په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٢\٢٠٠٩

کیشوەرى ئەفریکا کەرت دەبێت!

    

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*

سەرەتا:


ئایا دەکرێت ئەو کیشوەرە گەورەیە، کیشوەرى ئەفریکا لەت ببێت؟ ئەگەر ئەوە ڕاستە چۆن و کەى ڕوودەدات؟ ئەبێت هۆکارى کەرت بوونەکە بۆچى بگەڕێتەوە؟ ئەگەر بمانەوێت وەڵامى ئەو پرسیارانە بدەینەوە پێویستمان بەباسێکى درێژ هەیە، کە بەوردى لە بنەما سەرەکییەکانەوە باسى بکەین و زۆر بچینە ناو بابەتێکى زەویناسى کەئەویش جووڵەى پلێتەکانە و دەناسرێت بە تەکتۆنى پلێتەکان( Plate tectonics ). ئەوەى لێرەدا دەمەوێت باسى بکەم سەرەتایەکە بۆ تەکتۆنى پلێتەکان بەڵام بەڕێگەى وەرگرتنى نموونەیەکى زیندوو( ئێستا) لەسەر ئەو بارودۆخە کەئەویش کیشوەرى ئەفریکایە.


توێژینەوە زەویناسییەکان و دیاردە زەویناسییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە کیشوەرى ئەفریکا لەداهاتوودا کەرت دەبێت و لەناوچەى ڕۆژهەڵاتیدا ئەو بەشەى لێجیادەبێتەوە.


جووڵەى پلێتەکان:


ئەوەى ئاشکرایە کە گۆى زەوى پێکهاتووە لە چەند تاوێرە بەردێک کە یەکجار گەورەن و لەهەندێک شوێندا بەریەکدەکەون و لەهەندێک شوێنى تردا لەیەکتر دوور دەکەونەوە و لەهەندێک جێگاشدا یەتەنیشت یەکدا دەخزێن. ئەم ڕوونکردنەوە ساکارە سنوورى ئەو پلێتە کەڤرییە ڕەقانەمان بۆ دیاری دەکات، بەمانایەکى تر ئەم پلێتە گەورانە لەجووڵەیەکى بەردەوامدان و لەئەنجامى ئەو جووڵەیەشەوە شێوە سەرەکییەکانى سەر ڕووى زەوى وەک زنجیرە شاخەکان و دۆڵە گەورەکان دروست دەبن. ئەم پارچە کەڤرییەگەورانە چێش 200 ملیۆن ساڵ گشتیان یەک پارچە بوون و دەناسرێت بە پانجیا(Pangaea )، وردە وردە ئەم پارچە زەبەلاحە شکاوەو ئەم پلێتانەى کەئیچستا ڕووى زەویان پێکهێناوە دروست بووە ( وێنەى ژمارە 1).


هۆکارەکانى درز تێکەوتن ولەت بوون و جووڵەى بەردەوامى ئەو پارچە کەڤرە زەبەلاحانە پەیوەستە بە بارودۆخە ژێرەوەى ڕووى زەوى، واتە بەشى بنەوەى توێکڵ و بەشى کەوڵى گۆى زەوى، کەلێرەدا ناکرێت بە درێژى باسى لێوەبکەم بەڵام لەداهاتوودا بە وردى و بەکوردى ڕوونیدەکەمەوە.

 


وێنەى ژمارە 1: دابەشبوون و ناوى پلێتە گەورەکانى ڕووى زەوى.

 

نشێوى ڕۆژهەڵاتى ئەفریکا:


بێگومان ئەودرزەو نشێوە گەورەیەى کە لەڕۆژهەڵاتى کیشوەرى ئەفریکادایە( ڕاستییەکەى ئەوەیە کەبڵێین پلێتى ئەفریکادایە) هەر لەزووەوە دەستنیشانکراوە و ئەزانرێت کە جووڵەیەکى کەم هەیە. دیاردە جیۆلۆجییەکان کاتێکى زۆر دەخایەنێت، هەربوچیە هەستپێکردن و بینینیان ئاسان نییە و لەوانەیە لە ئاست تەمەنى مرۆڤدا نەبێت. بەڵام هەندێکجار دیاردەکان سەرنجڕاکیچشەو هەستپێکراوە، بوچنموونە ئەوەى کە لە ڕۆژهەڵاتى ئەفریکا ڕوودەدات. ناوچەى سێگۆشەى ئەفار( وێنەى ژمارە 2) کەدەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى کیشوەرەکەوە چیرۆکێکى جیاوازى هەیەو لەوشوێنەدا زەریایەکى تازە دروستدەبێت. لەڕاستیدا باسەکە دەگەڕیچتەوە بو ساڵى 2005 کە دەستەیەک لەزەویناسانى زانکۆى ئەدیس ئەبابا بەچاوى خۆیان ئەوحاڵەتەیان تۆمار کردووە کەچۆن زەریایەکى نوێ لەوناوچەیەدا لەسەرەتاى دروست بووندایە. ئەوان بوون بەیەکەم دەستەى ئادەمیزاد کە ڕووداوى ئاوا ببینن. لەماوەی چەند مانگێکدا بنى ئەو ناوچەیە درزو کەرتبوونى بەخۆوە دیوە و هەندێک شوێن دۆڵى بەقووڵى 100م دروستکردووە بەپێى وتارێک کە لە ڕۆژنامەى میتروى 6/11/2009 دا بڵاوکراوەتەوە. بێگومان ئەم لێکۆڵینەوەیە بە درێژى لە گۆڤارێکى زەویناسى تایبەتمەند دا بڵاوکراوەتەوە کە ئەویش گۆڤارى لێکۆڵینەوەى جیۆفیزیاییە. لەم لێکۆڵینەوەیەدا جەچت لەوەکراوەتەوە کە کیشوەرى ئەفریکا کەرت دەبێت تا نزیکەى وڵاتى مۆزامبیق و زەریایەکى تازە دروست دەبێت، ئەوەشیان دەستنیشانکردووە کە درزەکە گەورەبووە کاتێک گڕکانێک کە بە داباهو دەناسرێت لەباکورى نشیۆەکە هەڵچووە. گڕتاوى ئەم گڕکانە لە جیاتى ئەوەى دەربچێت بۆ سەرەوە و ببێت بە ژیلەمۆ، بەڵام لەژێرەوە بڵاوبوچتەوە و درزێکى گەورەى بە درێژى 500 م و پانى 60 م دروستکردووە کە زەویناسان ساڵى 2005 بەچاوى ىخۆیان بینیویانە ( شێوەى ژمارە 3).


ئەوگڕتاوە لە کەڤرە توواوەکانى ژێرەوە کە دەکەونە بنى توێکڵى زەوییەوە هاتووە و لەوناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە. ئەم کردارە پێش 30ملیۆن ساڵ دەستیپێکردووە کاتێک ئەو گڕتاوە بەردەکانى ئەوناوچەیەى شکاندووە و دوورگەى عەرەبى لە ئەفریکا جیاکردۆتەوە و دەریاى سوورى دروستکردووە( وێنەى ژمارە 3).


سێگۆشەى عەفار ناوچەیەکە ئەسیوبیا و ئەریتریا و جیبوچتى دەبڕێت و گەورەترین شوێنى دروستکەرە لە سەر زەوى. هۆکارى دروستبوونى ئەو ناوچەیە دەگەڕێتەوە بوچ ئەوەى کە شوێنى بەیەکگەشتنى سێ پلێتى تەکتۆنییە کە بە ڕێژەى 1سم بۆ هەرساڵێک لەیەکتر دووردەکەونەوە و کاتێک جیادەبنەوە نشێو و دۆڵى گەورە دروست دەکەن.


لە ڕووانگەى زەویناسییەوە هەێندە نابات کە دەریاى سوور دەڕژێتە ناو ناوچەى سێگۆشەى عەفارەوە و زەریایەک پێکدەهێنێت کە ئەفریکا دەکات بەدووبەشەوە. لەئێستادا ناوچە بەرزەکانى دەورى ئەو نشێوییە ناهێڵێت ئەو ئاوە بڕژێتە ناو دۆڵەکەوە، بەڵام کردارەکانى کەشکارى و ڕاماڵین و جووڵەى تەکتۆنى وردەوردە ئەو بەربەستە ناهێڵێت و ئەوە ڕوودەدات.

 


وێنەى ژمارە 2: شوێنى نشێوەگەورەکەى ڕۆژهەڵاتى ئەفریکا و ناوچەکانى دەوروبەرى.

 

 


وێنەى ژمارە 3: وێنەیەکى نشیۆەکەى ڕۆژهەڵاتى ئەفریکا:

1- هەنگاوزەکانى دروست بوونى .

2- دروستبوونى دەریایەکى نوێ بەشێوەیەکى هەێڵى.

3- دەریاکە دەبێت بە زەریا و بەرزایى ناوەڕاستى زەریا دروست دەبێت.

__________________________________
فەرهەنگۆک:
ماگما(گڕتاو): کەڤرى تواوە، بەگشتى پێکدێت لە سلیکاتى تواوە و کریستاڵ و گازە تواوەکان لەژێر ڕووى زەویدا.
کەوڵ: ئەوبەشەى ناوەوەى گۆى زەوى کە دەکەوێتە نێوان بنى توێکڵ ( نابەردەوانى مۆهۆ) و بەشى کرۆکى زەوى. بەگشتى دەکەوێتە نێوان قووڵایى 40کم بۆ 2900کم وە.پێکهاتەیەکى چڕى مامناوەندى هەیە ، و بەگشتى لە ئۆکسجین و مەگنسیۆم و ئاسن و سلیکۆن پێکدێت.
توێکڵ (توێک): بەشى دەرەوەى گۆىزەوى( یان هەر هەسارەیەکى تر). توێکڵ پێکدێت لە مەوادى چڕى کەمتر بەبەراورد لەگەڵ چڕى کەوڵىزەوى(ئەوبەشەى کەدەکەوێتەژێر توێکڵەوە). بەشێوەیەکى گشتى توێکڵى زەوى بریتییە لەوبەشەى کەدەکەوێتەسەروو نایەککەوتووى مۆهۆرۆڤیچەوە. ئەم بەشە نزیکەى 1% قەبارەى گشتى گۆىزەوى پێدەهێنێت. لە دوو بەشى سەرەکى پێکدێت توێکڵى کیشوەرى وتوێکڵى ئۆقیانووسى.
تەکتۆنى پلێتەکان: بیردۆزەى داینامیکییەتى گۆى زەوییە، کە بڕوادەکرێت لیسۆسفیر بشکێت بۆ چەند پارچەیەک یان پلێتێک کە ئەمانەش بەگوێرەى ئاراستەى تەوژمەکانى ناو بەشى سەرەوەى کەوڵەوە دەجوڵێن.لێوارەکانى پلێتەکان شوێنى چالاکییە زەویناسییەکانن.
کەشاندن، کەشکارى: ئەوکردارانە دەگرێتەوە کە بەهۆیانەوە کەڤرەکان لە ڕووى کیمیاییەوە هەڵدەوەشێن یان لە ڕووى فیزیاییەوە پارچەپارچەدەبن ئەویش بە هۆى کاریگەرى بەرگەهەواو و پلەى گەرمى وپەستانەوە کەلە نزیک ڕووى زەوى ڕوودەدەن، لەگەڵ نەبوون یان زۆر بەکەمى بوونى گواستنەوەى مادەبەرهەم هاتووەکان.


سەرچاوەکان:
- Spencer، E.W.، 2003، Earth Scince ، Mc Graw Hill، Boston، 518p.
-Lutgens، F.K.، and Tarbuck، E.J.، 2006، Essentials of Geology، 9th ed.، Pearson Printice Hall، New Jersey، 486p.
- Africa torn in two as tectonics unzip a continent، METRO، 6/11/2009، cosm@ukmetro.co.uk


* پرۆفیسۆرى یاریدەدەر/بەشى زەویناسى / زانکۆى سلێمانى.

 


ibrahimjaza@yahoo.com