په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

                                    کوا حکومەت؟!

                                                                                                    
                                                                                                       بەشدار عه‌لى 


ئەم وێنەیە لاشەیەکى بە جێماوى جەنگەکانى دەوڵەتانى سەرمایەدارى نیە کە ئینسان لایان بێنرخترین کائینە و کێبرکێ لەسەر کەوتنى لاشەکان و جەستەکان دەکەن،قوربانیەکى تەقینەوە و مۆمباکانى عیراقى ژێر دەسەڵاتى ئەمەریکا و حکومەتەکەى مالکیش نیە،وێنەیەکى تراژیدیایى کیمیابارانکردن و ئەنفال و جینوساید و گوڵەبارانکردنى سەردەمى بەعسیش نیە ،دایکێکى میهرەبانى لە برسان مردووى سۆماڵ و ئەریتریاش نیە ....،بەڵکو ئەم ئافرەتە بە ساڵاچووە خەڵکى ئەو هەولێرەیە لە 28ى رەمەزانى مانگە خێرو بەرەکەت لەسەر یەکێک لە شەقامەکاندا کەوتووە و دەیەوێت بۆ جەژن پاروویەک نان پەیدا بکات!ئەو هەولێرەى کە بە نیازن لە داهاتوویەکى نزیکدا وەکو دوبەى لێبکەن!بەڵام هەزارانى وەکو ئەو پیرەژنە نانى بەیانیان مسۆگەر نیە و ناچار بە ناخۆشترین ژان و گوزەران کراون.


ئیستا لە کوردستان خەڵک لە خراپترین وەزعیەتدا ژیان دەکەن ،بازار و کاڵاکان کەوتۆتە بەردەستى کۆمەڵێک بەرپرسى بازرگان!رۆژانە بەپێى وویستى خۆیان نرخەکان بەرزدەکەنەوە و داهاتى تاکەکانیش (ئەگەر هەیانبێت) جێگیرە،بە کورتیەکەى خەڵکیان لە لێوارى مەرگ و ژیان راگرتووە ،مەهزەلەکە لەوەدایە هەر خۆشیان لایەنى بەرپرسن لە چاودێرى کردنى بازار و کاڵاکان،ئەمە وەکو ئەوە وایە کە ڕانە مەرێک بسپێریتە چەند گورگێک بۆ چاودێریکردن ،ئاخۆ دەبێت ئەم گورگانە چى بەسەر ئەم مەڕانە بهێنن!؟


داهاتى مانگانەى فەرمانبەران و کاسبکاران و کرێکاران کە لە سەدا نەوەد و پێنجى خەڵکى کوردستان پێک دەهێنن ،بەشى هەفتیەکى گوزەرانى ناکات بە مەرجێک ئەگەر خانووى بەکرێ نەبێت،بەشێکى کەمیش کەلەم بەرپرسە بازرگانانە پێک هاتوون نقوم بوونە بە رەفاهیەت و خۆشگوزەرانى کە شاو مەلیکى هیچ مەملەکەت و وڵاتێک ئاوا ناژیت.


لەبرسان مردنى خەڵک ئیستا لەکوردستان ئیستا زۆر ئاسان و ئاسیى بووە و تەنانەت بۆتە دیاردە و رۆژانە لەبەرچاواندا روودەدات ،بەهەزارەها ئافرەت و مناڵ وەکو ئەو ئافرەتەى وێنەکە لەسەر شەقامەکانى شارەکانى کوردستان کەوتوون و ناچار بە لەتێک نان و پەناگە و کەلاوەیەکن بۆ خەوتنى شەوان و پاش ماوەیەکى کەم گیان لەدەست دەدەن،رۆژانە بەسەدان مناڵ لەبەر نەبوونى پێداویستیەکانى تەندورستى و نەبوونى خواردن و خواردنەوەى پاک و شیاو و گەرماو سەرماى سەختى هاوین،کۆتایى بە ژیانیان دێت و وەکو ئێمەى بەدبەخت چاویان ئەو دونیا نا یەکسانە نابینێت،رۆژانە دەیان کوڕ و کچى گەنج کە توانایان نیە خێزان پێک بهێنن ،کۆتاى بە ژیانى خۆیان دەهێنن،دەیان ئافرەت و پیاو لەبەر نەبوونى پێداویستیەکانى رۆژانە شیرازەى خێزانیان تێک دەچێت و بە شێوەیەک لە شێوەکان کۆتاى بە ژیانیان دێت،بەدەیان گەنج و لاو لەبەر نادیارى چارەنوسیان و قورسى و گرانى ژیانکردن لە کوردستان رێگاى هاتو نەهاتى کۆچ دەگرنەبەر ، بەداخەوە زۆربەیان دەبنە قوربانى،بەدەیان پیرو پەکەوتە و مناڵ لەبەر نەبوونى سوتەمەنى و کارەبا لە زستان و هاویندا گیان لەدەست دەدەن...،هەموو ئەمانە لە برسان مردن نیو؟؟


لێرەدا جێى خۆیەتى بپرسین،ئەگەر حکومەت نەتوانێ کەمترین پێداویستیەکانى تاک دەستەبەر بکات بوونى چ گرینگیەکى هەیە؟!،لە کاتێدا حکومەت ئیستا هێندە امکانیاتى لەبەردەستدایە کە بەهیچ کات و زەمانێک بەراوورد ناکرێت،بچوکترین نمونە تەنها بۆ چوار رۆژ و مانەوەى چوار میوانى وەزارەتى رۆشنبیرى لە هەولێر (25) ملیون دینار سەرف کراوە! ئەگەر دەزگایەک خۆى بە بەرپرس نەزانێ لەبەرامبەر کەوتنى سەدان لاشەى لەم شێوە لەسەر شەقامەکان ،گومانکردن لە هەبوونى حکومەت زێدەڕۆى نیە.
 

 

Bashdar_net@yahoo.com