٢٤\١٠\٢٠١٤
کۆبانێ
هێڵی سۆرمانە.

دارا خونچە
تەنگژەیەک وەسەر
مەژیمی پەرت کردم
ئەنگیزەیەک ماچەکانمی خاو کردەوە
تەلزگەیەک کسپەی لە ناخم وەهینا...
*
* *
دەشێ لە نازی
باخچەکان و
لە مەکۆیە رۆشنەکان و
لە ژۆرە
بنەوشەییەکانم داببڕن..
زۆر لەگینە
خەون و خولیا و خەمەکانم لە خم بگرن
رێ و رێچکۆڵە و سنوورانم لەسەر داخەن
تەنانەت دەنکە گەنمەکیش
لەسەر سفرەکەم نەهێڵن
هیچ دوور نییە..
گەلەکۆمەکێم لێ بکەن
سەرتاپای بوونم ئاور دەن
لێ هەرگیز ناشێ و ناکارن..
سیسم بکەن.. بموەرێنن.
*
* *
(مە)ش مافی
(خۆن)ە:
وە کوردی بێینە گۆ،
وە کوردی
رامینێین،
وە کوردی نان بخۆین،
وە کوردی هاوار کەین،
وە کوردی ژوان بگرین
وە کوردی گیان بدەین...
لێ نەتەوە هەر یەک خێڵی مەزنترە!
خۆزیی وە خۆزیی نیشتیمانانیش
هەر خانیچۆلەی زارۆیان
دەبوون؛
لە پاش چێبوونیان.. (خڕ)یان دەڕمان!
*
* *
کۆبانێ؛
هەر باژێڕی سەرمایەیە
هەر باژێڕی شانۆی شەڕی دەسمایەیە
هەر باژێڕی بن چڕنۆکی دڕندەیە؛
نە دەنکە گەنمەکان
وە یەکسانی دابەش
دەکا
نە (ئێبۆلا) و دین و (خودا!)
لە پەل دەخا
نە زیوانی نێرەوزییش
لە بنوبۆتکەوە
دەردەکا..
لێ هێشتاکەش
کۆبانێ هێڵی سۆرمانە؛
شکۆمەندیی سینگی بەرزری کوڕانمانە
سەرفرازیی مەمکی قوتی کیژانمانە
چریکە و هاواری یەک گەلی
بێ زمان و بێ ناسنامە و
قەڵغانی بوون و مانمانە!
کۆبانێ هێڵی سۆرمانە!
کۆبانێ هێڵی سۆرمانە!
__________________________
*
(مە):
ئێمە، ئەمە، ئەم.
*
(خۆن):
خۆمان.
*
(خڕ)یان:
هەموویان، گشتیان.
*
(ئێبۆلا):
ڤایرۆسەکی کوژەرە.
*
نێرەوزیی:
نێرینەیی.
تشرینی یەکەمی
٢٠١٤ - لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|