١٣\٤\٢٠١٤
کۆبانی دەروازەی سەرهەڵدانە بە تەنیا
نەهێشتنەوەی ئەرکی هەموومانە.
فوئاد زیندانی
هەرچەندە ڕاپەڕینی گەلانی سوریا سێ ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد ، بەڵام
ڕۆژئاوای کوردستان بەدەیان ساڵ بەرلەدەستپێکردنی ئەوڕاپەڕینە ڕوحی شۆڕش
و سەرهەڵدانی تیادا دروستببوو.
شاری کۆبانی شاری شەهیدان و شۆڕش و مێژووی پڕ سەروەریە ، ئەو شارەی سی
وپێنچ ساڵ لەمەوبەر پێشوازی لە ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان
عەبدوڵا ئۆجەلان و هەڤاڵانی کرد ، بووبە هێلانەی شۆڕش و برەودان بە
ڕێبازی دیموکراتیەت و پێکەوە ژیان و کوردایەتی ، لە شۆڕشی ڕۆژئاوای
کوردستان بووبە دەروازەی سەرهەڵدان و ڕزگاری ، لەوێدا بۆیەکەم جار
ملیان بەڕژێمی بەعس کەچ کرد و بووبە نموونە بۆ شار و شارۆچکەکانی تری
ڕۆژئاوای کوردستان تا زۆربەی شارەکان بەرگی ئازادیان پۆشی.
لەدوای ڕزگاربوونی کۆبانی و شارەکانی تر و دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی
دیموکراتی کاتی و پێکهێنانی سێ کانتۆنی جەزیرە ، کۆبانی ، عەفرین و
ئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەردەوامە ،
هاوکات پلانی دوژمنانی کورد و مرۆڤایەتی تەواوی ئەوکاتە لە پیلانگێڕی و
سازدانی کۆمپلۆی جیاواز دژ بە شۆڕشی کورد و سیستەمە دیموکراتیەکەی هەر
بەردەوامە ، بۆئەم مەبەستەش ووڵاتانی هەرێمی بەتایبەتی تورکیا و سعودیە
و قەتەڕ سەرەتا لە سەرێکانی و دواتر لەناوچەکانی هەرێمی عەفرین لەڕێگەی
تاقمە تیرۆریستیەکانی بەرەی نوسرە و داعش و گرووپە جیاوازەکانی چەتەکان
خۆیان تاقیکردەوە و هێرشی جۆراوجۆریان ئەنجامدا ، بەڵام گەلی کورد
لەئەنجامی بڕوا بەخۆبوون و پشتبەستن بەجەماوەرەکەی توانی بەرەنگاری
هەموو ئەو هێرشە یەک لەدواییەکانە ببێتەوە.
داعش هێزێکە لەدایکبووی حزبی بەعسە ، هەمان هێلکەیە لە ڕەحمی حزبی بەعس
دروستبووە و کاتی پیتاندنی مارێک هاتە بەرهەم ، بۆیە داعش وەک هێزێکی
ژەهراوی پشتئەستور بە تورکیا و ڕژێمی بەعسی سوریا و کۆنەبەعسیەکانی
عیڕاق و ووڵاتانی سعودیە و قەتەڕ ئەو ئەرکەی پێیسپێردراوە بریتیە
لەهێڕش کردنە سەرگەلی کورد و گەلانی ڕۆژئاوای کوردستان ، پیلانەکان
بەپێی داواکاری ووڵاتانی هەرێمی بەتەواوی جێبەجێ دەکات . ئەو ووڵاتانەی
باسمانکرد ئەرکیان کۆکردنەوەی تیرۆریستانە لەهەموو جیهان و هێنانیان و
پڕچەککردنیان و یارمەتیدانیانە بۆ شەڕکردن لەدژی گەلی کورد و
داگیرکردنی ناوچە کوردیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و کۆتایهێنان بەو سێ
کانتۆنەی کە لەئەنجامی شۆڕشێکی میللی دروستبووە ، ئەم جارەیان ماوەی
زیاتر لە چوار هەفتەیە داعش و چەتەکانی ژێردەستی بەبەکارهێنانی تانک و
چەکی قورس لەچەندین قۆڵی جیاوازەوە هێرش دەکەنە سەر شاری کۆبانی و
دەوروبەری بەمەبەستی داگیرکردنی ئەو شارە و دابڕینی لە کانتۆنەکانی تر
و دواتر دابڕینی هەرسێ کانتۆنەکە لەیەکتر ، بەڵام بەهۆی بەرگری کردنی
هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و خۆڕاگری جەماوەری شارەکە ، توانرا
گۆڕەپانەکانی شەڕ بکرێتە گۆڕستانی ڕاسەقینە بۆ داعش و سەرجەم دوژمنانی
کورد!
کۆبانی هەروەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێکرد شارێکە خاوەن مێژووێکی
پرشنگدارە ، ئەو بەرخۆدانە بێ وێنەیە هەر لەخۆی دەوەشێتەوە . سەرەڕای
بەردەوامبوونی هێرشەکانی هێزە تیرۆریستیەکان بۆ سەر هەرێمی کۆبانی و
بانگەوازی یەپەگە بۆ پارتەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا
بۆئەوەی پشتگیری گەلی کۆبانی بکەن و بەکردار بەرگری لەخاکی ووڵات بکەن
، ئەوەی تێبینی دەکرێ حزبەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا
کاردانەوەکانیان لەچوارچێوەی دەرکردنی بەیاننامەی بریقەدار و
لەبەرکردنی جلی جوان و بەستنی بۆیمباخ - کاراڤات وەکو فەرمانبەرە
حزبیەکان لە هوتێلە پێنچ ئەستێرەکان تێپەڕناکات ؟ پێوویستە حزبەکانی
ئەجوومەنی ناوبراو ئەرکی سەرشانیان جێبەجێبکەن و بێنە گۆڕەپانی
بەرگریکردن لەخاکی کوردستان ، چونکە بەتەنیا هێشتنەوەی کۆبانی و
هەرشوێنێکی تری خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارودۆخێکی بەمشێوەیەدا
خیانەتە.
ئەو شەڕە شەڕێکە بەسەر گەلی کورد سەپێنراوە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە
لەسەر گەلەکەمان ، بۆیە مافی پاراستنی ڕەوا ، بەرگریکردن لەڕۆژئاوای
کوردستان وەک شەڕێکی عادیلانە پێوویستە ئەنجامبدرێ و مافێکی ڕەوایە ،
پێوویستە مامۆستایانی ئایینی بانگەوازی بەرگریکردن لەڕۆژئاوای کوردستان
بکەن چونکە بەرگریکردن لەخاکی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان
ئەرکە و جیهادی ڕاستەقینەیە ، پێوویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە
کوردیەکان و جەماوەری کورد لەهەمووبەشەکانی کوردستان بەکردار خاوەنداری
لە کۆبانی و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین و خاوەن هەڵوێست بین ،
دەرکردنی بەیاننامە سەردەمی بەسەرچووە ، گەلی ئێمە لەرۆژئاوای کوردستان
پێوویستی بەهەموو جۆرە یارمەتیەکی سەربازی لۆجستی مرۆیی و هتد .. هەیە
، کۆبانی دەروازەی سەرهەڵدانە پشتگیری کردن و بەتەنیا نەهێشتنەوەی
ئەرکی هەموومانە.
fuadzindani@yahoo.de
|