په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٠\٢٠٢٠

    کەی بخەوم.

شۆڕش محەمەد عەلی

من تەنها لە خەوێدا ئازادم
بێ ترس..بێ پرس
بە ئارامی.. بە کپی
بە رەش دەڵێم رەش و سپیش سپی

تەنها لە خەوێدا.. بێ سانسۆر پەنجەکانم دەجولێنم
چۆنم بوێ ئاوا.. کۆشک و تەلاری شا دەنەخشێنم
گوێکانم هەمیشە قوڵاخ
دەمم دەکەمەوەو
بە مرۆ دەڵێم مرۆ.. بە وڵاخیش وڵاخ

تۆ پێم بڵێ لە زەمەنی کرۆناو کوشتنی ژینگە
چۆن بخەوم، کەی بخەوم ؟
لێرە بۆن دێ.. تەنها بۆنی مەرگو مردنان دێ
ئەوەتا.تک.. تک..تک تکەی
خوێنی رژاوی سەر گوریسە هەڵواسراوەکان
خەویان زڕاندووم
شڕقوهۆڕی زنجیرەکانی سەر سنوور
دەنگیان دێ لە دوور
هەراسانیان کردووم
قۆڕەقۆڕی سکی منداڵە شەهیدەکان
وەک بای قامچی گوێچکەم دەسمن
زندەقیان بردووم
من لەوەتا هاتووم... هەر بە پێوەم
بەحەقیقەت ماندووم... برادەر گیان زۆر زۆر ماندووم
نە زیندووم و نە مردووم
تۆ پێم بڵێ کەی بخەوم؟


ماڵپەڕی شۆڕش محەمەد عەلی
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک