|
١٦\٨\٢٠١٠ کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئیسلامیبوونی خۆى دەسەلمێنێ.
ئەوەى لە رابردوو و ئیستاش کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەروەها تورکیاش ئەنجامیان دا بەارمبەر بە خەلێکێک کە بێ ئاگان لە زۆربەى رووداوەکانى ژیان نەک سیاسەت و هاوکاریکردنى پارت و لایەنى کوردستانى، ئەوان تاکو ئستا لە بۆردومانى ئەم ناوچانە بەهانەیەکیان بەدەستەوە نییه تاکو بڵین ئێمە بۆ ئەم مەبەستە خاکى کوردستان دەکێڵین و خەڵکى و هەژار و بێ تاوان دەربەدەر و ئاوارە دەکەین، هەر جارهو بیانوویەک، ئەگینا پژاک بە کۆمەڵەکى بچووکەوە کە لە ناوچەیهکى دیاریکراوى چیاکانى کوردستان خەبات دەکەن و ئەو کۆمارهش دەزانێ شوێنى تێکۆشانى ئەوان لەکوێیە ؟ بەڵام ئەو کۆمارە ئیسلامییه هاتووە شوانکار و رەز و باخى گوندەکانى سەر سنوور هەر بە ئەنقەست بە بۆمبا رۆماڵ دەکا.
ئەوەى جێگەى نیگەرانییه حکومەتى هەرێم و رێکخراوەکان و هەتاکو میدیاش بەم شێوەیە بە گرنگییەوە نەیڕوانیە ئەم زوڵمە گەورەیە، دەکرا فشارێکى هەمەلایەنە بە هەموو لایەک دروست بکرایە و وابکرێت کە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و تاکو نەتەوە یەکگرتووهکانیش زۆر بە جدى بێتە نێو مەسەلەکەوە، ئەگەرچى کۆمەڵیک رێکخراو و لایەن هاوکاریی خۆیان گایەندە ئاوارەو لێقەوماوەکان، بەڵام وەک ئاوارەکان لە زارى خۆیانەوە دەیانگوت: '' ئێمە ئەم یارمەتیانە دادمان نادا و ئێمە زەمانەتى ژیانمان دەوێ و دەمانەوێ بگەڕێینهوە سەر ژیانى ئاسایى و زەویەکانمان''.
بەڵام دیسان بەداخەوە دواى وەستانى ئەم تۆپبارانە وا لەمانگى رهمەزاندا کۆمارى ئیسلامیی بە زەنگى بۆمبەکانى جارێکى تر منداڵه چاوگەشەکانى لە بێشکە راچڵکاندەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە تاکو ئیستا زەمانەتێک نییه بۆ خەڵکى ئەو گوندانەى کەوا کەوتونەتە سەر سنوورەکانى هەرێم و وڵاتانى دراوسێمان هەر کاتێک بیانەوێ ئەوا ژیانمان دەکەنە ئاگر و ئاوارەمان دەکەن. ئەمەش کارێکى مەترسیدارە و هەرچى زووە پێویستە لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان کارێک بکا پێش هەموو شتێک زەمانەتێک بداتە ئەو خەڵکەى کە لە دووکەڵى بۆمبەکانى وڵاتانى درواسێمان رایانکردوە جاریکى تر چوونەتەوە سەر حاڵ و ژیانیان و ئاوارە نەکرێنەوە.
لە کۆتایى نووسینەکەمدا هیواخوازم ئێمەى کورد وڵاتیکمان هەبێ کە ئەگەر فرۆکەیەک بە بێ ئێمە ئاسمانى وڵاتەکەمان ببەزێنێ نەک خاک ئەوە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەولەتى کۆبوونەوەمان بۆ سازبدا.
|