٢\٢\٢٠٢٥
کتێبخانەی پەنابەران.

ئەرسەلان مەحمود
لە کتێبخانەیەکی بێسنووردا
هەموو کتێبەکان باس لە من دەکەن
بەڵام من لە هیچ کتێبێکدا نیم
لە کتێبی یەکەمدا نووسراوە:
"ئەو هەیە"
لە کتێبی دووەمدا:
"ئەو نییە"
لە سێیەمدا:
"ئەو هەیە و نییە لە یەککاتدا"
خەیاڵ دەکەم
لە ژوورێکدا دانیشتووم
دیوارەکانی لە ئاوێنەن،
هەر جارە بە شێوەیەک
خۆم دەبینمەوە، وەک
بوونەوەرێک کە لە نێوان
بوون و نەبووندا
هەڵواسراوە
کاتێک دەچمە دەرەوە
لە ناوەوەم دەمێنێتەوە
کاتێک دێمەوە ژوورەوە
لە دەرەوەم جێدەمێنم
لەم بێکۆتاییەدا
هەموو ڕێگەکان
دەگەنەوە یەک
هیچ ڕێگەیەک
ناگاتەوە بە من
خەون دەبینم
بە فەرهەنگێک
کە تیایدا وشەی
"نیشتمان" نییە
نا "سنوور" نییە
"ناسنامە" نییە
ئەوەی کە هەیە
تەنها وشەیەکە
خۆی مانای نییە
لە بەیانییەکی ناڕووندا
دەزانم کە تەنها فەنتازیایەکم
لە مێشکی دەوڵەتێکی شێتدا
یا ڕەنگە دەوڵەت فەنتازیایەک
بێت لە مێشکی مندا
لە تاخچەیەکی کتێبخانەکەدا
کتێبێک هەیە کە تیایدا نووسراوە:
"هەمووان پەنابەرین لە جیهانێکدا
کە خۆی پەنابەرە لە مانادا".
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|