په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١\٢٠١٥

کۆچی نائاسایی هەمیشە باری نائاسایی دێنێتە کایەوە.

شوان عوسمان    

 

عەرەب وەکو نەتەوەیەکی زاڵ لە عێراقدا واز لە زاڵبوونی ئەو عەقلیەتەی خۆی ناهێنێت لە هەموو دەورو دەرفەتێکدا ئەو (بالۆرە)یە دووبارە دەکاتەوە، ئەوان هەمیشە خۆیان بە زۆرینە دەزانن، ئەوەش بۆ ئەوان هاوکێشەیەکی نەگۆڕە و ناگۆڕێن، ئێمە بەرلەوەی گلەیی لە کەسێک بکەین دەبێت رووی گلەیی لەخۆمان بکەین، ئەگەر بێت و(حکومەتی هەرێم)بە پلانێکی باشتربەرنامەیەکی بۆ هاتنی نائاسایی ئەواندا بهێنابایە، ئاسان بوو ئێستا بۆ ئاسایشی هەرێم و باری ئاسایی نەتەوە لەبەردەممەترسیە جیاوازەکان قسەیەیەکی دی بکەین...


مەترسی هەڕەشەکانی نەتەوەی سەردەست هەر لە زۆری رێژەیان نیە، بەلکو لەجۆری بیرکردنەوە و پێکهاتەی عەقلیەتەکەشیانە لە کاتێکدا راستەوخۆ پێکەوە لەگەلیان دەژین، ئنجا لەرێی هەلسوکەوت و کاری رۆژانەیان بێت کە کاریگەری کۆمەلایەتی و دەروونی خۆیان هەیە، یاخود لە رێگای هاتنی کۆمەڵێک ئاکار و دیاردەی خراپکە بە کۆمەڵگامان نامۆن و بەرەو نائاسایی و ناتەندروستی بوونمان دەبەن...


حکومەت دەبوو سەرەتا بیری لە شوێنێکی دیاریکراو وتایبەت وەکو(کەمپێکی) نیشتەجێ بوونلە دەرەوەی شارەکان بکردبایەتەوە، تا نەهێڵێت هیچ کێشە و دیاردەیەک بگوازنەوە بۆ ناوەوە، ئەوکات ئەوان راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کاریگەریان بەسەر پێکهاتەی کۆمەلگاوە نەدەبوو، هەروەها ئەوە رێسا و سیستەمێکە نەک تەنیا لە وڵاتە نادیموکراتەکان، بەلکو تەنانەت لە وڵاتە دیموکراتەکانیش پەیڕەو دەکرێت، بۆ ئەوەی ئاسان لەلایەن دامودەزگا رەسمیەکان کۆنترۆلیان بکرێت ،هەروەها لەگەل سیستمیتازەدا باشتر بە ئەرک و مافی خۆیان ئاشنا بن..


ئەگەر یاسایەک نەبێت بۆئاسایی کردنەوەی باری پەنابەران کە لە بارێکی نائاسایی کۆچیان بەرەو هەرێم کردووە ، بە دڵنیاییەوە بارەکانی (هەرێم )یش نائاسایی دەبن، بۆیە دەبێت ئەوان لەناو چوارچێوەیەکی رەسمی و یاسایی کە خاڵی نەبێت لە کارو خزمەتگوزاری مرۆیی، ئاسایی بکرێنەوە تا بارودۆخەکانی لای خۆیان ئاسایی دەبێتەوە. هاتنی ئەو رێژە نائاساییەی پەنابەران خۆی لەخۆی کاردانەوەیەکی ناسروشتی و نابابەتی دێنێتە کایەوە، بۆیە (حکومەتی هەرێـم) بە کارنامەیەکی بابەتی و یاسایی ئەوەی ئەنجامنەداوە تا ئێستا بە هەنجەتی جیاواز،لە راستیدا هاتنیان بەرەو شارەکان هەڵەیەکی گەورە بوو، چونکە ئەوە جگە لەوەی هاتنیان کۆمەڵێک قەیرانی جیاوازی وەکو بێکاری وگران کردنی بازار و نرخ و کرێی نیشتەجێ بوون و نالەباری گوزەران و قەیرانی نیشتەجێ بوون دروست دەکەن....


راستەوخۆ حوکەمەت بە دەستی خۆی بازنە تەنگ و نا رێکەکانی ژیان و گوزەرانی ناو شارەکانی لە خەڵک تەسکتر کردەوە،ئەوەش بۆ خۆی هەریەکەیان دەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆیاکانگیر بوون و بەیەکدا داهاتنی جۆرەها کێشەو گرفتی جیاواز، هەروەها هاتنی شێواز و سیما و دیاردە خەسلەتی جیاوازی کۆمەڵایەتی وکەسیتی نائاسایی..


دیارە پێکهاتەی خەڵکی (عێراقی) پێکهاتەیەکی سادە نیە بەلکو وەکو وڵاتێکی ئاڵۆزی پڕ لە کەلتوور و مەزهەب و ئایینزای جیاوازە بە تایبەتی هاونیشتیمانیە (عارەبەکان)مان، کەوابوو ئێمە لەو حالەتە رووبەرووی چەندی ئاکار و رەفتار و عەقلیەتی ودەروونی جیاواز دەبینەوە، نەک بە تەنیا خەڵکێکی (عارەب) و سیفاتی دیاریکراویان هەبێت، ئەوەش کە ئاسان نیە رێگە لە کار و کاریگەری خراپیان بگیرێت کە بە لای ئێمەوە نائاسایین ، چونکە هەرێم لە رێگای پێکەوەژیانێکی ئەوەی کردووە، کەوابوو کۆمەڵگاکەمان دەکەوێتە بەر رەحمی کەلتوور و هۆشمەندی ئەوانەوە....


هەبوونی شەڕ ودرێژە کێشانی چەندین ساڵەی شەڕ و جەنگی گەورە و گچکەی دەرەوەو ناوەوەی (عێراق) هۆکارێکی دیارە بۆ هاتنی کۆمەڵیک خەسلەت و ئاکار و هۆشمەندی نامۆ و جیاواز ، ئەوەش رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت چونکە یاسا و سیستمێکی زانستی و ئارام نەبووە کێشە و دیاردەکان خاو بکاتەوە، هەروەها هەمیشە کاردانەوەی کۆچی نائاسایی لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا دەر ناکەوێت ، بەلکو دوای ماوەیەکئەوە زیاتر ئاشکرا دەبێت، بە تایبەتی ئەوانەی لە شوێنێکەوە بەزۆر کۆچیان پێ دەکرێت، هەروەها بە زۆریش ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوە دەبێت جارێکی دیکە بە مەیلی خۆیانەوەبێت..


لە حالەتێکیشدا ئەگەر پەنابەرەکان ژیان گوزەرانیان لە زێدی خۆیان خۆشتر و باشتر بوو، ئاسان نیە ئەوان بیر لە گەڕانەوەیەک بکەنەوە ئەو دیاردەیەش لە زۆربەی کات دووبارە دەبێتەوە، لێرەوەش کێشە سەرەکیەکانی کۆمەلگای ئێمە دەست پێدەکەن، ئەوکات بەدەستی خۆمان داهاتوومان دووچاری قەیرانێکی قووڵتر دەکەینەوە، نموونەی ئاوارەکانی شەڕی ناوەخۆمان لەبەرچاوە ، ئایا چەند ئاوارەی هەوادارانی (یەکێتی) لە شاری (سلێمانی) دوای ئاسایی بوونەوەی بارەکان گەڕانەوە، هەروەها ئەوانەی (پارتی)یش، کەوابوو بۆمان نیە بەیانی ئەو هەموو کۆچەی (عارەب) بە زۆر بگەڕێنینەوە ئەگەر بە خۆیان مەیلیان لەسەر ئەوە نەبێت، کەس ناتوانێت زۆریان لێ بکات، کەوابوو ئێمە بە شێوەیەکی نەخوازراو هەرێمەکەی خۆمان (تەعریب) کرد...


ئەوەی لامان زۆر ئاشکرایە کە ئەجندەی حکومەت لە سەرەتای کارەساتی شەڕەکەدا هیچ پلانێکی نەبوو، بەڵام ئایا ئێستا و دواتر هیچ پلانێکیان هەیە ئەوە پرسیارێکە دەبێت بکرێت، باوەڕیش ناکەم هەرێمی خۆمان شتێکی ئەوتۆی کرد بێت کە هەول بدات پەنابەری تازە لە دەرەوەی شارەکان لە شوێنێکی تایبەت جێگیربکرێن...


هاوشانی ئەو هەموو قەیرانانەی ئەوان هێناویانەتە ئاراوە ، ئەوەتا زۆربەی شارەکان دیاردەی دزی کردن و ماڵ بڕین زۆر بووە، کە ناکرێت حکومەتی هەرێم تەنیا تەماشای زیاد بوونی مەترسیەکان بکات ،ئەگەر دەلێن لە شەڕ و لەکاتی نائاسایی دائەوە هەر روو دەدات، ئەزموونی (رۆژئاوا) و (کۆبانێ) شتێکی دیکەمان پێ دەلێن ئەوان لەناو شەڕیشدا بارێکی ئاسایش و سیستەمێکی زۆر جوانی ئارامی و خۆشگوزەرانیان هێناوەتە ئاراوە....


من کە خۆم ئێستا پەنابەرێکی بێگانە وڵاتێکی ئەوروپیم خۆشم هەر بە هەمان کار و کاردانەوەی جەنگەوە وڵاتی خۆم بەجێهێشت و لە کاتێکدا داوای مانەوەو پێکەوەژیانم لێرە کرد، باوەڕیش ناکەم بتوانم بە ئاسانی بگەڕێمەوە وڵاتی خۆم، تا لێرە ژیان و گوزەران و بەرژەوەندیم بەردەوام بێت، ئێمەش کە سەرەتا هاتین بۆ ئێرە هەموو دەسەڵاتێک و مافێکمان نەبوو، لە شوێنێکی تایبەت کە بریتی بوو لە چەند (کامپێک)ی نیشتەجێ بوون ژیانمان بردە سەر، بەڵام هەر بە هەمان رژێم و یاسا و سیستمێکی مرۆڤانەی دادپەوەرەوە ئەرکەکانی ئێمەیان دیاری کرد و ئێمەیان وەکو مرۆگەلێکی نائارام و نائاساییفێرە ژیان و سیستمی شارستانی ویاسایی ورێز گرتن لە رەوایەتی ئەو وڵاتە کرد، هەروەها ئەوان لەو روانگەیەکی تر گوزەران و ژیانی ئێمەیان بەرەو باشتر گۆڕی تا رادەیەک توانیمان گوزەرانی ناو کوردستانیش بە خۆمانەوە بگۆڕین، تەنانەت بەختەوەریەکانی وڵاتی خۆمانیان لە بیر بردینەوە نەک هەر بە تەنیا نەهامەتیەکان...


هەبوونی ئەو دامودەزگا رەسمی و یاساییانە بوو نەیانهێشت ئێمە بەو هەموو ناخۆشی و نەخۆشیانەوە وڵاتیان لێ تێک بدەین، هەرچەند لە هەموو چوارچێوەیەکی یاسایی (شەواز)ێکیش هەر دەردەکەوێت، بەڵام وەکو زۆرینە ئێمە لە خراپی باری دەروونی و کۆمەڵایەتی ئابووری وسیاسی و تەندروستی بەرەو باشتر بووینەوە، بۆیە کاردانەوە نائاسییەکانی ئێمەیان بە شێوازێکی جوان ئاسایی کردەوە کە بۆ خۆیان بۆ ئێمەش دەستکەوتێکی باش بوو...


١٨\١\٢٠١٥ - هۆلەندە
ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک