| 
			 
			٢٨\٨\٢٠١١ 
			
			
			    
			کرۆسکەخەون...
			 
			
			  
			
			شوان عوسمان 
			
			کچەکەم وەکو 
			کرۆسکێکی دێمی ، 
			چاو ئەکاتەوە..  
			لە چاوی هەرمێیەکی بە ئاویشدا ، 
			دەم ئەکاتەوە... 
			تا تنۆکێک لەو ئاوی بە هەرمێ بوونە ، 
			بزێتە ناو دەوی... 
			کچەکەم... 
			هەمیشە خەون بەوە ئەبینێت ، 
			زوو گەورە بێت و 
			باڵا قۆپەنی و کەدە شلکە هەناریەکەی ، 
			لە بەژنی کوارگێکی شلوملەوە ، 
			زووتر هەڵچێت و 
			وەکو چنارێکی سەرەمر ، 
			شەنگتر باڵایەک دەرکات... 
			کچەکەم ئاخیر دەنکە قلی رەشمیریە ، 
			لە وشیەک ترێی تەمەنم ، 
			بەربۆتە ناو بەیاری رەزی من ... 
			ئەو تازە سەر لە ناو ساباتی پەلکەمێوی ماڵەکەم ، 
			دەردێنێ... 
			دەست لە دەستی توولەمێوەکانی داکی بەرئەداو 
			لەگەل دەنکە زەیتوونێکی رەش و گەشدا ، 
			چاوی رەش و گەش ئەکاتەوە و 
			خەون ئەبینێت... 
			کچە شەرمنەکەم.... 
			شەرم مەکە خەون ببینە ، 
			هەقی خۆتە خەون ببینی... 
			ئەوەی خەونی نەبێت، ناتوانێ لە سبەینێش بڕوانێت.. 
			ئەتوو بتەوێت یان نەتەوێت ، 
			هاژەی جۆگەی ژیانی تۆ ، 
			لە هەژان و خوڕە ناکەوێت.. 
			رووباری تەمەنت ئەڕوا و 
			شۆڕ ئەبێتەوە و 
			ناوەستێت... 
			بەو نیگا کز سوتاوانەت ، 
			کە کزەیەکە و دڵم داخ ئەکەی... 
			وا لە داهاتووت بە کزی مەڕوانە ، 
			هەرچەندە ئەزانم حەز ئەکەی ، 
			بەو خەونانەش دەست لە ملی سەرخەوێک کەی و 
			ئینجانە گوڵی رۆژانت بە فرمێسکی خەونێکت ، 
			ئاوبدەیت.... 
			تا قەدولکت پەل دەرکات... 
			هەر دەوەنەو ئەبێتە دار ، 
			ئەتووش ئەتەوێت لە دەوەنی خۆت ، 
			پازێک بدەی و 
			ببیتە درەختێکی هەراش... 
			لە گەمەی ماڵمالۆکانێی رۆژانەت ، 
			دەهریت و 
			ئەتەوێ وەک سەرەژنێک سەر دەرکەی و 
			چرایەکی خۆت داگیرسێنی.. 
			ببیتە کابانێکی ئازادی دەست بەخەنە ، 
			لە بنەوانێکی سەرەبەخۆدا بەبەژنی چناری خۆتدا سەرکەوی و 
			وەکو لاولاوێکی سەوز هەڵبچیت... 
			کچە ناسکەکەم... 
			کێ بێت نەیەوێت ئازاد بێت و 
			خەون بە سەربەخۆ بوون نەبینێت... 
			منیش هەمیشە حەزم ئەکرد و 
			خۆزگەم ئەخوازت ، 
			خەونم ئەدیت... 
			وەکو ئێستا لە قەپێلکە بێیەکی تورت و 
			پێستێکی جیڕو چورچدا ، 
			هەناسەم تەنگەتاو نەبێت و 
			گەورە نەبووبام... 
			پایزی زەمەن لە پڕێکە پەلکەکانی تەمەنمی ، 
			نەوەراند با... 
			کە نەتوانم جارێکی دیکە ، 
			دەستم لە کەدی دەوەنێکی ساوادا ، 
			گیر ببێت و 
			لە تۆقەرانێکی داری رۆژانم ، 
			دابەزم ... 
			لە نۆژەن بە رەگە ساواکانم ، 
			داچووبام و 
			هەڵچووبام... 
			تا سەربوردەی منداڵیم ، 
			وەکو خۆخێکی سۆریساقەی بە کوڵک ، 
			بە منداڵ کردبایەوە... 
			رێم لە گەیی بوون و 
			گەورە بوونی خۆم بگرتبایە... 
			بەرائەتی دۆڕاوی زەمەنێکی لەدەستچووم ، 
			کە بۆنی شییری خاویان ، 
			بە ئاسماندا بڵاو ئەکردەوە ، 
			بە دەست بێنمەوە.... 
			لە دواوە بە لاپەڕەکان بێمەوە و 
			لە نوێوە لەزەت لە تامی گەرازە کاڕکەکان ، 
			ببینمەوە... 
			کە هەمیشە لە ترسی چاوی باخەوان ، 
			نەوەک لە سەر نەوسێک بە دز ناومان بێنێ ، 
			زارمان ئاوی تێنەئەزا... 
			من یاخیم لە گەورەیی ئەو گەورە پیاوە ، 
			بەدبەختە... 
			کە هەموو سەروەریەکانی منداڵی و 
			بزە رەنگینەکانی ساتی گچکەیی ، 
			شێلوو ببوو... 
			هەر ئەو نەسیمەش دێت و 
			لە سوبحی تەمەنی تۆدا ، 
			سەوزەگیای بەختی کچێنیت ، 
			بۆگە ئەکات... 
			مێژوویەکی تەڕ لە بن تاریشکێکی زەرد ، 
			ئەنووسێتەوە... 
			لۆ پیاوێکی بەخترەش خەمێکی رەشتر ، 
			کەلەکە ئەکات ... 
			من منداڵیم ئەوە بوو لە سەر لانک ، 
			سەرەمەرگ بوو... 
			بە دەسرازەکەی رۆحی لە هەناسە کراو 
			بووە قوربانی بەر رەحمەتی زریانێک ، 
			لە قەدەری گەورەیی و 
			دەستکەوتەکانی شۆڕەسوارێکی مەغرور ، 
			کە هەر لە منداڵیەوە ناویان لێنا پیاو... 
			شمشێری پاسەوانی پاوانێکی مێیان ، 
			لە مست نا و 
			خەنجەرێکی بە رەچەلەک سوور و 
			بۆگەن بە بۆنی خوێنیان لە دەست نا ، 
			تانۆکێکی چڕیان لە نێوان هەردوو هەناسەدا ، 
			چڕ کردەوە.... 
			شەریعەتێکیشیان لۆ مانەوەی ئەو مەرزە داهێنا ، 
			کە گوناهە گەورەکانی من حەلال و 
			هەقە گچکە رەواکانی تۆ حەرام..  
			لەو ساوە پێکی شەرابی ترێی تۆ ، 
			خەست ئەکرێتەوە...  
			بە فتوای پیاوە سەرخۆشەکانی بەر زیکری شەڕ ، 
			لە میحرابێکی پیاوانەوە.. 
			خواردنەوەت بۆ منی پیاو حەلال کرا.... 
			ئاخر تا ئەو هەناسانە دەربەست نەبن ، 
			تام لە هەناسە و 
			ترێ و 
			شەراب و 
			ماچ ناکرێت... 
			بۆیە حاشا لە من ، 
			ئەو منەی منی بە پاشای جانەوەران ناساند... 
			سەرشۆڕە پیاوەتیم ، 
			لە بەرامبەر مێژووی شکانی شەنگی ، 
			شۆرەبیت... 
			ئەی کچەژن.... 
			کچەکەم... 
			تۆ لە زەمەنێکدا لە تەمەنی بە کرۆسکی خۆت ، 
			یاخیت ، 
			کە هێشتا کچەکانی وڵاتی من ، 
			لە زەمەنی بە هەرمێ بوونی خۆیان زیاتر ، 
			یاخین... 
			پرچک وگەرەشکی دەقە بۆگە ، 
			لە کەلک کەوتووەکانی ، 
			کەلتوور و شەریعەت ، 
			رێ لە باڵاو هەڵچوونیان ئەگرن.. 
			بە بەرد بەردباران و 
			بە گوللە گوللەباران و 
			وەکو شەیتان سیمای نێرگز و 
			پەڕوباڵی فریشتەییان ، 
			رەجم ئەکەن... 
			کچە کابانەکەم... 
			تۆ هەر لە ئێستاوە ئەتەوێ ، 
			کابانێکی ئازاد بیت... 
			لە ماڵە بێسەروبەرەکەی کۆنەهەواری وڵاتمدا ، 
			هیچ جادەیەک نیە دەستی رەگەزی تۆ بگرێت ، 
			ئازادی کات... 
			بە خەنەی خوێن نەبێت دەلاقەیەک نابینێتەوە ، 
			تا مەرکانی سر و 
			خەمەکانی لێ دابنێت...  
			تا لە چنگی شاخێک رزگار بێت و 
			ناسنامەی ئاوێکی چۆڕاوەی سەربەخۆ ، 
			لە گیرفانی پیاوێکدا وەرگرێتەوە... 
			ئەو شەریعەتە چەند تاڵە ، 
			ئەیەوێ تاهەتایە من منێکی گەورە بم و 
			ئەتووش لەوێدا پنچکە پوونگەکی گچکۆکە... 
			هەر بە قوڕاوی خەون خۆت تەڕ کەیەوەو 
			قەت بە پێش سێبەری گەورەیەکیش ، 
			نەکەویت... 
			دەوری چیلکەدارێکی تێنووی بەوەفا ببینی و 
			نە پەلکت بتوانێ تەڕ ببێتەوە و 
			نە لاسکێکی لاساریشت بتوانێت ، 
			لە قەدوباڵای گەورەکان هەڵگەڕێتەوە.... 
			ئازادی وسەربەخۆ بوون ، 
			دوو هەورازی سەختی سەر خەڕەندن ، 
			ئاسمانی سەریان پڕە لە ئەستێرەی ، 
			جریوەدار لە بن سێبەری مانگدا ، 
			خەون ئەبینن... 
			بەڵام لە خوارەوە دارستانێک هەیە ، 
			گەورە گچکە فڕ ئەکات.. 
			خۆشبەخت بە زوو گەورە نەبیت ، 
			چونکە ئەترسم .... 
			لە خۆم و لە منێتی منێکی پیاوی ، 
			چاوسۆر ... 
			بە فڕێک فڕت کەن و 
			پەڕەی خونچەی تەڕت ، 
			بە دەردەسەری ژاکانی بەختی ، 
			گوڵە دەستەخوشکەکانی رەحمەتیت ببەن... 
			پەلە مەکە هێشتا رووبارەکان ، 
			لە ئاوەکانیان یاخین ، 
			دەقەکان وەکو خۆن ، 
			ئێرە هێشتا وڵاتی پیاو و  
			خوێن و کوفر و گوناهە... 
			لێرەدا هێشتا تاوانی پیاوە گوناهبارەکان ، 
			بە خوێنی تۆ و 
			کوفرێکی تۆوە ئەشوورێتەوە.. 
			ئەو دەست بە خوێن سۆرانە ، 
			هەمیشە بە خوایەک سوێند ئەخۆن و 
			دڵی خۆیان بە خوایەک خۆش ئەکەن ، 
			بەڵام رۆژانەش لە سەر جادە و 
			کۆڵانە تەنگەکانی شارەکەم ، 
			پەڕەدڵی خوایەک ئەدڕن و 
			بتێک قیت ئەکەنەوەو 
			خواوەندێکیش لە سەر هیچ بەر ئەدەنەوە... 
			کوشتنەوەی بڕکەنەمامێکی ناسک ، 
			وەکو هەڵپچڕانی سیفۆنی سەری ، 
			شوشەیەک بیرەیە... 
			کچە چکۆڵانەکەم.. 
			کە تەماشای کەزیە شۆڕەبی و 
			باڵا رێواسیەکەت ئەکەم... 
			حەز ئەکەم هەروا بمێنیەوە و 
			زیاتر باڵا نەکەیت و 
			باڵات هەڵنەچێت... 
			خەونت گەورە بێت بەڵام گەورە نەبیت.. 
			تا بە دەردی حەشری سوتان و 
			بوونە قۆچی قوربانی خەونە دڵگەرمەکانت ، 
			نەبیت... 
			کچەکەم... 
			کوریکە هەناری کچانی وڵاتەکەم ، 
			بە رەشەبای باخەوانێکی دڵرەقی پیاوەوە ، 
			بە ناوی شەرەف ئەوەرێ.. 
			کاتێک ئەیانەوێت شەونمی فرمێسکێکیان ، 
			بە پشتی دەستی رازێک ، 
			وشەیەک ، 
			نیگایەک ، 
			بسڕن.. 
			ئاگر لە کەدو لک و پەڕ و باڵیان ، 
			بەر ئەدەن... 
			بە هەتک و تکانی شەرەف ، 
			توولەرێی زەمەنیان رائەگرن ، 
			لە گەرمەی برژانی ژانەکانیان ، 
			ئاگردانی دڵیان سارد ئەکەنەوە.... 
			بۆیە ناچار ئەبن لەو پاییزەی خەزانەدا ، 
			بەر لەوەی بە بایەک هەڵوەرێن ، 
			پەنا بۆ دەنکەشقارتەیەک ببەن ، 
			تا چیتر خەون بە هەرمێیەکی تەڕی ، 
			تەمەنەوە نەبینن... 
			
			٩\٨\٢٠١١
			- سویسرا - بادن 
			
			
			ماڵپهڕی 
			شوان عوسمان  
			
			  
			
			  
			
			  
			 |