په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٧\٢٠٢٠

کرێکارانی تونس، ئەزموونێکی سەرکەوتوو!


عەبدوڵا ساڵح    


کۆماری تونس دەکەوێتە باکوری ئەفریقیا لەسەر دەریای ناوەڕاست بەڕوبەری نزیک بە ١٦٠٠٠٠ کم دووجا و دانیشتوانی نزیک بە ١٠ ملیۆن کەس. ئەم ووڵاتە، بەبەراورد بەووڵاتانی تری "عەرەبی " ، کۆمەڵێک تایبەتمەندی ھەیە کە جیای دەکاتەوە لەوانی تر، لەوانە پێگە و ڕۆڵی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئابوری و سیاسیدا ، ودەستەبەرکردنی ئازادی تاک، بوونی چەندین کۆمەڵگای مەدەنی بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ و...... دیارترینی ئەو جیاوازیانە خۆ ڕێکخستنی کرێکاران وزەحمەتکێشانە لە سەندیکایەکدا بەناوی ( الاتحاد العام التونسی للشغل ) ، ( یەکیەتی گشتی تونسی بۆ کار) – لە مەودوا بە کورتکراوەی شوغل ناوی دەبەم - .


ئەم ڕێکخراوە لە رۆژی ‌ ٢٠ / ١ / ١٩٤٦ بەدەستپێشکەری چالاکوانێکی ناسراوی کرێکاری ئەو کاتە بەناوی ( فرحات حشاد ) دامەزرا، دواتر ناوبراو ساڵی ١٩٥٢ لە ئەنجامی کارو چالاکیە سیاسیەکانی وبەتاوانی بانگەشە بۆ سەربەخۆیی تونس لە ژێر‌دەستی داگیرکەرە فەرەنسیەکان ، ھەر لەلایەن ئەوانەوە تیرۆر کرا ، ئێستا شوغل پتر لە ٢٠ سەندیکای بچوکتر لەخۆی دەگرێ و نزیک بە ٧٠٠ ھەزار ئەندامی ھەیە ، ھەر بۆیە بە یەکێک لە بەناوبانگترین پڕ دەسەڵاترین سەندیکای کرێکاری سەربەخۆ لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وباکوری ئەفریقا ھەژمار دەکرێ .


شێوەی دروست بوونی، ھەیکەلی، ئەم سەندیکا فراوانە ( ھەرەمیە / مەخروتی ) واتە لە ژێرەوە بۆ سەرەوە ، کرێکاران لە شوێنی کاروژیانیاندا نوێنەرانی خۆیان ھەڵدەبژێرن وبەم شێوەیە ھەڵبژاردن بەرەو سەر دەڕوا تا دەگاتە لوتکەی ھەرەمەکە کە ئەندامانی ڕابەری سەندیکاکە پێکدێنن ، ئەم شێوازە لە ڕێکخستن کە نیمچە شوراییە ، بەرجەستەترین خاڵی بەھێزی شوغلە کە دووری دەخاتەوە لە بیرۆکراتیەت یا بادان بەلای دەسەڵاتدا و ڕێگرە لەوەی ببێتە سەندیکایەکی زەرد .


ھەرچەندە کاری سەرەکی شوغل بەرگریە لە ماف وداخوازیەکانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشی تونس ، وە یەکێک لە دروشمەکانی (دەستبردن بۆ مافی کرێکاران ھێڵی سوورە ) ، بەڵام بەدرێژایی ساڵانی خەباتی، ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبووە لە مەیدانی سیاسی ئەم ووڵاتەدا، ئەمڕۆش ئەم سەنگ وقورسایەی لەو مەیدانەدا تا دێت فراوانتر دەبێ و خەباتی دەچێتە ئاستێکی باڵاترەوە ، بەتایبەت دوای ڕوخانی ڕژێمی زەینەلعابدین بن عەلی لە ئەنجامی ڕاپەڕینە جەماوەریەکەی تونس کە بوە ھۆی ئەوەی ڕۆژی ١٤ / کانونی دووەم / ٢٠١١ ئەو دیکتاتۆرە بەرەو سعودیە ڕاکا .


ئەمڕۆ شوغل یاریکەرێکی زۆر بە ھێزە لە مەیدانی سیاسی ئە ووڵاتەدا ، بەجۆرێک کە تەنیا یەک بانگەوازی ئەو بۆ مانگرتن بەدەیان ھەزار لە خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێش و ئازادیخوازانی ئەو ووڵاتە دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان و شاڕەگی ئابوری تونس دەوەستێنرێ ، ھەر بۆیە ، لەلایەک دەسەڵاتداران دەست بۆ ھەر سیاسەتێک بەرن بەناچاری دەبێ سەنگ و ڕۆلی ئەویان لەبەر چاوبێت و ناتوانن پشتگوێ بخەن ، لەلایەکی ترەوە ھەلوێست و سیاسەتەکانی شوغل وای کردوە لەلایەن بەشی ھەرە زۆری جەماوەر لە تونس ببێتە سونبلی بەرگری لە مافەکانی تاک و کۆمەڵ وپاراستنی سیمای مەدەنیەتی ئەو ووڵاتە .

ئەوە بەر ئەنجامی ھەمان سیاسەتی شوغلە کە ڕێگری کردووە لەوەی تا ئێستا ( بزوتنەوەی نەھزەی ئیسلامی ) کە بزوتنەوەیەکە سەر بەڕێباز و ڕەوتی ئیخوان موسلیمینە و ( ڕاشد ئەلغەنوشی )‌ ڕابەرایەتی دەکا و تا ئەندازەیەک خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتیە لەو ووڵاتە ، نەتوانی جڵەوی دەسەڵاتی تونس بە ڕەھایی بگرێتە دەست و بەگوێرەی شەرعی ئیسلام دەستوری تونس داڕێژێ وبیکاتە ‌ بنەمای یاسا وڕێسای ئەو ووڵاتە .


دەستوری تونس کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو نوسراوە ، سەردەمی سەرۆکایەتی حەبیب بورقێبە ،بە ھەوڵ و خەباتی نەپساوەی شوغلە کە بۆتە یەکێک لە دەستورە پێشکەوتوەکانی ئەوکاتە و ئێستاش بە بەراورد بەوڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت لەمەڕ مافی ژنان ، ھەربۆیە لەم کۆمەڵگایەدا بە ھەزاران ماف خۆاز و تێکۆشەر لە ژن وپیاو ھەڵکەوتوە وەک ژنە خەباتکارو سەندیکالیستی بەناوبانگی تونسی( شریفە المسعدی ) کە لە ساڵی ١٩٤٩ بوە یەکێک لە ئەندامی ڕابەرایەتی شوغل، ( شکری بلعید ١٩٦٤ / ٢٠١٣ ) مارکسیست ویەکێک لە تێکۆشەرە چەپەکانی تونس کە ساڵی ٢٠١٣ تیرۆر کرا ،( محەمەد براھمی ١٩٥٥ / ٢٠١٣ ) ، کە ئەویش بە ھەمان شێوە تیرۆر کرا وھەردوکیان بزوتنەوەی نەھزە بەکوشتنەکەیان تاوانبار کرا. ئێستاش یەکێک لە ژنە چالاکوانە بەناوبانگەکانی تونس بەناوی ( نعیمە ئەلھومامی ) لە باڵاترین کۆمیتەی جێبەجێکاری شوغل دا دەور ونەخشی ڕابەری دەگێڕێ .


شایانی باسە شوغل لە گەڵ سێ ڕێکخراوی تری کۆمەڵگای مەدەنی و بەناونیشانی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و پاراستنی سەقامگیری وسیمای " دیموکراتیەت " وپێکەوە ژیان لە تونسدا ، ساڵی ٢٠١٥ خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی پێبەخشرا.

 


a_salih11@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک