په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١\٢٠١١

    کیژێکی دەزگیران ئەنفالکراو .

کەژاڵ ئیبراهیم

چەند ساڵێکە ،پەرتوکێکی خۆشەویستی،
دەتخوێنمەوەو لێت تێر نابم
پەرە پەرە دەفتەری بیرەوەریەکانت
هەڵدەدەمەوەو سەر لەنوێ
دەست پێدەکەمەوە
چەندان شەوە
خەوبینین پڕ لەعەشق و ئەڤین و
دەست لەملانی
لەخەبەر بوونەوەم بێزار دەبم
روخسارت پێشنگایەکەو
منیش بینەرێکی شێت
بەدیار وێنەکانتەوە هەندێ جار دەگریم و
هەندێ جاریش پێدەکەنم
بێ دەنگی بەسە
وەرە پێم بڵێ،گەر لەم جیهانی ونبونەدا
وەکوو فریشتەیەک
لە ئاسمانەوە دەرکەوتیت و هاتیتەوە
شەپۆلی حەزە سەر شێتەکەم
ئامێز بەدەریای کام چاوتدا بکات
چاوی راستت ،یان چاوی چەپ
بیرت نەچێ،
من کیژێکی رێواس چنم
دەست و پەنجەکانم قڵیشاوە
گەرهاتیەوە
زەوی ووشکەوەبووی گەروم
لەسەرچاوەی شیرینی لێوەکانت تەڕکەم
یان لە رووباری گەردنت
نیوەشەوەو گیانم وەکوو پشکۆی نێو ئاگردانی
سوپایەکی لادێ نشین دەسوتێ
شەختەو سەرماو کڕێوەیە
نم نمەی بارانەکە بەپەنجەرەی
ژوورەکەمدا دێتە خوارێ
ئەم بارانە لەبارانی چاوەکانی تۆ دەچێ
کەلە ژوانەکانمدا بەسەر لاشەمدا دەتباراند
من لەگەڵ ئەو بارانەدا بیرت دەکەم
ئێستا من کیژێکی گوندی
دەزگیران ئەنفالکراوم
لەبەردەرگاکەت دانیشتووم
چاوەکانم لەچاوی چاوەڕوانیدا
بێزار نابن .هەناسەکەت ،پێکەنین و
ووشەو نیگاکانت .
زایەڵەی دەنگت
مۆسیقایەکی پڕ ئەڤین و سۆزە لە گوێچکەمدا
هەست دەکەم زۆر دوریت
نا ...هەست دەکەم زۆر دووریت
لەگەڵ خوێنمدا ،لەگەڵ گیانما
تێکەڵاوی و لێم جیانابیتەوە
پێم دەڵێی و پێم وایە
تۆ ئەو خۆرەیت کە سپێدە لە گۆێژەوە
سەر دەردێنێ و
پرشنگەکانت بەسەر لاشەمدا دابەش دەکەیت
تادێ گەورەتر دەبێ و
پرشنگەکانت زیاددەکەن
منیش دەڵێم و پێم وایە
تۆ خواوەندی خۆرو روناکیت
بەڵام سەیرە
هەندێ جار پێویستت بەمۆمێکە
دایگرسێنی.
دایکم دەڵێ "
هەر کاتێ کۆتر لەسەر باڵێک بکەوێ
چۆلەکە لەسەر گوێسوانەکان بجریوێنێ
میوانێکی ئازیزت دێ
ئەوە چەند رۆژە کۆترەکەی دڵم
باڵی خستووە چۆلەکەی چاوەکانم
دەجریوێنێ
ئەی میوانی ئازیزی من ،بۆ دیار نەبووی
بیرت دەکەم و خەم دەخۆم
خەمێک وەکوو گیانە پڕ ئازارەکەی
(سیروان ره‌وف)
وەکوو ژانە لەبیرنەکراوەکەی هەڵەبجەو
پەیکەرە نەمرەکەی (عومەری خاوەر)
وەکوو وەسێتنامەی ،گۆرانیە جاویدانیەکەی (ماملێ)
وەکوو هەناسە بەزۆر کێشراوەکانی گەلەکەم
لەدووریتا باڵندەکان لەجریووە دەکەون
مناڵەکان لەپێکەنین دەتۆرێن
دڵدارەکان بێ ژوان  و ئەوین دەبن
ئەی گەورەترین ئەوین و دڵداری بێ ژوان؟

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم