کرانەوەی
دیموکراسی یان زیندەبەچاڵکردنی!

سالار بابەشێخ
لەوەتی کورد خاکی وڵاتەکەی داگیر کراوە، رووبەڕووی زۆر نەهامەتی و
ماڵوێرانی و چەرمەسەری بووەتەوە. ئەم بەسەرهاتەش بەردەوام لە لایەن یار
و نەیاریەوە شرۆڤە کراوە و هەر کام لە گۆشە نیگای خۆیانەوە راڤەیان
کردووە و تەنانەت دۆستانی کوردیش کەمتر دانیان بە بەشخوراوی کورد و
بێمافکردنیداناوە.
لە پاش رووخانی بەعس و دەستەبەربوونی بەشێک لە خەون و ئاوات و
ئامانجەکانی کورد لە کەرتێکی وڵاتەکەیدا، دەسەڵاتی کوردی بە هەموو بێ
ئەزموونی و کەموکوڕییەکانیەوە، لە ناوچەکەدا نموونەیەکی لە کرانەوە بە
رووی دیموکراسیدا بەرجەستە کرد. ئەم دەسەڵاتە کوردییە دوای شەڕی
ناوخۆیی، زۆر جار پەنای بۆ لۆژیک و دیالۆگ برد و زمانی ئاشتیخوازی کردە
سەرمەشقی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەرامبەر بە بەغدا، هەر ئەم نەرمی
نواندنەش وایکردووە هەتا هەنووکە چارەنووسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی
باشووری کوردستان نادیار بێت. گەرچی ئەم رێکارە سیاسییانەی دەسەڵاتی
کوردی باری ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەبووە، بەڵام نکۆڵیش لەوە ناکرێ کە
کاریگەری لە سەر وڵاتانی بەرکەوتەی کوردیش هەبووە، بە تایبەتی تورکیای
هاوسنووری ئەم کەرتەی کوردستان کە چەندینجار جگە لە هەڕەشە و
دانپیشاندانەکانی، سنوورەکانی هەرێمی کوردستانیشی بەزاند. تورکیا لەم
جیرانەتییە سوودی بازرگانی زۆری بەرکەوت و لەوەش دڵنیا بوویەوە کە ئەم
حکومەتە کوردییە جێی مەترسی نییە. هەر بۆیە پارتی دادوگەشەپێدان لە
هەڵوێستێکی بوێرانەدا پڕۆژەی کرانەوەی دیموکراسی و پرسی کوردی لەو
وڵاتەدا خستە بەردەم پەرلەمانەکەی، بەڵام زۆری نەخایاند و تەنها چەند
تابلۆیەکی هاتووچۆی شارێکی کوردی ژێرنووسی کوردی بۆ کرا، کە دادگەی
باڵای تورکیا بڕیاری داخستنی رێکخراوێکی خاوەن جەماوەری کوردی(DTP) دا.
ئەمە تەنها بڕیاری لایەنێکی راست، یان ئایینی، چەپ و سکۆلار و عەلمانی،
یان کونسێرڤەتیڤی ناو دەسەڵاتی تورکی نییە، بەڵکو نەخشەی سیاسی
دەسەڵاتی حکومڕان و باڵادەستە کە تا هەنووکە زیاتر لە 25 پارتی
سیاسییان لەو وڵاتەدا لە چالاکی سیاسی بێبەش کردووە. ئەو دەسەڵاتەی کە
هەرگیز بڕوایان بە فاکتۆری دانوستاندن نەبووە و دیالۆگیان بەهەند
وەرنەگرتووە. دادگای باڵای تورکیا مقاشی هێزی دەرەکی نییە و لە ژێر
فشاری دەرەکی ئەو بڕیارەی نەداوە، ئەم دادگایە سەربە دەسەڵاتی
رەگەزپەرستە کەمالیستەکانە کە هەموو پۆستە هەستیار و سیادییەکانیان
مۆنۆپۆڵ کردووە.
بڕیاری داخستنی (DTP) وەک رێکخراوێکی کوردی و خاوەنی پتر لە 20 کورسیی
پەرلەمانی تورکیا، و قەدەغەکردنی کاروچالاکی سیاسی لە 37 کەسایەتی و
ئەندامی ئەو پارتە بۆ ماوەی 5 ساڵ، گەڕانەوەیە بۆ بنەماکانی توندوتیژی
و رەگەزپەرستی لەو وڵاتە و خەونەکانی کرانەوەی دیموکراسی زیندەبەچاڵ
دەکات. بێگومان ئەم بڕیارانە لە لایەن شەپۆلی تووڕەی کوردی بندەستی
تورکیاوە بێ وەڵام نابن. تورکیا بە بەلاوەنانی کورد زیاتر پێگەی
نێودەوڵەتی خۆی سست دەکات و بە دڵنیاییەوە پەیڕەوکردنی سیاسەتی
حەزفکردن و بەلاوەنان هەرگیز تا سەر نابێت.
14/12/2009
|