
(بۆ مەرگى ناوادەى گۆران)
شوێن: ماڵێک پڕ لە
سەرابی مەرگ.. لەبەردەم بلێسەى بیرەوەرییە شیرینەکانى کاروانسەراى
ئەوینى شەو.
کات:
(11.30)ى شەو بەرامبەر دوا حەلقەى بەرنامەى
کڵاوێن.
تۆ لەبەردەم
زەردەخەنەیەکى ئەبەدى
لەپڕ لە تارمایی چاوانماندا وون بویت
هەموو شەوێ
بە پەیڤە جوانەکانت
میوانى هەموو ماڵێکى
پڕ لە ئەوین دەبوویت
ئەمشەو
چاوەڕوانى باڵە فڕکەى
پەپوولەى ڕۆحى سوکت بووم
ئاسا هەر وەک شەوانى تر
لەسەر پەڕە سوورەکانى
دڵم هەڵنیشێ
چاوەڕوانى کردنەوەى
کڵاوەکانى بەخت بووم
بەڵام ئەفسوس
کڵاوى پڕ لە ئاوازى مەرگ
قەدەر بۆى نەگۆڕین
بە هیچ کڵاوێکى تر
دوا کڵاو بوو
کڵاوى قۆناغى فەنابوون
نە سوور بوو..نەشین
هەولێر
لەگەڵ ئاوازى سیمفۆنیاى مەرگ
بە کڵاوێکى زەردى خەزان
بەڕێى کردى
لە مەراسیمى جەژندا
سەیوانەکەم
لە باوەشى گرتى
(سۆما)
دەى کچۆڵە لێو بە خەندەکەى بابەى
چیتر مەگرى
گۆران نامرێ
ئەوەتا سیماو زەردەخەنەکەى
لەسەر شاشەکەمان هەر ماوە
(هێما)
کوڕى شیرینم
دەتۆش فرمێسکە مروارییەکانت بسڕەوە
کە وەک شەپۆڵ
لەقوڵترین تونێلى
پڕبەرائەتى هەنسکەکانت
دێنە خوارێ
ئاى خودا
نازانم نە نزگرە پڕ خامۆشەکانم
نە قوڵپى گریانى جگەرگۆشەکان
نە سەردوولکەى دایکیان
ژیرکەمەوە
ئەى کوڕە خوێن شیرینەکەى کوردسات
بۆ هەموو شەو
دەبوویە میوانى
ماڵى شاعیرێکى خامۆش
لەپڕ لێمان بوویت
بە پەلە هەورێکى سرک
جێت هێشتین
کڵاوى پڕ لە ئاوازى مەرگ
قەدەر بۆى نەگۆڕین
بەهیچ کڵاوێکى تر
دواکڵاو بوو
کڵاوى قۆناغى فەنابوون
نەسوور بوو..نەشین
لێم گەڕێن با ئەمشەویش
ئێشک بەدیار
کاروانسەراى ئەوینى شەو بگرم
چەپکێک خەم
بۆ بەرنامەیەک بهۆنمەوە
بەخامۆشى
لە هەناسە گەرمەکانى
ڕۆحى گۆران بگەڕێم
لەدواچرکەى ساتەکانى بەرنامەکەت
پێت گوتین
ماڵئاوا....
بیرتان دەکەم...
لە هەموو ماڵێک
بە هەنسکێکى پڕ لە حەسرەت
پێمان گوتى
مالئاوا....
بیرت دەکەین
ئەى گوڵى کوردسات
ئەى پاکیزەیى
تارمایی چاوانمان
ماڵئاوا....
کڵاوى پڕ لەئاوازى مەرگ
قەدەر بۆى نەگۆڕین
بەهیچ کڵاوێکى تر
دوا کڵاو بوو
کڵاوى قۆناغى فەنابوون
نەشین بوو..نەسوور...!!!
Xamosh_s@hotmail.com
|