کردەوە تیرۆریستیەکەی کەرکوک هەوڵدانێکە بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکان.
ئێمە لەکاتێکدا ئەم کردەوەیە و بکەرانی شەرمەزار دەکەین، پێمان وایە ئەم کردەوەیە هەوڵدانێکە بۆ قوڵکردنەوەی کێشەکان و سیاسەتکردنە لەسەر کێشەکان و یاریکردنە بەچارەنووسی گەل. هەروەها بکەرانی دەخوازن لەڕێگەی ئەم کردەوەیەوە تەئکید لەسەر ئەوە بکەنەوە کە کەرکوک بۆمبێکی وەکاتە یاخو بەرمیلێک بارووتە. هەر بۆیە پێویستە ئەو راستیە ببینین کە تەنیا بکەرانی ئەم کردەوەیە بەرپرس نین لەم کردەوەیە، بەڵکو هەموو ئەو لایەنانەی کە بەجددی کار ناکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و بەتایبەتی ئەوانەی کەرکوک بە بەرمیلی باروت و بۆمبی وەکات بەناو دەکەن بەرپرسیارن لەم کردەوەیە. هەروەها ئیدارەی کەرکوک و حکومەتی ئیراق و هەرێمی کوردستانیش لەم کردەوەیە بەرپرسیارن. چونکە ئەو لایەنانەش هەتا ئێستا بەجددی کارێکیان نەکردووە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە و بەرقەراکردنی ئاسایشی ژیانی جەماوەر.
ئێمە دەبینین کە لەوتاردا هەموو کەس خۆی بەخاوەنی کەرکوک دەزانێت بەڵام لە واقیعدا هەموو لایەک کەرکوکیان پشتگوێ خستووە. بەجددی کارێک ئەنجام نەدراوە لەبواری خزمەتگوزاریدا، بۆ زەمینە خۆشکردنی ژیانێکی هاوبەش و ئاسوودە کارێکی جددی نەکراوە، لەجێگەی ئەمە لێدوانی توندڕەویی و نابەرپرسیارانە دەدرێت و لەڕووی ئاسایشیشەوە ئەوەندەی بۆ هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەکرێت چارەکێکی ئەوە بۆ کەرکوک ناکرێت، کە پێویست بوو چەندقاتی ئەو شارانە گرنگی بە کەرکوک بدرێت. هەر بۆیە ئێمە وەکو پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ئەم کردەوەیە و بکەرانی چەند بارە شەرمەزار دەکەین، پێمان وایە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئێراق لەبەرامبەر ئەم کارە بەرپرسیارن و پێویستە هەرچی زووە ئیجرائاتی پێویست بکەن و ئیدی دەست لەو سیاسەت و مامەڵەیە بەربدەن کە لەگەل کەرکوک و ناوچەکانی تردا بەڕێوەی دەبەن. ئەگەر خەمی خەڵکی کەرکوک و گەلانی ئێراق دەخۆن کۆتایی بە سیاسەتەیان بێنن کە لەگەڵ کێشەکاندا کاریان پێکردووە، ئەگەر ئامادەی ئەمەش نین با دەست لەو بەرپرسیارێتیە بەربدەن و رێگە بۆخەڵکانی تر خۆش بکەن کە ئەم کێشانە چارەسەر بکات. بەتایبەتی لایەنی کوردی دەبێت ئەو راستیەش بزانێت کە کردەوەی بەمڕەنگە ئەو تێڕوانینە پشت راستدەکاتەوە کە هێزی کوردی ناتوانێت ئاسایشی شارەکە بپارێزێت و ئەمەش زەمینە بۆ ئەوە خۆش دەکات کە ئاسایشی ئەم شارە بدرێتە دەست سوپای ئێراقی.
|