په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٧\٢٠١٦

کەوتنی زلھێزەکان.

بەنگین پیرۆت    


ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی، ھەروەک چۆن لەڕاپەڕینی گەلانی عێراق لەبەھاری ساڵی ١٩٩١ ھێندەی حەزیان لەکودەتا بوو بەسەر سەدامدا ھێندەی حەزیان بەشۆڕش و ڕاپەڕین نەدەکرد. بەھەمان شێوە،لەساڵی ٢٠١١ حەزیان بەکودەتا بەسەر ئەسەد و موبارەک و قەزافی و بن علی و علی عبداللە و پاشا و میرەکان دەکرد نەک بەھاری عەرەبی. بۆ ئەوەی حکومڕانی ئەو ڕژێمانە،ھەمیشە ئەو ڕژێمانەبن پێویستیان بەئەمریکایە


ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاستکەرستەی گرینگن ھەیمەنی ئەمریکی بپارێزێت و ئەوروپا خۆ بەدیموکراسی بزانێت. ئەمریکا و ئەوروپاییەکان ویستی ڕوخاندنی حکومەتەکەی عێراقی سەردەمی سەدامیان نەبوو، ھێندەی ناکۆکیەکی دەولی، چین و ڕووسیا لەلایەک، ئەمریکا و ئەوروپا تای تەرازوی لایەک. ھەتا دۆخی عێراق بەو ڕۆژە گەیشت مەرامی بەرژەوەندیە سیاسیە ئابوریەکان پتەوی خۆی لەدەست بدات و نەمێنێ.


سیاسەتی دەرەکی ئەمریکی و ئەوروپی، چین و روسی پەیوەستە بە بەرژەوەندی ئابوری و کۆمپانیاکانیان، باسکردنی مافی مرۆڤ و دیموکراسی پڕۆژەیەکی نێوخۆیی و ڕاگرتنی باڵانسی ھێزی کومەڵایەتی ژیانی کۆمەڵگەکانیانە، لەسەر ئاستی جیھانیش، دیموکراسەتی ئەمریکی و ئەوروپی، وێنەیەکی دەمامکدارە. ئەوەی ئێستا لە سوریا دەگوزرێت، بەجیاوازی زەمەن و تێپەڕینی کات و سەرھەڵدانی گروھە جیھادیەکان، ململانێیەکان ھەمان کێبڕکێی پێش ڕێککەوتنی وڵاتانی براوەی جەنگ و میراتی ئیمپراتۆرە نەخۆشەکەیە.


دۆست و دوژمنەکانی دوێنێی عێراقی سەدام بۆ ڕژێمەکەی ئەمرۆی ئەسەدی سوریا ھەمان دۆست و دوژمنن، بەدووری نازانم سوریای سەردەمی ئەسەد لەدوای ئەسەد و داعش، زۆر لەئێستای عێراقی دوای سەدام وێران و خاپورتر ببێت.بەدرێژای ٣٥ساڵ لە حوکمڕای بەعسیەکان ١٩٦٩-٢٠٠٣ و بیدەنگ بونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەدامیەکان عێراقیان کرد بە کێڵگەی بەرھەمھێنانی گەرای توندوتیژی و نەوەیەکی شەڕەنگێز و توڕە و خەمۆک و تێکشکاوی لەدوای خۆیدا بەجێھێشت کە بارگاویە لەمێژوویەک ڕەنگە تا ١٠٠سەد ساڵی تر نەتوانرێت لەو ماددە سڕکەرەی شەڕ و تینو بەخوێن و کوشتار ڕزگاری ببێت. سوریای ئێستا لەژینگەیەکدا ژیان دەکات ژیان لەوێ چڵکە ھەورێکە جەنگ و دلۆپە خوێن بارانەکەیەتی.


بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشە ئابوریە سەربازیەکانیان،بەپێچەوانەی جیھانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا ھیلاکی جەنگی ناوخۆ و ئەوروپایەکانیش دوو جەنگی گەورەی جیھانی و روسیا و چینیش مێژویەک لەکوشتاری ناوخۆی و جەنگی دەرەکی ھیلاکی کردوون، بۆیە لەسیاسەتکردن ماندو نابن،سیاسەتی ئەوان، سیاسەتی دیپلۆماسیەتی دورکەوتنەوەی ئاگری جەنگە لەوڵاتەکانیان.


بەھۆی سیاسەتی سەرکوتکردنی دیکتاتۆرەکان، لەڕۆژھەڵاتی ناوین دۆخێکی وا خوڵقاوە ژیانکردنی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگە زۆر بەخێرایی لەپاشەکشەدایە گەشە کردنی درمی قەیران و ئاسەواری شەڕ، گێچەڵێکی بەھێزە مرۆڤی ئەو وڵاتانە لاواز بکات، ماددەی سڕکەر بەخۆکوژیەکی لەسەرخۆ، پێش ئاریشە دەرونی و خەمۆکیەکان کەوتووە. ژیانکردنی ئەو کۆمەڵگەیانەی لەسێبەری قەیران و لەژێر چڕە دوکەڵی شەڕەکان دان، خۆکوژی مەرجی ڕاکردنە لەژیان.


لەدۆخێکی ئاوادا، مرۆڤ چۆن بیربکاتەوە ڕۆشنایەکان ببینێت؟ چۆن بتوانێت؟ لەکاتێکدا لەوڵاتێک جومگە سەرەکیەکانی ژیان ئیفلیج بووبن؟! ئایا گێژەلوکەی بەردەوامی جەنگ و کۆچ و ئاوارە و کاولکاری مانایەکیان بۆ ژیان ھێشتۆتەوە؟ لەدۆخێکی ئاوادا، جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤ چۆن دەبێت؟ چی بەرھەم دێنێت؟ لەوڵاتیکدا پەنجەرەیەک بەکراوەیی نەبێت دەبێ ئەو مرۆڤە چی بکات و بەردەوامی ژیانەکەی چی لێدەکات؟


ئەگەر زوڵم لێکراوان نەیانتوانی بەگژ زاڵماندا بچنەوە خۆیان ئازادی خۆیان بۆ خۆیان بەدەست بێنن و خۆی،خۆی رزگار بکات چۆن خۆی بەھرەیەکی خۆی بدۆزێتەوە و وڵاتانی زلھێز بەسیاسەتی خۆیاندا نەچنەوە چۆن بچنەوە بەگژ چەوسێنەراندا؟ ئەم دۆخەی عێراق و سوریا و لیبا ئیسَتا پێیدا گوزەر دەکات ئایا جۆرێک نیە لەچەوساندنەوەی گەلانی چەوساوە؟

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک