په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٦

  کتێبی نەرمونیانیی.

سەباح ره‌نجده‌ر

چیا سینگی چل حۆرییە و زەماوەند ڕادەگرین
تەرمی نوێژ بۆ نەکراوی مەسیحی بچکۆلە
بە ئاوێنە و مۆمی داگیرساوەوە لەبەر خۆر دادەنێین
تیشک لە ناوی پشوو دەدا و خۆی تێدا بەھێز دەکات
وزە دەداتە باڵی باڵندە و درەخت و گژوگیا
وزەی باڵی باڵندە
تفەنگ و ئەسپی سواران دەلاوێنێتەوە
باڵندەیەک دەنووکی لە تەڕایی درەخت و گژوگیا نا
باڵی بەسەریاندا شۆڕ کردەوە و تێنەپەڕی
ھەر بەسەریاندا سووڕایەوە و بڕوای بە ھەموو شتێکی کردن
کەس لەناو نوێندا نەماوە
کێڵگە و باخ چاوەڕوانن جۆگەلەکان بکرێنەوە
تەرمەکانمان چاویان لە کێڵگە و باخ داڕێژراون
شاعیرانی شەرم لە فرمێسک کردوو
لە چاوەڕوانیی بەروبوومیدا دوا بەشی کتێبی نەرم و نیانی ڕێنیشاندەریانە
لەمەوبەدوا دەچنە ناو خاوبوونەی ڕک و ژیان بێزار و بێدار ناکەن
وەرن ئاوێنەی سەر ڕووی بەردی سڕ و خوداوەندی گۆزەی باڵندە بە دەمەوە وەرن
تا خوێن لە گورچیلەی منداڵە ڕوومەت داچۆڕاوەکانمان
نەبووەتە دڵۆپەی شووم و بەدەم ترسەوە نەنوون
ڕەوڕەوەی ڕەنگ تێکچوویان بنەخشێنینەوە و ڕەنگ
لە ئەستێرەی سەرخۆشی بەرەبەیان بخوازین
ماچیش لە دەمیان بخۆینەوە
ببینین کە لە چیا دێنە خوارەوە
گەرد بە پێیانەوە نییە و بە گۆرانییەکانیان بریندارمان دەکەن
خەونم پێیانەوە بینیوە ڕووناکی لە سیمای دەدان
ئەگەر ھەنگاوێک بە سووکی بەناو ڕووناکی سیمایان ھەڵێنین
ھیوایەک بۆ شاری خاڵی و خەواڵوو دێتەدی
دەرگای ماڵ ھەر بە بۆن و چاو پێدا خشانەوەیان دەکرێنەوە
چیا کە سینگی چل حۆریت
ماڵ دەزانێت باسی جۆلانە و جەژنی خۆی بکات
پارچە گۆشتێکی گەرم و بە شەکر و شیر داپۆشراوە
لە تۆدا دەبێتە دڵ و ژیانی ئەو دەژی
بە ناوی تۆوە لە ئاو و ئاسۆ دەپەڕێتەوە و ئاماژەی زەمین سوور ھەڵدەگەیمان دەداتێ
دەمەوێ وێنەی درەختێکی نەرم و نیان بۆ باڵندە بکێشم
درەخت خۆی بە باڵندە مەست دەکات
منیش باڵندەی دەمی گۆزە دەھێنمە سەرشانم و دێمە ناو چیا
چرایەکم ھەیە دایدەگیرسێنم
لەمەوبەدوا باڵندە ڕێنیشاندەرە
بەردێک لەو بەردانە ھەڵدەگرێتەوە بۆ کوشتنی ھەڵماندا
باڵندە لە خوانی خودای خوارد و چەکی ھەڵگرت.


ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک