په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠١٢

کەی رۆژووەکەم بشکێنم؟!


ئارام جەلال      


ئەمە پرسیارێکە لە دەرگای لۆجیک ئەدات، پێویستی بە وەڵامی لۆجیکی ھەیە، ئاشکرایە گەر بگەرێینەوە بۆ قورئان و پەنا نەبەینە بەر فەتواو قیل و قالی ھەرچ مەزھەبێک، وەڵامێک ھەیە ڕۆژووگر لە ھەر شوێنێکی دنیایە،‌ دەبێت پەیڕەوی ئەم یاساو شەریعەتە بکات کە لە قورئاندا بۆی ڕوون کراوەتەوە کە لە سورەتی بەقەرە نیوەی ئایەتی ١٨٧ ھاتووەو دەڵێت:

(وَكُلُوا وَاشْرَبُوا حَتَّىٰ يَتَبَيَّنَ لَكُمُ الْخَيْطُ الْأَبْيَضُ مِنَ الْخَيْطِ الْأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّوا الصِّيَامَ إِلَى اللَّيْلِ. ).

بخۆن و بخۆنەوە تا ئەو کاتانەی دەتوانن دەزووی سپی لە دەزووی ڕەش جیا بکەنەوە لە بەرەبەیاندا، ئیتر ڕۆژووەکەتان تەواو بکەن تاشەو دادێت.

واتە لە لە ئێواران بە دواوە بخۆن و بخۆنەوە تا بەرەبەیان، دوای ئەوە بە ڕۆژوو بن تا شەو دادێت. لە بەرەبەیاندا ڕەنگی سپێتی و ڕەشایی لەیەک جیابکەنەوە، ئەگەر توانیتان جیایان بکەنەوە لەو کاتەوە دەست لە خواردن و خواردنەوە ھەڵگرن، ھەروەھا کاتێک کە ئێوارانیش دادێت بەھەمان شێوە، ڕەنگی سپێتی و ڕەشایی لەیەک جیابکەنەوە، ئەگەر توانیتان جیایان بکەنەوە لەو کاتەوە دەست بکەنەوە بە خواردن و خواردنەوە تا بەرەبەیانی دواتر.

دیارە لەم ئایەتەدا مەبەستی ئەوە نییە کە تەماشای تاڵە دەزوو بکەین چونکە وشەی (لە بەرەبەیان، من الفجر) لەئایەتەکەدا ھەیە، ئایەتەکە مەبەستی لە ڕۆشنایی سپێدەو تاریکایی سەر لە ئێوارانە. ئیمامی بوخاری لە ێەحیحەکەی خۆیدا نوسیوێتی لە سەرەتادا ئەم ئایەتە وشەی (
مِنَ الْفَجْر)ی تێدا نەبوو دواتر موحەممەد بۆی زیاد کرد، بۆیە سەرەتا خەڵکەکە وا لە ئایەتەکە گەیشتبوون کە مەبەستی لە دەزووی سپی و ڕەش بێت:

(فَكَانَ رِجَالٌ إِذَا أَرَادُوا الصَّوْمَ رَبَطَ أَحَدُهُمْ فِي رِجْلِهِ الْخَيْطَ الْأَبْيَضَ وَالْخَيْطَ الْأَسْوَدَ وَلَمْ يَزَلْ يَأْكُلُ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُ رُؤْيَتُهُمَا فَأَنْزَلَ اللَّهُ بَعْدُ مِنْ الْفَجْرِ فَعَلِمُوا أَنَّهُ إِنَّمَا يَعْنِي اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ.).

پیاوان ئەگەر بیانوسیتایە بەڕۆژوو بن ئەوە یەکێکیان دەزوویەکی سپی و دەزوویەکی ڕەشی لە پەنجەکانی قاچی دەبەست، ئیتر لە بەیانیەوە تا ئێوارە ھیچی نەدەخوارد تا تەماشای دەکردن و لەیەک جیای دەکردنەوە، ئیتر خوا ئەم دوو وشەیە (
مِنَ الْفَجْر)ی دابەزاندو خرایەسەر ئایەتەکە، لەمەوە تێگەیشتن کە مەبەست لە دەزوو ھەوداو رشتە)ی شەوو رۆژە..

(صحیح البخاري: كتاب الصوم: باب: قول الله تعالى: وكلوا واشربوا حتى يتبين لكم الخيط الأبيض من...حدیث ١٨١٨).

ھەروەھا گەلێک حەدیس ھەن لەسەر ئەم با‌بەتە،‌ کە تەواویان کۆکن لەسەر ئەوەی ماوەی ڕۆژووگرتن لەکاتی دنیا ڕووناکبوونەوە دەست پێدەکات تاکو دنیا تاریک دبێت. پرسیارەکە لێرەوە دەست پێدەکات:

من ئێستا کەسێکم لە وڵاتێکی باکوری ئەوروپا ژیان بەسەر دەبەم، کە سبەینێ دنیا لە کات ژمێر ٤:٣٣ی بەیانی ڕوناک دەبێت و لە کاتژمێر ١١:١٢ی شەو تاریک دەبێت، بە پێی ئەم ئایەتەو دەقی ئەسڵی ئایین من دەبێت نزیکەی ١٩ کاتژمێر بەڕۆژووبم، کە ھەموو کاتی بەربانگ کردنەوەو پارشێوکردن وئیسراحەت کۆئەبێتەوە لە ٥ کاتژمێرا، کە ئەمەش لە توانای ھەموو مرۆڤێک بەدەرە، ھەندێک فەتواو قسەو بابەت دەبینرێت سەبارەت بە مسوڵمانانی ئەو وڵاتانە،‌ کە قسە لەسەر ئەوە ئەکرێت ھەرکەسەو بە پێی وڵاتی خۆی پارشێو بکات و ھەر بە پێی وڵاتی خۆشی بەربانگ بکات، لەم بابەتەشەوە پرسیار گەلێک دێتە پێش، ئایا ئەو مسوڵمانەی کە بە رەگەز خەڵکی باکوری ئەوروپایەو مسوڵمان بووە، خۆ ئەو وڵاتی یەکەمی نیەو بە ڕەگەز و بە ئەسڵ خەڵکی ئەو ناوچە بەدبەختەیە کە لە ھاویندا دەبێت نزیکەی ١٩ کاتژمێر بەڕۆژوو بێت، ئایا ئەمە نابێتە ھۆی فێڵ و خۆدزینەوە لە ڕۆژو وا لە ھاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە بکات بچن پشووەکانیان لە وڵاتە ڕۆژ کورتەکانا وەرگرن؟ یاخو‌د گریمان خەڵکی ئەو وڵاتە نین و ھەر کەس بەپێی وڵاتی خۆی پارشێو و بەربانگ دەکات، چوار کەسمان ھەیە بۆ نموونە لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەری لە فینلەنددا، ھەرچواریان مسوڵمانن، یەک خەڵکی کوردستان، یەک خەڵکی سۆماڵ، یەک خەڵکی مالیزیا، یەک خەڵکی چیچان، ھەر یەک سەر بە نەتەوەی جیاواز و جوگرافیای جیاواز، ئایین کۆیان دەکاتەوە کە بۆ ھەموویان ڕەمەزانەو ڕۆژوو دەگرن بەڵام ھەموو دەزانین کە ئەو ناوچانە ھەریەک سەر بە خەتێکی ستونی جیاوازن لە زەویداو لەم بۆ ئەو چەندین کاتژمێر جیاوازی ھەیە بۆ جوڵەی خۆر و ئاوابوون وھەڵھاتنی، دەکرێت ئەم چوار کەسە کە یەک ئایین و یەک خواو یەک پەیامبەریان ھەیە، ھەریەک لە کاتێکی جیادا پارشێو و بەربانگ بکەن؟ گەر بێت و ھەریەک لەما‌نە بەپێی وڵاتی خۆیان پابەندی ڕۆژوو بن، لەم کاتەدا گەر وەڵام ئەوەبێت ھەریەکەو بەپێی کاتی زیاتر ئەجری زیاتر وەردەگرێت، گەر من ھاوڵاتی وڵاتە ڕۆژکورتەکەبم چ تاوانمە کە ئەجرم کەمترە؟! گەرنا دەبی بەپێی فینلاند بەڕۆژووبن کە ئەوکات توانای بەرگری ھەرکەسێکیان بەپێی ناوچە لەوی تر زیاترە و دەکەوێتە مەشەقەت و ناڕەحەتییەوە.

یاخود فەتوایەکی تر کە دەکرێت بدرێت کە ھەمووی بە پێی سعودیە پارشێو و بەربانگ بکات، کە ئەمەش ئەوپەڕی ناعەدالەتیە چونکە ماف و بونی میلەتانی تر پێشێل دەکرێت، وە ئەم جۆرە فتوایەش تازەیە چوونکە پیشوتر جالیەی ئیسلامی نەکەوتبوونە ئەم جۆرە وڵاتانەوە تاکو فتوایان بۆ دابتاشن.

لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت ئیسلام دینی ناوچەیە، ئیسلام تێڕوانینی مرۆڤێکە کە تەنیا بەرپێی خۆی دەبینێت، بۆیە ھیچ زانیاریەکی نەبووە لەسەر دەورو بەری خۆی، پێویستی بە موفتی و دارتاش و مزگەر و وەستای زۆر ھەیە، بۆی لە ھەموو ڕوداو و دەرکەوتەیەکی نوێدا خەڵکانێک ھەبن سپی کاری و چاکسازی و پینەو پەڕۆی بۆ بکەن تا ئەوەی کە محەممەد درکی پیی نەکردووە جوانتر بڵێین لێی غافڵ بووە، ئەم خەڵکانە خەریکی چاکسازی و پینەو پەڕۆ بن بۆی.

 

ماڵپه‌ڕی ئارام جه‌لال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک