٢\١٢\٢٠١٢
کۆبوونەوەی
پێشمەرگە و بەرگری چارەسەری قەیرانەکە دەکەن؟

مەهدی خالید خەمبار
بەر لە هەمو شت چونی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەریم و کۆبونەوەی لە
گەڵ وەزارەتی بەرگری لە بەغدا بە کارێکی نادروست دەزانم و هەر ئەم نەرم
ڕەوی و بەرز فڕینەی سەرکردایەتی سیاسی کوردیە کە بوە بە مایەی گوێ
نەدانی حکومەتی ناوەند بە داخوازیەکانی گەلی کورد و خۆ گێل کردن لە
ئاست بڕیار و لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە سەرەوە بۆ
خوارەوەیان ، چونکە هەمیشە لە سەرەتادا لە ئاستێکی زۆر بەرزدا لە شەقەی
باڵیان داوە و لە نزمترین نزمایش نیشتوینەتەوە!
لە ئێستاشدا ، حکومەتە مالکی ، ئەم کەف و کوڵەی هەرێمی کوردستان بە
شتێکی کاتی دەزانێت چونکە لە نیشتنەوە خێراکەی گوماندار نیە! لە زۆر
کات بە تایبەت لە سەردەمی حکومەتە موبارەکەکەی ئەم زاتە موبارەکەدا ،
دۆخەکەی شەڵقاندوە و گەیاندۆتە دۆخی مریشکە ڕەشە و ویستویەتی بڕی کورد
تاقی بکاتەوە و کردویەتی.
لەم ئان و ساتەدا کە مالیکی ڕوبەڕوی هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی و نیمچە
توڕەبونێکی پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق بە دژی دەسەڵاتەکانی و هەوڵەکانی
ئاشت بونەوەی لە گەڵ بەشێک لە حیزبە سونییەکان و تەنانەت بەعسیەکان و
هەندێ گرێکوێرەی تری ناو خودی حیزبەکەی خۆی دەبێتەوە ، بۆ سەرکەوتن و
دوبارە خۆ ئاشتکردنەوە لە لای تاکەکانی عەرەبی عێراقی ، پێویستی بە بە
سازدانی ئەم جۆرە سیناریۆیە بوو ، تا عەرەبی عیراقی نیشان بدات ، کە
بەڵێ ئەوە منم خەمی پارێزگاری و یەکڕیزی خاک و گەلانی عێراقم هەڵگرتوە
و بەمەش داخوازی ئەو دەنگانە بەدیدەهێنێ کە بە فیتی وڵاتانی ناوچەکە
داوای سەلامەتی ژیانیان دەکەن و دەیانەوێت لە مەترسیە هەڵبەستراوەکانی
هێزەکانی کورد ڕزگاریان بکەن ، بەمە دەیەوێت بۆ ڕای عەرەبی و عێراقی
بسەڵمێنێت کە ئەوە هەرێمی کوردستانە سەرپێچی بڕیارەکان دەکات و قایل
نیە و هێز لە دژمان بەکاردەهێنێت و چۆن ئێمە بتوانین لە داهاتودا
پشتیان پێ ببەستین و متمانەیان پێ بکەین؟!
ئەگەر بەداخەوە ئەمڕۆ لە ئۆپراسۆنەکانی دیجلە بە ئاگادێین و دەیکەنە
هەڵا ، کە مافی خۆمان بوو هەر کە ناوی هاتە بەر باسان کورد توندترین
هەڵوێستی وەربگرتایە و نەیهێشتایە بگاتە ئەم ئاستەی کامڵ بون و زیاتر
لە (٥) بە سەر دامەزراندن و پڕ چەککردنیدا بگوزەرێت ! چونکە گومان
دەکەم لە تێکدانی ئۆپەراسۆنە (دیجلە) ی ئەمڕۆ و دانەمەزراندنی (فورات و نیل)ی داهاتو ، هاوکات جیا لەوەی سەری کوردیشی بەم ژانەوە
ماندو کردووەو و ئەمەی کردۆتە (مۆرفین) ێکیش بۆ بیر بردنەوەی کۆمەڵێک
کێشە و بابەتی گرینگ کە لە ڕابردودا پانتاییەکی گەورەی گرێکوێرەیان
تێکەوتبو و کێشە و ململانێ و ئاڵۆزیەکی زۆری لە نێوان مالکی و حکومەتە
تاکڕەوەکەی و هەریمی کوردستاندا دروست کردبوو.
لە گۆشە نیگایەکی تریشەوە کە پێشتر مالکی چەندان جار تاقیکردبێتەوە ئەو
بێ خەمیەیەتی لەنەبونی هەر مەترسیەکی گەورە و بچوک لە پای هەڕەشە و
گوڕەشەی کورد و دڵنیابون لە گەڕانەوەیان بۆ چوارگۆشەکە و چوارمشقی
دانیشتن و ڕازی بون بە مانەوە و سەپاندنی قسە و بڕیارەکانی سەبارەت بە
مانەوە و گەشەپێدان و فراوانکردنی ( ئۆپەراسیۆنەکانی دیجلە ) و مل
کەچکردن بۆ مانەوەی و لەوانەشە ئەمجارە ئەم هێزە بکاتە براگەورە و
کوتەک بەدەستی هێزێکی بەناو هاوبەش و لە کۆتاشدا کە زیاتر پەرەی سەند
ئەوکات ، دەست دەکات بە سەرکێشی و ئاژاوە دروستکردن و ئازاردانی
خەڵکانی کورد و دەشبێتە پاڵپشتێکی گەورەی پشت ویست و داخوازی عەرەبە
شۆڤێنی و هاوردەکانی کەرکوک و تورکمانە شیعەکان و بەرەی تورکمانی و
جڵەوی حوکمی شارەکان بە تایبەتی کەرکوک بگرنە دەست و منەتیان بە هیچ
بڕیار و دەنگێکی ناڕازی نەبێت.
ڕەنگە هۆکارێکی تری دروستکردنی ئەم ئۆپەراسۆنە مەبەست ڕازیکردنی دڵی
بەشێک لەو خەڵک و لایەنانە بێت کە بە ڕای خۆیان پەراوێز و تڕۆ کراون و
یانیش بە ناڕەوا لە پیشە سەربازیەکانیان دورخراونەتەوە ، لەوانەش (جەنابی
ئەبدول ئەمیر زوبێدی سمێڵ قەترانی) کۆنە بەعسی و دوژمن بە کورد کە
جەنابی موبارەکی مالکی لە ئاسمان بەدوایدا دەگەڕا و لە سەر زەوی بەر
دەستی کەوت و بە دوریشی نابینم ، کە زەمینە لە بەردەم دروستکردنەوەی
جاشایەتی بۆ خەڵکانێکی نەفس نزم و گەل فرۆشی کوردیش خۆش بکات تا لە دژی
هەرێمی کوردستان لە ململانێکاندا سودیان لێ وەربگرێت.
ئەم جوڵە پێکردنەی هێز لە لایەن مالیکیەوە ، جێگە و پێگەی مالکی لە سەر
ئاستی ڕای شەقامی عەرەبی عیراقی قایمتر و بەهێزتر کرد و گرەوی لە زۆر
گریمانەی کۆتا پێهێنانی دەسەڵاتەی بردەوە و زۆر دەنگی ناڕەزایش بەم
کارە کپ دەکاتەوە.
بەڕای من لایەنی کوردی نەدەبوو ئاوا بە سانایی و بە پشی پشیەکی چکۆڵانە
ئەم گەرم و گوڕییەی خۆی و جەماوەرە جوامێرەکەی خاو بکاتەوە و دیسان ملی
ڕێگەی بەغداد بگرنەوە بەر و نەتوانن هیچ نەبێت ئەم جارە کەمێک دانتان
بەخۆدا بگرتایە و با ئەوان بهاتبانایە لە یەکێک لەو سەربازگە پڕ چەک و
پڕ پێشمەرگانە لە گەڵیاندا کۆبوبونایەتەوە کەوا لە ڕوی هێزەکانی ئەوان
وەستاونەتەوە ، تا ببێتە پەیامێکی ڕاست و وەک نیشاندانی هێز لە ڕویان ،
لەو شوێنەدا کۆببونایەتەوە و بە لایەنی عێراقیتان بگەیاندایە ، کە ئێمە
بە هۆی ڕوبەڕوبونەوەی ئەزمونەکان لە گەڵ مەترسیەکان ، ئێمە ناتوانین
هێزەکانمان جێبهێڵین ، چونکە من لەوە دڵنیاتان دەکەوەمەوە ئەگەر
سبەینێش هەموو داواکاریەکانی ئێوە بە بەڵێ و بە گەرمەوە قبوڵ کران ،
ئەوا دڵنیابن ناگەنەوە کوردستان ، ئەوان پەشیمان و پاشگەز دەبنەوە ،
چونکە لە عێراقدا حکومەتێکی کۆماری دەستوری بونی نیە و هەمو بڕیارەکان
یان تاک ڕەوانە دەدرێن یان ئەوەتا لە نێوان کۆمەڵێک مەلا و مەرجەع و
سەرۆکی کوتلەکاندا دەدرێن ، بۆیە هەر هەوڵێکی ئاشتی و گفتوگۆی سەرمێزە
خڕەکان بێت یان لاکێشەیی ، بەدڵنیاییەوە بە زەرەری ئێمەی کورد تەواو
دەبێت ، بۆیە چاوخشانەوە بە مێژو و ڕابردودا ، فێری هەنگاونانمان بەرەو
ئایندەیەکی گەش و درەوشاوە دەکات!!!
mxembar.kerkuki@gmail.com
|