کۆبوونەوەی تایبەت بە '' هەڵسەنگاندن و بەخۆداچوونەوە''.
 


سەرەڕای ئەوەی ئێمە لە کۆنفرانسی ساڵانەشدا ''هەڵسەنگاندن و بەخۆداچوونەوە'' بۆ رێکخراوەکەمان دەکەین بەڵام لەبەر بابەتە زۆرەکانی کۆنفراس دەرفەت ناڕەخسێ بە پێی پێویست کاتی بۆ تەرخان بکەین، لەبەرهەندێ بڕیاردرا لەنەوپاش ئەو ئەرکە هەر ساڵ جارێک لە کۆبوونەوەیەکی گشتیی بە تێروپڕیی ئەنجامبدەین.

لە رۆژی ٦\٣\٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی گشتییدا کە ١٥ کەس لە هاوڕێیان تێیدا ئامادەبوون پاش ئەوەی هاوڕێی پێشکەشکەر لە چەند خولەکێکدا بەرنامە و ئامانجی یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵسەنگاندن و بەخۆداچوونەوەی بە کورتیی خستەڕوو.. بە نۆرە کاتی پێویستی بۆ هەر هاوڕێیەک رەخساند، ئیدی هاوڕێیان یەک لە دوای یەک و زۆربەی هەرە زۆریان هەر کەسەو لە کاتێکی کراوەدا بە پێی تێڕوانینەکانی خۆی زۆر ئازادانە بەشدارییکرد.. هاوکاتی ئەوەش بە هۆی ئەوەی ناوەناوە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لەسەر بابەتەکان دروستدەبوون و روونکردنەوە و زانیاریی هەمەجۆر دەخرانەڕوو کۆبوونەوەکە پێ بە پێ بەپێزتر و دەوڵەمەندتر دەبوو.

هەر لە کاتی کۆبوونەوەکەشدا کە بە شێوەیەکی گشتیی زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو دوو هاوڕێ هەموو ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکە پێشکەش دەکران یاداشتیان دەکردن، ئیدی پاش کۆبوونەوەکە ئەو یاداشتانە لە لایەن ئەندامانی ''دەستەی راوێژکاریی''ەوە تاوتوێکران و سەرئەنجام بە پێی نێوەرۆکی یاداشتەکان و لێکدانەوەی خۆیان بۆیان بە کورتییەکەی و بە پوختییەکەی ئەو ئەنجامە ناوکۆییەی خوارەوەی لێدەرچوو:

خاڵە گەش و ئەرێنییەکان:

● وەک رێکخراوێک لە نێو ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە لە جیهان و کوردستان هەیە بە شێوەیەکی گشتیی لە راپەڕاندنی ئەرکەکان سەرکەوتوو بووە بە تایبەتییش لە شێوە رێکخرابوونی ئاسۆیی و کاری بەکۆمەڵ کە دوو پایەی سەرەکیی و پتەوی رێکخراوکەمانن.
● لە رووی پەروەردەییەوە؛ وەک ئەوەی دەبیندرێ هەموو هاوڕێیان لە رێی کۆڕ و کۆبوونەوەکانەوە لە یەکدی فێردەبن و سوود لە یەکدی وەردەگرن.
● هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە رەگەزی مێ لە نێو رێکخراوەکەمان، ئاستی ئازادیی و سەربەخۆیی هاوڕێیان و دووربوونی زۆربەی هەرە زۆریان لە حیزبایەتی و دین و دابونەریتی نێرسالاریی و دواکەوتووانە.. وەک دوو لایەنی ئەرێنیی بەرز نرخێندران.
● خاوەنداربوونی تێکڕای هاوڕێیان لە رێکخراوی خۆیان بە بێ جیاوزایی و هەڵاواردن هەروا نەبوونی پلە و پایە و یەکسانبوونی هەمووان وەک یەک لە ماف و ئەرکەکان بە تەواویی جێکەوتە بوونە لە نێو رێکخراوەکەمان.. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە چ وەک دەسکەوت چ وەک ئەزموون زۆر بە بایەخەوە پارێزگارییان لێبکەین.
● پەیجی ''ئازادیی دەربڕین'' وەک زمانی فەرمیی گوزارشت لە هزر و بەرنامەی رێکخراو دەکا و وەک پێگەیەکی میدیای ئازادیش بەهێز و سەرکەوتوە.
● رێزگرتن لە را و بۆچوون و جیاوازییەکانی یەکدی و رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن و خۆدەربڕینی ئازادانە و هەبوونی گیانی هاوڕێیەتی و ئارامیی لە هەڵسوکەوت و یەکدی خۆشویستن کۆمەڵێک پەیڕەو و پەیوەندیی و رەوشتی جوان و شارستانیانەن و بە گەشیی لە نێوخۆی رێکخراودا دەبیندرێن.
● دروستکردنی پەیوەندیی بۆ هەماهەنگیی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ ئەو رێکخراوانەی کە خاڵی هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە بە ئەرکێک دەزانین بۆ تێکۆشان لە پێناو ئازادیی، هەر لەو روانگەیەوە گەشەسەندنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رێکخراوی ''ئازادبوون'' بە هەنگاوێکی پێویست و بەجێ نرخێندرا.
● بە شێوەیەکی گشتیی زۆربەی زۆری هاوڕێیان هەبوونی ئێستای رێکخراو بە ئەرێنیی دەبینن و بە گەشبینیی و ئاسۆیەکی رۆشنتریشەەوە لە داهاتووەکەی دەڕوانن.

خاڵە خامۆش و نەرێنییەکان:

● هەرچەندە بە هۆی ئەو بارودۆخەی لە کوردستان هەیە رێکخراوبوون و زۆرترکردنی ژمارەی هاوڕێێان کارێکی گەلەک قورسە بە تایبەتییش بۆ رێکخراوی ئێمە کە کەسانی لەبار و پەرێز پاک زۆر کەمن.. بەڵام ئێمە خۆشمان کەمترخەمین و زۆرێک لە هاوڕێیان لە سەرنەکەوتنیان لە هێنانەریزی کەسانی دیکە دەترسن یان هەر بە ئەرکی خۆیانی نازانن، بێ گومان ئەوەش دەبێتە هۆی لاوزایی گەشەسەندنی رێکخراوەکەمان و بەرتەسکبوونەوەی کار و چالاکییەکانمان کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی شارەزا و ژێهاتیی پێویستە لە گشت بوارەکان. هێندێک لە هاوڕێیانی دیکەش دەبێژن: ژمارەی ئەندامان و لایەنگرانمان زۆر نین بەڵام کەمیش نین.
● زۆرێک لە هاوڕێیان بە بیانووی ئەوەی بە کاری تایبەتی فەرهەنگیی و رامیاریی خۆیان و پێویستییەکانی ژیان و گوزەران و گەشت و گەڕان و مێواندارییەوە سەرقاڵن... سست و ساردوسڕن لە ئەنجامدانی ئەرک و کار و چالاکییەکانیان.
● کۆبوونەوەکان: کۆبوونەوە گشییەکان بە رێکوپێکیی ئەنجامدەدرێن و ئامادیی هەیە.. بەڵام پێویستە تێکڕای هاوڕێیان بەشدار بن تێیاندا. کۆبوونەوەکانی لێژنەی بەڕێوەبردن بە رێکوپێکیی ئەنجامدەدرێن و ئامادیی تەواو هەیە.. بەڵام لە رێکخستن و پێشکەشکردنی کۆبوونەوەکان هەمیشە زۆرترین ئەرک دەخرێتەسەر چەند هاوڕێیەک.. هەروا زۆربەی جارەکان ئەو هاوڕێیەی لە ماوەی مانگێک چاودێریی رێکخراو دەکا کەمتر ئەرکە تایبەتییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێدەکا. دەستەی راوێژکاریی چالاکە بەڵام پێویستە بە هاوکاریی هاوڕێیان چالاکتر بکرێ. هەردوو لێژنەی میدیا و دارایی کەمتر چالاکن. یەکەیەکی زۆر گرنگی رێکخراوەییمان هەیە زۆر بە کەمیی کۆبوونەوەکانی خۆی ئەنجامدەدا.
● چالاکی جەماوەریی و روو بە دەرەوەی رێکخراومان کەمە.. بۆ نموونە دەبووایە لە هەشتی ئادار (رۆژی جیهانیی ژنان) و زۆر بۆنە و رووداو و یادی دیکەدا چالاکییمان هەبێ.
● هاوڕێیانێک پێیانوایە؛ کەموکوڕییمان زۆرە؛ پتر کۆبوونەوە دەکەین و کەمتر بەرهەم دەچنینەوە، چالاکییمان کەمە، بواری هەڵسووڕاندنمان کزە، پێشبینیی خراپمان هەیە بۆ رێکخراو و ناتوانین هەڵسەنگاندنی باشی بۆ بکەین، ئەو شتنانە بە کەم دەگرین کە لە نێویانداین و بە پێی کەتوار و بارودۆخەکان سەیری رێکخراو ناکەین.
● گرووپی فەیسبووکی ''ئازادیی دەربڕین'' بابەتەکانی باش نین - مەبەست لە پەیجی ''ئازادیی دەربڕین'' نییە کە زمانی فەرمیی رێکخراوەکەمانە و چالاکە -، بەڵکە مەبەستمان لە گرووپەکەیە کە گوزارشت لە رەوتی گشتیی رێکخراوەکەمان ناکا.

پێشنیارەکان:

● پێویستە پتر کارا و چالاک بین بۆ پتر هێنانەریزی ئەندامان و لایەنگران ئەویش لە رێی ئەوەی کە هاوخەمی تاکەکانی کۆمەڵ بین و بتوانین گوزارشت لە تێڕوانینەکانیان بکەین.. هەڵبەتە ئەوەش لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵاتییەکان بەڵام چەندەی بکرێ پتر کەسانی شارەزا و ژێهاتیی بن لە هەموو بورارەکان، هەروا نیگەرانی ئەوە نەبین کە خەڵکێک بهێنینەڕیز و پاشان هەندێکیان بەجێمانبهێڵن چونکە خەڵک لە باردۆخێکی خراپ و لە نێو قەیرانەکاندا دەژین و زۆرێکیان تووشی رەشبینیی و بێ ئومێدیی بوونە.. بێجگە لەوەش کارکردن لە نێو رێکخراوەکەی ئێمە بە هۆی شێوە رێکخراوبوونە ئاسۆییەکەی تا رادەیەکی باش قورسە.. لەبەرهەندێ پێویسمان بە لێزانیی و ماندووبوونی زۆرتر هەیە.
● دەست بە شێوە رێکخرابوونی ئاسۆیی و کاری بەکۆمەڵەوە بگرین کە پێێمانوایە هەم وەک دەستکەوت هەم وەک ئەزموون تێیاندا سەرکەوتوو بووینە.
● بتوانین لە رێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی ورد و گشتگیرانەدا رێوشوێنێکی بابەتییانەی ئەوها پەیدۆز بکەین تا ئەو ساردبوونەوەیەی پێ چارەسەر بکەین کە بە شێوەیەکی گشتیی لە نێو هاوڕێیاندا هەیە و لە ئەنجامی ئەو نیگەرانییە دروستبووە کە نەمانتوانیوە بە پێی پێویست بچینە نێو جەماوەر و رێکخراوەکەمان بەرفراوانتر بکەین و پتر گەشەی پێبدەین.
● بە رەچاوکردنی ئەوەی میللەتەکەمان بە هەر هۆکارێک هەیە لە کاروانی گەلان دواکەوتوە.. پێویستە کۆشش بکەین سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووانەی رۆناکبیران و تێکۆشەرانی ئەو گەلانە وەربگرین کە جێپەنجەیان دیارە لە بنیاتنانی شارستانییەتی جیهانیی و ناوچەیی و دابینکردنی ژیان و گوزەرانی پێشکەوتووانەتر و وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان.
● چاوەڕوانییەکانمان لە رێکخراو لەسەر ئامانجی دیارکراو چڕبکەینەوە و سنووردارییان بکەین، بابەت و شێوازی کارکردن دیار و دەستنیشانکراو بن، پێویستە بۆ کاکردن و هەڵسووڕانی رێکخراوەیی دەرفەتێکی باش بە هاوڕێیە تازەکان بدرێ تا بە تەواویی بە رێکخراوەکە ئاشنا دەبن و تێیدا قاڵدەبنەوە، هەروا چەند کەسێک دەستنیشان بکرێن یان خۆیان بتوانن خۆبەخشانە خۆیان بۆ راپەڕاندنی کاروبارەکانی رۆژانەی رێکخراو تەرخان بکەن.
● چالاکییەکانمان لە رووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییەکان و بەرگرییکردن لە ئازادییەکان پتر بکەین.. ئەوەش لە رێی نەخشە و کاری بەرنامە بۆ داڕێژراو بۆ پتر خۆدەربڕینمان بە پێی هزر و ئامانجەکانمان.
● وا مەزەندە دەکرێ هاوڕێیان بە شێوەیەکی گشتیی کات و وزەیەکی زۆر لە نێو ئەو ژیانە سەخت و پڕ لە سەرقاڵییەدا بۆ بەهێزترکردنی رێکخراو خەرجدەکەن بەڵام کارەکان کەمتر ئامانج دەپێکن و بە جەماوەر دەگەن.. هەر بۆیە پێویستە ''لێژنەی میدیا'' چالاکتر بکەین و هەموو نووسین و پەیام و راگەیاندنەکانمان لە رێی پەیجەکە و کۆڕگێڕان و ئامرازەکانی بڵاوکردنەوەی دەنگوڕەنگی زیندوو بە خەڵک بگەیەنین.
● پێویستە گشت لێژنە و دەستە و یەکە رێکخراوەییەکان بە تایبەتییش ئەوانەی چالاک نین بە رێکوپێکیی کۆبوونەوەکانی خۆیان ئەنجامبدەن و هەموو هاوڕێیان تێیاندا ئامادەبن.

سەرئەنجام: پێویستە گشت ئەوانەی لە سەرەوە خرانەڕوو لە لایەن لێژنەی بەڕێوەبردن و بە هاوکاریی دەستەی راوێژکاریی و بە بەشدارییکردنی کۆی هاوڕێیان تاوتوێ بکرێن، بە کورتییەکەی واتە خاڵە گەش و ئەرێنییەکان چاکتر و پتر بکرێن، هۆیەکانی دروستبوونی خاڵە خامۆش و نەرێنییەکان پەیدۆزبکرێن و نەخشە و بەرنامەیەکی گشتگیر و تێروپڕ دابڕێژدرێ بۆ چارەسەرکردنیان، هەروا هەموو پێشنیارەکان لە رێی وەرگرتنی رای ناوکۆیی بۆ پەسندکردنیان و بە گرتنەبەری رێوشوێنی کاری بەکۆمەڵ بخرێنە واری جێبەجێکردنەوە.

 


لێژنەی راگەیاندنی
رێکخراوی ئازادیی دەربڕین
٢٥\٣\٢٠٢٤