کتێبى (لە پێناوى
دەسەلاتدا)
پەردە لە سەر بیرى بۆگەنى خۆسەپاندن لادەدات !
ئەحمەد رەجەب
بیگومان مێژووى کورد مێژوویەکى خویناوییەو پرە لە کارەسات و دوژمنان بۆ
سەرکوتکردنى رۆڵەکانى قەت دریغیان نەکردووەو، لەو سونگەیەوە بووەتە
یەکێک لە کارەساتنامە گەورەکانی دونیاو رۆژهەلات و، تەنها لکاندنى بە
ولاتە داگیرەکانى سوریاو عێراق و ئێران و تورکیا وبردنى سامانى و
بەکارهێنانى زەبروزەنگ دژى راستى ئەو کارەساتنامانە دەخاتە روو.
رووداوەکانى سالانى رابردوو سەبارەت بە بارودۆخى ناو هێزەکانى
بەرهەڵستکار دژ بە رژێمە دیکتاتۆرییەکەى سەدام و هەموو شۆڤینیستەکانى
عەرەب و تورک و عەجەم ئەوە دەردەخەن کە سروشت و رێبازو رەفتارەکانى ئەو
هێزانە بە گشتى و هێزە کوردستانییەکان بە تایبەتى لە رووى ئاژاوەنانەو
شەرى (لا بە لا) بەناو ""براکوژى"" بە مەبەستى دەسەلات و خۆسەپاندن
بنچینەى نەهامەتییەو هۆکارى سەرەکى گشت تەنگوچەڵەمەو کارەساتەکانى
کوردە.
پەرتوکى {{(کتێبى) (لە پێناو دەسەلاتدا)}} لە نووسینى مێژوونووس فاتح
رەسول پرە لە دیکۆمێنت و نووسینى جۆراوجۆرو بە شێوەیەکى راستگۆیانە
بارى پارتە سیاسیەکانى کوردستان دەخاتە روو، بۆ ئەوەى ئەو مێژووە لە
بیر نەکرێت و بۆ نەوەکانى گەلى کوردستان و کەسانى تر روون و ئاشکرا بێت
و، پەردە لە سەر کەموکورییەکانى لایەنە سیاسییەکانى کوردستان
هەڵماڵیوەو، راستەوخۆ وەک ئەندامێکى سەرکردایەتى حزبى شیوعى عێراق و
پێشمەرگەیەکى دێرین راستییەکان وەک خۆى باس دەکات.
دیارە قسە کردن یان گێرانەوەى بارى سیاسى کوردستان و عێراق و ناوچەکەو
هەوڵى ولاتانى دەوروبەر بۆ ئەوەى حزبێک یان باڵێکى بزوتنەوەى
ئازادیخوازى گەلى کوردستان بخەنە بن هەنگڵى خۆیان بەبێ بەڵگەنامە یان
دوکومێنتێکى باوەر پێکراو، قسەیەکى بێ کەڵکەو گیًرانەوەیەکى بێسوودە.
ئەو کەسەى بتوانێت باسى رابردووى حزبە سیاسیەکانى عێراق بە گشتى و
کوردستان بە تایبەتى بکات، کە هەمیشە هەوڵیانداوەو دەستیان کردووە بە
پروپاگەندەى پر لە درۆو فێڵ و کەڵەکەبازى لە پێناو ئەوەى ببنە خاوەن
دەسەلاتێکى توندوتیژى بۆ خۆ سەپاندن وتوقاندن وداپلۆسین وکوشتنى
رۆڵەکانى کوردو کوردستان دەبێ پێش هەموو شتێک سنگ فراوان بێت و هەروا
لە خۆ بردوویى هەبێت چونکە تووشى چەرمەسەرى وتوانج وتانە و تەشەر
دەبێتەوە.
بەرێز فاتح رەسول لە بلاوکردنەوەى کتێبى (لە پێناو دەسەلاتدا) کە بە
دیکومێنت باس لەو قەیران و رۆژانى سەخت ودژوارداو، هەر بەو شێوەیە باسى
میرەکانى شەرخوازى سەر گۆرەپانى تێکۆشانى ئەو سەردەمە دەکات، بییەوێ
یان نەیەوێ تووشى رەخنەو گازەندەى ئەم و ئەو دەبێتەوەو، دیارە بە سنگى
فراوان و خۆشحاڵییەوە رەخنەکان وەردەگرێت ودەبنە مایەى سوودبەخشین و،
قەت گۆى نادات بە گازندەو تانەو تەشەرى نابەجێى ئەم لایەن، یان ئەو
لایەن، چونکە گێرانەوەو نوسینى رابردووى پارتە سیاسییەکان کە رابەرو
سەرکردەیەى پێشمەرگەیان دەکرد دژ بە رژێمى خۆینرێژى سەدام و حزبى بەعسى
فاشیست و دامودەزگاکانى ئەمن وئیستخبارات و سەرکوتکردن، کارێکى ئاسان
نییەو، هەر یەک لەو حزبانەى ئەو سەردەمە بە (چەپ و راستیانە) وە
بەرپرسیارن لە ئاژاوانانە وشەرکردن بەرامبەر بە یەکتر، کە کۆمەڵێکى
خۆین گەرمى لاوانى گەلەکەمانى تیاچوو،کە بۆ سەرفرازى وسەربەخۆیى
کوردستان و پەرچ دانەوەى پروپاگەندەى دوژمنان کە هەموو کات ویستویانە
دەستى چەپەڵ لە گەلى کوردستان و ولاتەکەیان بدەن و، بەداخەوە بوونە
سووتەمەنى بیرى بۆگەنى خۆ بەزل زانین و خۆفەرزکردن بە مەبەستى
پاوانکردنی خاکى پیرۆزى کوردستان و دەستوشاندن لە پێناو دزى وجەردەیى و
دەسەلاتدا.
کتێبى (لە پێناو دەسەلاتدا) بەم کورتە باسە، باس ناکرێت و، دیارە لە
دەرفەتێکى تردا تیشکى زیاترى دەخەینە سەرو، لێرەشدا داوا لە نووسەرى
بەرێز دەکەێن ئەوەى لە بەر دەستیانە بلاوى بکەنەوە.
30\11\2007
|