په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١\٢٠٢٤

کڵاوڕۆژنەیەک لە شەختەدا

کۆلاژ لە تاراوگەی شیعردا.

نەژاد عەزیز سورمێ   

''بەئەوین و هیوا سوێندت دەدەم
پاڵەوانی ناو گیانی خۆت وەلامەنێ!
هیواکانی خۆت بە پیرۆز دابنێ..''
(نیتچە)

کرۆکی مەسەلەکە لێرەوە دەستی پێکرد.
کۆتەڵساز، ڕموەشێنی مەیدان..
ئاگردز..
هەموو ئەو تافتانە (تارا) یەکیان پێ نەهۆنرایەوە!!
وشە دەستەوەستان نەبوو، بەڵام ڕەنگە نەمان ویستبێ لە ڕۆحی درەوشاوەی بدەین، ئەمەش هەستێکی بەسۆزە کە ئادەمزادێک دەبینی خولانەوەی لەمەودای ئیستاتیکاوە پێ لەپێشتر بێ، لەوەی هیوا ستراتیژییەکانی کە ژیان بەرجەستە دەکەن بە شکۆیەکی وەختی بدا..

لێرەوە (کۆلاژ) بۆ من دیوەکەی تری شیعر بوو لە سەردەمێکی ئیفلیجدا؛
با لەگەڵ ڕەوتی هونەری نوێیش بێ پەیوەندی نەبووبێ کە زەمانە بەویستن بێ یا بە نەویستن بەسەریدا سەپاندووین، بەڵام هەوڵێکیش بوو لە ئێوارەی مێژوو و ڕۆژپەڕی جوگرافیا بۆ ناسینەوەی بەهارە سووتاوەکان و ڕۆژگارە لەدەست چووەکان..
تەکنیکی ژیان بوو، بەر لەوەی تەکنیکی گەمەی دەست و هزری پەتی بەشێک لەو ژیانە بێ ‌ ناومان ناوە (شێوەکاری) یا هونەری شێوەکاری.
ئەم هونەرە ڕەنگە لە کوردستان بۆ یەکەم جار ئەگەر شەرەفی ئیش تێداکردنی بەمنیش بڕابێ، ‌ لە هونەری دونیادا نوێ نییە ‌، تەنانەت بەر لەپەیدابوون و دانپێدانانی (‌سەرەتای سەدەی بیستەم) لەنێو ناوەندی هونەری ئەورووپایێدا، لە هونەری هەرە دێرینی شارستانییەتی مێزۆپۆتامیا و میسر و دۆڵی سنددا بە شێوازێک لە شێوازەکان هەبووە.

لە حەقیقەتیشدا کۆلاژ وەک واژەیەکی ڕووت واتای) چەسپاندن) دەگەیەنێ-کۆکردنەوەی کۆمەڵێک پارچەی جیاجیا لە بابەت و ڕەگەزی جیاجیاوە لە ڕووبەرێکی دیاریکراو بۆ پێکهێنانی ڕووبەڕێکی تر و پانتاییەکی دیکە و ڕوانینێکی تر، ئەمە وەکو واژەیەکی ڕووت... بەڵام بێگومان وەک هونەر، کۆلاژ هونەرێکی سەربەخۆیە ئەگەرچی لەسەرێک ڕەنگە لەدونیای ڕۆژنامەگەرییەوە نزیکتر بێ تا هونەری شێوەکاری پەتی، بەڵام دیسان لە خۆیدا هەردێتەوە قاوخی هونەری شێوەکاری، لەو گۆشەنیگایەوەش زۆر هونەرمەند پەنایان بۆ بردووە، کە بەڕاستی ڕەهەندێکی ناسکئامێزی هەیە...
کارکردن و تەکنیکی کارکردن لە هونەری کۆلاژدا، ڕاستیی بەقەد ئەوەی ئازادی بەکارهێنانی کەرەستەی هەمە جۆر و مەودای بەرفراوانی کارتێداکردنی هەیە ‌، بەقەد ئەوەش بەرهەستیی بزاڤی شێوە جۆراوجۆر و فرەبابەتی لە بۆشاییدا کە هونەرمەند دەیەوێ زەمینەیەکی لێ پێک بهێنێ یا کەشفی نوێی پێ بکا، هەروەها دایەلۆگی هونەرمەند لەگەڵ ڕەمز و مەودا و ڕەهەندەکانیدا، هونەرێکە سەرکەوتنی تێدا بەو ئاسانییە نییە و نابێ ئەگەر پاشخانێکی مەعریفی و جوانناسی لەپشتەوە نەبێ..

بۆ من کۆلاژ، دیوەکەی تری شیعر بووە ‌، بۆیە دەبینی لە ڕووی تەکنیکی کارکردنیشمەوە پابەندییەکی ڕۆمانسڕەمزی لە تابلۆکانمدا دەردەکەون.. من لە کۆلاژدا هەست بە ئازادییەکی ڕەهاتر دەکەم، هەست بەو شێتیەتی و بەو وەهمانە دەکەم کەپێموایە کەم و زۆر لە هەمووماندا هەیە..
لەکارکردنیشمدا هەرگیز لایەنی ئیستاتیکی و تەکنیکی کارکردن و ڕوئیای شێوەخوازیی لە مەودایەکی ڕەهاترم بە قوربانی ناوەرۆکێکی ئیفلیج نەکردووە.
لەپیشانگاکانمدا هەمیشە هەوڵمداوە ڕیتمی ونکراو لەناو ژاوەژاوی سەردەم بدۆزمەوە ‌، لە کاتێکدا هاوسەنگیمان ڕوو لە ئاوابوون بوو..
ئەوەش وەهمێک بوو، دوور لەو مەنتیقەی زۆربەمان پێیەوە گرفتار بووین.
خۆش نییە مرۆڤ ‌بێ وەهم بژی.

 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک