٢٨\٥\٢٠٢٠
کە خۆت تێناگەی و
بێ توانای.. ئەوانیدی بڵێن چی!

ئەرسەلان مەحمود
كورد بۆچی پارسەنگی خەباتی سەدانساڵەو
قوربانیدانەكەی خۆی نەچنیووەتەوە، پرسیارێكە وڵامەكەی هەزارەها
خوێندنەوەی زیندوو هەزارەها توێژینەوەی بابەتی هەمە ڕەهەند دەوێ و
هەڵدەگرێ، چونكە چەندە زۆرن هۆكارەكانی ئەوەندەش هەمە چەشنن، بەڵام
ڕەنگە هەمووان لەسەر ئەوە كۆكبن گرینگترین و سەرەكیترین ئەو هۆكارانە
لەپاسیڤبوونی خۆیەوە سەرچاوە بگرن.
میللەتێك مێژووە مرۆییەكەی هەزارانساڵەبێ بەڵام هێشتا نەیتوانی بێت
تەنانەت لەسەر ئاستەكانی شاریش تێكەڵاوبێ و سەربەخۆیی زاتی خۆی
لەخۆیدا دەستەبەر بكات، هەر هۆزو تیرەو خێڵێك گەڕەك نشینێك و زۆنی
ناوچەگەرایی تایبەت بەخۆی هەبێ و بناسرێتەوە، نەتەوەیەك دوو سەت ساڵە
زیاتریش بەهەژمار حزبی هەبووبێ و خەباتی نەتەوایەتی و نیشتمانی كردبێ
و قوربانی گەورەی دابێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیبێ لەخۆیدا یەكەی
نیشتمانی هاوبەش، یەكەی نەتەوەیی هاوبەش، یەكەی زمان و گوتاری هاوبەش،
لۆبی و جالییەی هاوبەش پێكبهێنێت، كاتێ جینۆسایدو قڕ دەكرێ، كاتێ
گوێ بەداخوازییەكانی نادرێ، كەڕو لاڵی مرۆڤایەتی لەبەرامبەردا بڵێتچی؟!
مەگەر مرۆڤی كوردیش سەدانساڵە وەك باقی گەلانی تری دنیا كۆچی نەكردوەو
نەبووەتە پەناهەندەو پەڕاگەندەی دنیا نەبووە؟! مەگەر لەشێخ عوبەیدوللای
نەهرییەوە تا دەكاتە سەرۆك تاڵەبانی، زۆرینەی هەرە زۆری سەركردەی
شۆڕشەكان و تێكۆشەران، لەكەسایەتییە خاوەن تەریقەتە ئاینی و هەڵگرانی
ڕوانگەگەلی ماركسی و لینینی و چەپگەرا نەبوون، هێشتا بەبوێرییەوە
نەوێرێ لەخۆی بپرسێت حزب و حزبیەكانی لەناو كەتافی كوردایەتیدا
بەدرێژایی ئەم هەموو تەمەنە مرۆیی و سیاسیە خەریكی چیبوون، دین و دنیاو
ئایدیاو فەلسەفەو بیردۆزەكان بڵێن چی؟!
مرۆ كاتێك ئاوڕێكی خێرا لەم باسە ئەداتەوەو كەمێك بەدیقەتەوە هەڵوەستە
دەكات بەبێ ئەوەی بیەوێ درك بەوە دەكات لەشەرمیش شەرمهێنەر ترە
ئەوەیە بێیت كۆمەڵگەی دەولی بەبێباك و دڵڕەق لەهەمبەر دۆزە
نەتەوەییەكەت و دۆسییە نیشتمانییەكەت تۆمەتبار بكەیت، ئاخر هەتا ئەم
ساتەش خۆت نەسازێیت، خۆت نەگونجێیت، نەتوانی بەیەكەوە هەڵكەیت، حزب و
حزبیەكانت خۆیان بەسەر خەڵكدا بەسوڵتان بزانن و هەتا ئێستاش شەڕی
سەپاندنی ئیرادەی خێڵگەرایی بەسەر یەكتردا بكەن، زەمان و زەمینەو
تێكەوتەی قۆناغەكان و لێكەوتەی هاوكێشەكان بڵێن چی؟!
هیچ میللەتێك نییە سەربەخۆیی بەخێرو بەوەحی و لەئاسمانەوە بۆ هاتبێتە
خوارەوە، هیچ میللەتێكیش دەستەونەزەر دانەنیشتووە لەبەردەم ئاسمان
دەستپانبكاتەوەو وەها چاوەڕوانییەك بكات جگە لەعەقلیەتی
ڕۆمانسیەتگەرایی كوردایەتی نەبێت، هەردەم لەبەرامبەر ئەوەی نەهاتووەو
نەكاراوە مرۆییانە خۆی بونیاد بنێت دۆڕاندویەتی، لەوەش خراپتر لەبری
پۆزش، سیناریۆی هەڵخڕێنەری داتاشیووەو شانۆنامەی مەزڵومیەتی نمایش و
نواندووە، ئاوڕێكی خێرا بدەیتەوە هەزارەها بەڵگەی نەكۆڵیهەنەگری وەها
حەقیقەتێك دەبینیت.
هیچ ڕەمزییەت و كاریزمایەكی كارتۆنی و بەزۆر سەپێندراو لەمێژوودا
نەیتوانیووە ببێتە فریادڕەس، كەچی كورد دەیەها جار لەسەر وەها
كاڵفامییەك، لەسەر وەها منجڕی و منەمنكاری و عینادییەك، دەرفەتی
دروستبوونی یەكەی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەدەست خۆی داوە، بڕۆن
مێژووی ئەحزابی كوردی بخوێننەوە تێدەگەن لەسەر ویستی بەزۆر سەپاندنی
هەڵواسینی وێنەیەكی بارزانی لەهۆڵێكدا، چەند جار كۆبوونەوەی یەكێتیی
نەتەوەیی كوردان تێكچووەو نەیەگەیشتووەتە ئاكام بەئێستایشەوە.
ئەوەی نەتەوە فەوتاوەكانی فەوتاندا، ئەوەی خاكەكەیانی دا بەدەم بادا،
منەمنكاری و عینادی بوو لەڕێبەرایەتیكردن و لەسیاسەتكردندا، پۆزش بوو،
پۆزشی درەنگ وەخت، كورد هەرگیز نەیتوانی لەوەها ڕاستینەیەك تێبگات،
ئەوەی ئێستا لەڕۆژئاوای كوردستان لە(25) بزوتنەوەو پارتی كوردی
پێكهاتووە "پارتەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كورد" سەرەتای هەنگاوێكی زۆر
گرینگ و چارەنووسسازی لەناوبەری ئەو درمە كوردییە لەخۆدا، بەئومێدی
ئەوەی لەداهاتوودا ببێتە یەكێتییەكی نیشتمانیی كوردستانی.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|