واقیعیبوون]
بەکارنابات و نایکاتە دێوجامە بۆ شاردنەوەی بۆچوون و تێڕوانین و
پاگەندە ناکەتوارییەکانی خۆیان.
ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣ لەنێو لیستی داخوازییەکانی کۆمیتەی مەراسیمی ڕۆی ٨ی
مارچ لە سلێمانی و هەولێر کۆمەڵێك داخوازیی لەنێو داخوازییەکانی ئەو
ڕۆژە هەبوون، کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق
نەبوو، لەوانە : داخوازی "پشووکردنی ڕۆژی ٨ی مارچ"، کە لە عیراق بەخۆی
پشوو بوو، بەڵام لە ئێران ئەو ڕۆژە پشوو نەبوو، هەر ئاوا داخوازی "نەهێشتنی
بەندی یاسایی زۆرەملێی سەرپۆش و پۆشاکی ئیسلامی"، کە لەنێو یاسای عیراق
بوونی نەبوو و سەرپۆش و پۆشاکی ئیسلامی زۆرەملێی نەبوو و پەیوەندی بە
خودی کەسەکانەوە هەبوو. کەچی ئەو دوو ساڵە ئەو داخوازییانە کرابوون بە
داخوازی سەرەکیی مەراسیمەکان و لە سەرەوەی لیستی داخوازییەکان
دانرابوون!
ئێستاش کە خەڵك نان نییە بیخوات، هەر ئەو چەپانە چ لەنێو پارتییە
کۆمونیستەکانی خۆیان و چ بە ڕەوکردنیان بۆ نێو بزووتنەوەی
نەوشیروانییەکان یا گەرانەوەیان بۆ باوان "ڕەوتی دابڕان" و چ بە
گەڕانەوە بۆ پووچگەرایی ئایینی زەردەشتی، خەریکی لێدانەوەی هەمان
قەوانی جارانن بەناوی "واقیعیبوون".
هەموو کەس دەزانێت، کە لە هەرێمی کوردستان بۆرجوا-نازیۆنالیستەکان
فەرماندارن نەك بۆرجوا ئیسلامییەکان، لەبەرئەوە پەلاماردانی ئایینی
ئیسلام، بێجگە لە خاترجەمکردنی فەرماندارە بۆرجوا-نازیۆنالیستەکانی
کورد هیچی دیکە نییە. چونکە لەم ڕۆژگارەی جیهانیبوونەوەی نەزمی نوێی
بازار و زاڵیی زلهێزە ئەوروپی و ئەمەریکییەکان، ئیسلامگەرایی
کۆڵەکەیەکی زۆر لاوازی سیستەمی چینایەتییە و تەنانەت لەبەر هەندیك
ڕێگریی و ناکۆکیی لەتەك نەزمی نوێی بازاری سەرمایەداریی وەك ڕێگر
لەبەرچاودەگیردرێت، بە پێچەوانەی ئەوەوە نازیۆنالیزم و ڕایسیسزم لە
هەموو وڵاتانی جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە کۆڵەکەی سەرەکی
پشتئەستووریی دەسەڵاتداران و سیستەمە و جەماوەریکەرەوەی فاشیزمی
دەوڵەتن. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی بژی بژیکردنی دەوڵەتی ئاڵمانیا
لەتەك نیئۆنازییەکان و هەروەها بەشداری چالاکانەی ڕەیسیستە یۆنانییەکان
شان بە شانی پۆلیس بۆ لێدانی خۆنیشاندەران، بدەین.
بەبۆچوونی من، ئەنتی ئیسلامیبوون ئەو کەسانەی بەرەو پڕۆدەسەڵاتبوون
بردووە و ناچاریکردوون بۆ هاریکاری و هاوبەرەیی خۆیان لەتەك
دەسەڵاتداران پاساوبهێننەوە و هەر وەك پێشتر بکەونە بیانوو داتاشین
بەناوی کەتوار [واقیع] بۆ چوونە بەرەی دەسەڵات دژی لایەنێك یا ئایینێك،
لە کاتێکدا ئایینێکی زۆر مەترسیدارتر هەیە؛ فاشیزم، کە ئایینی دەوڵەتە
و هەم زەمینەسازی دەوڵەتە و هیچ دەوڵەتێك بەبێ جەماوەرییکردنەوەی ئەو
ئایینە [فاشیزم] توانای مانەوە و ڕاگرتنی کۆیلەیی چەوساوانی نییە.
هەڵبەتە هۆکاری گەڕانەوەی چەپە ئەنتی-سەرمایەداری و ئەنتی-ئیسلامەکان
بۆ ئامێزی نیئۆجەلالییەکان [نەوشیروانییەکان و دابڕان] ئەوەیە، کە
ئەنتی-بوون ناکاتە ڕەتکردنەوەی خۆهوشیارانەی سیستەمێك یا ئایین و
دیاردەیەك، ئەنتی-بوون تووڕەبوونی نەزانانە و ناهوشیارانەیە لە شتێك و
زۆر لە ڕەتکردنەوەی هوشیارانەی پشتئەستوور بە زانیاری [مەعریفە] و
دەرکی شۆڕشگێڕانە جیاوازە؛ کەسانێك کە لە ڕەدوکەوتنی قەرەباڵخییەوە
دەبنە هەر شتێك، سەرەنجامیان گەڕانەوەیە بۆ باوان پاش پووکانەوەی ڕەوتە
باوەکەی ڕۆژگار. لەو بارەوە دەتوانین سەرنجی میدیای دەسەڵاتی بۆرجوازی
هەرێمی کوردستان یا سەرنجی ڕەوتەکەی نەوشیروان موستەفا و مەلا بەختیار
بدەین، ئایا زۆرینەی قسەکەران و پاگەندەکەرانیان چەپەکانی دەهەی هەشتا
و نەوەدی سەدەی ڕابوردوو نین؛ ئەوانە نین کە ئەنتی نازیۆنالیزم و ئەنتی
سەرمایەداری بوون؟
دیسانەوە ئەوەش سەرەنجامێکی سروشتیی ئاوا ڕەوتکردنێکە، چونکە هەر کەس
بۆ گۆڕینی بارودۆخێك هەبوونی "پارتیی پێشڕەو" و "ڕابەری ئایدیۆلۆجی"
بکاتە پێشمەرج و پێداویستی، کاتێك کە "پارتیی پێشڕەو" و "ڕابەری
ئایدیۆلۆجی" هیچ دەردەچن، ئیدی ناچارە لە دووی ڕەوتێکی دیکەی
سەروەریخوازانە و ڕێکخستنێکی دیکەی قووچکەیی و شوانەیەکی دیکەی ڕامیار
بگەرێت، تاکو جێگەی "پێشڕەو"ە پووچەڵبووەکەی بۆ بگرێتەوە؛ تاکو لەجیاتی
ئەو بیربکاتەوە و لەجیاتی ئەو بڕیاربدات و ئەویش خاترجەم لەتەك حەشامات
دروشمەکانی "ڕابەر" بڵێتەوە و لە پاڵ ئەوەشدا کەمێك مشەخۆریی بۆ خۆی
مسۆگەربکات.
لەبەرئەوە، بە بۆچوونی من، مەترسی ئەوانەی کە دەبنە ئەنتی-نازیۆنالیزم
و ئەنتی-ئایین بۆ فریودانی خەڵکی ناهوشیار و هەڵخڕاندنی فاشیزمی
جەماوەریی لەنێو چەوساوان، زۆر لە مەترسی خودی سەران و ئیدئۆلۆگەکانی
نازیۆنالیزم و بە ئایدیۆلۆجیکەرانی ئایین زیاترە، چونکە ئەوان [چەپەکان]
پێشتر بە کۆمەڵێك پاگەندەی وەك "سۆشیالیستبوون" و "کۆمونیستبوون"
توانیویانە خۆشەویستی و سۆز و متمانەی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات، کە
شەیدا و تینووی ڕزگاری و یەکسانی و دادپەروەرین، بۆ خۆیان ڕابکێشن.
مەترسیداربونی ئەنتی-بوون لە ئەوەدایە، کە هێزێکی ناهوشیاری ڕەدووکەوتی
ئایدیلۆجیا دروستدەکات و ڕەشەبای هەر ڕۆژگارێك بە ئاسانی دەتوانێت
ئەوان بەپێشی خۆی بدات، ڕێك هەر ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان و
لەنێو کۆچەرانی کورد خەریکە ڕوودەدات.
١٣\٣\٢٠١٦
ماڵپهڕی ههژێن
|