٢٣\١٢\٢٠٢٠
کیژۆڵەیەک ناوی ''فرمێسک''ە.

خەلدوون جاوید |

و: جەلال
دهباغ |
پێشکەشە بە برادەرم
هونەرمەند و نووسەر شەماڵ عادل سەلیم.*
هێشتا یادی (فرمێسک) دەکەیتەوە؟
فرمێسکە جوانەکەی هەولێرت بیرماوە؟
کیژۆڵە ئاوارەکە
دەربەدەرو هەژارەکە
فرمێسکی بیرە سەرەکییەکەمان
زامی هەموو لات و هەژارە ونبووەکان
رۆڵەی کوژراوەکانیان،
قوربانییەکانمان
نیشتیمانی بە ملیۆنان
هەتیوکەوتوو..
نیشتیمانی ئەستێرەکان
لەلیتەی قوڕدا نوقومبوو..
فرمێسکەکانی ئێمەی باوکان
خوێی ژیانن، نمەکی ژین
دەبەخشین و وەرناگرین
لەم ژیانە
جگە لە تامەزرۆیی و تاسە
بۆ زەردەخەنەی چاوان
لەگەڵ تاسەمان،
بۆ (فرمێسک)
زەردەخەنەی بگێڕینەوە سەرلێوان
باوک و دایکێک و، نیشتیمان..
نیشتیمانی ئاسایش و دڵنیایی
نیشتیمانێک کە زۆرداران دەیفڕێنن
نیشتیمانێک فرمێسک لەسەر دەستێتی
بە خنکان، بە فرمێسکی دەدا شەپۆلی
بەداخەوە کۆترەکە مرد
شەماڵ ئەی شەماڵ..!
فرمێسک نەمرد..
لە بیرماندا مانگێکەو ماوەتەوە
لەژێر چارۆکەکەیدا دەڕۆین
تا خەونیتر بدەینە هەژاران
تا ماچی کچێنیی سوور، بێتاوانی
چاپکەین لەسەر زاری ژیان
______________________________________
*
چیرۆکی شیعرەکە:
فرمێسک، کیژۆڵەیەکی کوردە، دەستی بۆ لای شەماڵ درێژکرد، لە کاتێکدا
شەماڵ لە شەقامێکی هەولێر لای پەنجەرەی تەکسییەکەوە دانیشتبوو، برادەرە
نووسەر و هونەرمەندە نەرم و زەڵاڵ و روونەکەم قسەی لەگەڵ کرد، بڕێک
پارەی پێبەخشی و زانیشی ناوی چیە. تڕافیک بە رووناکیی ئاماژەی بۆ رەنگی
کەسک کرد و ئۆتومبیلەکە کەوتە جووڵە. چاوەکانی برادەرەکەم فرمێسکیان
تێزا. منیش شیعرێکم نووسی. ئاواتەخوازم لەیادیدا بە نەمریی بیهێڵێتەوە
و رووە کوردییە یەکجار جوانەکەی لەیاد نەکا.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|