١٨\١\٢٠١١
کلیپەکەى موژدین و
رەخنەگرەکانى ئیسلامیەکان.

پشتیوان کەریم
کلیپە نیمچە ڕوتەکەى کچەکوردى دانیشتووى (هۆڵەند) مژدین جەدەل و
بۆچوونێکى زۆرى لاى هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسان دروستکرد، لاى خەڵکى
ئاساییش دوو بۆچوونى جیاى لێکەوتەوە .هەرچى بۆچوونى یەکەمیان بوو پێى
وابوو ئەمجۆرە کلیپە نەک هەرخزمەت بەدنیاى هونەرى کوردى ناکات، بەڵکە
سەرەتایەکیشە بۆشێواندنى کلتوورى لەمێژینەى کۆمەڵگاى کوردى .بۆچوونى
دووەمیش ڕاى وایە ئەمە کارێکى هونەرى سروشتیە و بەدەر لەو وڵاتانەى
کلتوورێکى دینیى و کۆنەپارێزیی سیاسى داخراویان تێدا باڵادەستە، لە
تەواوى دونیادا لەم جۆرە هونەرە بوونى هەیە، زۆربەی خەڵکیش ڕایان وایە
مادام خواستى لەسەرە، پێویستە بوونى هەبێت، بۆ ئەوەى شەیدایانى ئەو
جۆرە هونەرە ڕونەکەنە هونەرى فارسى وتورکى و بیانى و تەنانەت عەرەبیش.
وەلێ هەرچى قسەى ڕەخنەگرانە شتێکى جوانە و پێیان وایە ئەو جۆرە کلیپانە
هێندەى بایەخ بە لەشولار و ورووژاندن دەدەن ، هێند بە تەنگ ئاواز و
میوزیک و ڕووە هونەرییەکەى کارەکانیانەوە نین، کارەکەیان لە
نمایشتکردنى لەشولار بەولاوە شتێکى دى نییە .
لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئایا ئەگەر نمایشتکردنى جەستەى
ژن بەشێک بێت لە کارێکى پڕاوپڕ هونەرىی و بۆ ئیستاتیکاى هونەر بێت ،
ئیدى ئەوکاتەش دەرکەوتنى جەستەى ژن بەو شێوەیە شتێکى ناڕەوایە؟؟ دەبێت
ئەوەش بڵێین بۆچوونى بەشێکى ترى هونەرمەندان لەم نێوەندەدا ئەوەیە ئەمە
شتێکى سروشتیە و لە هونەرى دونیاشدا ئەمە بوونى هەیە، ئەگەر بۆ کارى
هونەریی بێت نەک مەبەستى تر. بۆ ئەم مەبەستەش بە دەیان و هەزاران
بەڵگەى هونەریی خاوەن خەڵاتى وەک ئۆسکاریش کە میدیاکانى خۆمان بە
ئەوپەڕى بایەخەوە باسى دەکەن، هەیەو تەنانەت لە زۆرێک لەو وڵاتانەشدا
خاوەنى کلتوورێکى دینین، برەوێکى باش و بینەر و بیسەر و خوێنەرێکى
باشیشیان هەیە. سەیرکردنیشیان بووەتە شتێکى ئاسایی، ئیدى بۆ کارى کچە
کوردەکە ئاسایی نەبێت؟ تۆ بڵێی ئابڕووى نەتەوەیەک وابەستەبێت بە
پۆشاکەکانى مژدین خانەوە؟ ئەگەر وایە ئاخۆ ئەبێت عەرەبى شوێنگەى
دابەزینى هەموو پەیامە ئاسمانیەکان، ئابڕوویان بە دەست هەیفا و نانسى و
ئەلیسا و ماریاسواس و... هیترەوە نە بووبێت بە کڵاوى بابردوو!
ئەوەى لەم نێوەندەدا وەک ڕەخنەگرێکى سەرسەخت و سەرسامکەریش دەردەکەوێت،
بەشێک لە ڕۆژنامەنووسى ئیسلامیەکانن! بەڵام پێشئەوەى ئەوان لە
ڕوانگەیەکى هونەرییەوە بێنە ئاخاوتن ، ئەبێت بڵێین ئەوان نە بە تەنگ
خاپوربوونى هونەرى کوردیەوە دێن و ،نە باکیشیان بەتیاچوون و فەننابوونى
هونەرى کوردى هەیە .ئاخر خۆ گۆرانیەکانى حەسەن زیرەک و ماملێ و فەتانەى
وەلیدى و نەسرین شێروانى و عایشەشان و هەڵپەڕکێى تێکەلاًوى ژنان و
پیاوان(ڕەشبەڵەک) بەشێکى گەورەن لەسەرمایەى کلتوورى کوردى ،بەشێکن
لەهونەرى ڕەسەنى کوردى!بەڵام ئەوان هەر لەسەرەتاوە ئیمانیان بەکلتوورى
ئیسلامى هەیە نەوەک کوردى و پێیان وایە ئەو کاتەى هەڵپەرَکێ دەست
پێئەکات، ئیتر غەزەبیش ئەبارێ و هەرچى مەلایکەتیشە سەرى خۆیان
هەڵدەگرنو ئەو شوێنەجێدێڵن . هەمووانیش باش ئەزانیین کلتوورى کوردى
مێژووەکەى لەمێژووى ئیسلام کۆنترەو لەزۆر ڕووەوە نەک هەر جیاوزیشە
بەڵکە دانولەیان پێکەوە ناکوڵێ ، ئەوانیش هەموو ئەو جیاوازیانە بە
بیدعەو لادان و کوفر دەزانن.پێش ئەوەى خەمخۆرى هونەرى کوردى بن،
لەڕوانگەیەکى دینیەوە سەیرى هونەرو کلتوور ئەکەن و وەک زەقترین نمونەش
تەنانەت بۆ کۆچى دوایی کەسێکى وەک فەتانەى وەلیدى بەڕستەیەکیش باسیان
لێوە نەکرد ،ئاخر ئەوان ئیمانیان بەوە نیە ژن قورئانیش بخوێنێ چجاى
ئەوەى گۆرانى بڵێ!! ئێستا خێرە بوونەتە ڕەخنە گرى بوارى هونەرى
ژنان؟!لەبەرئەوە هەقى خۆیەتى بپرسین ئایا هەموو ئەو ڕەخنانەى ئاراستەى
مژدین دەکرێن هەموویان بوعدێکى هونەریان هەیە، یاخود دینى و سیاسی؟ئایا
هەموو ئەو ڕەخنانە هونەرین یا کەسانى دینى دێن و لەژێرناوى هونەرا
ڕەخنەى خۆیان دەگرن ؟بەڵام ئایا ئەمانە ڕێگا بەژن و کچەکانى خۆیان
دەدەن تەنانەت بەسەرپۆشیشەوە قورئان بەدەنگەوە بخوێنن، تائەوەى گۆرانى
وتنى ژنیان پێ شتێکى ئاسایی بێت ؟!ئایا لە کەناڵەکانى بزوتنەوەى
ئیسلامى و کۆمەڵ و یەکگرتوو کچێک تا ئێستا دیتراوە سرودێکى دینیش
بڵێ؟ئەى ئێستا خێرە ئەمانە بوونەتە مامەخەمەى هونەرى کوردى، لەبرى
هەڵسەنگاندنى هونەریانەو ڕەخنەى ئەکادیمى دێن بەگەزو جاوى حەرام و
حەڵاڵ هونەر دەپێون؟!فەتواى باشى و خراپى بەسەر هونەرى کوردیا تەخشان و
پەخشان دەکەن ؟؟ئاخر ئەوە سەمەرە نیە مەلا باس لەقەیرانى هونەرى گۆرانى
وتنى کوردى بکات ؟؟!مەلایەک نازانێت هونەر ئیستاتیکایە نەوەک حەرام و
حەڵاڵ؟
سەیرە لەهەرێمێکى بەناو دیموکراسیدا مەلا ببێتە ڕەخنەگرى هونەرى
و،یاساو،خاوەن بڕوانامەى کلتوورى و،مافناس و،دکتۆرى دەرونى وجنۆکە
لەگیانى ئەم وئەو ڕاونێ و،نوشتەى خۆشەویستى و ڕەشکردن و دەمەبەست بنوسێ
و ،مارەبەجاش و ژنبەژن و،لەسەر بێشەکەو لەبرى خوێن و، بەسوڵحى عەشایەرى
ژن مارەببڕێ و،لەتەلەفیزۆنى کۆمەڵى ئیسلامیەوە دوعابکات ئەوەى ژنێکى
هەیە بیکات بەدووان و، ئەوەى دووانى هەیە بیکات بەچوار و،بەئارەزووى
خۆى تۆمەت و تەشهیر بەمەو بەو بکات و،خەڵک لەهونەرمەندو لایەنە
سیاسیەکان و تەنانەت لەو حکومەتەش هانبدات لەسایەى ئەودا دەوێرێت بچێتە
سەر منارەى مزگەوتەکان و لەژێر سایەى ئازادیەکەیدا دەژى و،هیچ
یاسایەک نەبێت پێى بڵێت ئەرێ بەڕێز تۆ حاکمى یائێمە؟تۆ حکومەتى
یائێمە؟ئەبێت بپرسین حکومەت لەم شوێنەدا چکارەیە کەمەلا بەو شێوەیە
خەڵک ئاراستە دەکات؟کەمەلا خەڵک بەو شێوە ئاراستە بکات دوژمنانى کورد
ئەیانەوێ؟کەمەلا ووشەى جێندەرمان لێبکاتە هاوسەرگیرى نێوان هاو
ڕەگەزەکان،ئایا یاسا کانى حکومەت سنورى تەهشیرو سوکایەتى کردنى ئەو
مەلایانە ناگرێتەوە لەلایەنى حیزبە ئیسلامیەکانەوە ئاراستە دەکرێن و
هان دەدرێن، تا ئازادى کچە کوردێک سنور داربکەن لەوڵاتێکى پڕاوپڕ
لەمافى مرۆڤى وەکو هۆڵەندا دا دەژى؟ تا کەى حکومەتى کوردى بەدەست
ئەنفالێکى ترەوە دەناڵێنێت ؟ئایائەوە ئەوان نین زمانى کوردیان پڕکردووە
لەوشەى عەرەبى؟بۆیە دەبێت پێیان بڵێن ئێوە لەوڵاتێکى دیموکراسیدا
ئەوەندە ئازادن مافى کەس نەخۆن و، کەسیش مافتان نەخوات .وەک ئەوەى
کەناڵەکانى ئێوە قەدەغە نیە ناتوانن کەناڵى کەسیش قەدەغە بکەن،وەک
ئەوەى گوتارى ئێوە قەدەغەنیە ناتوانن گۆرانى کەسیش قەدەغەبکەن.خۆ ئەگەر
گۆرانیەکیشت بەدڵ نەبوو کۆنترۆڵەکەت بەدەستەوەیە دەتوانیت بیگۆڕیت ،نەوەک
ئەقڵیەتى کەسێک نەدەستت دەیگاتێ و نە دەتوانیت ڕێ لە شوێنەکانى وەک
ئەنتەرنێت و سەتەلایت و مۆبایل بگریت وێنەو گۆرانى ئەوى تێدا بڵاو
دەبێتەوە. لەوەش واوەیلاتر بەفتواى کوشتنى تۆ کەس لەوڵاتەکەى ئەودا
ناتوانێت کەس بکوژێ و هەرکەس لەوێ بەو جۆرە خەڵک ئاراستە بکات یا
ڕەوانەى نەخۆشخانەى دەرونى دەکرێت یا بەتۆمەتى تیرۆر دەستگیردەکرێت،
ئەوە لاى ئەوان مافێکى سەرەتاییە.ئەودەمەى ئەمیرەکانیشیان لەکوردستان
هەڵدێن و لەوڵاتێکى وەک نەرویجدا دەگیرسێنەوە، وەسفى یاساى ئەوێ و مافى
مرۆڤى ئەوێندەر دەکەن.هەر لەودەمەدا لەوێ هاو ڕەگەز بازى و هاوسەر گیرى
هاو ڕەگەزەکان لەوێ شتێکى ئاساییە، تەنانەت فتواى کوشتن بۆ مێرولەیەکى
ئەوێش دەرناکەن!!
سەیرکەن خەمخۆرانى هونەرى کوردى ئەو دەمەى بڕوایان نەک هەر بەگۆرانى
وتنى کەسێکى وەک (کانى)یش نیە،ئەوا گۆرانى وتنى پیاوانیش بە کوفر
دەزانن و، بەدرێژایی عومرى تەلە فیزۆنەکانیشیان گۆرانیەکیان
پەخشنەکردووە،جگەلەمەش تاچەند ساڵێک لەمەو بەریش پێش ئەوەى لەخەلیجەوە
فتواى تازەیان بۆ پۆستکرێت ،باوەڕیان بە مۆسیقاش نەبوو!!!ئێستاش لێمان
بوونەتە پارێزەرى وڵاتێک نەشەهیدێکیان بۆ داوەو، کلتوورێک نە پشکێکیان
هەیە تێیداو، هونەرێک هەنوکە بەحەرامى دەزانن!!!ئاخر هونەرى کوردى
بەشێکى سەرەکى پێَکهاتەى ژنە لەکارکردنەوە بیگرە تا گۆرانى وتن و،لە
هەڵپەڕکێوە بیگرە شانبەشانى پیاو بوون تا فەرمانڕەوایەتیش .ئەوانیش کە
بڕوایان نەک بە ئازادى ژن و گۆرانى وتنى ژن نیە ،بگرە گۆرانى
وتنى پیاویشیان پێ حەرامە. ئێستا خێرە کەوتوونەتە سەنگەرى ڕەخنەى
ڕەسەنى کوردیەوە؟؟لەکاتێکدا هەموو هونەرمەندەکان کۆکن لەسە ئەوەى هونەر
بەبێ دەنگى ژن وەک ژیان بە بێ ژن وایە،لەکاتێکدا تەواوى هونەرمەندان
کۆکن لەسەر ئەوەى (حەسەن زیرەک )باوکى ڕەسەنایەتیەکە،چى ئەوان نەک هەر
گۆرانیەکانى دانابەزێنن بگرە بە کوفریشى دەزانن، ئەى خۆئەمەیان ئەسڵى
کلتوورى کوردى و ڕەسەنایەتیە!! بۆیە هەقى خۆیەتى بەکادیرەکانى
یەکگرتووى ئیسلامى و ڕۆژنامەنوسە خەمخۆرە هونەردۆستو کلتوور
پارێزەکانیان،یا دین پارێزەکان بڵیین سرودەکانى ئێوەو گۆرانیەکەى مژدین
خان دووشتى تازەن لەکلتوورى ئێمەدا، وەلێ گۆرانى وتنى پیاو و ژن دوو
شتى کۆنى ڕەسەنى کوردین، ئەمەش لاى ئێوە کوفر و بیدعەیە و ،کوفر و
بیدعەش جێگایان ئاگرە، بۆیە قسەى تیامەکەن با بەدەردى قەلە ڕەشەکەتان
لێنەیەت ڕۆشتنى خۆتانیشتان بیرچێتەوە.
|