په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٥

کۆچ؛ جەنگی ئەمڕۆ و ئایندەی جیھان.

بەنگین پیرۆت    


نوسەرێک: مرۆڤ لە کۆچدا بەدوای مانای قەدەر و ھەستی خۆیدا دەگەڕێت گەنجێک: ئەوەی ئێستا بەچاوی سەر دەیبینین کۆچکردن نیە کۆڕەوە شاعیرێک: کۆچ نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ حەز دەکات ئازاد و سەرفراز بێت چالاکوانێک:لەشەڕی دژی داعش داین ئەگەر گەنجەکانمان کۆچ بکەن کێ شەڕەکە بکات؟!

لەھەر کەسێک بپرسی چۆن دەڕوانیتە کۆچ، قسەیەکی ھەیە بۆ گووتن "بەڵێ ھێندە پڕین قسەمان زۆرە بۆ گووتن،ئەوەی ئێستا بەچاوی سەر دەیبینین کۆچکردن نیە کۆڕەوە،ڕاکردنە، ڕاکردن لەپەستانە دەروونیەکان، ڕاکردنە لەقەیران و لە نەبوونی دیدێکی ڕوون بۆ داھاتو، ئەمە قسەی ئەو گەنجەیە کە لەماڵەوە دایکی پێی دەڵێت دەرچوی زانکۆ و دامەزراوی ماڵەوە. بڕوا حسن تەمەنی ٢٥ ساڵە و لەگەڵ برایەکیدا ئیشی بەستنی سەقفی خانو دەکات،ئەوەشی گووت "بەئەندازەی ھەژارەکان دەوڵەمەندەکانیش ڕادەکەن،بڕوا دەڵێ: ئەو خەڵکە بۆیە دەڕۆن و ڕادەکەن، پێیان وایە کوردستان کۆرپەیەکی لەبار چووە. وەک زۆربەی ئەوانەی لێم دەپرسی "وەسفی دواساتی ڕۆیشتنی ھاوڕێیەکەت بکە ئەوکاتی لێک جیادەبوونەوە؟ بڕوا چاوەکانی ھاتە قسە و لەڕێگەی فرمێسکەکانیەوە گوزارشتی لەدەردی جودایی کرد.


شاعیری جوانناس کەریم دەشتی بێدەنگ نەبوو و قسەی بۆ کردین و ووتی "کۆچ، لەحاڵی حازردا بۆتە دیاردەیەکی جیھانی، بوون و لە ھارەدانی تاکەکان لەناو کۆمەڵدا نیشانەی ئەوەیە کە مرۆڤ حەز دەکات ئازاد و سەرفراز بێت و ژیانێکی کامەرانی ھەبێت و ھەست بە یەکسانی و دادپەروەری بکات، ڕزگاری بێت لە ھەموو تابوتەکانی ناو کۆمەڵ. گوتیشی "جیابوونەوە ھەتا جیابوونەوە جیاوازی ھەیە، ھەموو جیابوونەوەیەک ناخۆش نیە، بۆ نمونە من حەز بە جیابوونەوەی کورد لە عێراق دەکەم، بەڵام جیابوونەوەی ئازیزان لەھەمووی ناخۆشتر چ جای ئەوەی دوو عاشق لەیەک جیاببنەوە و فیراق دروست بێت.


لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا پارێز ناسڕ پێی وایە :ھاوڕێ بەمانای وشە یانی بەشێک لە جەستەی مرۆڤ، ئەو دەمەی یەکێک مژدەیەکی خۆشت پێدەدات لەبارەی ھاتنی نزیکترین ھاوڕێت،دڵ خۆش دەبیت و دەگەشێیتەوە ھەر لەخۆتەوە زەردەخەنە وەکو پەپولە دێتە سەر لێواری لێوەکانت. ئەو کچە رۆژنامەنوسە بە دڵتەنگیەوە درێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێت: ئاخۆ دەبێ ئەو ڕووخسار و دڵ و لێوە چی لێ بێت کاتێک مرۆڤ بەشدار دەبێت لەمەراسیمی بەڕێکردنی ھاوڕێیەکی نزیکی بۆ ئەبەد جیادەبێتەوە لێی و دوا ساتی لێک دابڕان ئاوازی خەم دەژەنێت، ئەو بەپشو ھەڵکێشانەوە درێژەی بە قسەکانیدا "لەھەمانکاتیشدا پێویستە مرۆڤ خۆراگربێت لەکاتی ماڵئاوایی کردنی لەئازیزترین کەسی.پێویستە مرۆڤ باوەڕی بەو چارەنوسە ھەبێت کەدێتە ڕێیی و، ئەوەشی گووت:ژیانیش نەبەستراوە بەتەنھا کەسێکەوە.


بەبڕوای چیرۆک نوسێکیش "کۆچ دیاردەیەکە لەھەموو کۆمەڵگایەکدا ھەیە،بەڵام چۆنیەتی ڕوانین لەدیاردەکە، دەوەستێتە سەر ئەو ھۆکارانەی کە وا دەکەن پەرەبسەنێت و بگاتە ڕادەی ئەوەی ببێتە جێگای باس. ئاری عسمان خەیات دەشڵێت:من ناتوانم بەوئاسانیە پێناسەی دیاردەیەکی وەک کۆچ بکەم. خەیات کەسی نزیکی بەرەو ھەندەران کۆچی نەکردوە و خۆشی بەنیاز نیە کۆچ بکات بۆیە سەرقاڵ نیە و دەڵێ: بەو دوایانە ھیچ ھاوڕێیەکی ھێندە نزیکم سەری خۆی ھەڵنەگرتوە، تابتوانم ئەو وەسفە ڕاستەوخوبگوازمەوە،ولێ گومان لەوە دانیە ماڵئاوای کردن جا ئیتر ھەرچۆن و بەھەر ھۆیەک بێت لەسەر دڵی من قورس دەکەوێت.


لەمانگی ١ تا ٦ی ٢٠١٥، ١٠،٠٠٠ھاوڵاتی ڕوویان لە وڵاتی ئەڵمانیا کردوە جگە لەپەنابەرانی نایاسایی، کوردستانیش بەشێکە لەو ئامارەی حکومەتی عێراق، ئەو چالاکوانە مەدەنیە، دەڵێ: ئەوەی سەیرە بەلامەوە تائێستا حکومەتی ھەرێم بەفەرمی دەنگی لێوە نەھاتوە. ئارەزوو محمد، دەڵێ: دیارە حکومەتی ھەرێم بەدیاردەی نابینێت و پێی کۆچێکی ئاسایە، تەنانەت تادوای داواکاری پەرلەمانیش لەحکومەت، حکومەت بێدەنگەی ھەڵبژاردوە نەیتوانیوە یەک کۆبونەوەی لەسەر ئەنجام بدات لەلێکۆڵینەوە لەگەیشتنی ڕێگا چارەیەک،ئارەزوو پێی وایە: دوای لێکۆڵینەوە لەھۆکارەکانی کۆچ،حکومەت بەرپرسیاری یەکەم دەبێت. ئەو کچە چالاکوانە مەدەنیە گوتیشی: ھاوڵاتیانی ھەرێم دەناڵێنن بەدەست نەبوونی ئاو و کارەباو بێکاری و نەچەسپاندنی یاساو نادادپەروەری لەدابەشکردنی داھات، سەرباری لەشەڕی دژی داعش داین ئەگەر گەنجەکانمان کۆچ بکەن کێ شەڕەکە بکات؟!


لەشاری ئیستەنبولی تورکیاشەوە،رۆژنامەنوێک پێی وایە: کۆچ لەپێناو ڕەواندنەوەی ترس و برسیەتی و ئازادی و نادادیە،ھەندێک جاریش بوونی جەنگ و نەبوونی دارای و نەبوونی پێداویستیە. وەلێ ئەمەی ئێستا ڕوی ڕاستەقینەی کۆڕەوە نەک کۆچ،ئەو دەڵێ: ئەوەی من بینیومە لە١٩/٨/٢٠١٥ و ڕۆژانی دوایی و مانگی ئاب یەکێک بو لەتراژیدیاترین ڕوداو کە بەچاوی خۆم بینیم. ڕەوەز ڕاوچی ئەوەشی گووت: لەنێو ئاپۆرای ئەو حەشیمەتە تاسابووم و وەستا بووم، ڕوی ڕاستی مەرگم بینی. لەڕاستیدا کۆچ وێنەی ڕاستی مردنێکی قبوڵکراوە لەلایان کەسێک ھەڵیدەبژێرێت،ڕەوەز پێی وایە: حزبەکان بەشێکی گەورەی ئەو تاوانەن، چەندین ساڵە یەک ڕوخسار بەسیمایانەوەیە،ئەوان ماونەتەوە بەبێ ئەوەی کۆمەڵگا ئەو دۆخە قبوڵ بکات،بەپێی قسەکانی ڕەوەز:ژیان وا بڕوا ڕوداوەکان بێ بەزەیی دەبن و تاوانەکان دەبن بەتاوان و روداوی سروشتی.


نوسەرێکیش دەڵێ: کۆچ بەدرێژای ژیانی مرۆڤ واھیمە و پەیام و ھەست و ئازار بوە،واتا مرۆڤێک کەلە ھەست و غەریزە ئازادبێت،ئیتر خودی خۆی و نیشتیمان و ھاورێ ڕوەو پرسیارەکان دەکاتەوە تەنانەت پرسیار لەبوون و نەبونی خۆشی دەکات، دەیەوێت بیگەیەنێتە ئەو دیو واقعی ھەژمونگەرایی و بیرکردنەوە و ھەستەکان بەرەو ڕووی واقع بکاتەوە، بەواتایەکی دی،مرۆڤ لەکۆچدا بەدوای مانای قەدەر و ھەستی خۆیدا دەگەڕێت.ھیوا ڕەسوڵ گووتی بۆ کۆچیش:ئەوکاتەی ئازیزێکم کۆچ دەکات ھەمو خەونی گێتی لەمندا دەڕوخێت،ئەوکات ژیان دەدۆڕێنم سەروکارم لەگەڵ شتەکاندا نامێنێت.

 

ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک