٢٦\١٠\٢٠١٧
کۆڵان کۆڵان،
گێڕانەوە.
- سۆز، بیرکردنەوە، کردە -

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
کۆڵان کۆڵان گێڕانەوەی تاکە، یان بەشێک لە ژیانی (کەریم کاکە)یە بە
قەڵەمی خۆی. کۆڵان کۆڵان وەک گێڕانەوە، خودی نووسەر دەبڕێت، بۆ ئەوەی
کەشفی جولە دیار و نادیارەکانی ژیانی سەردەمێکی دیاریکراو و ناوەوەی
کوردی و ئاستی ژیان و رۆشنبیری وەک بابەتی گێڕانەوە بخاتە روو. کۆڵان
کۆڵان بە راستگۆیی و بێ پێلێنان بارگەی خۆی دەخات، بار خستنێ کە
ھاوسەنگی خود و بابەتی لەبەر چاوان بێت.. بە بڕوای من شێوازی دەربڕین
لە کۆڵان کۆڵان گێڕانەوەدا، خۆی لە نێوان شێوازی دەربڕین لە رێگای ھەست
و شێوازی دەربڕین لە رێگای ژیانەوە دەنوێنێ: شێوازی دەربڕین لە رێگای
ھەستەوە، خۆی لە ئاڕاستەخوازیدا دەبینێتەوە و پشت بە ریتم و گرامەر
دەبەستێ، زمان تێیدا خاوە، بەڵام پەرتوبڵاو نییە. ئەوەی دووەم، شێوازی
دەربڕین لە رێگای ژیانەوە، پشت بە ریتمی ناوەکی ژیان دەبەستێ، وەک چۆن
کار لە تێکشکاندنی گرامەر و رەنگاوڕەنگی دەکات و پەرتوبڵاویش نییە...
بەڵام یادەوەری (مذکرات) وەک ئەدەب دەچێتە توێی ئەدەبی خودگەراییەوە،
لە پشت ئەدەبی خودگەرایی بڕوایەک ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە خود سەربەخۆیە
و لە بەرانبەر خۆی تیوار و شەفافە...
یادەوەری، یان بیرەوەری بە گشتی لە سێ تەوەرەدا دەخولێتەوە (کردە)، (بیرکردنەوە)،
(سۆز) تا سنورێکی زۆر چییەتییەکەی دیاری کراوە بۆ نموونە: یادەوەری
سیاسی، مێژوویی، دیکۆمینتاری، رۆشنبیریی... وەک چۆن لە خانەی
یادەوەریدا یاداشتی کەسی (مذکرات الشخصیە) ھەیە، تەواو دەکەوێتە نێوان
بابەتگەرایی و مێژووی خودگەرایی سەربردەوە.
لە یادەوەریدا پرسیار ئەوەیە ئایا گێڕەڕەوە وێنەیەکی چەند
راستگۆییانەمان لە بارەی خۆیەوە بۆ دەکێشێ؟ کاتێ چەپێنراوەکانی ناوەوەی
خۆی و ھەڵوێست و بیرکردنەوەکانی خۆی کەشف دەکات، دەیەوێ چیمان پێبڵێت؟
کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە، نموونەیەکی بەرزی گێڕانەوەی ئەدەبییە، گێڕەڕەوە
تێیدا دیارە، بەڵام بکەر ونە. وەک زەمەن بە ریتمێکی دوور لە شڵەژان و
ھێور ھێور شۆڕ دەبێتەوە و بەرە بەرە خود دەبڕێت و ژانوژواری ژیانی
سەردەمەکەی وێنە دەکات. بە ھێزی بیرھاتنەوە و بە پاراستنی ھاوسەنگی و
راشکاوی، گێڕەڕەوە گۆشەنیگاکانی دەنەخشێنێ، بە کوردییەکی رەوان و شیرین
و جوان رایەڵی نێوان ھۆکار و ئەنجام دەچنێ و دەقێکی ئەدەبی و ھونەری
لێدروست دەکات. دەمەوێ بڵێم کەریم کاکە بە رەنگکردنی پانتاییەکانی
گێڕانەوە و ئاستی شارەزایی بایەخی یادەوەری دەخاتە روو.
سۆز (العاطفە - sentiment).
یەکێک لە رەگەزە بنەڕەتیەکانی دەقی ئەدەبی و کاری ئەدەبی گێڕانەوە،
سۆزە، گێڕانەوەی وشک و مردوو ناتوانێ ھەستی خوێنەر بۆ خۆی کێش بکات،
ھەمیشە خوێنەر دووچاری بێزاری دەکات، خوێنەر لە نێو دەقی مردوودا ھەموو
ئەوانەی دەیخوێنێتەوە بە ماوەیەکی کورت لە بیری دەچێتەوە،
لەبیرنەچوونەوە ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە سۆزەوە ھەبێت، ئەوە بەشێکی
گەورەی پەیوەندی بە رووداوەوە ھەیە! دەمەوێ بڵێم سۆز و رووداو (الحدث)
جێکەوتەی خۆیان لە دەروونی خوێنەر چاپ دەکەن و شتێ لە دەروون و خەیاڵی
خوێنەر دەجولێنن، کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە، دەربڕینی واقیعە لە رێگای
ژیانەوە، نوسەر پشت بە ریتمی واقیع دەبەستێ، وەک چۆن ھەوڵدەدات بە
رەنگاوڕەنگی خۆی، پەرتوبڵاوی ژیان راست بکاتەوە! ئەو ھەست و
رەنگاوڕەنگییەی دەقی ئەدەبی لە خوێنەرەکانیدا دەیجولێنێ مەرج نییە
ھەمیشە شادی ھێن بێت، خەم و پەژارە و گاڵتەجاریش جێکەوتەی خۆیان لە سەر
خوێنەر بەجێدەھێڵن. وەک چۆن ترس و دڵەڕاوکێ...
کۆڵان کۆڵان، گێڕانەوە، ھەستەکانی خۆی تەنھا لەگەڵ خوێنەرانی سەردەمی
یادەوەرییەکان بەش ناکات، بەڵکو لەگەڵ خوێنەرانی نادیاریش ھەستەکانی
خۆی بەش دەکات، وەک چۆن چێژ و خۆشییەکی زۆر بە ھاوسەردەمەکانی دەبەخشێت،
ئەگەر بشێ گێڕانەوە بیرۆکەکانی لە رێگای وڕوژاندنی سۆزی خوێنەرەوە بێت،
ئەوە بەو مانایە نییە، پەیامی نوسەر لە دەقدا لە دەرەوەی زمان و تەنھا
لە بابەتەوە ھەڵگرینەوە، وەک چۆن یادەوەری نوس ناشێ داندیانە خۆی لە
نێو دەقی گێڕانەوەدا بنوێنێ (داندی: بە کەسێک دەگوترێ کە بەردەوام حەزی
لە خۆنواندن و دەرکەوتن بێ). لە کۆڵان کۆڵان گێڕانەوەدا نە کەریم کاکە
داندییە و نە دەق دەکەوێتە دەرەوەی زمانی ئەدەبییەوە... دەمەوێ بڵێم
لەو یادەوەرییەدا (ژیان) وەک بابەتی سەرەکی سەرکێشییەکانی زمان و
گێڕانەوە دەکێشێ. نوسەر ئەو کەسەیە کە جوان لە ژیان دەڕوانێ، نوسەر ئەو
کەسەیە کە جوان زمان بەکار دەھێنێ. دواجار ئەوە کەریم کاکەیە روویەک لە
حەقیقەتی ژیانی خۆی دەھێنێتە ناو گێڕانەوە.
ھەموو ئەو قسانە بەرەو بیرکردنەوەمان دەبەن، بەڵام پرسیاری من لێرەدا
خۆی ناخاتە نێوان پەیوەندی نێوان (بیرکردنەوە و زمان/ زمان و
بیرکردنەوە) بەڵکو وێنەی ئەو پەیکەر و گۆشەنیگا دیاریکراوانە دەکێشێ،
کە بە شێوەیەکی ھاڕمۆنی نوسەر تێکەڵ بە یەکتریان دەکات، لە کۆی ئەو
(٦٣) بەشەی کۆڵان کۆڵان گێڕانەوەدا خوێنەر بەو تێکەڵبوونە ئاشنا دەبێت.
بیرکردنەوە (الفکرە - idea).
ھەمیشە (بیرۆکە/ زمان) پەیکەر و گۆشەنیگای دەقی لە سەر بونیاد دەنرێت،
ناشێ دەقی یادەوەری لە سەر کۆمەڵێک (بیرۆکە/زمان)ی پەرتوبڵاو یان دژ
بەیەک بونیاد بنرێت، بەڵکو دەبێ پارێزگاری لە ھێلی سەرەکی و پەیوەندی
نێوان بیرکردنەوە و سۆز بکات، دەبێ ھاوسەنگی نێوان ھێلە لاوەکییەکان و
پەیامی سەرەکی رابگرێت، واتە دەبێ راستگۆیانە لە نێوان سۆز و پەیام
رازیمان بکات! کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە، توانیویەتی ھاوسەنگی نێوان
بیرۆکەی سەرەکی و لاوەکی رابگرێت و تا ئەندازەیەکی گەورەش نەخشی نێوان
سۆز و پەیام بە خوێنەران ببەخشێت. ھەموو ئەوانەش دەشێ وەڵامی راستگۆیی
بێت لە نێوان مێژوونوس و گێڕەڕەوەی ئەدەبی، دەشێ وەڵامی ھاوسەنگی بێت
لە نێوان ژیان و دەقی گێڕانەوە.
ئەوەی ھاوسەنگی و راستگۆی لە دەقی یادەوەریدا بە یەک دەگەیەنێت حەقیقەت
نییە، بەڵکو بەرجەستەکردنی ئاستی بەرزی گێڕانەوە و جوانییە، ئەوەی
کۆڵان کۆڵان، گێڕانەوە بە خوێنەر دەلکێنێ فریوی گێڕانەوە و جوانییە،
نەک فریوی حەقیقەت و مێژوو، جوانی بەرەو ئازادیمان دەبات، بەڵام
حەقیقەت بەرەو باوەڕ! جێگیربوونی بڕوا بەرەو دۆگما دەچێ و جوانی لە
کرانەوە و ئاستی ئەگەری جیاوازدا کۆمەڵێک رووی حەقیقەتمان نیشان دەدات،
دواجار دەرکەوتنی رووەکانی حەقیقەت لە کاری ئەدەبی و ھونەرییدا
لەنێودژی تاریکی و رۆناکیدایە، نەک باوەڕ...
بیرکردنەوەی کۆڵان کۆڵان، گێڕانەوە لە سەر چارەنووسی تاکەکان دەوەستێ،
نەک رووداوە سیاسییە گەورەکان، لە سەر دیوە نەبینراوەکانی واقیع
دەوەستێ، نەک پاڵەوانە بینراو و دیارەکان... جیاوازی یادەوەری لەگەڵ
نوسینەوەی مێژوو ئەوەیە، کە لە نوسینەوەی مێژوودا ژیانی تاکەکان
بایەخیان نییە، ئەوەی شوێنی بایەخ بێت رووداوە سیاسییەکان و
پاڵەوانبازی و لێپرسراوە گەورەکانن. گێڕانەوەی ئەدەبی بیر لە
ئەگەرەکانی ناو واقیع دەکاتەوە و جوانییەکانی رێکدەخات، کەچی مێژوونوس
بیر لە رووداوە سیاسییەکان دەکاتەوە و دەیانکات بە حەقیقەت. ھەمیشە
واقیع دەوڵەمەندترە لە مێژوو، جوانی دەوڵەمەندترە لە حەقیقەتی
بەرجەستەکراو.
کردە (الفِعل - act).
کەریم کاکە میمۆری خۆی و کۆمەڵگاکەی بە زمانێکی ئەدەبی دەگێڕێتەوە،
ھەموو ئەو وێنە کۆمۆنییە بە زمان دەنەخشێنێ و لە چوارچێوەی کردەی
زمانەوانیدا ئەو بنچینە و پێوەرە کۆمەڵایەتییانە دیاری دەکات، کە بەھای
مرۆیی ئەو وڵاتەی لە سەر بونیاد نراوە. ئەو میمۆرییە خۆی وەک رەمزێکی
رۆشنبیریی و زمانەوانی دەکاتەوە، کە کۆمەڵگای کوردی لەخۆ دەگرێت...
بەڵام جولەی جوانی ئەو گێڕانەوەیە ھەر تەنھا خۆی لە جوانی زمان و
ئازادی ھەڵناگرێتەوە، بەڵکو لە خەیاڵی مرۆییانە و کەشفکردنی ژانوژوار و
ململانێی واقیع و بەھای ژیان و سروشت و ئایینیدا دەبینێتەوە.
کردەی گەیشتنی زمانەوانی، یان تیۆری راستی گوتن لە کۆڵان کۆڵان
گێڕانەوەدا، بەو مانایە دێ، کە چۆن بیرۆکەکان بە وشەکان دەگوترێن، چۆن
بیرۆکەکان دەنوسێتەوە؟ ئەو نوسینەوە و گوتنە ھەرگیز بە سادەیی سەیری
زمان ناکات، بەڵکو زمان وەک کارێکی فرە لایەن و فرە رەھەند و فرە
مەبەست دەبینێ، کردەی گەیشتنی زمانەوانی لە سەر پرۆسەی بەرھەمھێنانی
گێڕانەوە کار دەکات و دەبێتە کردەی بەیەک گەیاندنی دال و مەدلول، دال و
مەدلول بەرەو بونیادنانی دەلالەت یان واتامان دەکاتەوە، بەو مانایەش
ئەوە کردەی زمانە نوسەر و خوێنەر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەک رووداوەکان!
جیاوازی نێوان رووداو و کردەی زمانەوانی ئەوەیە، کە گێڕانەوە تەنھا بە
بیرۆکە و رووداو دروست ناکرێ، رووداو تەنیا سەرھات نییە، بیرۆکە تەنھا
پەیام نییە، بەڵکو بیرۆکە و سەرھات لە کردەی گەیشتنی زماندا دەتوانن
جوانی خۆیان بگێڕنەوە، دەتوانن ئازادی پرۆسیسە بکەن. کردەی زمانەوانی
لە جوانیدا دەگات، بە ئازادی جیاوازییەکان دەدوێنێ! بەڵام رووداو لە
حەقیقەتدا کورت دەکرێتەوە، باوەڕ دەچەسپێنێ... کۆڵان کۆڵان گێڕانەوە،
ھونەری جوان تێکەڵکردنی ئازادی و باوەڕەکانە لە رێگای کردەی زمانەوە.
ئەوەی کردە و رووداو لێکجیا دەکاتەوە، تەماشاکردنی رووداوە وەک سروتی
گەڕانەوە و سەرەتایی و وەک یەکەم خاڵی دامەزراندن، وەک ئەوەی چەقی
دامەزراندن لە سەر یەک رەنگ و یەک دەنگ وەستا بێت، یەک باوەڕ کۆیان
بکاتەوە... بەڵام کردەی زمانەوانی دەرکەوتنێکی تایبەتی ئازادییە کە لە
کاری ھونەرییدا روودەدات. ھەمیشە ھەڵگری ئامادەییەکی ھەنووکەییە، نەک
گەڕانەوە بۆ خاڵی یەکەم، بەو مانایەش کردەی زمانەوانی وەک رووداوی
ئازادی، یان جۆرێک لە جولەی جوانی بابەتی تەئویلکردنە و ھونەرمەند یان
نوسەر دایدەھێنێ و خوێنەران تەئویلی دەکەن.
٥\٥\٢٠١٧
- ھەولێر
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|