په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٩\٢٠١٣

    کچانە.


هێمن ئەمانی

بە بەرچاوما
هەروەک گوڵێ
لە تینوێتی داکورمابێ
هەنگاوەکانی زەوی رادەماڵی،
باڵای وەکو
سنەوبەری وشکهەڵاتوو
لە دوای جەنگێ لەگەڵ ژیان
داچەمابوو.
وێنای ئەستێرکە
لە تاریکیی دا
وردە وردە بەرەو کزیی
خۆی دەکێشا.

بە هێمنیی، پرسیارم کرد:
تۆ کێی؟
لە کام بیابان
لە چ سەرابستانی وڵاتێک
ئاوا ژاکاو بەڕێکەوتووی؟
کامە تۆفان
تەمومژی پاش کام باران
سەرما و تەزووی کامە زستان
زەردە گەڵای پەیکەری تۆی
هەڵوەراند؟

زۆر بە تاسە..
بە شەرم و ترس و ماتەوە
وڵامی دا:
ماتەمی بیری پیاوێکم
هۆکاری مەرگی دایکێکم،
ئاواتی تازە لاوێک
باڵی شیعری شاعیرێکم
کە دێڕە شیعری
هەموو خوێنە.

عەیبە و بڤە و شەرم و شەرەف
لەوەرگەی چاو
خەڵوەتگەی پیرە گورگێکم
لەڕ و برسی.

تاوانبارم
بە تاوانێکی نەکراوە
بە تاوانی بێ تاوانیی
لەبەرئەوەی...
هەموو ئەوین منی دەوێ، تاوانبارم.

رامدەدێرن
دەمهێنن و لەولاشەوە لە بۆ ئاشتیی
دەمبەخشنەوە،
هەر دیسانیش
دەمدەنەوە بە شەڕێک،
(دوعا)م، بەناز)م، (مارییا)م، دەمکوژنەوە.

من
کانگایەکی چێژی پیاوم، تەنیا.
بە بێ بەرگ و
مزرە سێوێکی کاڵم
لەبەرچاوی هەموو پیاو و
سیاسەتمەداری ئەم دایکە زێدە.

من ئاگرم، دۆزەخم
شەیتانێکی عەقڵ کەمم
................. بە قسەی ئەوان.
هەموو عەرشی خواوەندەکان
لە هێزی من، لە بیری من
لە تین و کڵپەی جەستەی من
دەلەرزێن و
بە ترسەوە دادەڕمێن.

ئەتۆش پیاوی..
وەکو هەموو ئەوانەی وڵاتی من
ئەتۆش پیاوی...
پرسیاری چی لە من دەکەی
ئەمن کەس نیم
من...؟ نا..!!!
ئەو پەردەیەی شاراوەیە و
هەموو چاوی ئەو زەوینە لەسەریەتی
شەرەفە، ژیانە، حەیایە،
هێمای پاکی و نەجابەتە.

ئەبێ بگریم..؟
پێبکەنم؟
نازانم...!
بەڵام من.. رەگەزم کچێتییەکی پیاوانە و
زمانیشم پیاوانەیەکی کوردییە.


hemnamani@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک