په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١\٢٠١٤

کیژان دەچنە لای گوڵان.

 

شۆڕش هیومانیست


هەستی پەخشان نووسیم نەماوە... گوڵان دەنا دەبوو لە پای مەرگی تۆدا، ماڵ بە ماڵ، کۆڵان بە کۆڵان هاوارت بگەیەنم، داستانی ڕیسوایی بکوژانتم بگەیاندبا، ڕۆژنامە بە رۆژنامە، دونیا لە هاواری من کەڕ ببوایە کە ئەو ناهەقیەیان کرد.


ئۆه.. گوڵان دەبوا لە پای مەرگی تۆدا. سەدان حەیرانی نائومێدی عەشقتم بە بەرد و بەدارستان و بە تەیروتوار بگەیاندبایە.. کچێ گوڵان... بە فرۆشتنی کچەکەی فەریدەی سواڵکەر، لەگەڵ فەریدە گەڕام .. تەیراوە و کوران و گەڕەکی عەسکەری و... گەڕام... هاوارم کرد... قیژەم گەییە ئاسمان.


بەڵام ئێستا نە هەولێر.. هەولیرەکەی جارانە... نە منیش ... منەکەی جارانم.. هەش بەکۆڵم... کچێ گوڵان مەرگەکەی تۆ... کچەکەی خۆم... هەناسەکەم... کارەسات لە چاویدا ئاوخواردنەوەیە...


گوڵی کوردستانەکەم... ئەو شۆڕشەی تۆی بەناوەوە کرا... ئەم تاوانبارانەی تیا دەرهاتن کە سەردەشتی دەزگیرانتیان تیرۆر کرد و.... ئەو جەلادانەی مانای ژیان و خۆشەویستیان لە فەرهەنگدا نیە... کچە تازە بە زۆر بەشوو دراوەکەم... ئاخر من هەست بە شەرمەزارییەکی قووڵ دەکەم و کاس کاس وووڕ ووڕم.... هەست بە کاولبوونی خۆم و کوردستان وژیان دەکەم... کە ڕا نە بووم بەر لە مەرگت..کچێ دەبوا بە داکت بڵێی...


گوڵی خۆم... دەبوو من بەو دەستانەی خۆم تەنکە نەوتەکە وشقارتەکە وحەمامەکەت بۆ ئاما دە بکەم.. گوڵان ..کچێ گوڵان.. تا من لە مۆرال ولە ئینسانبوونی خۆم بە گومان نەبم...لە هەلوێستم بە گومان نەبم..


ئۆه... کچە نازدارەکەم... ئەو ماکسیە سوورەت چەند لێدەهات... ئەو سەرپۆشە نارنجیەت لەگەڵ شنەی شەماڵ گۆرانیان بۆ قژە خورماییەکەت دەچڕی... چەند تەڕ وپڕ نازوپڕ لاوێتی بووی.... شۆڕشی گوڵان، گوڵی بابی پێبزانێت.. دەمت پڕ گوللە دەکات. بزانێت ناتیلت کڕیوەتەوە، هەلاهەلات دەکات... ئۆ دادە گیان... شەرەف ودەسەڵات... مافی شۆڕشی گوڵانە.. لە بێ شەرەفی دەسەڵات، شۆڕش، شوومە و گوڵقڕانە. ڕاوە ژن، نێرەی مەردانە... قریشکەی چەک ولاشەی شلێرەو هەڵاڵەو بەناز وکوێستانە...


کچێ گوڵان.. ئەمن بە خەمی تۆوە عەمرم درێز نابێت... وەرە قسەیەکت بۆ دەکەم.. داکی داکم؛ دەستەخوشکانی تۆ، شارە بێ ژیان وپڕ کوردستانەکەم..نە شۆڕشی گوڵان و نە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان. دادی نەدان.... ئەوان .بەرەو لای گولان دەچن... گوڵانەکەی روحی خامۆش... دە ڕاستبەوە... تفبارانی من .و شەرەفپارێزو و تەکنەلۆجیا وماچی هەتاهەتایی دۆستە دابڕاوەکەت بکە...گوڵان... هەش بەسەر ئەو شۆڕشەی تۆیان بە ناوەوە کرد...

___________________________
فەریدە، پەخشانێک بوو لە مانگی ٣ ی ١٩٩٣ دا نووسیم لە بڵاوکراوەی بۆپێشەوەی رەوتی کۆمۆنیستدا ئەو کات بڵاوکرایەوە، سەربوردەی فەریدە، رووداوێکی واقعی بوو. ئەو ژنە کچێک و کوڕێکی هەبوو، لەگەل خۆی دەیگێڕان بۆ سواڵکردن. رۆژێکیان ئەم بەرپرسانەی ئیستا بە بڕە پارەیەکی کەم کچەکەی لێدەکرن و فریوی دەدەن. لەو رۆژەوە ژنەکە حەژمانی نامێنێ و کۆلان و کۆڵان دەکات بە دوای فەریدەدا.
گوڵان، ئەوکیژەی لە ٥.١.٢٠١٤ لەپارێزگای هەولێر لەسەر ڕێگەی پالاوگەی نەوتی کەورگۆسک بە تەمەنی٢٠ سالی لە لایەن باوک و برا و هاوسەرەکەیەوە بە کڵاشینکۆف کوژرا.

 

 

azadihzr@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک