کرانەوەى کورد و
چارەنووسى پەکەکە.
گەرمیانى حەمەى پوور
پاش زیاتر لە هەشتا ساڵ حوکمى کەمالیست و سەرکوت کردنى کەمەنەتەوەکان
لە تورکیا و زەوت کردنى مافەکانیان بە تایبەت کوردو ئەرمەن و دواجار
بیست و پێنج ساڵ خەباتى کوردى باکوور دژ بەو حکومەتە، سەرۆک وەزیرانى
تورکیا دان بە کێشەى کورددا دەنێت و کار لەسەر پێدانەوەى مافە
فەرهەنگییەکانیان دەکات و تەنانەت هەندێک ماف کە پێویستى بە
پێداچوونەوەى دەستوورى وڵاتەکەیەتى.
لە ڕۆژى ١٠/٨/٢٠٠٩ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی حکومەتی تورکیاو
سەرۆکی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) لە بەردەم هۆلی پەڕلەمانى
وڵاتەکەى لە سەر کیشەی کورد هاتە دەنگ و لێدوانێکى دا کە
دەنگدانەوەیەکى جیهانى هەبوو.
پاش هەشتا ساڵ لەو حکومەتەى کە ئەتا تورک، تورکیاى عەلمانى پێ
دامەزراند، بۆیەکەم جار ئیسلامییەکان لە ساڵى 2005 هەڵبژاردنەکانى
تورکیایان بردەوەو لەم هەڵبژاردنەدا (ئاکەپە)ى ئیسلامى بە ڕێبەرایەتى
ڕەجەب تەیب ئاردۆگان توانى دەنگى بەشێک لە کوردەکان وەدەست بێنێت ئەمەش
بەوەى کە لە سەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا لە ساڵى 2005 گەلێک بەڵێنى بە
کورددا کە کار لەسەر کێشەى کورد لە تورکیاو گەڕانەوەى مافەکانیان دەکات،
یەکەم هەنگاویشى ڕێگەدان بوو بە زمانى کوردى و دانانى کەناڵێکى
تەلەفزیۆنى بە ناوى (trt6) کە بەزمانى کوردى بەرنامەکانى پەخش دەکات
ئەمەش دژ بە ماددەى (66) دەستوورى وڵاتەکەیەتى کە دەڵێت (دانیشتوانى
توکیا بێ چەندو چوون هەمووى تورکە)و ڕێگە بە هیچ زمانێکیش نەدەدرا جگە
لە زمانى تورکى لەو وڵاتەدا قسەى پێ بکرێت، بەڵام کورد بە گشتى و
کوردەکانى تورکیا بە تایبەت هیچ بەم هەنگاوانە دڵخۆش نەبوون، چونکە
کێشەى کورد لەو وڵاتە زۆر لەوە گەورەترەو ئۆپەراسیۆنەکانى سوپاش بۆ سەر
(پەکەکە) لە چیاکانى کوردستان بەردەوام بوو، هەر ئەمەش واى کرد
کوردەکان وا هەست بکەن بەڵێنەکانى ئاردۆگان پێش دەسەڵات گرتنەدەستى
تەنها بۆ هەڵخەڵەتاندنى کوردەکان بووە، من بۆ خۆم لە گەڵ ئەم ڕایەدا
بووم و هەم، هەر بۆیە لە هەڵبژرادنى شارەوانییەکانى تورکیادا کوردەکان
ئەو دەنگانەیان لە پارتەکەى ئاردۆگان وەرگرتەوەو بەخشیانەوە بە تاکە
پارتى کوردى (دەتەپە) کە توانى دەنگێکى زۆر وەدەست بێنێ و ژمارەیەکى
زۆر شارەوانییەکان لە ناوچە کورد نشینەکان بباتەوەو بەو شێوەیەش
بەڕەکەى لە ژێر پێى ئاردۆگان لە زۆربەى ناوچە کوردییەکان دەرهێنا، لێرە
ئاردۆگان و پارتەکەى هەستیان بەوە کرد کە ناتوانن بەبەڵێنى سەرزارەکى و
جێبەجێ نەکردنى دەنگى کوردان وەدەست بێنن، هەر بۆیە ڕۆژى 10ى ئاب
ئاردۆگان ئەو تارەى داو تێیدا باسى لە پرۆژەى کرانەوەى کوردان کردو
بەشیر ئاتالاى وەزیرى ناوخۆى بۆ کارکردن لە سەر پرۆژەکە داناوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش دا کە کورد بە گشتى و کوردانى باکوور بە تایبەت
زۆر بەگەرمى پێشوازى لەم هەنگاوەى ئاکەپەو ئاردۆگان دەکەن و بە
هەنگاوێکى مێژووى دادەنێت، کۆمەڵێک شت ماوە کە دەکرێت قسەى لەسەر بکرێت.
ئایا تورکیا لە ململانێى کوردان ماندوو بووو ئەیەوێت ئیتر ئاشتى لە
وڵاتەکەى بەرقەرار بکات و بەمەش ئاکەپە پێگەى جەماوەرى خۆى لە تورکیا
وەک پارتێکى ئاشتى خوازو و دیموکاتخواز بە هێز دەکات؟
ئایا تورکیا و ئاردۆگان تەنها مەبەستیانە بەم هەنگاوە لەمپەرێکى تر لە
سەر ڕێگەى بەئەندام بوون لە یەکێتى ئەوروپا لابەن؟
ئاردۆگان ئەیەوێت بۆ مانەوەى ئیسلامییەکان لەسەر حوکم و مسۆگەرکردنى
دەنگى کوردانى وڵاتەکەى لە داهاتوودا ئەم هەنگاوانە بنێت؟
ئایا ئەسڵەن تورکیا هەر دەتوانێت ئەو پرۆژەى کە باسى دەکات و (هێشتا
ناوەرۆکەکەى ڕانەگەیەنراوە بەڵام ئەوەى ئاشکرایە پێویست بە دەستکارى
دەستوور دەکات بەتایبەت گۆڕین یان لادانى مادەى (66)) دەتوانێت جێبەجێى
بکات لە کاتێکدا (جەهەپە)و (مەهەپە) دژى پرۆژەکەن؟
یاخود تورکیا بۆى دەرکەوت کە بە هیچ هێزێک و بە یارمەتى هیچ وڵاتێکیش
ناتوانێت پەکەکە لەناو بەرێت و تەنانەت ناتوانێت پەیوەندى کوردانى
وڵاتەکەى و پەکەکە ببڕێت، بەم هەنگاوەى دەیەوێت پەیوەندییەکانیان ببڕێت
و تەنانەت ناکۆکى لە نێوان پەکەکەو دەتەپە دروست بکات، لێرەدا بە
لەبەرچاوگرتنى لێدوانى سەرانى تورکیا کە بەهەموو شێوەیەک وتوێژ لەگەڵ
ڕێبەرى پەکەکە عەبدولله ئۆجەلان ڕەت دەکەنەوەو پەکەکەش هەر بە ڕێکخراوە
تیرۆریستەکە دەناسن و لەلایەکى تریشەوە کوردانى تورکیاو دەتەپە
هەنگاوەکەى دادو گەشەپێدان بە ئیجابى دەزانن و ئاردۆگان و ئەحمەد تورک
پێکەوە کۆدەبنەوەو ئاتالاش سەردانى دەتەپە دەکات، تێکرا ئەمانە بۆمان
دەردەخات کە پەکەکە تەنها وەک هێزێکى چەکدارى بێ پشت و پەناو جەماوەر
دەمێنیتەوە لە چیاکاندا.
وەنەبێت سەرانى پەکەکەش هەستیان بەم هەنگاوە نەکردبێت، چونکە ئەوەتا
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنى پرۆژەکەى ئاردۆگانى سەرۆک وەزیرانى تورکیاو
سەرۆکى پارتى دادو گەشەپێدان (ئەکەپە)، عەبدولله ئۆجەلانیش کە هەڵگرتى
گوتارى سەربەخۆیی کوردستان بوو، پرۆژەى (نەخشەى ڕێگا) ڕادەگەیەنێت،
هەرچەندە ئەم پرۆژەیە هێشتا بەفەرمى ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ناوەرۆکەکەى
وەک بەرپرسانى پەکەکە ئاشکراى دەکەن گرنگترین خاڵى دابین کردنى
مافەکانى کوردە لە چوارچێوەى تورکیاى یەکگرتوودا،و جەخت لەسەر
کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتى دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر پرۆژەو پێشنیارەکانى
ئۆجەلان هەرچی و هەرچۆن بێت کە بەرپرسانى تورکیا ئامادەى گفتوگۆو
دانوستان لەگەڵ پەکەکە کە بەتیرۆریستى دەزانن و ئۆجەلان نەبن بە چی
دەچێت، لێرەدا تەنها شتێک کە دەکرێ بکرێت فشارەکانى گەلى کوردە لە
باکوورى کوردستان و دەتەپە وەک تاکە پارتى ڕێپێ دراوى کوردى لە تورکیا
کە لەلایەن دادوگەشەپێدانەوە دانوستانى لەگەڵ دەکرێت و وەکو
نوێنەرایەتى کورد لە باکوور سەیر دەکرێت و پەکەکەش ئەو پارتەى وەکو
نوێنەرایەتى کردن پێ قەبووڵە، هەرچەندە ئەم پرۆژەى ئاردۆگان ڕێککەوتنێک
نییە کە لە نێوان تورک و کورددا تا کوردان داواى سەپاندنى مەرج بکەن،
بەڵام دەکرێت وەکو پێشنیار چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزرێتەوە لەکاتێکدا
ئەکەر تورکیا بییەوێت لە ڕێگەى بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنە
سەربازییەکانى و بە هەمانهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق هەروەها
فشارخستنەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان پەکەکە لە چیاکانى قەندیل
لەناوبەرێت، ئەوان پرۆژەکە ڕەت بکەنەوەو وەکو کورد پێشوازى لێنەکەن،
ئەو کات پرۆژەکەى ئاردۆگانیش ناکامڵ دەبێت. پەکەکەش لە ئێستادا
لەبەردەم چارەنوسێکى نادیاردایەو بە بۆچوونى من تەنها ئامریکا وەکو
لایەنى سێیەم تواناى یەکلایی کردنەوەى کێشەکەو دیارى کردنى چارەنووسی
پەکەکەى دەبێت.
|