١٠\٧\٢٠١١
کۆبوونەوەی پێنج
قۆڵیی یان هەرەسی ئۆپۆزیسیۆن؟
ئۆپۆزیسیۆن بە هۆی
شکستی خۆپیشاندانەکانەوە ئامادەی گفتوگۆیە.

راپۆرت: ستیڤان ئەحمەد
تائێستا چوار کۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی نێوان
دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەنجامدراوە و پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەی
داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تری هاوشێوە بەڕێوە بچێت، بەتایبەت
دوای بڵاوکردنەوەی گەڵاڵە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی وەک وەڵامێک بۆ
پڕۆژەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ گفتوگۆ. ئەمەش هەرچی زیاتر گەرم و گوڕیی دەبەخشێت
بە کۆبوونەوەکان، هەردوو لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵاتیش گەشبینی خۆیان
لە ئاکامی کۆبوونەوەکان رادەگەیەنن و پێیانوایە خاڵە هاوبەشەکان زیاترن
وەک لە ناکۆکەکان، بە تایبەت لەسەر پرسە گرنگ و نەتەوەییەکان رای
پێچەوانە بوونی نییە. بەهەرحاڵ هەرچی چۆنێک بێت هێشتا پرۆسەی دانوستانی
نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە سەرەتادایە و رەنگە دواجاریش چارەسەرێکی
مامناوەندیی لێ شین ببێت.
گفتوگۆ وەک تاکە چارەسەر.
حاڵی حازر هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێیانوایە گفتوگۆ تاکە
رێگەچارەسەرە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بەمەبەستی دەرچوون لەو
قەیرانەی لە کوردستان بوونی هەیە. دوو لایەنەکەی دەسەڵاتی سیاسیی
پێیانوایە بە دروستکردنی حکوومەتێکی بنکە فراوان و بە بەشداریی
ئۆپۆزیسیۆن دەتوانرێت گۆڕان و ریفۆرمی زۆر بکرێت، بەڵام لایەنی
ئۆپۆزیسیۆن تائێستا رەزامەندیی نیشان نەداوە بۆ بەشدارییکردن لە
حکوومەتێکی بنکە فراوان، بەڵکو لە تازەترین لێدوانی سەرکردەکانی
ئۆپۆزیسیۆندا داوا لە هەردوو حزب "پارتی و یەکێتی" دەکرێت، حکوومەتێکی
گواستنەوە بۆ ماوەی یەک ساڵ پێکبهێنن و پاش ئەوە هەڵبژاردن ئەنجام
بدرێت، ئەوەش وەک رێگەیەک بۆ دەرچوون لە قەیرانەکانی ئێستا بە باشترین
رێگەچارە دەبینن.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە رێککەوتنی
نێوان ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات کارێکی حەتمییە و دەڵێت "ئێمە لەسەر مێزی
گفتوگۆ قسە لەگەڵ یەکتر دەکەین، ئەوانەی کە هاوبەشە وەک 17 خاڵەکە
موناقەشەی ناکەینەوە، چوونکە پێشتر قسەی لەسەر کراوە و پەسەندمان
کردووە، ئەوەی دیکە کە دێت وەک پڕۆژە موناقەشە دەکرێ، بۆیە مەکتەبی
سیاسییەکان موناقەشەی ئەو بابەتانە دەکەن، خاڵی هاوبەش چی هەیە باسی
دەکەن و خاڵە ناکۆکەکانیش هەڵیدەگرن بۆ کۆبوونەوەی لوتکە، بەڵام
مەسەلەی رێککەوتن حەتمییە و دەبێ رێکبکەوین". سەرکردەکانی پارتیش بە
هەمان روانگەی یەکێتی لە مەسەلەکە دەڕوانن و پێیانوایە دەرچوون لەو
تەنگژانەی لە کوردستان هاتۆتە ئاراوە، راوێژ و دیدی هاوبەشی هەموو
لایەنەکانی دەوێت بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، چوونکە واقیعی ئەمڕۆی
کوردستان پێویستی ئەوەی هێناوەتە پێشەوە کۆی لایەنەکان بە پڕۆژەی
هاوبەش و گفتوگۆ ئەو کێشانە چارەسەر بکەن کە زۆریان رەگێکی بیست
ساڵەیان هەیە.
لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس لەوە دەکەن، گفتوگۆی نێوان دەسەڵات و
ئۆپۆزیسیۆن لە روانگەی خوێندنەوەی بەرامبەرەوەیە، چوونکە هیچ هێزێکیان
ئەویتر نەفی ناکات، ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیڤ و دڵخۆشکەرە. "ئەبوبەکر عەلی"
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو لەمبارەوە وتی: هێزەکان بۆیە ئامادەن
گفتوگۆ لەگەڵ یەکدا بکەن چوونکە بڕوایان بە قسەکردن لەگەڵ یەک و
گرتنە پێشی رێگا و رێکاری ئاشتیخوازانە لەگەڵ یەکتر هەیە. ئەوە روونە
گەر هێزەکان، یاخۆ بەشێ لەوان، بڕوایان بە بوونی رەوایەتی یەکتر
نەبێ، مەیلی لە رەگدەرکێشانی یەکتر و رەتکردنەوەیان تێدا بەهێز بێ،
باوەڕیان بە بەیەکەوە ژیانی ئاشتیخوازانە و کێبڕکێی مەدەنی نەبێ،
یان لاواز بێت، ئەوە بە سروشتی حاڵ ئامادەی گفتوگۆکان نابن، یان
ئامادە دەبن بەڵام نەک بەنیازی گەیشتن بەدید و چارەسەری هاوبەش بۆ
کێشەکان، بەڵکو بۆ سوود وەرگرتن لە گفتوگۆ بۆ هێنانەدی مەرامی
سیاسیی.
لە بارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیشەوە هەردوولا گەشبینن و پێیانوایە ئەوەی
لە پرۆسەی گفتوگۆدا قسەی لەسەر دەکرێت، هەمووی شتی لۆجیکی و مومکینن و
هیچ خاڵ و داواکارییەکی وەهای تێدانییە تا هیچ لایەک رەتی بکەنەوە یان
نەتوانن قبوڵی بکەن وەک مەرجی دانوستان. بۆیە زانا رۆستایی، سەرکردە لە
کۆمەڵی ئیسلامی گەشبینی خۆی نیشان دەدات دەربارەی ناوەڕۆکی
کۆبوونەوەکان، ئەگەرچی ئەو پێیوایە ماوەی نێوان کۆبوونەوەکان لە رووی
کاتەوە زۆرە و دەکرێت ماوەی نێوان کۆبوونەوەکان نزیکتر بکرێنەوە، لە
هەمان کاتدا دەڵێت: هەستدەکەم لایەنە سیاسییەکان ئیرادەیەکی جیددیان
هەیە، چوونکە هیچ یەکێکیان شتێکی مەحاڵیان بەرامبەر بەیەکتر
نەخستۆتەروو، بەڵکو ئەوانەی خراونەتەروو هەمووی جێگەی گفتوگۆن، بۆیە
دەگەنە ئەنجام.
کۆبوونەوەی پێنجقۆڵیی و هەرەسی ئۆپۆزیسیۆن.
لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانییەوە تا دواڕۆژی پرۆسەکە،
هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە کوردستان، نەک هەموو پێشنیارێکی
گفتوگۆ و دایەلۆگیان لەگەڵ دەسەڵات رەتدەکردەوە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی
حکوومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمیان کردبووە پێشمەرجی هەر
کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ئەمە لەلایەک،
لەلاکەی تریشەوە لە رێی خۆپیشاندەران و ئەو دروشمانەی لە سەرای سلێمانی
و شوێنەکانی ترەوە بەرزدەکرانەوە بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و
دامەزراوە دەستوورییەکانی تری وەک پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمیان
دەکرد، تاکو لە دواڕۆژەکانی خۆپیشاندانەکاندا دروشمەکان توندتربوونەوە
و کار گەیشتە دروشمی "ئیڕحەل". بەڵام دوای بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان
بە هێزی سەربازیی، هاوکێشەکە گۆڕانێکی گەوهەریی بەسەردا هات،
ئۆپۆزیسیۆن بێ ئەوەی هیچ یەکێک لە پێشمەرجەکانی وەک هەڵوەشاندنەوەی سێ
سەرۆکایەتییەکەی کوردستان بهێنێتەدی، ئامادەی پرۆسەی دانوستان بوو
لەگەڵ دەسەڵات، تا ئێستا ژمارەی ئەو کۆبوونەوانەش چواری تێپەڕاندووە و
پێشبینی دەکرێت ژمارەی کۆبوونەوەکان بۆ زیاتریش بەرز ببێتەوە.
بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی، بگرە بەشێک لە خۆپیشاندەرانی پێشوو و بنکەی
هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن، ئامادەبوونی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر
مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵات وەک شکستی سیاسیی بۆ هەر سێ حزبە
ئۆپۆزیسیۆنەکە لە قەڵەم دەدەن، چوونکە کێرڤی داخوازییەکانیان هاتۆتە
خوارەوە، بێئەوەی هیچ مەرجێکی سەرەکییان قبوڵ بکرێت لەوانە
هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت، چوونە پای پرۆسەی دانوستانەوە، ئەمە لەلایەک،
لە سەرێکی دیکەشەوە، ئۆپۆزیسیۆن دوای کۆتایی خۆپیشاندانەکان ئەو
قورساییەی پێشتری نەما، بۆیە دەبوو ئۆپۆزیسیۆن لە کاتی پرۆسەی
خۆپیشاندانەکاندا کە پێگەیەکی بەرزتری هەبوو، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان
دەرببڕیایە، چوونکە ئەوکاتە دەسەڵاتی ناچار دەکرد کە بە زۆرێک لە
داخوازییە سیاسییەکانی رازی بێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن کاتێک پەنای بردە
بەر گفتوگۆ کە پێگەی لاواز ببوو، خۆپیشاندانەکان بڵاوەیان پێکرابوو،
تۆپەکە لە ساحەی دەسەڵاتدا بوو. بۆیە ئێستا دەسەڵات داشی سوارە و بە
لانیکەمی داخوازییەکانیان رازی نییە، بەڵکو تەنیا یەک رێگەی بۆ
هێشتوونەتەوە، ئەویش بەشدارییە لە حکوومەتی بنکە فراواندا.
مەم بورهان قانیع، سەرنووسەری رۆژنامەی "رۆژنامە" پێیوایە دەسەڵات کات
بە رێ دەکات و ئەگەر وەڵامێکی روونی بۆ خۆپیشاندەران نەبووبێت، ئێستا
چۆن لە ژوورە تاریکەکاندا بە داواکانی ئۆپۆزیسیۆن رازی دەبێت. قانیع
پێیوایە: هاووڵاتییان هەندێکیان «رەشبینی»، یان نیگەرانیی خۆیان
لەسەر ئەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی ئەو کۆبوونەوانە نیشاندەدەن و
پێیانوایە: دەسەڵات ئامادەسازیی، یان ئیرادەیەکی جیددی نییە بۆ
چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێم. رەنگە بەشێکی ئەم نەبوونی
ئیرادەیە، بۆ ئەوە بگەڕێنرێتەوە خەڵک 63 رۆژ لەسەر شەقام بوو،
خۆپیشاندانی دەکرد، دەسەڵات ئامادەیی نەبوو بچێتە لایان و
دانوستانیان لەگەڵدا بکات، هەربۆیە خەڵک هەن گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی
مادام دەسەڵات ئامادە نەبووە بچێتە سەر جادە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان،
بۆیە بە دووری دەزانن ئەمجارە لەناو ژوورە داخراوەکاندا (ئەو ژوورانەی
تێیاندا کۆبوونەوەکان دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوە دەچن) بەدەم
داخوازییەکانەوە بچێت.
دووبارە هەڕەشەی خۆپیشاندان.
هەرسێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لێرە و لەوێ و لە رێگەی میدیاکانەوە باس لەوە
دەکەن، ئەگەر داواکارییەکانییان جێبەجێ نەکرێن، ئەوە لە ماوەیەکی
نزیکدا خۆپیشاندانەکان دووبارە دەستپێدەکەنەوە. ئەمە لەلایەک بەدرۆ
خستنەوەی بانگەشەی پێشووی خۆیانە، گوایە بەشدارنین لە خۆپیشاندانەکاندا،
لەلاکەی ترەوە لەسەر پرنسیپی گیسکەی هەیاس، دەسەڵات دەترسێنن بەوەی
ئەگەر داواکارییەکانی ئەوان جێبەجێ نەکرێت، ئەوە هێزێکی جەماوەریی
گەورەیان هەیە بۆ ئەوەی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن. هەروەک پارێزەر "کارزان
عومەر" ئەندامی پێشووی مەیدانی ئازادیی دەڵێت: هەمیشە ئۆپۆزیسیۆن دەڵێت
گەر دەسەڵات لەگەڵم رێک نەکەوێت خۆ شەقام هەیە و دەنگی ناڕازی
خۆپیشاندان هەیە تا بیکەمە کارتی فشار و چیم بووێت بۆم جێبەجی بکات،
بێگومان ئەوکات دەزانین کە دەسەڵات لە جەماوەری ناڕازی زۆرتر دەترسێت
وەک لە ئۆپۆزیسیۆن.
لە سەرەتای مانگی پێشوو، گروپێک بەناوی "گروپی خۆپیشاندانی خۆڕسک" کە
گوومان دەکرێت هەوادارانی حزبی گۆڕانى بن، لە بەیاننامەیەکدا
رایانگەیاند ئەگەر پرۆسەی دانوستانی پێنجقۆڵیی هیچ ئاکامێکی نەبێت،
ئەوە لە رۆژی 10 حوزەیران خۆپیشاندانی جەماوەریی بەڕێدەخەن، لە
راگەیاندنەکەی ئەو گروپەدا هاتووە: ئێمە وەک گروپی خۆڕسکی رێکخستنی
خۆپیشاندانەکان کە بەشێوەیەکی نهێنی کارمان کردووە بۆ دەستپێکردنی
خۆپیشاندانەکان هەموو لایەک ئاگادار دەکەین لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی
لایەنەکان و جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران دەڕوانین ئەگەر لە
ئەنجامدا داواکاریی خۆپیشاندان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا بە زووترین کات
دەستدەکەینەوە بە کارکردن بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی گشتگیر و رێکخراو و
تا بەرواری 10-6-2011 چاوەڕێی دەرئەنجامی گفتوگۆکان دەکەین". بەڵام
بەلای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسییەوە ئەمە تەنیا هەڕەشەیەک بووە بۆ
ترساندنی دەسەڵات، ئەگینا گروپێکی لەوشێوەیە بە سەربەخۆیی بوونی نییە،
بەڵکو گروپێکی لەو چەشنە ناکرێت سەر بە هیچ یەکێک لە حزبەکانی
ئۆپۆزیسیۆن نەبێت بە تایبەت گۆڕان.
لای خۆیشیەوە "عەلی باپیر" ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، سەرباری ئەوەی
رایدەگەیەنێت بارودۆخی پێش 17 شوبات کۆتایی هاتووە و هەرگیز دەسەڵات
ناتوانێت دۆخی کوردستان بباتەوە پێش ئەو رێکەوتە مێژووییە، لە هەمان
کاتدا هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوە
دیسانەوە خۆپیشاندانەکان لە هەموو شوێنێکی کوردستان سەرهەڵدەدەنەوە.
عەلی باپیر ئەوەشی خستۆتە روو گەر دەسەڵات بە خواستەکانی ئۆپۆزیسیۆن
رازی نەبێت، ئەوە بارودۆخی لیبیا و سووریا لە کوردستان دووبارە
دەبێتەوە. بۆیە دەڵێت: نابێت خەیاڵپڵاویی ئەوە بکەن کە وەکوو پێش 17
ی شوباتیان بۆ دەچێتە سەر، ئەگەر واقیعبینیانە تەماشا بکەن، دەبێ ئەو
واقیعەی لەیەمەن و بەحرەین و سووریا دەبینرێت بیهێننە بەرچاوی
خۆیان لەهەرێمی کوردستاندا.
چاودێرانی سیاسیی، هەڕەشەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بە هەڕەشەیەکی ناواقیعی
دەخوێننەوە. یەکەم: لەبەرئەوەی دوو مانگی پرۆسەی خۆپیشاندانەکانی پێشوو
هیچی لێ سەوز نەبوو، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆن دیسانەوە گەڕایەوە خاڵی سفر.
دووەم: ئاسان نییە هەمیشە خەڵک کۆبکرێتەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان،
کارێکی لەو جۆرە ئیمکانییەتی سیاسیی و ماددیی و مەعنەویی گەورەی دەوێت
کە ئەمە مومکین نییە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت درێژەی پێ بدات. سێیەم:
دەسەڵات ئامادەباشی تەواوی وەرگرتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندان
لە هەر شوێنێک بێت. چوارەم: لەرووی مەعنەوییەوە بەشی زۆری خۆپیشاندەران
رووبەڕووی بێئومێدیی زۆر بوونەتەوە چوونکە پیشتر پێیانوابوو لە ماوەی
چەند رۆژێک دەسەڵات لە کوردستان تەبەخور دەکات.
Shamzini79@yahoo.com
|