٢\٢\٢٠٢٥
کۆبانێ، ناوەندی
لەدایکبوونەوەی شۆڕش و مەشخەڵی ئازادی.

ئەرسەلان مەحمود
ئەوەی لە کۆبانێدا ڕوویدا، تەنها سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو بەسەر
داعشدا، بەڵکو گۆڕانکارییەکی پارادایمی بوو لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی
بەرخودان و شۆڕش لە سەردەمی هاوچەرخدا.
لە کۆبانێدا، جیهانیان شایەتی دیالێکتیکی نێوان دوو هێزی دژ بە یەک
بووین: هێزی ڕەشی داعش کە نوێنەرایەتی پاشماوەی کۆنەپەرستی و توندوتیژی
ڕووتی دەکرد و هێزی ژنان و پیاوانی YPG/YPJ کە بۆ ئازادی و دیموکراسی
ڕاستەقینە دەجەنگان. ئەم دژبەریە شتێکی هەروا ئاسایی و سادە نەبوو،
ئەوەی ڕوویدا "نەفیکردنی نەفی" بوو، وەک هیگڵ دەڵێت: هەموو دژبەرییەک
لە پرۆسەی دیالێکتیکیدا دەبێت بە سەنتێزێکی نوێ.
کۆبانێ بۆ هەمووانی دەرخست، شۆڕشی ڕاستەقینە بە تایبەت لەم سەردەمی
پۆست-مۆدێرندا چی و دەبێت چۆن بێت. ئەوەی ڕوویدا تەنها پرسی گۆڕینی
دەسەڵات نەبوو، بەڵکو داڕشتنەوەی تەواوی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
بوو لەگەڵیدا. هەموان بینیان چۆن خەڵکی ئاسایی، بەتایبەت ژنان، بوونە
سوژەی سەرەکی گۆڕانکاری، لێرەدا ژنانی کورد نەک تەنها دژی داعش
دەجەنگان، بەڵکو هاوکات دژی ئەو بیر و پێکهاتە پیاوسالارییەش جەنگان کە
کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داگیر و دابەش کردووە، ئەمە نموونەیەکی
بێ وێنەی نکۆڵیهەڵنەگرە لە ناوچەکە و جیهانی ئەمڕۆدا بۆ هەر کەس و
لایەنێک بیەوێ تێبگات لەوەی کە چۆن خەباتی نەتەوەیی و فێمێنیستی
دەتوانن یەک بگرن.
با لێرەدا وەستانێک و پرسیارێک بکەین: ئایا شۆڕشی کۆبانێ تەنها
نموونەیەکی تری "زەختی مەیلی مەرگ" بوو کە لاکان باسی دەکات؟ نەخێر!
ئەوە زیاتر نموونەیەکی "کردەی ڕاستەقینە" بوو - کردەیەک کە سنوورەکانی
سیستەمی هەبوو، دەبەزێنێت و ئاسۆی نوێ دەکاتەوە، هەر وەک ئەوەی فانۆن
باسی لە "توندوتیژی پاککەرەوە" دەکرد.
لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە، گرنگە تێبینی ئەوە بکەین کە چۆن ڕۆژئاوا
سەرەتا نەیدەویست دان بە گرنگی کۆبانێدا بنێت. ئەمە نموونەیەکی ڕوونی
ئەو شتەیە کە "نەزانی ئایدیۆلۆژی" ناوی دەبەم، - کاتێک سیستەم نایەوێت
ڕاستییەک ببینێت کە دەبێتە هۆی پرسیارکردن لە بنەما سەرەکییەکانی خۆی،
ڕێک وەک ئەوەی ژیژەک پێی دەڵێت "نەبینینی ئایدیۆلۆژی هەڵبژێردراو."
کۆبانێ، وانەیەکی گرنگی فێرکردین دەربارەی پەیوەندی نێوان شۆڕش و کات.
ڕێک لەو سەردەمەدا کە زۆربەی شۆڕشەکان یان زۆر خێرا وەک ڕاپەڕینە
خێراکان یان زۆر هێواش وەک گۆڕانکارییە دیموکراتییەکان دەڕۆن و
تێدەپەڕن، بەڵام کۆبانێ نموونەیەکی جیاوازی پێشکەش کرد: بەرخودانێکی
درێژخایەن کە لەگەڵ گۆڕانکاری ڕادیکاڵی کۆمەڵایەتیدا تێکەڵ بوو، ئەمەش
ئەو شتەیە کە ئالان بادیۆ پێی دەڵێت "کاتی شۆڕشگێڕی."
ئێستا دوای دە ساڵ، دەتوانین بڵێین کۆبانێ تەنها بردنەوەی شەڕێک نەبوو،
نموونەیەک بوو کە چۆن خەباتی سەربازی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەتوانن
پێکەوە کار بکەن. ئەمڕۆ، کاتێک سەیری هەموو ئەو شۆڕش و بەرخودانانە
دەکەین کە لە جیهاندا هەن، دەبێت بیر لە وانەکانی کۆبانێ بکەینەوە.
کۆبانێ بە هەمووانی سەلماند کە شۆڕشی ڕاستەقینە دەبێت لە سێ ئاستدا کار
بکات: سەربازی، کۆمەڵایەتی و ئۆنتۆلۆژی.
ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە: ئایا کۆبانێ سەرکەوتوو
بوو؟ وەڵامەکە بەڕاددەیەک ئاڵۆزە. لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵێ بێگومان.
بەڵام گرنگتر لەوە، کۆبانێ سەلماندی کە شۆڕشی ڕاستەقینە - ئەو شۆڕشەیە
کە نەک تەنها هەر دەسەڵات دەگۆڕێ بەڵکو خودی پێکهاتەی کۆمەڵگەش دەگۆڕێت
- هێشتا لە سەردەمی ئێمەدا مومکینە.
کەوابێ نەک تەنها هەر دەبێت جیهان شرۆڤە بکەین، بەڵکو دەبێت بیگۆڕین.
کۆبانێ ئەم گۆڕانکارییەی دەستپێکرد. ئێستا نۆرەی تۆیە، تۆی تاک لەهەر
کوێ هەی، نۆرەی ئێمەیە، ئێمەیەک کە کەوتوینەتە هەر کوێ، درێژەی
پێبدەین. کۆبانێ چیتر هەر شارێک و هێمایەکی بەرگری و بەرەنگاربوونەوە
نییە، بەڵکو مۆدێلێکی نوێی خەباتی ڕزگاریخوازی داهێنا کە تێیدا نەتەوە،
چین و جێندەر یەکیانگرت و پێکەوە چەکیان هەڵگرت و پێکەوە سەرکەوتن.
ئەمڕۆ جیهان دەبێ لەوە تێگەیشتبێت، کە پشتکردنە کوبانێ، پشتکردنە لە ژن
لە ژیان و بەرخودان، ڕەتکردنەوەی بەهایە بەمانا ئەوپەری مرۆیی و
نیشتمانییە هاوچەرخەکەی. بۆچی؟ چونکە لە سەردەمێکدا کە هەن باسی
"کۆتایی مێژوو" و "کۆتایی شۆڕش" دەکەن، کۆبانێ بوو بە سەرەتای شۆڕش و
مێژوویەکی نوێ.
________________________________________________
پەراوێزەکان:
پارادایم: ئاماژەیە بۆ چوارچێوەی گشتی تێگەیشتن و بیرکردنەوە.
دیالێکتیک: ململانێی دوو هێزی دژبەر و هاتنەئاراوەی دۆخێکی نوێ.
نەفیکردنی نەفی: ئاماژەیە بۆ قۆناغی سێیەمی پرۆسەی دیالێکتیکی.
سوژە: ئاماژەیە بۆ بکەری چالاک و هۆشیار.
زەختی مەیلی مەرگ: باس لە مەیلی خۆوێرانکردن دەکات.
توندوتیژی پاککەرەوە: باس لە توندوتیژی دژە-کۆلۆنیالی دەکات.
نەزانی ئایدیۆلۆژی: باس لە خۆگێلکردنی بەئەنقەست دەکات.
ئۆنتۆلۆژی: باس لە چییەتی و بوون دەکات.
کۆتایی مێژوو: باس لە سەرکەوتنی کۆتایی لیبراڵ دیموکراسی دەکات.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|