په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

نامەیەکى کراوە بۆ سەرۆکى هەرێم ..بەڕێز مەسعود بارزانى.

 

بابەت / ناڕەزایەتى.

هەڵوێستى هاوکاریکردنى حکومەتى هەرێم

له‌گه‌ڵ هەڕەشەى مەلاکان و ئیسلامیەکانى کوردستان

بۆ سه‌ر نووسەران و نووسینى دژى ئیسلام مەحکوم دەکەین.

 

ئێمە هەلویستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ، مەسعود بارزانى بۆ پیکهینانى لیژنەى شەرعى بۆ بەدواداچوونى نامەى هەڕەشەى مەلا وئیسلامیەکانى کوردستان کە لە 7ئایارى 2008دا دەریانکردوە بە هاوکاریکردنى ئەو بەرە کۆنەپەرستیە ئیسلامیەى دەزانین کە دەیانەوێت ئازادى نوسین وڕادەربڕین و ڕەخنەگرتن قەدەغەبکرێت و یاسا وسیستەمى کۆنەپەرستى ئیسلامى لەبوارى ڕاگەیاندن وژیانى کۆمەڵایەتى وسیاسیدا بسەپێنرێت. ئێمە ئەم هاوکاریکردن وبەدەنگەوە چوونەى حکومەتى هەرێم بە هەنگاوێک دەزانین بۆ یاسایى کردنەوەى هێرش و تیرۆرى ئیسلامى سیاسى لەکوردستاندا لەکاتێکدا مەلاکان وئیسلامیەکانى کوردستان زۆر بەئاشکرا لەو نامەیەدا دەڵێن" بەدوریشى نازانین جەماوەرى کوردى موسڵمان پێى ئیستفزابیآ وئارامى نەمێنآ و هەڵوێست وەربگرێت جا بۆ هەموو لایەکمان ئاشکرایە ئاسان نیە بەرگرتنى شەپۆلى جەماوەر و میللەت کە ئەو کاتە هەموومان زەرەر دەکەین." .

بێگومان ئەمە هەڕەشەیەکى ئاشکرایە بۆ دەستدانە تیرۆرکردن و کوشتن و بەڕێخستنى حەرەکەت و جەوێکى کۆنەپەرستانە بە سوود وەرگرتن لەو هەموو مینبەرەى مزگەوت و ئیعلامى حزبەکانى یەکگرتووى ئیسلامى وئیسلامیەکانى تر و لەناو کۆمەڵگەدا وبەم پێیەش پەرەدان بە دەسەڵات و نفوزى ئیسلامیەکان لە کوردستاندا و سەپاندنى شەریعەتى کۆنەپەرستانەى ئیسلامیە بەسەر یاساى رۆژنامەنوسى ودەستورى کوردستانى پێشنیارکراو وە شکست پیدانى ئەو ڕەوتە عەلمانى و ڕەخنەگرانەیەى ئەمڕۆ لە نێو رۆشنبیران و لەکۆمەڵگەدا ڕوو لەگەشەیە. بۆیە ئەم هەڵوێستەى حکومەتى هەرێم بەرامبەر بەم هەموو هەڕەشەى تیرۆرە ئاشکرایە بەرامبەر بە هاوڵاتیانى کوردستان هەموو ئیدعایەکى ئەم حکومەتە بۆ پاراستنى ئازادى ڕادەربڕین و ڕێگرتن لە تیرۆر پوچەڵ دەکاتەوە

 

هەربۆیە ئێمە داوادەکەین کە ئەو بڕیارەى سەرۆکى هەرێم بۆ بەدەنگەوەچوونى هەڕەشەى مەلا وئیسلامیەکان هەڵبوەشێتەوە و بەپیچەوانەوە سزاى یاسایى ئەو کەس ولایەنانە بدرێت کە ئەم یاداشتەیان ئیمزاکردوە و لەپشتیەوە ڕاوەستاون. هەروەها خوازیارین کە شەریعەتى ئیسلامى نەسەپێنرێت بەسەر یاساى رۆژنامەگەرى و دەستورى پێشنیارکراوى کوردستاندا وڕەخنەگرتن لە ئیسلام لە بوارى نوسین وڕادەربڕیندا ئازاد بێت.

 

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان/کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه‌

27/6/2008

 

 

 

_____________________________________________________________

 

 

 

کۆبونەوە لەگەڵ نوینەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەریتانیا بۆ

دەربڕینى ناڕەزایەتى بەرامبەر بە هەڵوێستى هاوکاریکردنى حکومەتى هەرێم له‌گه‌ڵ هەڕەشەى مەلاکان.

 

 

 

 رۆژى هەینى  27 6/06/ 2008 وەفدێکى کۆمیتەى دەرەوەى ووڵاتى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان کە پیکهاتبوو لە ئاسۆ کمال و خەسرەو سایە کۆبونەوەیەکیان له‌گه‌ڵ بەیان سامى عبدالرحمن بەرپرسی ئۆفیسى نوینەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەریتانیا و جێگرەکەى کرد . لەم کۆبونەوەیەدا وەفدى حزب ناڕەزایەتى توندى خۆیان دەربڕى بە بڕیارى سەرۆکى هەرێم بە دەرکردنى بڕیارى لیژنە بۆ بەدواداچوونى نامەى هەڕەشەى مەلا و ئیسلامیەکانى کوردستان کە لە 7ئایارى 2008دا دەریانکردوە و هەروەها دەست بەکارکردنى حکومەتى هەرێم بەجێبەجێکردنى بە کۆکردنەوەى کتێبى جەهالەتى ئیسلام ودنیاى هاوچەرخ لە نوسینى ئارام ڕەشید. هه‌روا تەئکیدیان کردەوە کە ئەم کارە دژ بەئازادىیە وخزمەت بەکۆنەپەرستى ئیسلامى دەکات و جیگاى ناڕەزایەتى هەزاران ئینسانى عەلمانى و ئازادیخوازە لە کوردستان و لە دەرەوە . وەفدى حزب ڕایگەیاند کە سەرەڕاى ئەوەى داواى دەستبەجێ هەلوەشانەوەى ئەو بڕیارە لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دەکەن ،هاوکات لەئاستى نیونەتەوەیدا دەست دەکەن بە ئاشکراکردنى ئەم هەڵوێستە دژى ئازادیەى حکومەتى هەرێم  و خەتەرى سەرگرتنى ئەم هەڕەشەى ئیسلامیانە لەسەر کۆمەڵگەى کوردستان.وە ئەگەر حکومەتى هەرێم وەڵامى ئیجابى بەم داوایە نەداتەوە حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان دەت دەداتە شێوازى ترى ناڕەزاەیتى دەربڕین بۆ فشار خستنە سەر حکومەتى هەرێم.

 

نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبەریتانیا بەڵینیان دا کە نامەکانى ناڕەزایەتى *بە سەرۆکى هەرێم و سەرۆک و جێگرى سەرۆک وەزیران بگەیەنن و تەئیدى خۆیان لەم ناڕەزایەتیە ڕایانگەیاند و پێویستى ڕوبەڕوبونەوەى ئەم هەڕەشانەیان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە کردەوە.

 

 

کۆمیتەى دەرەوەى ووڵاتى حزبى کۆمۆنیستى کریکارى کوردستان

30/6/2008