٢٢\٤\٢٠١٦
کێوێک لە ترس؟!

ستار محەمەد قادر
نیگاکان لەکوێ بن، بێ گومان بیرکردنەوەیش لەوێ ئەگیرسێتەوە، کورد فکری
ناوێت، عەقڵ و مەعریفە بەدووژمنی سەرسەختی خۆی ئەزانێت، ئاخر ناهەقی
ناگرم، دەبێت نان لەکوێی خوێندنەوەی کتێبدا بێت، گوی سەگی پێوە دەن!
ئەمە قسەیەکی باوە لەنێو کلتوورو فەرهەنگماندا، ئێمە تەنها تەماشای
روخسارێکی جوان و گیرفان و گەدەو خواری ئەوێوە ئەکەین، عەقڵمان وا
راهێناوە، تەنها کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ئەو سێ شوێنە بکات،
هیچ کەسێک زانیاری و زانست، نەبووە بەزەروورەت لەلای، ئەسڵەن خانەکانی
مێشکمان بەشێوەیەک سواق داوەو قوڕمان پێوەی داوە، هەر هیچ شتێک لەو
بابەتانە وەرناگرێت، بگرە شۆخی پێی دێت، ئەی نابینی کابرا هەموو کاتێک
چاوی لەسەر دیوی دەرەوەی شتەکانەو ناوەوەی فەرامۆش ئەکات!
هەر کۆمەڵگەیەکیش هەست بەدۆگما بوونی خۆی نەکات، بەردەوام بێت لەسەر
شێلانی ئەو قوڕەی کەدەرەنجام لەسەر خۆی و نەوەکانی دەنێت، چاوەڕوانی
خێری لێ ناکرێت!
کورد نە ئەیەوێت خۆی بناسێ و نەش واقیعەکەی، بۆیە ئەمە خاڵیەتی،
سەیرەکە لەوێدایە خۆی لەنەتەوەکانی تر باڵا تریش ئەبینیێت، ئاخر هەی
داماو، بەچیتەوە، تۆ خەریکە زمانەکەشت لەدەست ئەچێت، ئەویش بەحوکمی
بیرکردنەوەت، ئاخر زمانی کوردی ئێستا بۆ هەندێک شتی محەلی چڕو کورت
کراوەتەوە، چاک و چۆنیەکی زۆر بێ مانا، چی ئەکەیت و مووچەکەت چەندەو
چەند خانووت هەیەو بەقووربانت بم و برای گەورەو بەرێزیت، ئەمە پووختەی
زمانی کوردییە، ریسێرجێک بکەن، بزانن ئەو زمانە دەوڵەمەندە چی بەسەر
هاتووە بەدەستی ئەو خەڵکەوە!
یان کابرا قسە بەحوکمەت و حزبەکان ئەکاو ئەڵێت گەندەڵن، خۆی نابینێت
یەک رۆژ چەکی بۆ کوردایەتی لەشان نەناوەو مووچەیەکی حەوسەد هەزاری
وەرئەگرێ و ئەگەر پێیشی بڵێی کاکە گەندەڵی لەتۆدا بەرجەستەیەو لەتۆوە
ئیلهام وەرئەگرێ و سەرچاوە ئەگرێت، نیگەران ئەبێ و رەنگە قسەی سووکیش
بخۆیت، یان ریشێک پانی داناوەو بێ ئەوەی پێشمەرگایەتی کردبێت، بەهەمان
شێوە مووچەیەکی چەور بۆ خۆی و براکانی کراوەو دەم لەشەریعەتی ئیسلام و
خەق و ناخەق و حەڵاڵ و حەرامیش ئەکووتێت، کۆمەڵگەیەک، تەنها پێوەرێکی
زۆر کلاسیکی هەبێت بۆ ئەخلاق و لەچەمکی ئەخلاق وورد نەبێتەوە، هەر کەسە
بەمیزاجی خۆی و بۆ بەرژەوەندیی خۆی پەتەکە رابکێشێت، چاوەڕوانی چی لێ
ئەکەیت، بەدووری مەزانن ئەوانەی وا مۆڕاڵیان رێی پێ نەداون، وەکو ئەوان
بکەن، بووبن بەشوێنی سەرنجی ئەوان و پێیان بڵێن: لەکاروان بەجێ ماون،
ئاحر رەنگە لەوێدا راست بکەن، ئەی عارەب ناڵێت: الحشرو مع الناس عید ؛
ون، ئەگەر حەشاماتێک سەرقاڵی کاولکردنی بونیادی کۆمەڵگەیەک ببن، لەکوێ
بەکەمینەیەکی داماو ئاوەدان ئەکرێتەوە، تا نیگاکان ئەوە ئاراستەیان بێت
و بیرکردنەوەکان دووژمنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و هۆشیاریی تاک ببن،
نەسرەوتن تا وێرانکردن و سڕینەوەی هەموو بەهاکان، سەرکەوتنیش کاتێ
سیماکانی دەرئەکەوێت، کەدەستمان لەبنی هەمانەکەوە پێمان بڵێت: ئای چ
میللەتێکی بەستە زوبان و داماوی سەر ئەم هەسارەیە بووین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|