په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٣\٢٠١٩

    کچانی شانزەلیزێ.


سمکۆ محەمەد

دەنگی تریقەی پێکەنین دەبیستم بەدەم ھەنسکێکی بەکوڵەوە
شتێک دەبینم کەناتوانێ ھیچ پەیامێکی خۆرئاوا بنێرێ بۆ خۆرەتاو
شتێک کچان بەدوو چاوی شینەوە نایبینن
من بەم کویرییەی خومەوە دەبینم
لێرە ھیچ کەس فێری رۆژی دابەشکردنیئارەزوو نابێ
لەھەر لەحزەیەکدا خۆزگە بۆ زیندووکردنەوەی لەحزەیەکی مردوو دەبیستم
دەمەوێ بڕوا بەم شەقامە نەرم و سەماکەرەبکەم
کەجیراڵدین لێرەیە و نەمردووە
کەچی بە گریانی من پێدەکەنن و بۆ بەدبەختی خۆیان دەگرین
ئەو کچانەی ناتوانننامەکەیچاپلن بخوێننەوەکەلەترسی ئەوان نووسیویەتی
ئەو کچانە دەبینمکە لەترسی تەمومژی خیابانەکانی پاریس ناگەڕێنەوە ماڵ
لەترسی کۆڵانە تەنگەبەرەکان لەگەڵ رەش پێستەکان شەراکەت دەکەن
ئێرە ئاوھایە .
رەش و سپییە نەک ئەو پرتەقاڵی و پەممەییەی لەدوورەوە دیارە
بێ ئەوەی ئاگام لەخۆ بێت
لەوێ لەبەردەم پەیکەرێکی وشکھەڵاتوو دابەشبوومە
بەشێکم لەرۆژئاوا و بەشەکەی دیکەم لە رۆژھەڵات
نازانم بەشەمەندەفەر بڕۆم یان بەپێ
کچێک بەجلێکی گۆشتینەوە دەڵێ (راوەستە وێنەیەک بگرین)
نامەوێ پرچی دایکم بۆ حەزی باوکم لەبنا ببڕم
ئەو چەند بەسادەیی باسی مەرگی موقەدەسی دەکرد
چەند بەسادەییش بەشوێن ھیچدا دەگەڕا
رەوە کچێک بەتەقڵە دەڕۆن و
رەوەیەکی دیکە دەچن بۆ شوێنێکی خاڵی
تۆفانی پێکەنین ھەڵدەسێ لەمەحشەری دەریایەکی سوێر
ئەوێغەرقی مانای بێخەوشی و ھاوڕێیەتی و ئاوازی دیلێتی یە
ئەو کچانە ھەرئەوەندە دەزانن ..
ژیانجگە لەماچێکی وەھمی
دڵ ناچێتە سەر ھیچی تر
شانزەلیزێ ناخەوێ ...
ناخەوێ تاکو ئیڤل بەخەبەر نەیات
تا پیاوە قەمبوورەکەی نۆتردام پشتی راست نەکاتەوە
تا بۆڤێ نەگەڕێتەوە نزیک دەریا
تاکو عەتر تەواوی شار غەرق دەکات لەبۆنی کچ
تاکو من دێمەوە سەرخۆم و دەگەڕێمەوە ماڵ
جارێکی تر تریقەی پێکەنینە
بەخەیاڵەوە رێدەکەم
وەختێک بەخەبەردێم
لویس لەکۆڵانێکی تەنگەبەر لەگەڵ چەقۆکێشەکان راوەستاوە
مارکس جارێکی تر مانیفێست دەخوێنێتوە
وەلێ کچەکەی لەسەرەمەرگە و دایکیشی لەترسا دەگری
کامۆ لەترسی تاعون یاخی دەبێ
رامبۆ دەست لەقاچاخچێتی ھەڵدەگرێ و لەگەڵ مالارمێ و باڵزاک جنێو بەدایکی خۆیان و بە ژیان دەدەن
لەولاوە دیمەنێکی کۆمێدی بەبێ چارلی چاپڵن نمایش دەکرێ
پیاوێکی ریش سپی لەبەردەم ھۆڵی ئۆپێرا جوێن بەپۆناپارت دەدات
پۆلیسەکانیش پێی پێدەکەنن
کچانی شانزەلیزێ
کچانی خەمی نەبیستراون
ئەمجارەیان شارێک بە گشتی ھێلەگی زەرد لەبەر دەکەن
توڕەن لەبوونی خۆیان
لەو نەیزەکەی بەر شارەکە کەوتووە
لەو حەشاماتەی پارە سیمبولییەتی
شانزە لیزێ ئێستا فەقیرە تەنھا خانەدانەکان سەردانی دەکەن
کوڕەکانی رۆژھەڵاتیش لەدوورەوە تف ھەڵدەدەن.

 

ماڵپه‌ڕی سمکۆ محەمەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک