په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠١٥

کۆماری ئیسلامیی دەیەوێ گاڵتەجاڕییەکی بێ کۆتایی بە یەکێتی بکا.


مەجید حەقی      

 
ھەمووشت لەو رۆژەوە دەستی پێکرد، کە کۆسرەت رەسووڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکیەتی نیشتیمانی لە ژێر گوشاری کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە گەڵ دەستەیەکی پێشمەرگەی یەکیەتی نیشتیمانی ساڵی ١٩٩٧ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان گەمارۆدا و بۆ یەکەمجار دەنگی کوردستان لە لایەن حیزبی برا و ھێزی پشتیوانەوە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی ئێران کپ کرا.


ئەوکات لەوانەیە یەکیەتی دڵی بەوە خۆش کردبێت کە کۆماری ئیسلامی بەو خۆشخزمەتیەیان رازی بێت و وازیان لێبێنێت. لێ کە جارێک سەربەخۆیی خۆت لە بەرامبەر براگەورەدا لە دەست دا بۆ ھەمیشە خاڵی لاوازت لای ئەوان ھەیە. ئەوان بەچاوی کەرەسەی پێویست و ستوونی گوشار چاو لەو دۆستەتازەیە دەکەن و جۆری دۆستایەتیان دەبێتە "سیغەکردن" و ھەرکات پێیان خۆش بێت کاری ناخۆشتر بە لایەنی لاواز دەکەن.


سەردەمانێک ناوی پێشمەرگەی یەکیەتی واتای واتای سەروەری و جێی شانازی دەدات، رەنگی سەوز رەنگی ژیان، سەرھەڵدان و ھیوا بە شۆرشێکی نوێ بوو. بۆ کوردانی رۆژھەڵات ئەو سەردەمە بوون لە گەڵ یەکیەتی و پۆشینی رەنگی سەوز شانازیەکی لەبڕان نەھاتوو بوو. یەکیەتیەک کە بنەماکانی بەرنامەدارێژی و پلان دانانی لە قاسملوو فێربوو، دواتر وادیارە بە قەوڵی کوردی تەنیا رێگای ھەڵگرتنی چاکەی کوشتنی دێموکرات بوو.


رادیۆ دەنگی کوردستان کە داخرا، ئەوجار نۆرەی زنجیرەتیرۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی رۆژھەڵات بەتایبەت ئەندامانی حیزبی دێموکرات ھات و چل دۆلار بەس بوو بۆ ئەوەی یەندامێکی حیزبی دێموکرات تیرۆر بکرێت.


قەت لەبیرم ناچێت کاتی خۆی لە ٢٧/٠٧/٢٠٠١ کاتێک لە کۆیە بە کراسێکی زەرد دەگەڕام، "ئاسایش'ی کۆیە منی گرت و دوای پرسوجۆیەکی زۆر منیان بە ھۆی ئەوەی بەشێوەی نایاسایی لەوێ بووم جەریمە کرام. کاتێک وتم کە من دوێنێش لێرەبووم و ئەوە مانگێکە لێرەم و تا ئێستا چەندین جار پاسپۆرتم نیشانی ئێوە داوە، وتیان ئەمجارە بێ یاسایی ھاتوویت و دەبێ جەریمە بدەیت و جارێکی دیکەش بۆت نیە بێتیە لێرە. دواتر کە لای برادەرێکم گلەیی کرد، بە منی وت دەبێ "شوکری خوا بکەی" کە نەکوژراوی. ئەوکات تێگەیشتنی قسەی ئەو کەسە بە ئەزموونەم بۆم زەحمەت بوو، ئێستا زۆر شوکردارم.

 
لەو رۆژانە باسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی دێموکرات گەرم بووتەوە و ھیوا و وزەیەکی زیاتری بە ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە و ھۆگرانی یەکیەتی کورد بەخشیوە. بێگومان کۆماری ئیسلامی لە یەکگرتنی دێموکراتەکان دەترسێ و ترسی ئەوەی ھەیە دێموکراتی یەکگرتوو ھەموو پارەسەنگە سیاسیەکانی ناوچە بگۆڕێت. راست لەو کاتەدا "ئاسایش"ی یەکیەتی ھێرش دەکاتە سەر کەمپی ئازادی و بەبیانووی گەڕان بە دوای کەسێک کە گۆیا ھەڵھاتووە، لێدان و بێ‌ریزییەکیزۆربەژن‌ومنداڵ ‌وکادر‌وپێشمەرگەکانیحیزبدەکەن.


دیوی دیکەی ئەو راستیە تاڵە لەوەدایە، لەو رۆژەوە کە یەکیەتی لە ژێر کاریگەری راستەخۆی سوپای قودسە و تەنانەت کێشەکانی ناوخۆییشیان لە لایەن پاسدار قاسم سولێمانیەوە تاوتوێ دەکرێن و وەزیر و کاربەدەستانیان لە ژێر چاوەدێری ئەوان دادەنرێن، سەیر نیە کە لە ژێر ھەمان گوشاردا و لە پێناوی ئەنجامی "کارێکی یاسایی" ھێرش بکەنە سەر کەمپەکانی دێموکرات و بێرێزی بە تەواویەتی رۆژھەڵات بکەن. وادیارە پێشوازی گەرم و گوڕ لە سەحراروودی تێنووتی کۆماری ئیسلامی نەشکاندووە و کۆماری ئیسلامی دەیھەوێ ئێستا کە یەکیەتی نیشتیمانی لە زەڵقاوی دووبەرەکی و رکەبەریەکانی کۆتلەکانی ناوخۆییدا دەنالێت و سەربەخۆیی خۆی بەتەواوی لە دەست داوە، ھەموو سنوورەکان بەو ھێزە ببەزێنێت.


ھیوادارم رۆشنبیران و کوردپەروەرانی ناو یەکیەتی ئەو سووکایەتیەی کۆماری ئیسلامی بەخۆیان قەبووڵ نەکەن و رێگە نەدەن کەلێنێکی قووڵتر لەوەی کە ھەیە بکەوێتە نێوان گەلی کورددا. لەو گەمەیەدا یەکیەتی و مێژووی پرلەسەروەری دەورانی شەڕی پشتیوانی و راپەرینەکانی باشووری کوردستان دەبنە تەنیا چەند گوڵی بچووک لە ناو زستانێکی رەش و تاریکدا.

 


majid.hakki@gmail.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک