٢٦\٤\٢٠٢٤
کۆلۆنیالیزم و
کولتوور.

ھەڵۆ محەمەد
١- داگیرکەرانی کوردستان.
زەینەب بۆز، شوێنەوارناس / ئارکۆگێکی
تورکە و لە پیشەکەیدا زۆر سەرکەوتووە… لەسەر داخوازی خۆی دەزگەیەکیان
بۆ دژایەتی قاچاغی کولتوور لە وەزارەتی کولتووری تورکیا بۆ دروست
کردووە.
خۆی سەرۆکە و تیمێکی٣٠ کەسی پسپۆڕ و شارەزا هاوکاریی دەکەن، کە
زۆرینەیان ژنن.
دەڵێن هەر فرۆکەیەک کە لە تورکیا دەنیشێتەوە زەینەب بۆز لە
پێشوازیدایەتی و بەهیوای ئەوەیە کەلوپەل و کەرەسەیەکی نوێی دزراو،
تاڵانکراو یان فرۆشراوی تورکیای تێدا بێت و دۆزرابێتەوە و بهێنرێتەوە
بۆ تورکیا.
ناوبراو ماوەیەک لە دەزگەی دژی قاچاغی کولتووری سەر بە ئەنجومەنی
ئاسایشیش کاری کردووە و جێی دەستی سەرکەوتنی دیارە.
ئەوەی سەیروسەمەرەیە وەک زۆرینەی ڕەهای زانستکار و ئاکادیمیست و
مێژوونووس و هەموو ئەوانی تر، ناوبراو باوەڕی بەوەیە هەرچی لە تورکیا
براوە هی تورکە! کەچی لە بانگاشەکەیدا بۆ گێڕانەوەی کەلوپەلەکان لە
جیهاندا دەڵێ: ئەوانە موڵکی ئەنادۆڵن. جا با بۆ ٣-٤ هەزارساڵ پ ز
بگەڕێتەوە.. هیچ گوێ بە مێژوو نادات کە ئەوکات تورک لەو دەڤەرەدا هەر
نەبووە. کاتێکیش شتێکی بەنرخی دەست دەکەوێت یەکسەر مۆری تورک و تورکیای
لێ دەدات..
بەم پێیە ئەم ژنە شوێنەوارناسە هەرچی لە تورکیاوە و ئەوەیشی لەلایەن
ئەوروپاییەکانەوە براوە دەکاتە موڵکی تورک.. کورد یان ئەرمەنی و لاز و
چەرکەس کە لەو وڵاتەدا دەژین بوونیان نییە و خاوەنی هیچ نەبوون.ئێستا
بەس مۆرە تورکییەکەی بەدەست ئەوەوەیە دەخوات .. دنیا ئەوە دەبینێ و
دەسەڵات و سەرکەوتن بەو جۆرە مێژوو دەنووسێتەوە…
تورکیا لەساڵی ١٩٧٤ دا داوای پارچەیەکی کولتووریی بەنرخی (Sphinx)ی
سەردەمی دەسەڵاتدارێتی هێتی کردووە لە ئەڵمانیا ی رۆژهەڵات و ساڵی ٢٠١١
گێڕاندییەوە بۆ تورکیا و یونسکۆ ئەم ماڵەیەیەی پێخۆش بوو .
ئەمە دۆخی کوردە بەدەستی یەکێ لە داگیرکەرانی نیشتمانەکەیەوە!.. سامان
و شوێنەوار و کەلەپوور و ناسنامەی لێ زەوت دەکرێ و مۆرێکی تورکی، فارسی
یان عەرەبی لێ دەدرێ!… بە کوردی و پەتی داگیرکەرانی کوردستان ئێستا
زیاتر لە جاران گەرمتر کار لەسەر داگیرکاریی و توانەوە و لەناوبردنی
کورد و مێژوو و فەرهەنگ و کولتووری دەکەن. باوەڕیش وایە کە لە مەحاڵ
مەحاڵترە رۆژێک بێت بە خواستی خۆیان دەستبەرداریی ئەم دوژمنایەتییە بن
و مافی کورد بسەلمێنن.
ئێستا لە مۆزەخانەکانی جیهان بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا
سەدان پارچە شتی بەنرخ هەن هی کوردن بێ خاوەن یان بە هی تورکیا و ئێران
و سووریا و عیراق ناسێندراون .لە باشترین حاڵەتدا بە هی سۆمەر و
میزۆپۆتامیا و ئێرەوئەوێ دێنە هەژمارکردن و ناساندن.
دیارە لە مۆزەخانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا هیچ شوێنێ بۆ
کولتوور و مێژوو و شوێنەواری کورد نییە.. کورد ئێستا نکۆڵی لە بوونی
بکرێ و بکوژرێ و نیشتمانی تاڵان و سوتماک بکرێ، ئیدی داگیرکەر و دوژمن
چ ڕێز و بایەخێکی بۆ ڕابووردووی دەبێت.!؟…
کەواتە پێویستە کورد و دەزگە و کەسانی پەیوەندیدار بەم بوارەوە هوشیار
بن و نەهێڵن ئەو سامان و شکۆ نەتەوەییان بفەوتێ و هەرچی لە دەستیان دێ
بیخەنەکار بۆ ڕێگییکردن لەم هەڵمەتە داگیرکارییانە و نەهێڵنن بە ئاسانی
بەسەریاندا تێپەڕێ...

٢- کۆلۆنیالیزمی ئەوروپایی.
دوای خنکاندنی (جۆرج فلۆید)ی ڕەشپێست لە لایەن پۆلیسێکی ئەمەریکییەوە
لە ٢٥.٥.٢٠٢٠ وەرچەرخانی نوێ لە مێژووی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپادا ڕوویدا..
لەو چرکەساتەوە هەتا بێت دەنگی داخوازی پێداچوونەوەی مێژوو و سیاسەتی
کۆلۆنیالیزم لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بەرزتر دەبێتەوە.
توێژێکی باش لە سیاسی و ئاکادیمیست و ڕۆشنبیر و رۆژنامەوان و
مێژوونووسان و مامۆستایانی زانکۆ لە تەواوی وڵاتانی ئەورپای ڕۆژئاوا
پێکهاتووە کە ناڕەزایی بەرانبەر مێژووی ناشیرین و قێزەونی کۆلۆنیالیزم
دەدەبڕن و داوای گێڕانەوە شکۆ دەکەن بۆ میللەت و دەوڵەتانی قوربانی
دەستی کۆلۆنیالیزم.
یەکێ لەو هەوڵانەی کەوتۆتە سەرپێ بانگەوازی گێڕانەوەی هەموو کەرەسە و
کەلوپەلی کولتووری بەنرخی میللەتانە کە بە تاڵانی براون و دزراون و
کڕدراون! بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان.
خاتوو پرۆفیسۆری مێژووی هونەر (بێنێدیکت ساڤۆی) کە وانەبێژە لە زانکۆی
تەکنەلۆژیای بەرلین داوا دەکات ٤٠،٠٠٠ هەزار کەرەسە و پارچەی کولتووری
بەنرخ لە مۆزەخانەکانی ئەوروپا بگەڕیندرێتەوە بۆ وڵاتی کامیرۆن.
بەپێ بۆچوونی ئەو ئەم پارچە کولتوورییانە لە بەریتانیا ١٤٠٠ هەزار
پارچە و لە فەرەنسا ٨٠٠٠ هەزار و گوایە لە ئەڵمانیا ٤٠،٠٠٠. هەیە .
هەروەها دەڵێ: بێ هیچ گومانێک ئاگامان لە ١٠،٠٠٠ هەیە.
هەموو ئەو شتانەی ناپلیۆن ساڵی ١٨١٥ لە نەمسا و پراسیا و ئیتالیا
فلانلاند و هۆڵەندە بردیی خرایە ناو مۆزەخانەی بەناوبانگی لۆڤەرلۆئوڤرە
ەوە هەمووی گەڕێندرایەوە و بەشێکی ئەوانەی میسر و مۆزەمبیق و
میزۆپۆتامیاش چاوەڕوان دەکرێ بدرێتەوە.. ئەگەرچی هەموو دەزانین
مۆزەخانەکان تینووی ئەم شتە کولتوورییە بەنرخانەن…
لە ڕۆژئاوا ئاڕاستەکە بە پێچەوانەوەیە و هێزی کۆلۆنیالی تاڵانچی دەیەوێ
ڕووی خۆی سپیی بکاتەوە خۆی لەو گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییە ڕزگار بکات،
هەرچی پەیوەندی بە کۆلۆنیالیزمەوەیە بە چاوێکی ترەوە هەڵسەنگێندرێ و
هەق و هەژماری لەگەڵ بکرێ..
پێش چەند ساڵێ ئەڵمانیا بە فەرمی داوای لێبووردنی لە سیاسەتی
کۆلۆنیالیزمی خۆی کرد لەو وڵاتەدا و بۆ قەرەبووکردنەوە زیاتر لە یەک
ملیارد یۆرۆی داوە و بەردەوامیش پرۆژەی نوێ دەخاتە کارەوە بۆ خزمەتی
ئەو وڵاتە لە بواری فێربوون و گەشەکردن و پیشەسازی دا.
پاشای هۆڵەندە و پەرلەمانی ئەو وڵاتە دوای ١٥٠ ساڵ لە دەسەڵاتی
کۆلۆنیالیزم لە ١.٦.٢٠٢٣بە ئاشکرا داوای لێبووردنی لە سیاسەتی
کۆیلایەتی لە وڵاتانی ئەفەریقا و باشووری ئەمەریکا کرد.
بە کورتی لێرە خاوەن ماڵ موڵکەکەی خۆی بەدەست دێنێتەوە و قەرەبووی
مادیش دەکرێتەوە..
ئەڕێ بۆ کورد هەزارقات باشتر نەبوو ڕاستەوخۆ کۆلۆنی بندەستی وڵاتێکی
ڕۆژئاوا بوایە/ بێت؟!
١٤\٤\٢٠٢٤
ماڵپهڕی ههڵۆ
محهمهد
|