په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

کۆبوونەوەى تایبەت بۆ ناسینى پاشا.

    

ئیسماعیل عبدولڕەحمان


گیانلەبەرە گیاخۆرەکانى دارستان بەهۆى ئەو زوڵم و زۆر و نادادپەروەرى پاشاى دارستان دەرهەقیان دەکات ، بڕیاریاندا کۆبوونەوەیەکى تایبەت گرێ بدەن و لەچۆنیەتى بونە پاشاى شێر بکۆڵنەوە ، لەکۆبونەوەکە هەموو گیانلەبەرە زوڵم لێکراوەکانى دارستان بەشداریان تێداکرد و گفتوگۆ دەستى پێکرد:


هەندێکیان گوتیان لەبەر ئەوەى شێر ژیرە بۆیە بۆتە پاشا.


لەولاوە هەندێکى تریان گوتیان ئەگەر بەژیرى بوایە دەبو ڕێوى پاشا بوایە نەک شێر.


چینێکى ترگوتیان بونە پاشا بەجوانییە ، تاوس لەولاوە گوتى ئەگەر بەجوانى بوایە من لەهەموو تان جوانترم دەبوایە من پاشاتانبم بەڵام بەخواى بەجوانى نییە.


هەندێکى تر گوتیان بەبەهێزیە، فیل هاتەوە وڵام گوتى گەر بەبەهێزى بوایە من دەبومە پاشا بەڵام بەبەهێزى نییە.


گوتیان مادام بەبەسودى و بەکەڵکیە گامێش، هاتە وڵام گوتى شێر کەى بەقەد کلکى منیش سودى هەبوە تاکو شایستەى پاشا بوون بێت.


گوتیان مادام بەلەش سوکى و وریایە، مەیمون گوتى ئەگەر بەلەش سوکى و وریایى بوایە کێتان لەمن لەش سوکترو وریاترن کەچى منیش پاشا نیم.


گوتیان بەنێرەکەریە، کەر دەستى بەزەڕین کرد گوتى ئەگەر بەنێرەکەرى بوایە دەبوایە خۆم پاشاى دارستان بوایەم ، کەچى بەس بۆ مل هۆڕى پاشا خەسڵەتى نێرەکەرى من دەهێنە گۆڕێ.


لەکۆتایى کۆبونەوەکەدا کەنەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک ئینجا بڕیاریاندا خۆیان بچنە لاى شێرو لەخۆى بپرسن بزانن هۆى بونە پاشاى ئەو لەدارستان لەبەر چیە؟ کاتێک ئەو بڕیارە درا بۆ چونە لاى پاشا هەموویان یەکسەر کەوتنە لەرزین لەترسان و گوتیان:


ئاخر چۆن ئێمە بچینە لاى پاشا لەکاتێکدا پاشا ئەوەندە بێویژدانە هەرگیز قبوڵ ناکات هەرلەماڵەکەشى نزیک بینەوە چجاى پرسیارکردنى لەچۆنیەتى بونە پاشاى ، ئاخر خۆ هەرکامێکمان لێى نزیک بینەوە بەو جڕنوکە تیژەى دەمانگرى و بەکڵبە تیژەکانى یەکسەر شەت و پەتمان دەکات.
هەندێک لەئاژەڵە گێلەکان گوتیان ئەى پاشا بەردەوام باسى ئازادى و دیموکراتى ناکات لەدارستان بۆ لێى دەترسێن؟


گیانلەبەرانى ترساو گوتیان ئەى گەمژەینە ئەو قسانەى پاشا دەربارەى ئازادى و دیموکراتى لەدارستان دەیکات تەنیا گورگ و چەقەڵ و ڕێوى و کەمتیار دەگرێتەوە کەوەک پاشا کەڵبەی تیژو گۆشت خۆرن ، خۆئێمەى گیا خۆر ناگرێتەوە ، ئەوانیش گوتیان کەواتە بونە پاشاى شێر لەبەر دڕندەیى و جڕنوک و کەڵبەى تیژە کەیەتى ، گوتیان بێگومان هەرلەبەر ئەوەیە.


لەوکاتە کارمامزێک گوتى ئەوە زانیتان پاشاى دارستان بەهۆى دڕندەیەوە بۆتە پاشا بامنیش پێتان بڵێم ورچە ورگ زلەکەى شاخیش هەربەهۆى جڕنوک و کەڵبەى تیژەکەیەتى بۆتە پاشاى چیاکان.


گیانلەبەران گوتیان ئەى چارەمان چیە لەدەست پاشاى شاخ و دارستان؟


هەندێکیان گوتیان باشترین چارەمان نەفرەت لێکردن و دورکەوتنەوەیە لەهەموو کەڵبە تیژەکان چ لەشاخ بێت چ لەدارستان ، چونکە هەمووى مارى یەک کونن کەڵبە تیژەکان.


هەندێکى تریان گوتیان ئاخر گەر ئێمەش نەچینە ناویان ئەوان دێن لەدوامان.


مەڕێکیش هاتە وڵام و گوتى چانیە ئێمە بەخۆمان یەکترى ناخۆین وەک مرۆڤەکان.


ئاژەڵەکانى تریش گوتیان بۆ شتى واهەیە لەناو ئینسان.


مەڕ گوتی بەڵێ زۆر هەیە لەجیهان، من لەگەڵیان دەژیم ئاگەدارم لەهەموویان، باشترین بەڵگەشم کوردە لەکوردستان، سەردەمێک دەکوژران لەبیابان، دوایش لەشەڕى ناخۆیان، ئێستاش کەورکردنى هەژاران، مۆدیلەکى ترە لەخۆخواردنى مرۆڤەکان.


هەموو گوتیان شوکر بۆ تۆ خوایە گیان
نەتکردین بە مرۆڤى کورد لەکوردستان!


10/8/2009
ary_esmail@yahoo.com